فاروق هۆمەر:
هەموو شتێک لەدونیای ئەمڕۆی ئێمەدا بۆتە بازارێکی گەورە، ئیدی بازار گەوهەر و جوانی هەموو شتێکی هێناوەتە خوارەوە. رەنگە زۆر ئاسایی بێ هەموو ئەو شتانەی کە مامەڵەیان بە پارەوە دەکرێ، لە ئوتومبێلێکەوە تاکو پارچە سوراوێکی بچکۆلە خاوەنەکانیان لە هەر شوێنێک پێی رادەگەن، چ بە دەنگ و رەنگ، چ بە کاغەز و هەر رێگەیێکی دی پێیاندا هەڵبڵێن و بازارێکی گەورە بۆ کەرەستەکانیان بکەنەوە، بەڵام ئەوە بۆ هەر شتێکیدی کە بە پارە ناکڕێن و مامەڵەیان پێوە ناکرێ رەوا نییە.
ناکرێ تۆ هاوار و بازرگانی بۆ ژانرەکانی ئەدەب و هونەر و زانست بە هەمان مامەڵەی سەرەوە رایی بکەیت، ئاخر هەر چی بکەیت بەهای کارێکی شانۆیی و بەهای ئوتومبێلێک هاوتا نابن، جوانی شیعرێک و جوانی پارچەیێک سوراو بەیێک تەرازوو بەراورد ناکرێن.
هەرچی ئەو کەرەستانەن کە مامەڵەی پارەیان پێوە دەکرێ، چاویان لەدەست و گیرفانی کڕیارە. دەکرێ هەموو رێگەیێکی شیاو و نەشیاو بۆ مەرامەکانی خۆیان بگرنەبەر.
لە کاتێکا هەرچی ژانرەکانی هونەر و ئەدەب و زانستە ناچنە خانەی فرۆش و پارەوە، ئەوەندەی لە ئاستێکی باڵادا کاریان لەسەر چاو و مێشک و هەستوسۆزی مرۆڤە.
تۆ کاتێک دەچیتە بینینی شانۆیێک یان فیلمێک ناکرێ و تەندروست نییە هەر خێرا گەرماوگەرم بەبێ ئەوەی ئەو نەمایشەی بینیوتە لەناو جوانبینی و ئەقڵی تۆدا جێکەوتە بووبێ، بچیتە بەردەم کامێرایێک و هەژانی خۆتمان نیشانبدەی. چونکە هەرچی بکەی هێشتا کار و جووڵەی تۆ وەک ئەو دەڵاڵەی پێناکرێ کە بەشانوباڵی فەرشێک یان قاڵییەکە دا هەڵدەڵێ.
مێژووی ئەو کارە لە دونیای ئێمەدا بەجۆرێک تازەیە کە دەکرێ پەنچەی ئاماژە بۆ بکەرەکانی یێک یێک رابکێشرێ و ئەو مەرامەش کە لە پشتییەوە راوەستاوە بهێنینە دەرێ. ئەمڕۆ ئەوانەی خۆیان نیشاندەدەن و بە گوزارشتکەران دەدرێنە قەڵەم تەواوێک لەژێر رەحمی بازار و کاریگەری بە مامەڵەی بازرگانیدان، نەک بە رۆحی هونەر و داهێنان و خوێندنەوە. گوزارشت و بازرگانی دوانەیێکی تەواو دژ بەیێکن و هێندەی خاڵی جیاوازیان هەیە ئەوەندە خاڵی تێکەڵاویان نییە.
ئەوەی کە بە قاڵییەکدا هەڵدەڵێ بۆ خۆی دەزانێ درۆ دەکات، خەڵکانێک تەفرە دەدات و هەموو کارەکەی ئەو لە خشتەبردنە، کە دەشچێتەوە ماڵێ بایەخێکی بۆ گەورەیی ویژدان و ترسێکی بۆ جوانبینی و خەمێکیشی لەشکۆی بینین و تەماشا هەڵنەگرتووە.کاتێک تۆ لەناو هەژاندای و هێشتا نەمایشێک لەناو رۆحتدا ساردنەبۆتەوە، دەمێکی جوڵاو و روخسارێکی پڕ لە سەرسامی و زمانێکی شەقوشڕ کە نازانی چۆن گوزارشت لەو کارە بکەی، بێ له قێزەونی و ناشرینی شتێکی دیت بەرهەم نەهێناوە و ناشیهێنی.
ئەم دیاردە تازەیە کە لە دونیای ئێمە بە تازەکی پەیدابووە، لەدەرەنجامی دابەزینی بەهای وەرگرتن و بینین و تێگەیشتنەوە هەڵقوڵاوە. چیدی هونەرمەندان و نوسەران و زانستخوازان بایەخێکیان بۆ مێشک و هەستوسۆزی وەرگر لەلانەماوە و ئەوان بێ لە گیرفان و ئەو پارەیەی دێتە دەستیان شتێکی دییان بەلاوە مەبەست نییە.
وەرگرتن بەیێکێک لە پرۆسە گران و دژوارەکان دەدرێتە قەڵەم، کە پێش و پاشی ئەو پرۆسەیە پێویستی بە لێکۆڵین و خۆئامادەکردنی لێبڕاوانەوە هەیە. خوێندنەوەی کتێبێک هەمان چێژ و سەلیقەی نەمایشێکی شانۆیی هەیە. خوێندنەوەی شیعرێک و چیرۆکێک هەمان بەرکەوتەیان هەیە. تەماشای تابلۆیێک و بینینی فلیمێک لەزۆر رووەوە وەکو یێکن و مرۆڤەکان پڕ دەکەن لە جوانی و تێگەیشتن.
وەرگرتن هیچکات پرۆسەیێکی کتوپڕ و خێرا نییە لەدەموساتی خۆیدا روو بدات، دەشێ لەدوای تەواوبوونیەوە چەند کاتژمێر و رۆژانی بوێ تاکو لەناو ئەقڵ و هۆش و هەستوسۆزی ئەو وەرگرەدا شوێنی خۆی دەکاتەوە و دەرهاویشتەکانی بە سازان و نەسازان گۆڕانکاری دەخوڵقێنن.
هەموو ئەو پێداهەڵگوتنانەی کە بۆ نەمایشێک یان کارێکی هونەری و ئەدەبی دەکرێن، دواجار تۆزقاڵێک دونیای رەخنە و هەڵسەنگاندن و لێکۆڵین و راڤەکاری فراوان ناکەن و لە بازارکردن بترازێ شتێکیدی نین و هەر هەموویان ناپێویست و زیادەن و دەچنە خانەی کەرەسەی بێکەڵکەوە.
کاتێک پرۆسەی هەڵسەنگاندنی پوخت و لێبڕاوانە دێتە گۆڕێ ئەو پێداهەڵگوتنانە چیدی نەک هەر هەڵدەوەشێنەوە و کەڵکێکیان نەگرتووە، بەڵکو زیانێکی گەورە بە جیهانی کار و بەرهەم دەگەیێنن و رۆحی هاوکاریان لێوە نایێتە دەرەوە.
ئەوەی لە پرۆسەی وەرگرتن تێبگات کە چەندێک کاریگەر و هەستیارە لەوە تێدەگات ئەو مامەڵە بازارییەی کە لەبەردەمماندا روو دەدات چەندێک سوک و ناشرین و پڕ لە خەوشە.
بەردەوامی ئەو پرۆسەیە خەڵکانی گەمژە و دڵخۆش و لە خۆرازی گەورە و قەبە دەکەن، ئەو کەسانەی کە شتێک لە گەوهەری وەرگرتن و تێگەیشتن نافامن و دواجاریش روون و ئاشکرا بە خەڵکانی نەخوێنەوار و خەڵکانی بازاری دەمێننەوە.
تێبینی:
ئێوە بۆ خۆتان بڕواننە ریکلامی خانوو فرۆشەکان و ئەوجا لەو ریکلامانەش بڕوانن کە بۆ شانۆ و فیلم و شیعر دەکرێن و بەراوردیان بکەن بزانن کامیان هەڵگری زیرەکی و مۆڕاڵ و سروشتی کار و جوانین. کامیان دروست و راستگۆ و کامیان هەڵخەڵەتێنەر و قێزەون دەکەونە روو؟
شانۆ و بازار
62