Home بیروڕا ١٧ی شوبات، ئاراستەکان و گێڕانەوەی جیاواز

١٧ی شوبات، ئاراستەکان و گێڕانەوەی جیاواز

by admin
0 کۆمێنتەکان 28 بینینەکان

عەلی مەولود:   
رووداوەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوایی، بوون بە بەشێک لەمێژووی سیاسی کوردستان و خەڵکی کورد، بوو بە رووداوێکی سیاسی کە بەناوهێنان و بیستنی ناوەکەی قۆناغیک و ئامانجگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازو ناکۆک دەکەونە بەرچاو. بووە ویستگەیەکی سیاسی تازە کە رەسمیەتی بە جیاوازی و ناکۆکی نێوان دەسەڵات و خەڵک داو لەدەرەوەی ئاوات و بەرژەوەندیەکانی خەڵک دەسەڵاتی بەباری سەرکوتگەریدا ساغکردەوە.
١٧ی شوبات، ئیتر بەشێکە لە ژیانی سیاسیمان، لەسەرێکەوە ئاماژەیە بۆ ئازادیخوازی و بۆ بنیاتنان و بەدیهێنانی ژیانێکی ئاسایی شکۆمەندانە و عادیلانە، کە خەڵکی کوردستان شایەنیەتی و بۆی تێکۆشاوەو قوربانی زۆری بۆ داوە، لەلایەکی تر گیانسەختی هێزگەلێکی دەسەڵاتخوازو کۆنەخوازو دووژمن سیفەت بوو بۆ پاراستن و درێژەپێدان بە ژیانێکی ناشایستەی پڕ لە ستەم و جیاوازی، کە بەدرێژایی ١٠٠ ساڵی رابردوو، بەڕێگاو شێوازی جۆراوجۆر داگیرکەرانی کوردستان و دووژمنانی خەڵکەکەی دایان سەپاندبوو.
ئەم رووداوە وەک هەر رووداوێکی تری مێژوویی، لە گۆشەنیگاو بەرژەوەندی جیاوازەوە، خوێندنەوەی بۆ کراوەو دەکرێت، کە یەکێک لەو خوێندنەوانە ئەم دێڕانەیە کە ئێستا دەخوێخوێننەوە. بە دیتن و زانیاری من، چوار بەرژەوەندی و چوار ئاڕاستەی سیاسی جیاواز لە “سەرهەڵدان و ئاراستەکردن”ی ١٧ی شوبات رۆڵیان بینیوە یان باشترە بڵێین ئەکدار بوون تیایدا:
ئاراستەی یەکەم و بنەڕەتی: ناڕەزایەتی و خولیای خەڵک بوو بۆ ژیانێکی نوێ، لەدوای راپەڕینی ئازاری ٩١ەوە دەسەڵاتی هەرێم رۆژبەڕۆژ وەک دەسەڵاتێکی گەندەڵ و خۆپەرست و میلیشیایی، لەخولیاو ئامانج و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان دووردەکەوتەوەو بەوهۆیەشەوە نارەزایەتی رۆژبەرۆژ لەپەرەسەندندا بوو، لەدوای خۆپیشاندانەکانی ٢٠٠٦ ئاستێکی جەماوەری فراوانتری بەخۆوە گرتبوو، رووداوەکانی بەهاری عەرەبیش فووی زیاتری بەم ناڕەزایەتیانەدا کردو ئومێدی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری و سەرکەوتن پەرەپێدا، بەتایبەتی کە مەترسی بەعس لە سنوورەکان نەمابوو، وە جیابوونەوەی گۆڕان و کردنەوەی کەناڵی NRT جەسارەت و بوێری خەڵکی زیادکرد … هەموو ئەوانە زەمینەو خواستی ئاڵوگۆڕێکی گەرەیان هێنابووە پێشەوەو تارماایی گۆڕانکاری بەئاسمانی هەرێمەوە دەبینرا، هەربۆیە هەم جەماوەرو هەم هەموو ئەو هێزانەی سەریان لەناو بۆتەی سیاسیدا بوو( گەورەو بچووک)، لەهەوڵی خۆسازکردندا بوون بۆ پێشکەوتن یان هەرنەبێت بۆ ئەوەی نەبن بەژێر داروپەردووی گۆڕانکاریەکانەوە.
ئاراستەی دووەم: یەکێتی بوو، کە زەمینەی خۆشکردەکرد بۆ ئەوگردبوونەوەیەو بەفەرمی مۆڵەتی پێدابوو، لە راگەیاندنەکانیەوە بانگەشەی بۆ کرد، بەرپرسانی یەکێتی ئاگاداری ئەو گردبوونەوەیە بوون و رێگرییان نەکرد، ئامانجی یەکێتی: یەکەم بۆ لێدانی نارەزایەتی خەڵک بوو بەرلەوەی پێبگات و بە باشی خۆی بۆئامادەبکرێت، بەمەبەستی گورزلێدانی پێشوەختە، بەتایبەتی کە زەمینەی بابەتی و خۆیی گۆڕانکارییەکی سیاسی هاتبووە ئاراوە، دووەم بۆ پێشگرتن بەپێشڕەوییەکانی گۆڕان و رێگرتن لە مەترسی پلانە سیاسیەکانی، کە پاکێجێکی ٧ خاڵی بۆ هەڵوشاندنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتیەکەو پەکخستنی دەسەڵاتی مەوجودو پێکهێنانی دەسەڵاتێکی نوی بڵاوکردبۆوە، بەدڵنیایی ئەگەر سەریبگرتایە یەکێتی وەک دۆڕاوی سەرەکی تیایدا ئەهاتە دەر، سێهەم بۆ چڕکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک لەدژی پارتی و تۆخکردنەوەی ئەو هەستەی لەنەستی خەڵکدا بوو کە پارتی لایەنی سەرەکی دەسەڵات و هۆکاری سەرەکی ئەو بەدبەختییەیە کە باڵی بەسەر هەرێمدا کێشاوە، بۆئەوەی پارتی لەژێر ئەوفشارەدا دەست بەباڵێ یەکێتییەوە بگرێت و ئیمتیازی زیاتری پێبدات، لەجیاتی ئەوەی وەک پیاوە نەخۆشەکەی دەوڵەتی عوسمانی تەماع بکاتە سەرزەمینەکانی قەڵەمڕەوەکەی.
ئاراستەی سێهەم : پارتی بوو، بەپێی راسپاردەکانی کۆنگرەی ١٣، بەرنامەکاری ئەو پارتە فەتحکردنی سلێمانی و گەرمیان بوو، بەتایبەت کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩ ، لەم ناوچانە شکستی گەورەی بەخۆوەدیبوو، هاودەسەڵاتەکەشی لاواز ببوو کە دەیانساڵ بوو خەوی پێوەدەبینی. دەیویست هەم ئەو شکستە قەرەبوو بکاتەوەو هەم جێگای شەریکەکەی بەقازانجی خۆی پڕ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە سەرکردایەتی ئەم ناوچانەی بەهێزکردبوو، وە بەدوای هەلێک و بیانوویەکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی هێزی زۆر بخزێنێتە ئەم ناوچانەو هەژمونی سەربازی بکات، بۆ ئەوە لە بەردەم بارەگاکانی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەخۆی نیشانداو بۆ شەوەکەی لەجیاتی داوای لێبووردن و لێپێچینەوە لە بکوژەکانی، کەوتە هەڕەشەو هێزجوڵاندن بەرەو سلێمانی بە چەکی قورسەوە.
بەپێی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی پارتی پێشوەخت زانیبووی کە ١٧ی شوبات رووداوێک روودەدات و بەردەم لقی چواریش دەبێت بەشوێنی گۆنگەڵێک، هەر بۆ ئەومەبەستە پێشوەخت چەکدارانی لقی چوار هەم ژمارەیان زیادکرابوو هەم لەحاڵەتی ئامادەباشیدابوون، لەکاتێکدا کە بەشێک بەشدارانی گردبوونەوەکەی بەردەم سەرای ئازادی و هەندێ کەسی تریش لەملاولاوە بە رێپێوان و هۆتافکێشان بەبەردەم لقی ٤ تێدەپەڕن لەسەر بانی لقی چوارەوە بەبەرد سەری یەکێک لەخۆپیشاندەران دەشکێنرێت و بەوهۆیەوە خۆپیشاندەران پەلاماری لقی ٤ دەدەن و بەردبارانی دەکەن و هەوڵدەدەن بچنەژوورەوە (کە لەڤیدۆیەکدا بەئاشکرا ئەوە دەردەکەوێت)، راستە درووشمەکان و هوتافەکان وەک هێزی سەرەکی دەسەڵات بەرامبەر پارتی بوون و خەڵک تا سەرلووتیان لەپارتی تووڕەبوون، بەڵام لەم تێکهەڵچوونەدا پارتی دەستپێشخەر بووە.
پارتی هیچکات ئەو لێکدانەوەی قبووڵ نەکردووە کە ١٧ی شوبات ناڕەزایەتی خەڵک بوو، وەک هەمیشە بە تیۆری موئامەرە، رووداوەکەی وەرگرت و واخستنەڕووی بۆکرد کە ئەوە گۆڕان و هەندێ هێزی سیاسی دیکەیە بەناوی خەڵکەوە بۆ شکاندنی ئەو ئاژاوە دەنێنەوە، هەربۆیە لەجیاتی رێککەوتن لەگەڵ خەڵک و وەڵامدانەوە بە داواکاریەکانیان، هەوڵی بێوچانی دەدا لەگەڵ گۆڕان و هاوپەیمانەکانی رێکبکەوێت، کە ئەمەیان هەم ئاسانتر بوو هەم زیانیشی بۆ دەسەڵات کەمتر بوو، سەرەنجام سەرکەوت و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی لە خۆپیشاندانەکان دابڕی، بەمەش دوونیشانەی پێکا، یەکەم خۆپیشاندانەکانی کۆتایی پێ‌ێناو لاوازی کردو دووەم حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کردە شەریک لە گەندەڵیەکانی خۆی و کێرڤی گەشەکردنیانی گۆڕی بەرەو دۆڵ.
ئاراستەی چوارەم ئۆپۆزسیۆن بوو، کە پێکهاتەیەکی لێک جیاوازو تەنانەت ناکۆک بوو، گۆڕان و ئیسلامیەکان و چەپ و کۆمۆنیستەکانیشی تێدابوو، هەریەکەیان لەروانگەیەکەوە بۆ ناڕەزایەتی خەڵک و ئایندەی کۆمەڵگا دەیانڕوانی.
+ گۆڕان ناڕەزایەتی خەڵکی وەک هێزی فشار دەبینی بۆئەوەی پارتی و یەکێتی ملبدەن سەرلەنوێ رێکخستنەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوەی بە سیستەماتیک رێکبخرێتەوەو دامودەزگاکان بکرێن بە عکومەتی و لەدەستی حیزب رزگار بکرێن، ئەو هیچ بەرنامەیەکی نەبوو بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و زیادکردنی بەشی خەڵک لە داهات و سامان و بەشداری سیاسی، زۆرتر ئەوەی بەشوێنیەوە بوو جۆرێک لە سیستەمی حوکمڕانی بوو کە تێکەڵاوبوو لەگەڵ خەونی لێبراڵەکانی کوردستان، ئامانجی هەرە دیار دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات بوو لەرێگای هەڵبژاردنی گشتییەوە، تاکو ئەوەی پارتی و یەکێتی دەیکەن دەوڵەت بیکات، دەوڵەت جیاوازیەکان و ستەم و چەوسانەوەو سەرکوت و نایەکسانیەکان رێکبخات و پاسەوانی لە ئابووری کەرتی تایبەت بکات.
+ ئیسلامیەکان سەرکەوتنی هاوفکرەکانیان لە بەهاری عەرەبی چەشەی کردبوون بۆ دەسەڵات بە کەڵوەرگرتن لە سەرهەڵدانی خەڵک، ئیخوانیەکان وتەیەکی بەناوبانگیان هەیە کەدەڵێن ئێمە شۆڕش ناکەین بەڵام لەبەرەکەی دەخۆین، ئیسلامیەکانی کوردستانیش کە هەموویان لەپاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوون، ئومێدی زۆریان هەڵچنیبوو لەسەر ئەوەی لە ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی جەماوەر کەڵک وەربگرن بۆ گەیشتن بەو خەونە، بۆ تەواوکردنی بازنەی ئەو دەسەڵاتە ئاینییەی لەناوچەکەدا بەدیهاتبوو بەعێراقیشەوە.
+ چەپ و کۆمۆنیستەکانیش رەوتێک بووین لە ١٧ی شوبات کە لەڕووی سیایەوە بەشداری چالاکانەمان هەبوو، لە مەیدانەکانی ئازادی و لە ئامادەکردنی داواکاریەکان و دەرکردنی بڵاوکراوەی ” رۆژانەی خۆپیشاندان” و کۆبوونەوەکانی رۆژانەی ئەنجوومەن و تەنانەت دامەزراندنی ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی، چالاکیمان هەبوو، بەڵام لەڕووی رێکخراوەییەوە پەرت بووین و لەڕووی جەماوەرییەوە لاواز بووین، زۆرتر ببووین بەهێزی زەخیرەی ئۆپۆزسیۆن، هەرچیماندەکرد دەچووە گیرفانی ئەوانەوە، بەدیهاتنی داخوازیەکانی جەماوەر و رێکخراوبوونی سەربەخۆی ئەوان ئامانجی سەرەکیمان بوو، بەڵام جەماوەری ناڕازی لەڕووی سیاسیەوە بە پلەی یەکەم لەسەر گۆڕان ئومێدیان هەڵچنیبوو، کە دواتر ئەو ئومێدەیان کردە توورەکەیەکەوەو بردیانە پەرلەمان و خستیانە گرەوی چەلەحانێی بێزەنتی پەرلەمانتارانەوە.
هاوپەیمانێتیەک لە نێوان گۆڕان و ئیسلامیەکان پێکهات، ئەو هاوپەیمانێتیە بەرلەوەی بەرامبەر دەسەڵات بێت بەرامبەر سەربەخۆیی خەڵک و کۆمۆنیست و چەپەکان بوو، ئەوان هەردوولایان هاوڕابوون لەوەی خەڵک نەبێت بە جەمسەرێکی سیاسی رێکخراو و ئەمەیان بە بەدیل و جێگرەوەی خۆیان دەزانی و هەروەها هاوڕاشبوون لەسەر کەنارکردنی کۆمۆنیست و چەپەکان، کە لەراپەڕینەوە تاکو ١٧ی شوبات پێشەنگ و رێکخەری داواکاری و ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکان بوون و لەراپەڕینیشدا دەستپێشکەر بوون و بزووتنەوەی شوراییان وەک دیاردەیەکی سیاسی – جەماوەری نوێ هێنابووە ناو ژیانی سیاسی خەڵکی کوردستان.
بەڵام ئەم دوو رەوتە (گۆڕان و ئیسلامیەکان ) دوو ناکۆکی گەورە لەنێوانیان هەبوو، یەکەم گۆڕان زۆرتر رووی نێزەکەی لەپارتی بوو، ئەو نەیدەویست تەنها ببێتە جێگرەوەی یەکێتی، بەڵکو ئەو چارەنووسەی زۆرتر بۆ پارتی دەخواست، یان هەرنەبێت بیکاتە هێزێکی گونجاو لەگەڵ ئەو خەونەی خۆی هەیبوو، لەسەردانێکمان بۆ لای گۆڕان (وەک ئەنجومەنی کاتی) نەوشیروان مستەفا وتی ئێمە ویستمان لەهەولێرەوە دەست پێ بکەین بەڵام کۆمۆنیستی کرێکاری (مەبەستی کۆمۆنیستەکان بوو بەگشتی بۆیەش لەیەکەم رۆژ وەک گێرەشێوێن ناوی بردن) لێی تێکداین، من وتم نەچووە بێت با ئێستا بیکەین، هەموومان رێکخستن و لایەنگرەکانی خۆمان بکەینە پێشەنگ، ئەو بەدروستی قسەکەی منی وەک رەخنە وەرگرت و وتی ئێستا وەختی لێپرسینەوە نیە، ئارام شێخ محمد نوێنەری ئێمەیە هەرشتێکتان بۆ گۆڕان هەیە لەگەڵ ئەو باسی بکەن، بەڵام ئیسلامیەکان هەرگیز نەیانویست پەیوەندی خۆیان لەگەڵ پارتی تێکبدەن، ئێمە وەک وەفدێکی ئەنجومەنی کاتی مەیدانی ئازادی بۆ لای کۆمەڵ و یەکگرتوو جەختمان لەوەکرد کە لەهەولێر کەڵک لە رێکخستنی لایەنەکان ( گۆڕان و کۆمەڵ ، یەکگرتوو، چەپەکان و خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی) وەرگرین بۆ خۆپیشاندان، ئەوان تەنانەت نەچوونە پشتی هەوڵەکانی گۆڕانیش کە هاوپەیمانیان بوو.

عەلی مەولود – ٢٠ی شوبات

لێدوانێک بەجێ بهێلە