هۆمەر محەمەد:
زۆرجار میدیاکاری وریا و زیرەک پرسیاری باش دەوروژێنن، ئایا ئەنفال لەڕابوردوماندایە یان لە پێشمانە، ئایا دەکرا ئەنفال رونەدا؟ ئەمانە پرسیاری جەوهەری و جدین، چونکە بەبەڵێ و نەخێر وەڵام نادرێنەوە، پێویستیان بەتیڕامان و هەڵوەستە هەیە، هەندێک جار پرسیار لەوەڵام قوڵترو قورسترە، بۆیە هەمووکەس ناتوانێت پرسیاری باش و بەسود بکات. پرسیاری باشیش پێویستی بەوەڵامی باش هەیە، لەوحاڵەتەدا پرسیارلێکراویش ناتوانێ بەبەڵێ ونەخێر وەڵامبداتەوە، ئەگەر وای کرد کەواتە بەهەگبەیەکی بەتاڵەوە خۆی خستووەتە بەردەم پرسیاری قورس.
ئەوەی لەئەنفالدا رویدا، بەهەموو پێوەرێک جێنۆساید بوو، هۆکارەکەشی هەر بەوەندە ڕون ناکرێتەوە بڵێین کورد دەرگیری دەوڵەت و حزبێکی فاشی وەک بەعس بوو، بەڵکو دیوێکیشی ئەوەیە ئەوەی لەکوردستانیش لە دژی دەوڵەت و بەعسیەکان هەبوو، شۆرش نەبوو، تەنھا بزوتنەوەیەکی چەکداری ڕووت و پەتی بوو، شۆرش بێفیکرو بێ کلتور نابێ، شۆڕش ئەوەیە بەتەنیشت خەباتی چەکدارییەوە خەباتی کلتوریشی بەگەڕ خستبێ ژیاندۆست و ژینگە دۆست بێ و ئامانجی هوشیاری و شکۆمەندی بێت. شەڕکردن لەسەر پێگەی سیاسی هیچ نیە، ئەگەر ئامانج رزگار کردنی خەڵک نەبێت لەنەفامی، شۆڕش ئەوکاتە بەهای هەیە کە شوێنکەوتووەکانی بەگورگان خواردوو نەداو کۆمەڵگە لە گۆمی خوێن ھەڵنەکێشێ.
مرۆڤی بیرنەکەرەوەو پاسیف، سیاسی فاشیل و پۆست پەرست، بەگشتی مەرگدۆستە، هێندەی شانازی بەروبەری فراوانی گۆڕستانەکان و ژمارەی شەهیدەکانیەوە دەکات هێندە و زیاتریش پشتی لە ئاوەدانی شارستانیەت و شکۆی زیندووەکانە، هێندەی بەمردووەکاندا هەڵدەڵێ بەو ئەندازەیەش زیندووەکان فەرامۆش دەکات.
ئەوەی لەکوردستان ڕوویدا ئەنجامەکەی بەبەرچاومانەوەیە، کوردستانی دوای ئەنفال (کوردستانی ئازاد؟!) بۆ جاشەکان و کۆنە بەعسیەکان بوو بەھەشت و بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دۆزەخ. کەواتە عێراقی فریدەم و کوردستانی ئازاد درۆیەکی گەورەبوو، ئەوەی ڕویدا ڕوخانی بەعس و ڕزگاربوونی عێراق و کوردستان بوو لە دەسەڵاتی سەدام نەک ئازادی چونکە لە حزبی بەعس رزگاری بوو، بەڵام لە بەعسیزم و لە نەفامی رزگاری سیاسیەکانی دوای بەعس رزگاری نەبوو.
کوردستان و عێراق بووە، ژینگەیەکی لەبار بۆ مرۆڤی خۆشبەختی دەبەنگ، بۆسیاسی بێ فیکر و بێ حیکمەت، زانکۆکان پڕبوون لە بڕوانامەداری پۆشتەو بێ مەعرفەو مزگەوتەکان پڕبوون لە بانگخوازی جاهیل و هەوەسباز، بەتەنیشت سیاسیەکانەوە بوونە بازرگان سیاسیەکان، نیشتمان و هاونیشتمانی و ئەمانیش دین و بەرماڵ و ماڵی خودا دەفرۆشن.
یادی ئەنفال ئەگەر هۆشیاری دروست نەکات و مرۆڤ نەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی ئینسانی و نیشتمانی و نەتەوەیی، کەواتە یادنیەو هەرچی بکەن وبڵێن لەنمایشێکی بێگیان زیاتر نییە. دەنا چۆن دەبێت جەلادێک و قوربانییەک پێکەوە بچن بۆ یادی ئەنفال و پێکەوە ماتەم بگێڕن بێ ئەوەی جەلاد خەجاڵەتی کێشابێ و داوای گەردن ئازایی لەقوربانی کردبێت؟ چۆن دەبێت زیندانیەکی نوگرەسەلمان پێکەوە بچنە ماڵی خواو پێکەوە داوای بەخشین لەخودا بکەن ؟ جا ئەوە لەمزگەوتی شارێک بێت یان لە حەج .. هێشتا دیمەنەکە بۆمن نامۆیە کە جەلاد و قوربانی پێکەوە لە نیشتمانێکدا بن بێ دادگایی و بێ لێپرسینەوە، بۆم پرسیارە دەربازبوویەکی گۆڕی بەکۆمەڵی بیابان لەگەڵ جەلادێکی بکوژی ئەو کۆمەڵکوژییە پێکەوە لەمەککەی پیرۆزببن بەحاجی و پێکەوە و بەتەنیشت یەکەوە تەواف بکەن و لەیەزدان بپارێنەوە؟ ئەی خودا چۆن تەماشای ئەم دوو عەبدە دەکات و چۆن دوعایان وەردەگرێ ؟ باوەڕناکەم خوداش وەک سەرۆک و سیاسیەکان دوعای جەللاد قبوڵ بکاو دوعای قوربانی وەرنەگرێ.
ئاخر ژنێک لە دادگای باڵای تاوانەکان رۆژی ١١/١٠/٢٠٠٦ بەبەرچاوی ئێمەو سەرۆک و دەستەی دادوەری و پارێزەرانەوە شایەتی داو وتی : لە تۆپزاوا ئەفسەرێک بەناوی حسێن حللانی هاتە ناو هۆڵەکەمانەوەو بە کچێکی وەت وەرە دەرەوە، کچەکە وەڵامی نەدایەوە، ئینجا خێراخێرا قۆڵی ڕادەکێشاو دەیگوت : وەرە دەرەوە تۆهی منیت، کچکە ملی نەدەدا دەیویست بەتۆبزی بیبات ودەستدرێژی بکاتەسەر، بەڵام کچەکە ڕەتی کردەوەو تفی کردە ناوچاوانی و پێیوت تۆسەرسەریت، ئەفسەرەکە فەرمانی بەپاسەوانەکانی کرد کە بچن دایک وباوکی بدۆزنەوەو بیانهێنن، سەربازەکان فرمانەکەیان جێبەجێکردو هێنایانن بۆناو هۆڵەکەمان، بەبەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە و بە بەرچاوی دایک و باوکییەوە ئەو بێشەرەفە پانتۆڵی داناو دەستدرێژی کردە سەرکچەکەو دواتریش دووفیشەکی دەمانچەی نابەسەرییەوە. ( بۆ درێژەی ئەم چیرۆکە بڕوانە گەشتەکانی ئەنفالستان -دەزگای سەردەم-بیرەوەری ژمارە ٥٩)
دەی هاونیشتمانییەکی کورد سیاسیەک و مەلایەک و رۆژنامەنوسێک لەبەرانبەر ئەم چیرۆکەو هەزارانی تر بێهەست وبێ هەڵوێست بێت، ئیدی قسەکردنی ئەو لەسەر نیشتمان و ئاین و ئایدۆلۆژیا جگەلە درۆیەکی گەورەی پوچ چیترە ؟
تۆ چۆن یادی ئەنفال دەکەیتەوە ؟
62