فاروق هۆمەر:
کێڤن کارتەر، ئەو وێنەگرەیە کە لەبەهاری ساڵی هەزار و نۆسەد و نەوەد و سێ، ئەم وێنەیەی لە وڵاتی سودان گرتووە، ئەو هەر بەتەنیا وێنەیێکی ئاسایی و بێ مەڵامەتی نەگرت و بڕوات، ئەوەندەی ئاگرێکیشی بەردایە دڵی جیهانێک کە نەک هەتاکو ئەمڕۆ، بەڵکو هەتاکو مرۆڤێکیش لەم سەر رووی زەمینە زیندوو بمێنێ، بەوپەڕی گرفتارییەوە لەگەڵی دەمێنێتەوە.
ئەم وێنەیە بۆ رۆژگارێک دەگەڕێتەوە کە هێشتا کامێرا بەم شێوەیەی ئەمڕۆی بە دەست هەمووانەوە نەبوو، تەنیا کەسانێک نەبێ لەدووی هونەر و ئارەزووەکانی جوانناسی وێڵی چرکاندنی جوانیەکانبوون، یاوەخوود کاری میدیایی رۆحی سەرکێشی تێدا رواندبوون، بۆ تۆمارکردنی چرکەکانی جەنگ روویان لە زەمینە پڕ لە ئاگر و ترسناکەکان دەکرد.
جیهان پڕن لە هەزاران ئەو وێنانەی تەزوو بە گیانی مرۆڤ دێنن و لێرەولەوێ چیرۆکێک لە جەنگ و ئازاری مرۆڤەکان دەگێڕنەوە، بەڵام لەناو هەموو ئەو وێنانەدا وێنەیێکی تاقانە هەیە کە لە هەموویان رەشتر و ترسناکترە. چیرۆکێکی هێند دڵگوشەری هەڵگرتووە بۆ هەر چرکەیێک لە چرکەکانی مێژووی ئێمە نەک هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، بەڵکو ناڵین و هاواری دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک.
با کەمێک لە وێنە و دڵگوشرانەکانی داببرێین بڕوانین چۆن هەر وێنەیێکیش هەرچەندە دڵتەزێنیش بێ، دواجار وێنەگرێکیشی بردۆتە نێو جیهانەوە و ناوبانگێکی مەزنی بۆ مسۆگەر کردووە. نەک تەنیا هەر وێنەگرێکی وەک کارتەر بەڵکو هەر یێکێک لەوانەش کە ئەمڕۆ کامێرایێکیان لەبن هەنگڵە، دڵی راوچییەکیشیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە و لەوە دەگەڕێن ئیستا نا تاوێکی دی وێنەیێک بچرکێنن کە هەموو جیهان لە چاوتروکانێکا فڕێبداته نێو سەرسامییەوە.
پەیوەندی وێنە و وێنەگر، کتومت هەمان پەیوەندی راوچی و نێچیرن، دواجار هەردوکیان لە شوێنێکا یێکدەگرنەوە کە یێک چارەنوس دەیانگرێتەوە.
ئەو وێنەیەی کارتەر چرکاندی، داڵێکمان نیشان دەدات خۆی لە کیژۆڵەیێکی بەدبەختی رووت و برسی مەڵاس داوە کە هێشتا پێنج بەهاری لە تەمەنی خۆی پڕ نەکردۆتەوە. لەبەردەم دوو قاچی نوشتاوەی منداڵێکدا هەناسە دەدەین کە تۆزێک پێشتر جەستەیێکی شەکەت و پووکاوە و ماندوویان هەڵگرتبوو، لەبەر شلی و لاوازی هەنگاوەکانی چۆکی داداوە و چیدی هێزی ئەوەی پێ نەماوە بگاتە بنکەیێکی هێزە فریاگوزارییەکان کە زۆرێک لێوەی دوور نییە و نیازی گەیشتنە ئەوێ بوو. ئەگەر ئەو دوو قاچانە هێزێکی کەمیشیان تیا بمایە دەیانتوانی بگەنە بنکە فریاگوزارییەکە و مێژوو بەجۆرێکی دی بگێڕنەوە.
چارەنوسی ئەو منداڵە لەوێدا کۆتایی نایێت کە لەپەلوپۆ دەکەوێ و نزیک لە مردنی خۆی باوەش بەو زەوییە بێ دڵ و بێ بەزەیی و بێ رۆشناییەدا دەکات کە چ ئومێدێکی بۆ ئەو پێ نەماوە. ئەو زەوییەی کە تەنیا پڕی نین لە مرۆڤانی دڕندە و وەک بەرد دڵرەق، بەڵکو پڕیشن لەو بونەوەرانەی کە جەنگەکان کتومت سروشتیانی وەک سروشتی مرۆڤەکان لێکردوون. ئەو هێشتا چاوەکانی نەنوقاندوون و پڕی تەماشا و چاوەڕوانین، داڵێک چاوەڕوانی هەلێکە پەلاماری بدات و دڵی دەربهێنێ و بیخوات.
ئێمەی بینەر هێشتا وەکو تەماشاکار، ئاسودەین لەوەی جەستەیێکی لەڕولاواز و روخسارێکی شاراوە دەبینین، وەک ئەوەی بەختێک یاوەرمان بێ بۆ ئەوەی بەسەلامەتی رۆحی مرۆییمان بپارێزێ. لەوە دەکات ئەو جەستە تێکشکاو و نوشتاوەیە هێشتا ئارەزووی ئەوەی نییە بریندارمان بکات. ئاخر بیرلەوە بکەرەوە گەر منداڵەکە توانای هەڵبرینی کەلەی سەری هەبوایە، دەبوا چی رووی بدایە. گەر چاوانی منداڵەکە لەسەرەوە بان و لە شوێنێکی دوری بڕوانیایە، پێکەنینێکی تاڵ، یاوەخود گریانێکی بەکوڵ لەسەر لێوەکانی بایە، هیچ گومانی تیا نەبوو هیچمان بە ئارامی نەدەماین و شتێکی خراپ و رەشاییەکی پڕ بۆ هەمیشە هەموومانی دادەڕزان. هەلاهەلا دەبووین و وەک ئیستا بۆمان نەدەکرا ئاوا بێباکانە لە وێنەکە بنۆڕین.
ئەم دیمەنە هەر کەسێک رواورووی بێتەوە، بەرلەوەی داڵەکە لەو ناوە دوور بخاتەوە، زۆر بەخێرایی ئەو منداڵە نەگبەتە لە ئامێز دەگرێ و بەبێ چاوەڕوانی و بیرکردنەوە بەرەو شوێنێکی پڕ لە ئارامی و پڕ لە دڵنیایی دەیگوازێتەوە.
کارتەر بەو جۆرە ناکات، بۆ ماوەیێکی دوور و درێژ لەو منداڵە زەلیل و داڵە ترسناکە دەڕوانێ، دواتر لەچەندین گۆشە و رووکاری جیا جیاوە وێنەیان دەگرێ و دەروات. کاری ئەو هەر ئەوەندەیە، لە بنەرەتەوە ئەو گوناهێکی نییە وێنەگرێکە بەپێی رەوشتی پیشەکەی بیر لە راوکردنی دیمەنێکی ناوازە و دڵگیر دەکاتەوە تا سەرسامی لەناو دڵی جیهان دا بڕوێنێ. وێنەیێک بدۆزێتەوە کەسێک پێش ئەو نەیگرتبێ. ئەمڕۆ هەر کەسێک لە جیهان دەگری وەک چۆن لە گەنجینەیێکی نەدۆزراوە دەگەڕێ، ئاواش لە وێنەیێکی ناوازە و نەبینراو و نەدۆزراوە دەگەڕێ.
کەسێک لەدووی چرکاندنی ئەو وێنەیەوە، نازانێ ئەو منداڵە چی بەسەر هات، رزگاری بوو یان داڵەکە خواردی. ژیانی منداڵەکە و ژیانی وێنەکە بەجۆرێک تێکەڵاوی یێکدیبوون، ئاستەمە لێکجوێ بکرێنەوە، بەجۆرێک چارەنوسی منداڵەکە بووە بە بەشێک لە چارەنوسی وێنەکە و بۆ هەمیشە وەک مرۆڤێکی زیندوو لەناو وێنەکەدا ژیان دەباتە سەر. مێژووی ژیانی منداڵێک شوێن بۆ مێژووی ژیانی وێنەیێک چۆڵ دەکات، ئیدی کیژۆڵەیێکی وێنە لێهەڵگیراو بۆ خۆی دەبێتە کیژۆڵەیێکی هەقیقی و بۆ هەتایی لەوێدا دەژی و دەمێنێتەوە.
کامیان سەرنجراکێشە چارەنووسی منداڵەکە یاوەخوود پێگەی وێنەکە؟ ئەمڕۆ هەموو جیهان وێنەکە دەناسن و وێنەگرەکەشی، لە کاتێکا هیچ کەسێک نییە شتێک دەربارەی مان و نەمانی ئەو کێژۆڵەیە بزانێ. ئەو کێژۆڵەیە کێ بوو، سەر بە چ خێزانێک بوو؟
ئەوە دروستە ئەگەر وێنەکە نەچرکێنرایە کەسێک شتێکی دەربارەی ئەو منداڵە پێنەدەزانی. منداڵێک چۆن لەنێو زەبروزەنگ و جەنگە نەبڕاوەکانی ئەفەریکادا برسێتی دەیکاتە نێچیری داڵێکی لە خۆی برسیتر.
ساڵێک دواتر، لەڕێی وێنەگرتنی ئەو کێژۆڵەیەوە کارتەر گەورەترین پادداشتی جیهان بۆ ئەو وێنەیە دەباتەوە و ناوبانگێکی گەورەش بەدەستدەهێنێ. لە کۆفرانسێکی گەورەدا دەکەوێتە بەردەم هەزاران پرسیارەوە، ئەو پرسیارانەی کە چیدی پەیوەست نەبوون بە وێنەکەوە، بەڵکو لە چارەنوسی کیژۆڵەکەیان دەپرسی. فزوڵی بینین، فزوڵی هەزاران لەو مرۆڤانە دەوروژێنێ کە تەنیا لە وێنەکان دا جەنگ و نەهامەتی مرۆڤیان بیر دەکەوتەوە. لەدەمی نەمایش و نیشاندانی ئەو وێنەیەدا لەپڕێک ئەو هەقیقەتە لەناو کارتەردا زیندودەبێتەوە، کە لەکاتی چرکاندنی وێنەکەدا نەک هەر خامۆش و سارد و سڕ بوو، بەڵکو تەواوێک مردبوو. کارتەر بۆ یێکەمجار چارەنوسی کیژۆڵەکەی بیردەکەوێتەوە. لەراستیا ئەو بۆ خۆشی نەیدەزانی کیژۆڵەکە چی لێهاتوە؟ تا ئەو چرکەیەش بیری لە ئایندە و ژیانی کیژۆڵەکە نەکردبۆوە.
کارتەریش وەک هەر بینەرێکی دی، لە قووڵایی ناخەوە لە خۆی دەپرسی ئەرێ کیژۆڵەکە چی لێهات، تۆ بڵێی ئەو زیندوو بێ یان مردوو؟ بە هەقیقی وەڵامێکی بۆ ئەو پرسیاره پێ نەبوو.
ئەگەر تا ئەم چرکەیە چارەنوسی کیژۆڵە بە وێنەکەوە لکا بووبێ، لێرە بەدوا پرسیارەکان کیژۆڵەکەیان لە وێنەکە جوێدەکردەوە و دەیانهێنایەدەرێ. کێژۆڵەکە لە کوێیە؟ ئەوان نەک هەر چارەنووسی کیژۆڵەکەیان دەویست، بەڵکو ئەوان کیژۆڵەکەیان بە زیندوویی لە کارتەر داوا دەکرد.
هەموو ئەو چاوانەی کیژۆڵەکەیان بینی لەبەردەم ئەو داڵە دڕندەیەدا ئیستا دەیانەوێ بزانن چارەنوسی بەکوێ گەیشت. کارتەر لەوێدا بۆ یێکەمینجار دۆش دادەمێنێ و وەڵامێکی پێ نییە. بۆ یێکەمینجاریش بەسەر ئەو هەقیقەتەدا دەکەوێ کە بۆچی کیژۆڵەکەی رزگار نەکردووە و وەکو وێنەکە لەگەڵ خۆی دا هەڵینەگرتووە و ژیانی رزگار نەکردووە. ئەو وەڵامی بۆ هەموو ئەو چیرۆکە پێیە کە پەیوەستە بە ژیانی وێنەکەوە، لە کاتێکا هیچ وەڵامێک دەربارەی ئەو کیژۆڵەیە نازانێ کە لەناو وێنەکەدایە. ئەم پرسیارە لە هەر کەس زیاتر ئارامی خودی کارتەر دەشێوێنێ و دەیخاتە بەردەم بەرپرسیاریێکی لێبڕاوە و ترسناک و وردە وردە بومەلەرزەیێک لەناوەوەی دا دەخوڵقێنێت.
کۆنفراس تەواو دەبێ، پادداشت وەردەگیرێ، ناوبانگ دونیا دەتەنێتەوە، هەمووان لە پرسیارەکان دەبنەوە و رۆژگاریش چرکەکانی خۆی بەرەو پێشەوە دەگەڕێنێ. کارتەری گەورەترین وێنەگری دونیا، بە تەنیا دەمێنێتەوە. ئەو چیدی ئاسودە نییە، زۆر بەهێواشی دەکەوێتە ژێر فشاری ویژدانی خۆیەوە. ئەو ویژدانەی کە خەریکە تەواوێک بەئاگا دێتەوە. کیژۆڵەیێک و سەدان پرسیاری بێ وەڵام خەریکە ناخی دەخۆن. ئەو جارێکی دی بۆی ناکرێ بڕوانێتەوە ئەو وێنەیەی کە ناوبانگی پێ بەخشیوە. کیژۆڵەکە چیدی لەناو وێنەکەدا نەماوە و هاتۆتە دەرەوە و هەردوو دەستی لە ئەوکی گیر کردووە. چرکە بە چرکە شوێنی دەکەوێ.
ئیستا نەک هەر کارتەر خۆی، هەموو جیهان دەزانن چارەنوسی ئەو کیژۆڵەیە لەناو دوو دەستەکانی ئەودا بوون، ئەوە دروستە گوناهی ئەو نیە ئەو کیژۆڵەیە لەو دۆخە نەخوازراوەدا برسی و لانەواز جێمابوو، لەو چرکەیەوە بەدوا کارتەر بۆی دەکرا کیژۆڵەکە رزگار بکات و چارەنوسێکی نوێی پێ ببەخشێت.
کارتەر لەورۆژەوە لەنێو بێ ئارامییەکی قووڵ دا دەژیا، پەشێویی و دڵگوشران بۆ هەمیشە لێی نەئەبۆوە. ئەو دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە و ناوبانگێکی جیهانی، تەنیا توانی چوار مانگ بژی و دواجار لە تەمەنی سی و سێ ساڵی دا کۆتایی بۆ ژیانی خۆی دیاری کرد و نەیتوانی لەوە زیاتر بژی. چارەنوسی وێنەکە چۆن پڕی بوو لە رەشایی و ناهومێدییەکی قووڵ، ئاواش وێنەگرەکەی فڕێدایە ناو هەمان رەشایی خۆیەوە.
چیرۆکەکانی جەنگ و وێنە
65