Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی ٨ ی مارس، رەمزی وەستانەوەیە دژی جیاکاری و تێکۆشانە بۆ یەکسانیی نێوان ژن و پیاو!

٨ ی مارس، رەمزی وەستانەوەیە دژی جیاکاری و تێکۆشانە بۆ یەکسانیی نێوان ژن و پیاو!

by admin
0 کۆمێنت 73 بینینەکان

جیاکاری و ستەم دژی ژنان و بە پلەدوو سەیرکردنیان، یەکێکە لە سیما قێزەونەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری. چینی بۆرژوازی، بەمەبەستی دابڕینی ڕیزەکانی چینی کرێکار و لەبەرامبەر یەکتر دانانی ژنان و پیاوانی کرێکار، پلەدووی و بێمافی بەسەر ژناندا سەپاندوە. هەروەها راگرتنی لەخوارەوەی مافەکانی ژنان بەتایبەتی کارمەندان و کرێکارانی ژن، لەپاڵ بێمافکردنی ژناندا، مافەکانی پیاوانیش لە خوارەوە رادەگرێت و هەمیشەش وەکو ڕکابەری یەکتر بەرامبەر یەکتر دایان دەنێت. بەمجۆرەش هێشتنەوەی نایەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا، بۆ هێشتنەوە و ڕاگرتنی نایەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتیە، بۆ توندکردنەوەی زنجیری چەوساندنەوەی چینی کرێکارو لەخوارەوەراگرتنی ئاستی ژیان و گوزەران و مافەکانی سەرجەم چینی کرێکار و فەراهەمکردنی زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی کەڵەکەی سامان و سەرمایەی چینی سەرمایەدارە.
لە هەلومەرجی قەیرانگرتووی ئێستادا کە سەرمایەداری گیرۆدەی قەیرانێکی ئابوری قووڵ بۆتەوە و بەدوای خۆیدا، بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی سەختی بەسەر بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندووە، پەرەگرتنی جەنگ و فەزای میلیتاریستی و سەرهەڵدان و پەرەگرتنی ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی بۆرژوازی، لە چەشنی ڕاسیزم، فاشیزم و نەتەوەپەرستی و ئاینگەرایی… کە پەیامی هەموویان، گێڕانەوەی کۆمەڵگایە بەرەودواوە، هێرشێکی هەمەلایەنەی چینی دەسەڵاتداری بۆسەر ژیان و گوزەران و ئەو دەسکەوتە ئینسانیانەیە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی ڕابروودا بەدەستی هێناوە، لێکەوتۆتەوە. ئەمە لەپاڵ جەنگە ناوچەییەکان و ئەو مونافەسە میلیتاریستیەی کە دەولەتانی سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگای بەشەریدا سەپاندویانە، شەپۆلێکی فراوانی لە نائارامی و کاولکاری و کۆمەلکوژی و ئاوارەیی و دەیان موسیبەتی تری بەرهەمهێناوە. لەهەلومەرجێکی ئاوادا ئەوە ژنانن کە قوربانی یەکەمن و لەگەڵ گەورەترین هێرشی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕووبوونەتەوە. بەتایبەتیش ئەوە ژنان کە قوربانی یەکەمی قەیرانە ئابوریەکان و شەڕی دەولەتان و رەوت و گروپە کۆنەپەرستەکانن، هەر لە ئۆکرانیاوە تا رۆژهەڵاتی ناوەراست.
لە عێراق و کوردستانیش بەهۆی زاڵبوونی بزوتنەوە و ڕەوتە ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و تائیفیە رەگەزپەرست و کۆنەپەرست و فاشیستەکانەوە، ژنان گەورەترین ستەم و زوڵمیان بەرامبەر دەکرێ. سەرباری ئەوەی کە بە ملیۆنەها ژن لەناو ماڵەکانی خۆیاندا وەکو کرێکاری بێ کرێ و بێماف کاردەکەن، هاوکات رووبەرووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە. لە کارگەو ناوەندەکانی کارو لە دامەزراوەکانیشدا ژنان جگەلەوەی لەڕووی ئیمتیازاتی موچەو بەدەستهێنانی فرسەتی کارو پسپۆری و ڕاهێنانی پیشەییەوە جیاکاریان لەگەڵ دەکرێ، هاوکات ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە. لەپاڵ ئەمەدا، بورژوازی کوردو حزبەکانی سیستەمێکی دەسەڵاتدرێتی وایان داسەپەندوە، کە لەسەر بنەمای پیاوسالاری و تێکەل بەشەریعەتی ئیسلام دەڕوا بەڕیوە، بەپێویست جیاکاری و ژیردەستەیی ژنانی کردۆتە نۆرم و یاسا، لەوانە فرەژنی و “کۆتاکردنی ژنان” لەهەڵبژاردنەکاندا، نمونەیەکی ئاشکرای نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی مافی هاوڵاتی یەکسانە، بگرە بەرەسمی ناسینی ژیردەستەیی و پیاوسالاری و کۆنەپەرستیە، بەسەر ژنانەوە. لەسەرێکی تریشەوە، پشتگیری و دەستئاوەلاکردنی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و هاوکاریکردنیان لەلایەن دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیەوە، دەرگای خستۆتە سەرپشت تا کۆنەپەرستان، هیرشی خۆیان بۆ سەر ژنان و مەدەنیەتی کۆمەلگا چڕبکنەوەو بەئاشکرا لەمیدیاو مینبەری مزگەوتەکانەوە، سوکایەتی بەژنان بکەن و کلتوری پیاوسالاری و دژەژنی لەکۆمەلگادا پەرەپێبدەن. بەرادەیەك کە ژنانی کوردستانیش هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا لەلایەن کۆنەپەرستی و کەلتور و فەرهەنگ و یاسای کوردایەتی و ئیسلامیەوە سوکایەتی پێنەکراوەو ئینکاری لە ماف و کەرامەت و کەسایەتی ئینسانیان نەکراوە.
لەناو ئەم فەزایەدا ژنانی کوردستان، بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە کە پاریزگاری لە کەسایەتی ئینسانی خۆیان و لەمافەکانیان بکەن و لەو رێگایەشدا قوربانی بدەن. سەرەڕای رێگریە سەختەکان، بەڵام ئەوە ژنانی کوردستانن کە بەردەوام لەریزی پێشەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستاندا ڕاوەستاون و خەباتیان کردوە. ژنانی کارمەند و کرێکارو مامۆستایانی ژن دەوری کاریگەریان هەبوە لەبزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا. ئەمەش بەمانای پێداگری ئەوانە لەسەر پێگەو جێگەی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیان چ لەکۆمەڵگاو چ لەناو روداوەکانی ڕۆژدا.
بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بەشێکە لە خەباتی گشتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و دەسەڵاتی نایەکسان و موشەخۆری ئەحزابی بۆرژوازی کورد، دەسەلات و ئەحزابێک کە بۆتە هۆکارو سەرچاوەی کارەساتی ڕۆژانە و ئەو بێمافی و هەژاریەی کە ئایندەی کۆمەلگای کوردستانی بەرەو تاریکی راپێچداوە.
٨ی مارس ڕۆژی دەربڕینی نارەزایەتی و هاتنەمەیدانی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازیە، بەرامبەر بەو بێمافی و دۆخەی کە ئینسانی ژنی تێدا راگیراوە، ڕۆژێکە بۆ توندکردنەوەی خەباتی کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاری و ژێردەستەیی، ڕۆژێکە بۆ گۆرانکاری ڕیشەیی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان وخۆشگوزەران.
سەرکەوتووبێت خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو
بژی ٨ ی مارس رەمزی وەستانەوە بەدژی جیاکاری وژێردەستەیی ژنان!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر