بەختیار موستەفا:
تێلێڤیزیۆنی BBC ، بەزنجیرە، بە پێنج بەش، کارەسات و کوشتوبڕە ٣٠ ساڵییەکەی ، ئیرلاندی باکوری بڵاوکردەوە .لەڕێگای تێلێفزیۆنی سویدییەوە، بەدانانی تێکستی سویدی لەسەری، هەموو بەشەکانم بینی.گرنگی دۆکۆمێنتارەکە لەوەدایە ، شایەتحاڵەکان ، لەهەردولا، “پرۆتستانتەکان و کاثۆلیکەکان” ، قسە دەکەن ، خۆیان باس لەو ڕابوردووە دەکەن و بەسەرهاتەکان بەناوی خۆیانەوەنەوە دەگێڕنەوە ، لەوانەش گرنگتر، هەندێک لەوکەسانەی بەشداریان لە دۆکۆمێنتارەدا کردووە ، لەگەنجێتی ، لەتەمەنی ١٨ و ١٩ ساڵیدا، بەشداریان لە
چالاکییەکانی ڕێکخراوە نهێنییە توندڕەوەکانی IRA و UDA کردووە، خەڵکیان کوشتووە، بۆمبیان لە کافتێریاو دوکانەکاندا داناوە . زۆربەیان دوای ئەوەی گەورەبون و لەبەندینخانە هاتونەتە دەرەوە ، ناڕەحەتن ،
بەچاوی ڕەخنەو بێزارییەوە بۆ ڕابوردوی خۆیان دەڕوانن.دوای ئازادبونیان،ئەو چاوپێکەوتنانەیان ئەنجام داوە . کاتێک مرۆڤ گوێ لەو کەسایەتییانە دەگرێت و
ڕوداوەکان دەبیستێت،لەناخەوە توڕەو بێزار دەبێت. سیانزە گیراوی سەر بەچەکدارەکانی ڕێکخراوی IRAی سەر بە کاثۆلیکیکان لە سەرەتا نەوەدەکاندا لەدوای هاتنی تاتشەر بۆ سەر حوکم ، لە بەندینخانەدا مانیان لەخواردن گرت، یەکەم کەسیان ، لە ٦٥ هەمین ڕۆژدا گیانی دەرچوو، دوانزەکەی تریش بەدوایا هەموویان مردن و لاشەکانیان برایە دەرەوە . لە ناو شارەکاندا بوو بەهەرا ، خەڵکەکە بەدوای جەنازەکانیانەوە بوون. لەدواجاردا ، چار نەما حکومەتی بەریتانیا کەپشتگیری لەپرۆتستانتەکان دەکردو گرنگی بەبەشەکەی تر، کەکاثۆلیک بوون نەدەدا ، بڕیاریدا چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە ، هەڵبژاردن دەستیپێکرد و ڕای خەڵک لەسەر وەستانی شەڕ گوێلێگیرا. زۆربەی خەڵکی ئیرلاندی باکور، خوازیاری وەستانی شەڕو پێکدادانەکان
بوون .
دەبینین لەکوردستان و لەعێڕاق لەسەر ئەوەی
خەڵکەکە ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی جیاوازیان هەیە، چۆن دەسەڵاتەکان لەمێژینەوە ،سەرقاڵی لێدانی خەڵکی سەر بەنەتەوەجیاوازەکان بوون ، قەتڵوعامیان
پیادەکردووە. زۆرمان مەنع تەجەولەکەی ١٩٦٣ و کارەساتەکانی ترمان دێتەوە یاد. بەرامبەر بەوەش پارتە سیاسییە کوردوستانییەکان وبزوتنەوەچەکدارییەکانمان دێتەوە پێشچاو، کە چۆن بەهەموولایەکیان کەشو هەوایەکی ناهەموارو نەگونجاویان پێکهێنابوو، خەڵکی کوردستان لەدلەڕاوکێ و لە ترسدا دەژیا . لە ئیرلاندیش بەهۆی جیاوازی مەزهەبییەوە، وەحشیگەری بەرامبەر بەیەک پەیڕەوکراوە، مێشکی ئیرلاندییەکان
شۆرابووەوە، ڕقیان لەیەکتری دەبووەوەو پێکەوە نەدەسازان . بەیەکدانەکان ، لەساڵی ١٩٦٩ەوە دەستی پێکرد ،دوای ٣٠ساڵ لەیەکتری کوشتن ، لەساڵی ١٩٩٩ دا پێک هاتنن و کۆتاییان بەو ڕابوردووە خوێناوییە هێنا. گەرچی هەموو کێشەکان چارەسەر نەکراوە ، ناتەبایی لەنێوانیانا ماوە، بەڵام لەدوای ڕێکەوتنە گشتییەکەوە، بەشێوەیەکی مەبدەئی و بەهۆی پابەندبوون بە بڕیارەکانەوە، کوشتوبڕ لەنێویانا وەستێنرا، لەسەر کۆمەڵێک خاڵپێک هاتون . لەخوارەوە ، هەرپێنج بەشەکە ، کەبەزمانی ئینگلیزییەو تێکستی سویدی لەسەرە ،بڵاو دەکەمەوە ، بەهیوام یەکێک بتوانێت بیگۆڕێتە سەر زمانی کوردی و ئەوانەی ئینگلیزی نازانن کەڵک لەوزنجیرە دۆکۆمێنتارەو لەو ئەزمونە خوێناوییە وەربگرن.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر