Home ڕاگەیاندنی رۆژنامەوانی پابەندکردنی هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێم بە دانی موچە، تەنها هەنگاوی یەکەمە!

پابەندکردنی هەر دوو حکومەتی عێراق و هەرێم بە دانی موچە، تەنها هەنگاوی یەکەمە!

by admin
0 کۆمێنت 72 بینینەکان

وەک بەرئەنجامێک لە دۆخی ناهەمواری کارمەندان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لەژێر فشاری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی چەند مانگەی مامۆستایاندا، سەرەنجام دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری پابەندکردنی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمی بە دابینکردنی موچەی کارمەندانی کوردستانی لە بڕیارێکدا ڕاگەیاند. بەم جۆرەش پرسی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان، کە ساڵانێکە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و کێشمەکێشی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند، دەرگایەکی یاسایی بۆ چارەسەر و دەرکێشانی لە بازنەی کێشمەکێشێکی سیاسیدا بەڕوویدا کراوەتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیاڕەی دادگای فیدراڵی دەستکەوتێکە، بەڵام هەرگیز لە خەمخۆری و دڵسۆزی ئەو دادگایەوە نییە بۆ مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان و نابێ لەلایەن موچەخۆران و مامۆستایانەوە، وەک “فریشتەی نەجات” لێی بڕوانرێت. چونکە خودی ئەم دادگایە سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە ئامڕاز و نیهادەکانی سیستەمێکی شکستخواردوی ئەو فیدرالیزمەیە، کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی لە سەرانسەری عێراقدا، بە کوردستانیشەوە، لە نەهامەتی و بێعەدالەتیەکی زەقدا ڕاگرتووە، هاوکات وەک چەکێکی قانونی و سیاسی بۆ ڕێکخستنەوە و بەلاداخستنی ناکۆکی و بەرژەوەندییەکانی لایەنە شیعی و سوننی و قەومییەکان و هاوپەیمانێتیەکانی نێوانیانەوە بەدەستەوە گیراوە. بەتایبەتیش لەماوەی ڕابردوودا و لەسەر ئەو بابەتانەی کە خاڵی ناکۆکی بوون لەنێوان بەغدا و هەولێردا، بە ئاڕاستەی باڵادەستکردنەوەی حکومەتی عێراق و فشار خستنە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و تەسلیم بوونی هەرچی زیاتریان بە حکومەتی ناوەندی ڕۆڵی گێڕاوە و هیچ کاتێکیش ماف و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانی لەبەرچاونەگرتووە.
بەڵام ئەوەی کە پارتی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە دژی “مافە دەستوریەکان و قەوارەی” هەرێم لێکدەداتەوە و یەکیەتی نیشتمانییش بە دەستکەوت و هەوڵە دیبلۆماسیەکانی خۆی لە بەغدا دەزانێ، هاوکات ئەو ناکۆکیانەی کە لە پەیوەند بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە سەری هەڵداوە و خودی ئەو کێشەیەش کە موچە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بانكەکانی بەغداوە یان بانکەکانی هەرێمەوە بدرێت، خۆی نیشانەیەکە لەوەی کە پرسی موچەی موچەخۆرانی کوردستان هێشتا لە ناکۆکی و کێشمەکێشە سیاسیەکانی نێوان لایەنەکان و هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە یەکجاری دەرنەکێشراوە، هێشتا لایەنەکان دەیانەوێت بەپێی بەرەژەوەندیەکانیان درێژە بەو یاریە سیاسیە بدەن کە ساڵانێکە موچەی کارمەندانی کوردستانیان خستۆتە گیروگازەوە. لەکاتێکدا ئەوە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و هەردوو حکومەتی عێرا ق و هەرێمە، کە لە سایەی فیدراڵیزمێکی شکستخواردو و دادگاکەیدا، دوو دەهەیە ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، کارمەندان و موچەخواران و هاوڵاتیانیان چ لە کوردستان و چ لە شارەکانی عێراق، لە گەندەڵی و تالانچێتیدا خنکاندووە و ژیانێکی سەخت و ناهەمواریان بەرەوڕووکردوونەتەوە. بۆیە دەبێ مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران و سەرجەم خەڵکی بێبەش و برسیکراوی کوردستان ئەم بڕیارەی دەدگای فیدڕال وەک دەستکەوتێکی خۆیان و هەنگاوێکی سەرەتایی وەربگرن، بۆ ناچارکردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند بە دانی مووچەکانیان و گێڕانەوەی هەموو ئەو مووچانەشی بەزۆر لێیان زەوتکراوە بەناوی پاشەکەوتەوە، لە مەیدانی ناڕەزایەتیەکاندا بمێننەوە و نابێ بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ خۆشخەیاڵ بن و چاولەبەری حکومەتەکەی سودانی بن بەوەی کە کێشەی موچە بە چارەسەری کۆتایی خۆی دەگەیەنن. بەپێچەوانەوە ئێستا کاتی ئەوەیە کە ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و کارمەندان پتەوتر و ڕێکخراوتر و فراوانتر خۆی بنوێنێ و ڕێگانەدات، دەسەڵاتداران و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان یاری بە پرسی موچەوە بکەن و ئەو دەستکەوتەی بەدەستهاتوە لە نیوەی ڕێگادا ڕابوەستێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کە هەرجۆرە خۆشخەیاڵییەک بە دادگای فیدڕاڵ و حکومەتەکەی سودانی توڕهەڵدرێ و بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندان و مامۆستایان فشارەکانیان لەسەر دەسەڵاتداران چ لە کوردستان و چ لە عێراق توندتر و فراوانتر بکەنەوە.
مامۆستایان، کە وەکو پێشەنگی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کارمەندان و مووچەخۆران و بگرە خەڵكی ناڕازیش دەرکەوتوون، دەبێ نەک هەر لە سازدانەوە و یەکگرتووکردنی ڕیزی ناڕەزایەتیەکانی خۆیاندا بن، بەڵکو لە هەوڵدابن بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی هەزاران کرێکار و کارمەندی کەرتی تایبەت کە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە لە موچەکانیان دەبڕدرێ و لەکاتی خۆیاندا پێیان نادرێ، هاوکات دەبێ بە هێنانە گۆڕی خواستەکانی بێکاران و زەحمەتکێشان و کوڕان و کچانێکی گەنج کە دەرچووی زانکۆکانن و چەندین ساڵە دانەمەزراون، سەرنجی بەشە ناڕازیەکانی کۆمەڵگا بۆلای خۆیان ڕاکێشن. بزوتنەوەی مامۆستایان بۆ ئەوەی بتوانێ پرسی موچە بە یه‌کجاری یەکلابکاتەوە، دەبێ بەشێوازی گونجاو شەقام و ناوەندی شارەکان وەک بزوتنەوەیەکی چینایەتی سەربەخۆ بەدەستەوەبگرێ و بە ڕۆشنی ڕابگەیەنێت کە:
١/ هەرجۆرە یاریکردنیك بە موچەی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستانەوە، قبوڵکراو نییە ودەبێ هەردوو حکومەتی عێراق و کوردستان بە فەوری بەبێ لێبڕین و دواخستن، ڕاستەوخۆ موچە دەستەبەربکەن.
٢/ ئێمە مامۆستایان و کارمەندان، لە ناکۆکی و کێشەی ێیوان بانکەکانی هەرێم و بەغدادا، تەرەف نین، ئێمە خوازیاری موچەکانمانین بەبێ دواکەوتن و لێبڕین.
٣/ هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دەبێ لە زوترین کاتدا پرسی پلەبەرزکردنەوەی موچەخۆران و بە هەمیشەیی کردنی مامۆستایان و کارمەندانی گرێ بەست ڕابگەیەنن.
٤/ داوادەکەین کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ پابەندبوونی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، کرێکاران و موچەخۆرانی کەرتی تایبەتیش، سەبارەت بە دانی موچە لەکاتی خۆیدا بێ لێبڕین بگرێتەوە.
٥/ داوادەکەین هەردوو حکومەت چارەنوسی موچە نەدراوەکانی مامۆستایان و کارمەندانی کوردستان لە زوترین کاتدا، مەعلوم بکەن.

مامۆستایان کارمەندانی کوردستان، موچەخۆران!
پابەند کردنی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا بە دانی موچەکانمان، بەرهەمی خەبات و ناڕەزایەتیەکانی ڕابردوومانە، بەڵام ئەمە تەنها سەرەتایەکە بۆ گەیشتنی یەکجاریمان بە هەموو داخوازیەکانمان، بۆیە دەبێ بە چاوی کراوەوە لە هێزی خۆمان و دۆخەکە بڕوانین، چونکە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغدا بە حزبەکانیان و دامودەزگا و دادگاکانیانەوە، جێگای بڕوانین و هەمیشە پاساو و پلانیان هەیە تا خۆیان لە جێبەجی کردنی خۆاستەکانمان دەرباز بکەن.
ئەزمونی خەباتی جەماوەری سەلماندویەتی کە بەدەستهێنانی یەکجاری خواستەکانمان بەندە بە دابینکردنی ڕابەرییەکی یەکگرتووی پشت بەستوو بە جەماوەر و ڕاوەستانە لە بەرامبەر ئەو کۆت و بەربەستانەی کە دەسەڵاتداران لەبەردەم ڕەوتی بەرەوپێشچونی ناڕەزایەتی و بزوتنەوەکەماندا دروستی دەکەن. سازدانەوەی دەستەکانی جەماوەری ناڕازی و مامۆستایان و هەڵبژرادنی نوێنەران و فراوانکردنەوەی ئەنجومەنەکان و یەکگرتوکردنیان لە دەوری ئاسۆیەکی خەباتکارانە و سەربەخۆ لە حزبە دەسەڵاتدارەکان و ئۆپۆزسیۆن مەرجێکی سەرکەوتنە. هاوکات دەبێ ڕێگانەدەین حزبەکان پرسی موچە و خواستەکانمان ببەستنەوە بەو بەرژەوەندیانەی خۆیانەوە و وەک کارتێکی سیاسی بەکاری بهێنن. نابێ هیچ چاوەڕوانیەکمان نە لە حکومەتەکەی سودانی و نە لە دادگای فیدڕاڵ هەبێ لە چارەسەرکردنی کێشه‌کانماندا، ئەمانە نە دۆست و نە پشتیوانی ئێمەن، بگرە بۆ مەرامی سیاسی خۆیان و لەژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەریماندا، ناچاربون کە لەسەر خواستەکانی ئێمە هەڵوێست بگرن. دۆست و پشتیوانی ئێمە خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێشی شارەکانی عێراقە و دەبێ لەگەڵیاندا لەهەوڵی بەدەستهێنانی هاوخەباتی و هاوچارەنوسی بین.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٣/٣/٢٠٢٤

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر