Home بیروڕا کێ بوو قسەی بە سیستەم ووت؟

کێ بوو قسەی بە سیستەم ووت؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 92 بینینەکان

ڕزگار عومەر:   
لە پۆستێکی فەیسبوکدا، نوکتەیەك بڵاوکراوەتەوە. ئەم نوکتەیە بایەخێکی گرنگی هەیە لە کردنەوەی دەرگایەك بۆ تێگەیشتنێک لە ئەمڕۆمان لە گۆشەیەکیترەوە. لە کاردانەوەی ئەم نوکتەیە لایك کۆمێنت بۆ پۆستەکە هاتبوو، کە یەکێك لە کۆمێنتەکان لە ڕووی بایەخەوە تەواوکەری نوکتەکەیە، ئەم نوسینە قسە لەسەر ئەم نوکتەیەو ئەم کۆمێنتە دەکات، سەرەتا لە خوارەوە نوکتەکەو کۆمێنتەکە دادەنێین.
نوکتەکە:
کابرایەک دەچێتە بنکەی پۆلیس پێیان دەڵێت(( بەبەغایەکم لێ ونبووە، پۆلیسی بنکە پێ ی دەڵێن ئینجا ئێمە چی بکەین ! خاوەن بەبەغا پێیان دەڵێت ئەگەر دۆزیتانەوە هەرچی ووت تەعبیر لە ڕای شەخسی خۆی دەکات پەیوەندی بەمنەوە نیە))
کۆمێنتەکە:
((هەر لەبەر ئەم ترسە، ئەوە چەند ساڵە بە دوای بەبەغایەکی کەڕ و لاڵ دەگەڕێم دەستم ناکەوێ، تاقیبێکم بۆ بکە خێرت دەگاتێ))
لەپشتەوەی پڕۆسەی دروست بوونی نوکتەو دووبارە بەرهەمهێنانەوەو بڵاوکردنەوەیەدا، لەپشتی پەرچەکرداری پێکەنین و زەردەخەنەمان بە نوکتە، توندوتیژیەکی سیستماتیك خۆی گرمۆڵە کردووە، توندوتیژیەك بریتیە لە چەپاندن – کبت کردنی ئازادی، ئازادیەك کە گەڕان بە دواییدا لە دەرفەتەکانی مێژووی تازەدا هیچ ڕێگایەکی کراوەی مسۆگەری نیە، زەرورتی ئەم گەڕانەش لەئەنجامی نەمانی بەلانسی هێزدا، بەناچار هەموو ئەم ئاڵۆزیەو ئەم کەبتە بۆ دووەم جار کەبت دەکاتەوەو دەیکا بە پێکەنین بە نوکتە.
گرێ ی ئاڵۆزو دژبەیەکی ئەم نوکتەیە لەو خاڵەوە دەست پێدەکات کە کابرایەکە جۆرێك لە دڵنیایی هەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە، ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە تواناکانی هێزی پۆلیس نیە لە ڕووی لۆجستیەوە، بەڵکو پەیوەندی بە دڵنیایی هەیە لەوەی هیچ لەم سیستەمە چاودێریە وون نیەو وون نابێت (چەشنی ئەم جۆرە سیستەمە لە ڕۆمانی ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێڵ باس کراوە) لێرەدا کابرای خاوەن بەبەغا خاوەنی تەنیا یەك ” موتڵەقە” کە ئەویش هێزی لەبن نەهاتوو وئەفسانەیی سیستەمی چاوساغ و موراقەبەیە لە دۆزینەوەی بەباغەکە.
تا ئێرەش ئێمە تەنیا وا مامەڵە لە گەڵ توێکڵی دەرەوەی ئەم ترسەی کابرا دەکەین، توێکڵی ترسەکە دۆزینەوەی بەباغەکەیە، بەڵام ناوکی ترسەکە ئەوەیە بە دڵنیایی ” من کەشف دەبم کە قسەم بە سیستەم ووتوە” ئیتر لێرەدا لە یەک کاتدا دۆزینەوەی بەباغەکە کۆتایی پڕۆسەی گەڕانەو سەرەتای دەست پێکردنی پڕۆسەی موحاسەبەو سزایە!
لۆژیکی پەنای بەرهەمهێنانی نوکتەکە زۆر ئیلتیزامی بە سنوورە داخراوەکانی دۆخی چەپاندنەکە (کەبتەکە) کردووە بۆیە زیرەکانە بەڵام بە مەکشوفی دەیەوێ وا نیشان بدات کە ئۆبگێکتیڤەکە بەباغەیەکی وێڵە، بەڵام لە ڕاستیدا ئۆبگێکتیڤەکە خاوەنی بەباغەکەیە کە بە پێ ی خۆی دەچێتە بنکەی پۆلیس، بۆ ئەوەی پێشوەختە ” پاکانەیەك” بکە بۆ تاوانێك کردوویەتی.
ترسی خاوەنەکە ئەوەندە ئۆرگانی و بەهێزە کە دەیەوێ ئەڵقەکانی ئەم ڕووداوەی بەڕێوەیە ” ئاشکرا بوونی خۆی” لە ڕووی کات و زەمەن نا، بەڵکو لە ڕووی قەبارەی پەرەچەکردار کورتر کاتەوە، بەم چوونەی بۆ بنکەی پۆلیس برێکێك لەو هەیەجانە پڕ لە دڵنیایە وەردەگرێت کە ڕەنگە ” مەرگ”ی بە دوادا نەبێت بەڵام گرێیەکەش لێرەیە کە سامی کەشف بوون لە بەرامبەر سیستەم لە خودی مەرگ کاریگەرترە، بە تایبەتی چاوەڕێ کردنی چرکە بەچرکەی ئاشکرابوون بە جۆرێك تۆقێنەرە کە زەمەن چیتر پێوەرێك نیە، بەڵکو ” حەتمیەتی ئاشکرابوونە ” کە یەقینترین ماشێنی مسۆگەر گردنی کۆتایی چاوەڕوان کردنی ڕووداوەکەیە، بەڵام هێشتا کابرا لە هەوڵی ئەوەدایە بەلای کەمی ” نەفیکردنێکی پێشوەختە” تۆماربکا، نەك بەوەی لە ناخی خۆی باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەم نەفیە قەناعەت بە ئەفسەرو موحەقیقی بنکەکە دەکات، بەڵکو ئەو ناڕاستەوخۆ لە تەوای هێزی لاشعوری خۆیدا بە شوێن تۆمار کردنی ئیعترافێکە بە شێوزای “ئیعتیراف نەکردن” بۆیە کاتێك دەڵێت هەرچیەك بەبەغاکە ووتی رای شەخسی خۆیەتی ئەمە لە دیالیکتێکی ئاوەژووی( دەروون و زماندا) نەوتراوی ڕاستەقینە جێ ی لەق دەبێ بۆ ووتراوێکی ساختە لەبەر بەرامبەرکێ ی دوو لۆژیکی جیاواز نا بەڵکو لە بەر دۆڕانی ” پاڵنەرێک” لە بەرامبەر ” پاڵنەرێکتردا.
ئەتمۆسفیری تەواوی نوکتەکە لەسەرەتاوە تا کۆتایی ئەو ئیحایەی تێدایە کە کابرا قسەکەی کردووە، ئەو ئیحایەشی تێدایە کە ئەستەمە موحقیقی بنکە باوەڕی پێ بکە، واتا نەووتراوە ڕاستەقینەکە کە لە زمانی زنجیرەیی نوکتەکە هیچ شوێنێكی نیە بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە گەیشتووەو ئامادەیە، نەوتراوە مەکشوفەکە ئەوەیە ” هەرچیەك لە بەبەغاکە گوێتان لێ بوو قسەی منە” ، بەڵام خاوەن بەباغەکە زۆر بەلاوازی سەرکێشیەکی سوریالی دەکات کە زیاتر لە هەڵبەزین و دابەزینی مریشکی سەربڕاوی بێ سەر دەکات ، ئەمەش هیچ پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی و زاتیی نەماوە بە “جورئەت” هەبێت یان نەبێت، بەڵکو وەکو قوربانیەک بە مەکرەوە دەیەوێ دوا کارت بەکاربهێنێ، ئەو پەنا دەباتە بەر سیحری زمان !
چونکە زمان ئەو ئۆمێدەی پێدەدات کە بتوانێ دوا گەمەی گێمیکی دۆڕاو بکە لە قەناعەت پێهێنانی سیستەمی سیخوڕی، ئەوەش بە مەبەستی “ڕزگار”بوون نیە لەو کردەی لە دەستی دەرچووە، بەڵکو تەنیا دەیەوێ مەودای تەحەمول کردنی تۆقانی کەشف بوون و پەرچەکرادری سیستەم درێژبکات.
هەم نوکتەکەو هەم کۆمێنتەکە لە پەیوەندیەکی بە تینی هاوكێشەو پرەنسیبە دەرونیەکانی ” درکاندن- یان قۆناغێك واوەتر دانپیانانی ” ناڕاستەوخۆن. دکتۆری دەروونی بەر لەوەی نەخۆش بگەینێتە قۆناغی درکاندن، جا درکاندنەکە بە قۆناغی “نەفی” تێپەڕێ یان نا، دۆخێك لە متمانە دروست دەکا بۆ نەخۆش وەکو تاقە دەرفەتی داگرتنی ئەو بارە قورسە لە ناکۆکی و پەشێویەکانی ناوەوە.
سۆشیال میدیا وەکو هەڵبژاردە دیزاین نەکراوە بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەمان ئەو متمانەیە ببینێ کە دکتۆری دەروونی بۆ نەخۆش دروستی دەکات، بەڵام فەیس بووک لە تەمەنی ئێستای خۆیدا بارگاوی بووە بە زۆر دیاردە کە دوورە لە ئامانجی دروست کردنی، هەندێ ئەرکی نافەرمی بەسەر بارکراوە کە “ئاڵودەبوون” لە نێویدا ڕۆڵە کۆمەڵایەتیەکەی گۆڕیوە بیکا بە عیادەیەکی دەروونی نافەرمی بە دڵنیاش “ناتەندروست” ی گشتی خۆڕایی، کە ئەرکە سایکۆلۆژیەکە تەنیا بریتیە خولقاندنی فەزای نمایش و دەرخستن و درکاندن، بە تەعبیرێکی تر هەمان ئەرکی ” گوێگرتن” ی دکتۆری دەروونی دەبینێت، بێ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچ بەرپرسیاریەتیەکی لە چارەسەر هەبێت.
لەم نێوەدا نەخۆشیەکان و نەخۆشەکان وەکو تەوژم و شەپۆڵی کۆمەڵایەتی بەئاراستەی جیاواز دێن و دەچن، کە تەشخیس- دیاریکردنی پرسیاری ئەوەی کێ ” نەخۆشە” گرنگیەکی ئەخلاقی یان تەندروستی نەماوە، بەڵکو دەرهاویشتەکانی ڕۆژانەی ئەم هەموو ” درکاندنە” دەستەجەمعیانە وەکو سیمپتۆمی عیلەتی سیستەمێکی سیاسی ڕەق لە پشتی نوکتەو نەفرەتەکانی ئەم فەزا کۆمەڵایەتیە خۆی مەڵاس داوە.
ئەم فەزا کۆمەڵایەتیە تا سنورێکی بێ سنوور کراوەیە تا ڕادەیەکی ترسناک کراوەیە کە هەموو تراژیدیایەک تەنیا بە فلتەری کۆمیدیا بۆی هەیە بگاتە جێ، کە ئەمە خۆی لە ئەنجامی کۆتاییدا مەبەستی کۆتایی ” درکاندن” خاڵی دەکاتەوەو بۆیە ئەو ڕادە لە بەرهەمهێنانەوە تراژیدیا بە روخساری کۆمیدیا جۆرێك لە ئەبەدیەتی سروشتی وەرگرتووەو لە دووبارەبوونەوە ناوەستێ.
کاتێ کۆمێنتەکە دەخوێنینەوە لەبەرامبەر درکاندنێکی گاڵتەئامێزدا بانگەوازێك دەبینین ، هەڵبژاردەیەك دەبینین کە بریتیە لە دۆزینەوەی بەباغەیەکی لاڵ کە قسەکانمان بە سیستەم نەگێڕێتەوەو کەشفمان نەکا، هەڵبژاردەی گەڕان بە دوای بەباغەی لاڵ لە هەمان کاتیشدا مانیفێستی “قسە نەکردنیشە” تا ئان و ساتی دۆزینەوەی مەحاڵێك (بەباغای لاڵ) !
ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە ئەسڵی نوکتەکە هەڵوێستێکە چەند قۆناغێك لە پاشترەو خۆپارێزە لە ئاکتی قسەکردن، چونکە ئەو مەرجی پێشوەختەی قسەکردن دەبەستێتەوە بە مەحاڵێك کە قسەکردن نەگاتە گوێیەکانی سیستەم، بە کورتی پێشنیاری ” بێ دەنگی و کپیە” بەڵام بە یەك جیاوازی لەهەموو جۆرە هەڵبژاردیەکیتری بێ دەنگی کە ئەویش ئەو لێرە بانگەوازێك دەکا بۆ بێدەنگبوون.
ئەم بانگەوازە ڕاستە لە دەم و لە شوێنێك دەردەچێ کە لە ڕووی واقیعیەوە دەبێ دووربێت لە بەرژەوەندی سیستەم، بەڵام بە مەبەست یان لە ئەنجامی فەشەلی فلتەری گۆڕینی تراژیدیا بە کۆمیدیا بێت، نامەی سیستەم دزە دەکاتە نێو درکاندنەکان، نامەیەک بە روخسارێکی پاسیفیست و سەرگەردان بەڵام بە ناوەڕۆكێکی دیسپلین خواز دەچرپێنێ بە گوێماندا کە ” بێ دەنگی” هەڵبژاردەیەکی مومکینترە لە ” دەنگ هەڵبڕین” ، بوونی بەباغەیەکی لاڵ ئاماژەیەکە بۆ فەزایەکی ئەمینترو دڵنیاتر کە قسە بە سیستەم ناگاو هیچ سزایەك لە ئارادا نابێت، لەوەش گرنگتر ئەگەر بەباغای ڵالت دەست کەوێت، واتا خۆت بخەیتە گرەوەی هەڵ ومەرجی مەحاڵی قسەکردن ئەو دەمی لە تۆقاندنە ترسناکە پارێزراو دەبیت لە تۆقاندنی چاوەرێ کردنی ئاشکرابوونت کە قسەت بە سیستەم ووتوە!

لێدوانێک بەجێ بهێلە