فاروق هۆمەر:
کاتی خۆی بەهاتی حەسیب قەرەداخی زۆر ناسک بیری دەکردەوە، نوسینێکی لەسەر سەرۆک نوسی و ئامۆژگاری سەرۆکی دەکرد چۆن خاکەڕابێ و بێتە ناو خەڵکەوە. ئەو چۆن خۆی ئەو کات خاکەڕابوو و لەناو خەڵکابوو، هەمان ئەو وێنایێشی بۆ سەرۆک کێشابوو کە باشترە وابێت. زۆر جێگەی بۆ دیاری کردبوو کە بەئەندێشە سەرۆک لەگەڵ خۆی بۆ ئەوێ بەرێ، چایخانە، ژێر پردەکە و … هتد.
منیش لەبەرخۆمەوە دەمگووت خۆزگە، بەڵام ئەو خۆزگەیە نا کە قوبادی جەلی زادە زۆر ناسکانە دەیخوازێت و خەونەکەی بەهاتی بۆ شیعرێک گۆریبوو. من خوزگەم دەخوارد سەرۆک نانی دەستی سواڵکەرێک بۆ منداڵەکەی خۆی نەفڕێنێ.
بەهات، سەرۆک هەمومانی بۆ ئەو جێگەیە برد، کە خۆی پێیخۆش بوو.
قوباد، سەرۆک ئەو تونێلەبوو هەمومانی پێکەوە تیا ونکرد. بەهات و قوباد، بڕوابکەن سەرۆک ئەو پنتە رەشاییە بچکۆلەیە بوو هەموو سپێتی دونیای شاردەوە.
رۆژگار بەوجۆرەیە کەسێک ناتوانێ تەنیا چرکەیێکی ژیانی سەرۆک بۆ چرکەیێکی ژیانی ئێمە ئاوەژووبکاتەوە. سەرۆک گۆچانێک نییە لەدەستی ئێمەدا بێ و ئێمە هەمومان گۆچانی دەستی سەرۆکین و ئەو هەموان دەکات بەخۆی.
ئێمە هەموو خۆزگەمان بوو سەرۆک وەک ئێمە بێ، بەڵام ئەوەندە ساویلکەبووین لەبیرمان کردبوو کە سەرۆک بەبێ ئەوەی خۆزگەیێکیش بخوازێ هەمومانی کردبوو بەخۆی.
کێ لە ئێمه خەونی بەوەوە نەدی بوو رۆژێک لەسەر خوانێکی شاهانە لە تەنیشت سەرۆکەوە نانێک بخوات. کێ خۆزگەی نەبوو وێنەیێک لەپاڵ سەرۆکەوە بگرێ؟
ئاخر بەهات، تۆ وەرە کورد بەو پێم بڵێ وانییە؟
ئاخر قوباد ئەوا بەهات دەنگی نییە، هەر هیچ نەبێ تۆ وەرە کورد بەو توسەری خۆت پێم بڵێ وانییە؟
کام رۆشنبیری کوردت دی بۆ تۆزقاڵێکیش پێچەوانەی سەرۆک بڕوات؟
قوباد وەک حەمەی دێوانە دەڵێ”ئەگەر من، منبم دەبێ خۆم کێ بم؟”
قوباد، تۆ دەزانی کۆترەکانیش خۆزگەیان دەخواست هەڵۆکانیش وەک ئەوان بنیشنەوە سەر زەوی و هەموان پێکەوە گەنم بخۆن. دواجار هەڵۆکان هاتن و نیشتنەوە و لەجێی گەنم کۆترەکانیان خوارد.
من لەجێی بەهات و قوبادیش کە سەرۆک هەردوکیانی وەک دوو پارووی چەور خوارد، دەڵێم سەرۆک قاچت بەرز بکەرەوە، قاچت خوار داناوە. ئەوە زەمین نییە قاچت لەسەری داناوە، ئەوە سەر پشتی بریندار و خوێناوی منە.
(وێنەکە خۆم چرکاندوومە. خۆزگەکەی قوبادیش لە کۆمێنت ببیستە)
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر