بەختیار موستەفا:
بەشی یەکەم
لەڕوی مێژوییەوە، بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی و خیتابی سیاسی ناسیونالیستی عەرەبی ، دوای جەنگی جیهانی دوهەم و دوای دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل برەوی پەیدا کرد، زیاتر بەرجەستە بوو، شکڵ وقەوارەی سیاسیی بەخۆوە گرت . دوای ساڵانێکی زۆر لەدرووستبوونی ئەو بزوتنەوەیە، لەکەشوهەوایەکی تری جیهانی وناوچەییدا، “جێگیربونی جەمسەری شورەویی وستەم و دوورخستنەوەی فەلەستینییەکان لەزێدەو جێگای نیشتەجێبونیان” توانی بەخێرایی نەشونما بکات، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی پایەدار دەربکەوێت و جێبکەوێت . شۆڕشی ئۆکتۆبەرو پاشانیش بەرپابونی شۆڕشەکانی چین ، ڤیەتنام ، کەمبودیا، لاوس و سەرکەوتنی ئەو ووڵاتانە لەڕوی عەسکەری و سیاسییەوە،مەودای کاری ئەو بزوتنەوانەی فراوانتر کرد.
ئەو ئاڵوگۆڕییە جیهانییانە، کاریگەرییان لەسەر بیری ناسیونالیستی عەرەبی و بزوتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی دانا . هەر لەتوێی ئەو هاوکێشە جیهانییەو بەو ئاڕاستەیەدا، چەندەها پارتی سیاسی نەتەوەیی لەژێر ناوەکانی ” ناسرێکان، نەتەوەییەکان ، بزوتنەوەی سۆسیالیستی عەرەبی، پارتی بەعس، تادوایی ” دروست بوون و درێژەیان بەچالاکی سیاسی دا . ئەم بزوتنەوە سیاسییانە توانیان جەماوەرێکی بەرین لەووڵاتە عەرەبییەکان، بەدوای خۆیاندا کێشبکەن . لەهەندێک لەو ووڵاتانە، پارتە نەتەوەییەکان توانیان لەڕێگای کۆدەتای سەربازی و سەرکردایەتی کردنی خەباتی “نیشتمانی” یەوە دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرن، خەباتی ڕزگاری خوازی فەلەستینییان کردە خەباتی “مرکز” ی نەتەوەیی عەرەبی . خۆبەستنەوەیان
بەو خەباتەوەو خۆبەستنەوەیان بە تێکۆشانی ئەو خەڵکەوە، هێزەگەلێکی دژ بەئیستیعمارو دژ بەدەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلیان لەخۆیان کۆکردەوە . توانیان لەهەندێک لەووڵاتە عەرەبییەکانا دەسەڵات بەدەستەوە بگرن ، لەهەندێکی تریان وەکو پارت و ڕێکخراوی میلیتانت و چاو لەدەسەڵات ،خۆیان ڕێکبخەن . بەهۆی هاتنە پێشەوەیان و بەهۆی کودەتاکانیانەوە ، گەورەترین ستەم و زۆڵمیان لە خەڵکەکەو لەپارت و کەسە ئازادیخوازاکان کرد ، لەکوردستان ، پارتی بەعس و نەتەوە عەرەبییەکان، چەندەها شارو شاڕۆچکەیان وێران کرد، خەڵکێکی زۆریان کوشت، گەنجێکی زۆریان، خستە زیندانەوە، چەندەها هەڵسوڕاوی کۆمۆنیستی
وسۆسیالیستیان دەستگیرو ترۆر کرد. پانتایی کارکردنی ڕێکخراوە دینییە نەیارەکانیان تەسک کردەوەو سەرکوتیان کردن.جمال عەبدول الناصر چالاکیی سیاسی ئیخوانییەکانی لەمیسر، قەدەغەکرد، ژمارەیەکی بەرچاو لەسەرکردەکانیانی لەسێدارەدا. لەعێڕاق مەودای کاری ڕێکخراوو کەسە دینییە شیعەکان کەم کرابووەوە ، بە کۆمەڵ لێیان دەگیراو لەسێدارە دەدران، حیزبی دەعوەی عێڕاقی ، یاساغ کرابوو، ، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بەغداو بەندینخانەی ئەبوغرێب پڕکرابوو لەئەندام و چالاکەوانە سیاسیەکانی ئەوپارتە. ئەم خیتابە سیاسییە ناسیونالیستییە عەرەبییە، کاریگەرێتی لەسەر خیتابی سیاسی ناسیونالیستی کوردی و بزوتنەوەی چەپی کوردستانیش دانابوو. گەر بگەڕێینەوە دواوەو تەماشای گۆڤارو نوسینەکانی ئەو سەردەمە بکەین ، دەبینین هەرلە پارتی دیموکراتی کوردستانی سەرەتای پەنجەکانی سەدەی ڕابوردووەوە، تا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان و لایەنی سیاسی تر،پشتگیری خۆیان بۆ خەباتی ڕێکخراوە
فەلەستینییەکان پیشاندەدا، لەنوسین و بەیانامەکانیاندا،
پێداگرییان لەسەر هەماهەنگی خەبات و لێکهەڵپێچرانی چارەنوسی سیاسی وڕێکخراوەیی خەڵکی کوردستان و خەڵکی فەلەستین دەکرد، دژایەتی خۆیان بۆ دەوڵەتی ئێسرائیل پیشان دەدا.
سەرانی ناسیونالیستی کوردی لەگەڵ سەرانی ناسیونالیستی عەرەبی و سەرکردەکانی بزوتنەوەی فەلەستینی لەپەیوەندییەکی توندوتۆڵدا بوون، خۆیان بەلایەنگری ئەو سەرکردانە دەزانی ، زۆر جار یارمەتییان لەوانەوە وەردەگرت . جەلاڵ تاڵەبانی ، لە گەڵ یاسیر عەرەفات، جورج حەبەش و سەرانی تری ڕێکخراوە فەلەستینێکان و حافز ئەسەدا، لەپەیوەندییەکی بەهێزدا بوو.
بەحوکمی ئەوەی پارتە کۆمۆنیستەکانی ناوچەکە، لەپاڵ پارتی کۆمۆنیستی شورەویی دایک و لەپاڵ
دەوڵەتی شورەویی دابوون، بۆیە لەژێر ناوی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی دژ بەئەمریکاو دژ بەدەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان، بونە هاوپەیمانی ئەو پارت و بزوتنەوە نەتەوەییە عەرەبیانە.
ئەمەندەی، بەبزوتنەوە سیاسییە کوردستانییەکان دەگەڕێتەوە، ئەو پارتانە هەمیشە لەبیرکردنەوەی
ئەوەدا بون، لەچوارچێوەی عێڕاقداو لەگەڵ دەسەڵاتی ناسیونالیستی عەرەبیدا، کێشەکانیان چارەسەربکەن، لەپاڵ ئەواندا بەشێک لەدەسەڵاتیان پێڕەوا ببینرێ، لەگەڵ ئاڕاستەی گشتی بۆچون و سیاسەتەکانی ناسیونالیزمی عەرەبیدا خویان دەبینییەوەو خۆیان لەگەڵ ئەو بزوتنەوەیەدا گونجاندبوو . بزوتنەوە سیاسییە چەکدارییەکانی کوردستان، لەئەیلولی ١٩٦١وە تائازاری ١٩٩١ بۆ بەدیهێنانی خواستی خودموختاری بوو ، ئەوان بەدوای پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی و
دروستکردنی قەوارەی سیاسی سەربەخۆوە نەبوون. هەلومەرجە ناوخۆیی و ناوچەییەکان ، ڕێگری لە بیرکردنەوەو داڕشتنی ئەو جۆرە پلانانە دەگرت . ئەو هێزە کوردییانە، واقعییانە بۆ بارودۆخەکەو هێزو توانای خۆیان دەیانڕوانی. بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆ خەباتیان نەدەکرد.
هاوکێشە سیاسییەکانی دنیا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، هەلومەرج و هاوکێشەی سیاسی تر هاتە ئاراوە، تێکڕای گۆڕانکارییەکان،کاریگەرێتی لەسەر ڕوداوەکان و جوگرافییای سیاسی کوردستان ، عێڕاق و ناوچەکە دانا.
لەکوردستان ، خواستی “مرکز”ی ناسیونالیستی
کوردی، دەستگرتنە بە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و باسکردنی ” جێگاناکۆکەکانە” . زیاتر
پارتی پێداگری لەسەر ئەم خیتابە سیاسییە ناسیونالیستییە دەکات، ئەم سوربونەی پارتی لەسەر بنچینەی برسیکردنی خەڵک و هێنانە خوارەوەی
ئاستی ژیان و مەعیشەتی خەڵکیدا بەڕێوە دەچێت. بەرامبەر بەم خیتابە سیاسییەی پارتی، ئاڕاستەیەکی سیاسی تر لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هەیە، ئەویش ئیشکرنە بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی لامرکەزی. گەرجی ئەم ئاڕاستەیە دەیەوێت لەگەڵ خواست و ویستی ئێستای خەڵکی کوردستان خۆی بگونجێنێت، بەوەی خەڵکی دەیەوێت موچەو پێویستێکانی ژیانیان لە ناوەندەوە بۆدابین بکرێت، بەڵام لەهەمان کاتدا دەڵێن ئەوان دەست بە قەوارەی سیاسی هەرێمەوە دەگرن و مەبەستیانە هەرێمەکە لەڕوی دەستورییەوە بمێنێ و تێانەچێت . ئەم خیتابە سیاسییە دووفاقییەی ئەمڕۆی دەسەڵاتدارانی کوردستان ، ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە جیاوازەکانی ئەو دوو باڵەیە، لەم هەلومەرجەی ئێستای کوردستان وعێڕاقدا.
لە کوردستانی ئێران و کوردستانی تورکیا، ڕەوشەکە ئاقارێکی تری بەخۆوە گرتووە .گرنگە ئەو دوو بزوتنەوە ناسیونالیستییە ، لە توێی سیاقە مێژوییەکەیدا لێکبدرێتەوە. ئەمەندەی پەیوەستی بە
ناسیونالیزمی ئێرانییەوە هەیە ، ئەم بزوتنەوە پانئێرانستە “پڕۆ فارسییە”ەلەڕووی مێژووییەوە، دژ بە ڕووسیای تزاری و ئیستیعماری ئینگلیزی بووە، جگە لەوەی مێژووی ئێران و دەسەڵاتە فروانە ئێمراتۆرییە یەک لەدوای یەکەکانی ، مێژوویەکی واقعیین و سەردەمانێک بووە ئێران و دەرەوەی جوگرافیای ئێرانیان لەژێر دەستدا بووە، حوکمڕانی بەشە کوردییەکەیان کردووەو دژ بەهەموو جوڵانەوەیەکی نەتەوایەتی و ئیتنیکە جیاوازەکان بوون و سەرکوتیان کردون.
ئەو مێژووە، کاریگەری لەسەر ناسیونالیزمە پانئێرانییە “فارسییە”کەی ئێستاو لەسەر شێوەو چۆنییەتی بیرکردنەوەی ناسیونالیزمی کوردی داناوە . دەکرێت لەم ڕووەوە لێکۆڵینەوەو بەدوادابۆچونی زیاتر بکرێت.
لەتورکیاش،ڕۆڵی مێژوویی و کاریگەری دەسەلاتدارێتی ئیمپراتورییەتی عوسمانی لەحەوت سەدەیاو زوڵم و سەرکوتێک ئەو دەسەڵاتە لەکوردو ئەرمەن و ئیتنیکەکانی تری کردووە ، کاریگەری زۆری لەسەر شێوەو چۆنییەتی بیرکردنوەی ناسیونالیزمی کوردی و خواستە دیموکراتییەکانی خەڵکی کوردستان داناوە.
ناسیونالیزمی تورکی” کەمالیزم ” وسیستمی سیاسی دەوڵەتی تورکیا لەسەر بنچینەی سڕینەوەی ناسنامەو خواستی دیموکراتی نەتەوەکانی تر بەڕێودەچێت،
قەتڵوعامی کوردەکان و ئەرمەنییەکان ،نمونەی زیندووی کارکردی ئەو ناسیونالیزمە تورکییەیە. دەکرێت لەم ڕووەوە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆتایبەتمەندیەکانی ئەو مێژووەو بۆ ووردەکارییەکانی بزوتنەوە سیاسی وچەکدارییەکانی کوردستانی تورکیا بکرێت.
درێژەی هەیە…