هۆمەر محەمەد:
دانانی پەیکەرێکی باڵشکاوی سەدامی دکتاتۆر، لەمۆزەخانەی نیشتمانی (ئەمنەسوورەکە)ی شاری سلێمانی، مشتومڕێکی لەسۆشیال میدیا لێ پەیدابووە. هەرچەندە بێدەنگەم لێکردبوو، بۆ ئەوەش پاساوم هەبوو. لەبەرئەوەی، کە سەدام بەفیزیکی لەژیاندا نەماوە، بەڵام هێشتا فیکرو رەفتارو عەقڵییەتی لە کوردستان ئامادەیەو بەعسیزم لەفەرمانگەو لەناو خانەوادەو خیڵ و عەشرەتدا حکومرانی دەکات. شوێنکەوتووەکانی سەدام (بەعسیەکان)نەک هەست بەشەرم و خەجاڵەتی ناکەن بەڵکو بەپێچەوانەوە لەناو حزبەکان و دەسەڵات و حکومەتدا جڵەوی مەرگ وژیانی خەڵکیان بەدەستە، ئیدی کە ئەمە حاڵەکە بێت، شەڕکردن لەسەر پەیکەرەکەی زیادەیە.
بەهەرحاڵ منیش ڕای خۆم ناشارمەوە. پەیکەر یاخود هەر وێنەو کەلوپەلێکی تری سەدام و ڕژێمی بەعس یان هی داعش، نەک هەر ئاساییە لە موزەخانەو شوێنی یادەوەریماندا هەبن، بەڵکو ئەگەرنەبن عەیبەیە، مۆزەخانە ئەوکاتە بەهادارە، کەهەموو شتێکی یارو نەیار جاش وباش هەڵبگرێت.
ئەمنە سوورەکەی سلێمانی ئێستا ناوەندێکی بەبەڵگەکردن و یادەوەرییە، بوونی پەیکەری دکتاتۆرو جەلادەکانی تر، دەبێت هەبن، ئەی مۆنومێنت و مۆزەخانە ئەرکیان چییە، ئەگەر پاراستن و نمایشکردنی ئەو توخمانە نەبێ کەپەیوەندییان بەیادەوەریمانەوە هەیە؟
دائیرەی ئەمن، مێژوویەکی تاریک ودزێو و خوێناوی هەیە لەشاری سلێمانیدا، ئەو بینایەی ئێستا مۆزەخانەیە شوێنی ئازاردان و کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەزاران تێکۆشەری کوردە، بەتایبەتیش خەڵکی شاری سلێمانی، جگەلەوەی لەڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یشدا شوێنێکی تایبەت بوو، بەقەڵای بەعسیەکان ناسرابوو، رۆژی ٧-٨ی ئازاری ساڵی ١٩٩١ دوای بەرگرییەکی سەرسەختانەی بەعسیەکان، بووەشوناسی شکاندنی هەیبەتی بەعس و سزادانی تاوانباران و جەلادەکانی ئەو دەزگا دابلۆسێنەرە. بۆیە هەر وێنەو یادەوەری وکەلوپەلێکی بەعسییەکان لەوێ نەک نابێتە عەیبە بۆ کوردو شاری سلێمانی بەڵکو دەبێتە ناوەندێک بۆ نیشاندان و ڕونکردنەوەی زیاتری بەعسییە فاشیەکان.
بەڵام من تێبینیم لەمەڕ دیزاین و شێوازی نیشاندانی پەیکەرەکەیە، چونکە لەبنەڕەتدا دیزاین کارێکی هونەرییەو ئامانجدارە خۆ دیزاین هەر بۆ کاری جوانکاری نییە، بەڵکو ھەڵگری پەیامیشە، سەرکەوتنی کاری دیزاینەر بەندە بە جێبەجێکردنی کارەکەو گەیاندنی مەبەستێکی دیاریکراو یاخود پابەند بوون بەو پەیامە یاخود ئەو ئەرکەی پێی سپێردراوە.
بەداخەوە دیزاینەر لەدانانی پەیکەری دکتاتۆرەکە نەیتوانیوە، پەیامەکە بگەیەنێت، سەیرە پەیکەرەکە بەدەمدا لار بووەتەوەو نەکەوتووە! ئەمە بۆمن مایەی سەرنجە، کەواتە مانایەک بەرهەم دەهێنێ لەخۆڕا ئەم هەڵایەی لێنەکەوتووەتەوە.
گەیاندنی پەیام هەر پێویستی بە رێکخستن و پێشکەشکردن نیە، بەڵکو پێوێستی بەئایدیاو خەیاڵ و تیڕامانە، بەشێوەیەکی داهێنەرانە، خۆکاری هونەریش هەرئەوەیە، هەم کار لە عەقڵ بکات و هەم لەهەست. دانانی پەیکەری دکتاتۆر ئەگەر داهێنانیشی پێویست نەبێت، بەلای کەمەوە هوشیاری و زانیاریی لەبارەی رەفتارو مێژووی دەسەڵاتیەوە پێویستە، ئەوەش بەبێ دیزایین دروست نابێت.
پەیکەری دیکتاتۆر لەئەمنەسورەکە، دەکرا بەدیزاینێک بێت، کەهیبەتی دکتاتۆر بخاتە ژێرپرسیارەوە، چونکە دیزاینەر کارلەسەر کارێک دەکات کەلەزەمەنێکی جیاوازدا دروستکراوە. واتا پەیکەرسازەکە لەکاتێکدا دروستی کردووە کە سەردەمی جەبەروت و ستەمکاری سەدام بووە، ئەو بۆنیشاندانی هەیبەتی دروستی کردووە، بەڵام کە ئێستا باڵێکی شکاوەو چەند گوللەیەک بەدەموچاوییەوەیە زەمەنێکی ترەو لەشوێنێکی تر دادەنرێت. ئەم دیزاینەی لەئەمنەسورەکە بۆی کراوە، لەروی سیمۆلۆژییەوە واتایەکی تری ھەیەو گوزارشت لەستەمکاری دیکتاتۆر ناکات، بەپێچەوانەوە ھەیبەتی سەرۆکێکی باڵشکاونیشان دەدات. بەڵام خۆ(باڵشکاندن عەیبەنیە) خۆ هەر دیکتاتۆرەکان باڵشکاونین، مەگەر خۆی و جەلادەکانی باڵی چەند تێکۆشەریان شکاندووە؟ بەهیوام لەمەولا مامەڵەیەکی باشتری لەگەڵدا بکەن.
هەبێت یان نەبێت ؟ پەیکەرەکەی صەدام
63