ڕزگار عومەر:
ڕاستگۆترین کەس قسەی لەسەر هەمئاهەنگی (تەنسیق)ی ژێربەژێری ئێران و ئەمریکا کردبێت سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ بوو، ئەو لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی پێداوە کە ئێران ئاگاداریان کردۆتەوە کە پێویستیان بە تۆڵەیەك هەیەو هەر خۆشیان ئاگاداریان کردۆتەوە کە ئەو موشەکانەی دەگرێنە مۆڵگە سەربازیەکان (لەعێراق) زیانی نابێت و بۆیە موشەکەکان بەر مۆڵگەکان نەدەکەوتن و هەم ئێران باسی تۆڵە دەکردو هەرم ئەمریکاش وەبەرهێنانی ستراتیژی و سیاسی لەسەر ئەم هێرشانە دەکرد.
کەم نین ئەم هێزو لایەن و دەوڵەتانەی کە پێویستیان بەوەیە کە ئێران بە “ڕاستی و ڕاستەوخۆ” یان بە پێچەوانەوە بە” نمایش نیمچە ڕاستی” تێکەڵی هەرای جەنگ و پەشیوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. لە ئیسرائیل دوو ئاراستە هەیە پێویستی بە تێوەگلانی ئێران هەیە بە هەردوو جۆری باسمان کرد (چونکە چیتر جەنگ بەوەکالەت بۆ ئێران وەڵامی ئەم پێویستیەی ئیسرائیل ناداتەوە) ئەم دوو ئاراستەیە یەکێکیان باڵیکی توندڕەوی سەربازی-ئایدیۆلۆژی توندڕەوە کە لە ڕووی سیاسیەوە نەتەنیاهۆ نوێنەرایەتی دەکات و دەیەوێ دۆخی جەنگ تا ئەوپەڕی درێژەی هەبێت و بەرفراوان بێت، باڵەکەیتریش کە ئەمیش تێکەڵێکە لەسەربازی –سیاسی و فشاری کۆمەڵگە کە دەیانەوێ تێوەگڵانی ئێران وەکو کارتی فشار بەکاربێت دژ بە حکومەت و باڵەتوندڕەوەکەی سوپای ئیسرائیل بۆ وەستاندنی جەنگ.
هەمان سروشتی دووباڵ لە نێو ئیدارەی بایدنیش ڕەنگدانەوەی هەیە، ئەوانیش هەمان میتۆدی وەبەرهێنان دەکەن لەسەر تێوەگلانی ئێران یەکێکیان بۆ فراوان کردنی جەنگ یەکێکیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی نەتنیاهۆ، ئەمریکا لەبەر زۆر هۆکار لە ئێستادا نایەوێ دۆخەکە یەکلابکاتەوە چ با ئاراستەی وەستاندنی جەنگ چ بە ئارستەی فراوان کردن و تۆخ کردنەوەی ، ئەمریکا دەیەوێ ئیدارەی ئەم دۆخە بە جۆرێك بدات سەرە داوەکانی داهاتووی ئەم دۆخە بە زەمانەتێکی زیاتر لە هەژموونی خۆی بمێنێتەوە، جا نرخەکەی کۆمەڵکوژی بێت، یان کۆتایی پێهێنانی داهاتووی کەسانی وکو نەتنیاهۆش بێت.
ئێران لەم قومارەدا کە بە زیرەکانە دەیکات دەیەوێ وبەرهێنانی سیاسی بکات نەك تەنیا وەکو هێزێکی نمایشکاری ئیقلیمی بەڵکو دەیەوێ وەکو سەرەتای جەنگی ئێران – عێراق لە ١٩٨٠دا کۆت و بەندی ناوخۆش و سەپاندنی دۆخی جەنگ بەسەر کۆمەڵگەی ئێران تۆختر بکات. بەڵام هەروەك لە قوماری ئاسایی قومارچیان باوە؛ کە نە بردنەوەی بەردەوام درێژەی هەیە نە ئارامی بەڕێوەچوونی یاریەکەش زەمانەتی هەیە، ئەم تەنسیقە ڕاستەوخۆ ناڕاستەوخۆیانە ڕۆژێك دەگاتە کەنارێك کە ڕەنگە بە فیکری هیچ کام لە قومارچیەکان نەهاتبێت!
قومار لەسەر جەنگی ئێران
81