هیوا مەجید:
لە بەرنامەی (باڵۆن)دا وێنەیەکی تەواو درۆینە و ساختەی لە خۆی نیشان دا. پێم خوشە ڕووداوێک بگێڕمەوە کە خۆم تێیدا بووم و (سالار عەزیز)م نەک وەک ئەوەی لە بەرنامەکەدا خۆی وا دەرخست، بەڵکو وەک کەسێکی زۆر بێ ئەتەکێت، بێ ئەدەب و جنێوفرۆش بینی .
ئەوکاتەی (سالار عەزیز) پارێزگاری سلێمانی بوو من فەرمانبەر(مەساح) ی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی بووم. لەو کاتەدا باری دارایی خەڵک باش نەبوو. مووچەش لە کاتی خۆیدا نە ئەدرا و دوائەکەوت، هەڵبەتە هێشتایش وەک ئێستا نەبوو کە بە چەند مانگ جارێک مووچەیەک بدرێ. ئەو کاتە یەکێتی و پارتی لە شەڕدا بوون، پارتی دەستی بەسەر گومرگی ئیبراهیم خەلیلدا گرتبوو و داهاتەکەی بۆ خۆی هەڵ ئەگرت. لە ناو بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی و بەشەکانی تری شارەوانی ناڕەزایەتییەکی زۆر هەبوو لە دژی دواکەوتنی مووچە و نەبوونی ئازوقە. بۆیە ئێمەش وەک کۆمەڵێک هەڵسوڕاو کە لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی سلێمانی فەرمانبەر بووین، بە هەموو بەشەکانی شارەوانیدا دەگەڕاین و بۆ ئەوەی ئیمزا کۆبکەینەوە و نوێنەرانی خۆمان هەڵبژێرین تا داوای حەقی خۆمان لە حاکمی شار کە یەکێتی بوو بکەین، لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا و دابەشکردنی ئازووقە و خۆراک ( لە زۆر فەرمانگەی تر ئازووقە وەک ئارد و شتی تر دابەش ئەکرا بەڵام لە شارەوانی سلێمانی ئەمە نەبوو) . ئەوەبوو پاش گەڕانمان بە هەموو بەشەکانی شارەوانی سلێمانی لە زۆر شوێن پێشوازییەکی گەرممان لێ کرا و٥ کەس وەک نوێنەری تەواوی بەشەکانی شارەوانی هەڵبژێردران کە بچین قسە لەگەڵ حاکمی شاردا بکەین. ئەو پێنج کەسەش من (هیوا مجید)، کاک محەمەد ، ئومێد فەخرەدین ، گوڵاڵە ڕافیع و درەخشان خان بووین. هەموومان لە شارەوانی سلێمانی فەرمانبەر بووین. ڕۆژیک دوای کۆکردنەوەی ئیمزاکان هاتنەوەمان لە بەشیکی شارەوانی کەکارگەی قیرەکەی تانجەرو بوو ، کەکاک محمد لەگەلمان نەهاتبوو ئەوڕۆژە بوکارگەی قیری تانجەرو لە فەرمانگەی شارەوانی مابوە ، لە لایەن پرسگەی شارەوانی سلێمانییەوە ئاگادار کراینەوە کە پارێزگاری سلێمانی داوای کردووە ئەمڕۆ ئەو ٥ کەسە سەردانی بکەین و چاوی بەم نوێنەرانە بکەوێت. بویە کاک محمد پیش ئیمە بەریکەوتبوو بەرەو پاریزگاری سلیمانی . ئەوەش بڵێم لەو کاتەدا ڕێکخستنەکانی یەکێتی هەوڵی زۆریان دەدا ڕێگریمان لێ بکەن و ئەم ناڕەزایەتییە سەر نەگرێت. بەڵام لەبەرئەوەی مەسەلەکە قوت و ژیانی خەڵک بوو واتە دوا کەوتنی مووچە و دابەشکردنی خوراک بوو، نەیانتوانی بەرمان پێ بگرن. بە هەرحاڵ ئێمە ش ڕویشتین لەوی لەگەل کاک محمدە یەکمان گرتەوە واتە ئەم پێنج کەسە چووین سەردانی پاریزگاری سلێمانیمان کرد و ئەوەی لە یادم بێت بێجگە لە سالار عەزیز، مامۆستا شاهۆی ئاسایش و کەسێکی تر دانیشتبوو، ناوی خالید ڕەزا بوو . سەرەتا سالار عەزیز بەخێرهاتنی کردین و وتی بیستوومە هەموو بەشەکانی شارەوانی سلێمانی گەڕاون و ئیمزاتان کۆکردووەتەوە و قسەتان بۆ فەرمانبەران کردووە. داوای ئەوەتان کردووە، نابێت مووچە دوابکەوێت و لە کاتی خۆیدا بدرێت و خۆراکیش دابەش بکرێت وەک فەرمانگەکانی تر.
ئێمەش وتمان: بەڵێ، ئێمە وەک نوێنەری فەرمانبەران و کریکارانی شارەوانی هاتووین و ئەوداخوازییانەمان هەیە. پاشان سالار عەزیز وتی: بزانم وەک شەخسی چیتان ئەوێ بۆتان بکەم؟ ئێمەش وتمان: ئێمە بۆ شتی شەخسی خۆمان نەهاتووینە ئێرە و ڕاستە خۆمان فەرمانبەرین، بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی فەرمانبەران و کرێکارانی شارەوانی سلێمانی لێرەین. ئەوە داخوازییەکانمانە کە پێمان وتیت و لەسەر کاغەزیش نووسیوومانە. کە ئەو وەڵامەمان دایەوە. ئەو یەکسەر هەڵچوو بە توڕەبوونەوە وتی: ئێوە خۆتان باش ئەزانن ئێمە وەک یەکێتی لە بارێکی خراپداین و پارتی دەستی بە سەر گومرگی ئیبراهیم خەلیلدا گرتووە. ئێوە ئەبێت لەگەل ئێمەدا پشتیوانمان بن، لە دژی پارتی چەک هەڵبگرن تا پارەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل لە پارتی بسێنێنەوە و ئەوکاتە بتوانین مووچە بدەین. لەم کاتەدا من وتم ئێمە فەرمانبەرین و شەڕی ئێوە وەک یەکێتی و پارتی کیشەی ئێمە نییە و ئامادەش نین چەک هەڵبگرین. ئێوە حاکمی ئەم شارەن و لێپرسراون لە دابینکردنی مووچە و دابەشکردنی خۆراک. کاک محەمەدیش وتی جا ئەگەر ئێمە گومرکی ئیبراهیم خەلیل لە پارتی بسەنینەوە بۆچی ئەیدەین بە ئێوە؟! هەرخۆمان لە ڕێگەی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە دابەشی ئەکەین. کاتێک سالار عەزیز گوێی لەم وەڵامانە بوو، بە جارێ شێت بوو و وتی ئەزانم ئێوە کۆمۆنیستن و چیتان لە ژیر سەردایە. ئیتر دەستی کرد بە جنێوی ناشیرین و بازاڕی کە شەرم ئەکەم لێرەدا بیاننووسم .
پاشان لەسەر کورسییەکەی هەستا و بە جنێودان بەرەو ڕوومان هات. بۆکسی ئامادە کرد و وتی ئەزانم هەموو کێشەکانی سلێمانی ئێوەی ئاژاوەگێڕ و کۆمۆنیست کە سەر بە حزبی کۆمۆنیستن دروستتان کردووە. شەقێکی بۆ کاک محەمەد داوەشاندەوە، بەڵام بەری نەکەوت. پێی وت بەس بۆم دەرکەوێت کە تۆئەندامی حیزبی کۆمۆنیستیت ئەتکوژم !! کاک محەمەد زۆر ئازایانە وەڵامی دایەوە و وتی زۆر باشە ئێوە بە ئاشکرا لە تەلەفزیۆنەوە ئیدعای ئازادی ڕادەربڕین ئەکەن و لە پشت پەردەشەوە هەڕەشەی کوشتنمان لی ئەکەن؟! سالار عەزیز ئەوەندەی تر تووڕە بوو دەستی بە جنێوی ناشرین کردەوە و وتی چ سەگباک ئێوەی کردووە بە نوێنەر؟ وتمان ئەگەر بڕوا ناکەیت ئەوە ئیمزاکان. ئەگەر بڕوا بەوەش ناکەیت فەرموو هەموو فەرمانبەران کۆکەرەوە، ڕێگا بە ئێمەش بدە قسە بکەین، بزانین فەرمانبەر مووچەی مانگانە و و ئازووقەی ئەوێ یان نا؟ شاهۆی ئاسایشیش زوو زوو ئەیووت ئەو کارانەی ئێوە ئەیکەن قەدەغەیەو ئاژاوە گێڕییە و تێکدانی ئاسایشی شارە! ئیتر لە کۆتایدا بە هەڕەشەوە داوای لێ کردین واز بێنین. کاتێک لە ژوورەکەی کە لە قاتی سەرەوە بوو، هاتینە دەرەوە، چەکدارەکانی پاریزگار بەچەکەوە لەسەر پلیکانەکان ڕاوەستاوبوون و بۆ چاوترساندنمان مۆڕەیان لێ ئەکردین.
ڕووی ڕاستەقینەی سالار عەزیز ئاوا بوو کە کەسێکی بێ ئەدەب و جنێوفرۆش بوو و وەک شەقاوەیەک تەعامولی لەگەڵ ئێمەدا کرد کە مرۆڤ قێزی ئەهاتەوە لەوەی ئەم کەسە پارێزگاری شارێک بێت کە ڕۆژگارێک خۆی بە بەرگریکاری چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان دەزانی! پاشان هەریەکەمان بە جیا لە لایەن بەڕێوەبەری شارەوانی سلێمانییەوە کە ئەوکات ناوی (نەورۆز )بوو بانگ کراین. کەچوم کەسیکی قانونی لەگەل کاک نەوروزدا دانیشتبوو لەژورەکەیدا .کاک نەورۆز وتی: کاک هیوا ئەمە ژمارەی تازەی بۆپێشەوەیە کەبڵاو کراوەی حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری یە کە هەوالی ئەم ئیمزاکۆکردنەوە و ناڕەزایەتییەی بڵاو کردۆتەوە. ئەمە تۆ ناردووتە؟ منیش وتم: هەواڵی ئەم ناڕەزایەتییە بۆ زۆربەی ڕۆژنامەکان چووە و تاوانی من چییە هیچ ڕۆژنامەیەک بێجگە لە بۆپێشەوە بڵاوی نەکردۆتەوە. ئێ کارێکی باشیان کردووە کە دەنگی ناڕەزایەتی ئێمەیان بڵاوکردۆتەوە و پشتیوانی ئیمە بون . پاشان وتی: کاک هیوا ئەوە نایاساییە. تۆ فەرمانبەریت، ئەبێت نامەیەک بنووسیت و حاشا لەو هەواڵە بکەیت کە لەم ڕۆژنامەیەدا بڵاوکراوەتەوە و بینێریت بۆ بڵاوکراوەی بۆپێشەوە. ئەگەر ئەوە نەکەیت ئەوا فەسل ئەکرێیت؟ من بەرپەچیم دایەوە و وتم ئەوە کاری من نییە. زۆر زەغتیشم لێ بکەن لە تەواوی رۆژنامەکانی شاردا بڵاوی ئەکەمەوە، کە لەسەر مافی مووچە و دابەشکردنی خۆراک بۆ فەرمانبەران و کریکاران هەڕەشەی دەرکردنم لێ ئەکەن. بۆیە کاک نەورۆز یەکسەر وتی: باشە تەواو. بڕۆرەوە بۆ ژوورەکەت، کۆتایی هات..
کاتێک کاک محەمەدیشیان بانگ کردبوو هەمان پرسیار و داواکارییان لێ کردبوو ئەویش وتبووی من هیچ پەیوەندییەکم بەوهەواڵەوە نییە کە بۆ پیشەوە بڵاوی کردۆتەوە و بە چ هەقیکیش من داوای ئەوە لە بڵاو کراوەی بۆپێشەوە بکەم تا ئەو هەواڵە بسڕنەوە؟ بۆیە وازیان لەویش هێنا بوو. پاش ماوەیەک سالار عەزیز سەفەری دەرەوەی ولاتی کرد. کەسیکی تریان لە جیاتی دانا، ئەویش ئەگەر هەڵە نەبم ناوی عەبدولکەریم حاجی بوو. ماوەیەک پاریزگاری سلێمانی بوو بە وەکالەت. هەر ئەم پاریزگارە نوێیە بانگی ئێمەی کرد وەک نوێنەرانی شارەوانی سلێمانی کاتێک چووین زۆر بە هێمنی و بە ڕێزەوە بە خێرهاتنی ئێمەی کرد و وتی دەربڕینی ناڕەزایەتی حەقی شەرعی هەموو کەسێکە و بمانبوورن ئەگەر هەر شتیک ڕوویداوە و وا فەرمانگەی شارەوانی سلێمانیشمان خستۆتە ناو لیستی دانی ئازووقەوە، تا ئێوەش وەری بگرن. شێوازی قسەکردنی ئەم پارێزگارە تازەیە سەدوهەشتا پلە جیاواز بوو لە سالار عەزیزی جنێوفروش و بێ ئەتەکیەت.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر