Home ئەدەب سترانی ڕزگاربووان

سترانی ڕزگاربووان

by admin
0 کۆمێنت 82 بینینەکان

هۆنراوەی نێللی زاکس:  
وەرگێڕانی دلاوەر قەرەداغی: 
ئێمە، ڕزگاربووان،
کە مەرگ دەیویست جووزەلەکانی لە ئێسکی کلۆرمان دابتاشێ و
میزرابەکانی دیسان لەسەر گۆشت و ئێسکمان بژەنێ ـ
لەشی ئێمە هێشتا
بە مۆسیقای هەتککراومان
شیوەن دەگێڕێ.
ئێمە، ڕزگاربووان،
گوریسێ کە هێشتا بۆ ملمان گرێ درابوو
لەبەرچاوماندا لە هەوای شیندا دەلەرێ ـ
هێشتا کاتژمێرانی لمیین لە تنۆک تنۆکی خوێنی ئێمە پڕ دەبن.
ئێمە، ڕزگاربووان،
هێشتا کرمی ترس لێمان دەخوات.
لە خاکدا نێژراوە داستانێ مە.
ئێمە، ڕزگاربووان،
لێتان دەپاڕێینەوە:
خۆرمان پیشان بدەن، بەڵام یەک کەڕەت نا.
هەنگاو هەنگاو، ڕێنوێنیمان بکەن
لە ئەستێرەیەکەوە بۆ ئەستێرەیەکی دی.
میهرەبان بن،
کاتێ هەمدیس فێری ژیانمان دەکەنەوە.
نەبا خوێندنی باڵندەیەک،
یان پڕبوونی سەتڵێک لەگوێ چاڵاو،
دیسان برینی گوشتەوزوون نەهاتوومان
بهێنێتەوە سوێ و
لەگەڵ خۆیدا بمانبا ـ
لێتان دەپاڕێینەوە:
سەگی هارمان پیشان مەدەن، هێشتا نا ـ
لە پەسا، لە پەسا،
ببینە تۆزی دەم با ـ
لەبەرچاوتاندا ببینە تۆزی دەم با.
مەگەر چ شتێک چواربەندەی لەشی ئێمە
بە یەکەوە گرێ دەدا؟
ئێمە کە لە ژیانمان چۆڕبڕ بووین،
کە ڕۆحمان لە دڵی ئەو نیوەشەوەدا بۆ لای وی،
زۆر بەر لەوەی لەشمان ڕزگاری بێ
بەرەو ناو کەشتی ساتەکان هەڵات.
ئێمە، ڕزگاربووان،
دەستتان دەگوشین
چاو لە چاوتان دەبڕین ـ
بەڵام هەموو ئەوەی کە ئێستا بە یەکدیمانەوە گرێ دەدا
ماڵئاواییە،
ماڵئاوایی لە تەپوتۆزدا
ئێمە بە ئێوەوە گرێ دەدا.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر