Home بیروڕا پیرۆزبایی جەژن، درۆکردن لەگەڵ کێ!؟

پیرۆزبایی جەژن، درۆکردن لەگەڵ کێ!؟

by admin
0 کۆمێنت 72 بینینەکان

موحسین کەریم:

هاورێیان و دۆستانی ئازیز,
وەکو بەڵێنم دابوو کە سەرنجەکانی خۆم سەبارەت بەو پرسە گرنگانەی لەچوارچێوەی سەرنجەکانی ئێوەدا لەپەراوێزی پۆستێکی دوو دێری مندا سەبارەت بە جەژنەپیررۆزەی شیوعی و کۆمۆنیست و چەپەکان،خرابووەروو، بە ئاگاداری ئێوە بگەیەنم، فەرموون ئەوە سەرنجەکانی منە بەشێوەیەکی گشتی.
سەرەتا ئەوە بڵێم کە بۆ من نەدەکرا وەڵامی یەك بەیەکی سەرنجەکان بدەمەوە، بۆیە بە بڕوای خۆم هەندێ فکرەی گشتی سەرنجەکانی ئێوەم هەڵبژاردوە بۆ وەڵامدانەوەو روونکردنەوە کە بەشێوەی خاڵبەندی دەیانخەمەڕوو؛
١/ بێگومان من تەنها پرسیارم کردوەو هێشتا بۆچوونی خۆمم نەنوسیوە. هەوڵ ئەدەم لێرەدا بۆچوونی خۆشم لەوبارەشەوە بنوسم
٢/ هەندێ قسەی نابەجێ بە من و هاورێکانم وتران، کە بە شایستەی وەڵامدانەوەیان نازانم!
٣/ هەندێ برادەری شیوعی پێیانوایە کە من کەمپینم دژی ئەوان بەڕێخستوە، بۆیە منیان وەکو دوژمنی باوەکوشتەی خۆیان لەقەڵەمداوە. بەڵام هەموو کەسێك کە پۆستەکەی منی دیوە، دەزانێ من تەنها پرسیارم کردوە کە ئایا شیوعی، کۆمۆنیست و چەپ درۆ لەگەڵ خۆیان و خەڵک ناکەن کە بەبۆنەی رەمەزانەوە جەژنە پیرۆزەدەکەن! واتە لە ٣ گروپ پرسیارم کردوە، بەڵام تەنها ئەوان وەکو رق وکینە و کەمپینی دژایەتی قسەکەی منیان لێکداوەتەوە! ئەوان دەیانتوانی بەرگری لە بۆچوونی خۆیان بکەن، نەك تۆمەتی دژایەتیکردنی حزبەکەیان بدەنە پاڵم، چونکە من هیچم نەوتوە لەسەر کەس، نەك ئەوان! تەنها پرسیارم کردوە…
٤/ من وەکو کۆمۆنیستێك هیچ کاتێك خۆم بەناچار نازانم شتێك بروام پێی نەبێ، بەڵام وا نیشان بدەم کە بڕوام پێیەتی! هەموو کەسێك کە من دەناسێت، ئەوە دەزانێ. من رێزی خەڵك دەگرم بۆیە درۆیان لەگەڵ ناکەم. رێزگرتنی من بۆ خەڵك لەسەر بنەمای ئەوەیە کە ئەوان مرۆڤن، تاوان ناکەن، هانی تاوان و کوشتن و بڕین نادەن، رێزی کەسانی دیکە دەگرن، سوکایەتی بە ژن و بە مناڵ ناکەن. سوکایەتی بە خەڵک ناکەن. زوڵم لە خەڵکی دیکە ناکەن…. وتاد. من بۆ رێزگرتن لە مرۆڤ بڕوام بەهیچ پێوانەیەکی سیاسی، فکری، دینی ئینسانەکان نیە. من ڕێزگرتن لە ئیسنان لەگەڵ رێزگرتن لە بیروباوەڕیان یەکسان ناکەم. من رێزی بیروباوەری هیچ کەسێك ناگرم کە پێچەوانەی بیروباوەڕی سیاسی- فکری- کۆمەڵایەتی خۆم و بزوتنەوەکەم بێت. من رەخنە لە بیروباوەرەکان دەگرم و موجەمالەیان ناکەم. بەڵام لەسەر بنەمای بیروباوەڕ سوکایەتی و بێرێزی بە هیچ کەس ناکەم و کارێکی لەوجۆرە بەتاوان دەزانم.
٥/ من لە خەڵکانی غەیری بۆچون و بیروباوەرەکانی خۆم، موسڵمان، شیوعی، یەکێتی، گۆڕان، پارتی، بگرە ئیسلامی، و باقی لایەنەکانی دیکە، خزم و دۆست و هاورێم هەیە، کە رێزیان دەگرم و رێزم دەگرن. چونکە دەزانن کە پێوەری من ئینسانبوونە نەك بیروباوەری ئینسانەکان. تەنها نمونەیەکی برادەرێک لێرەدا دادەنێم بەناوی بێساران ئاڵا، دوای ئەوەی مۆڵەتم لە خۆی وەرگرت، کە لە ماسنجەرەوە بۆی ناردووم؛ من ئەوم نەناسیوە، بەڵام دروست لەم ٢-٣ رۆژەدا، ئەو نامەیەی ناردوە:
“سڵاو کاک موحسین ، من مسوڵمانێکی کوردی سلێمانیم … وەک ئەرکێکی ئینسانی دانپێدانانێک قەرزارم بەرامبەرتان وێڕای تێبینی و سەرنج لەسەر هەندێک لایەنی جیاوازی بیروڕا بەڵام لە لایەنی مرۆڤدۆستی و دژی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداری و چینایەتی ڕۆڵی بەرز و گەورەتان نواندووە و ئومێدمە هەردەم شاد بیت هاوڕێی ئازیز”
٦/ سەبارەت بەوەی کە کەسوکارمان موسڵمانن و جەژنەپیرۆەمان لێدەکن، ناکرێ ئێمە رێزیان نەگرین و وەڵامیان نەدەینەوە. قسەکەی من بەهیچ جۆرێك باسی لەوە نەکردوە کە بێرێزیان پێبکەن و وەلامیان مەدەنەوە. من وتومە درۆیان لەگەڵ مەکەن. ئەگەر بەڕاست چەپ و کۆمۆنیستن، با وەکو خۆتان بتانناسن و پاشان رێزیان بگرن بەوجۆرەی کە دەبێ رێزی ئینسانێکی بیرورا جیاواز لەخۆت دەگری. ئەگەر ئەو جەژنە پیرۆزەت لێدەکات، ئەو ئەیەوێ خۆشیەکی خۆی لەگەڵ تۆ بەش بکات. تۆ بەشێوەی گونجاوی خۆت وەڵامی بدەرەوە. من خۆم ئاوام کردوە کاتێك جەژنە پیرۆزەیان لێکردووم؛ وتومە هەرچەندە من بڕوام بە جەژنی ئاینی نیە، بەڵام هیوادارم ئێوە هەموو کات و ساتێکیان خۆشی و شادی بێت و سوپاست دەکەم بۆ بەسەرکردنەوەکەم. من پرسیارەکەم ئەوەیە کە ئەگەر ئێوە کۆمۆنیست و چەپن درۆ مەکەن لەگەڵ خەڵك و پەیامی پیرۆزبایی جەژن مەنێرن! بەڵام کاتێك خەڵك و کەسوکار جەژنە پیرۆزەتان لێدەکن بە ڕێزەوە وەڵامیان بدەنەوەو لەوێشدا دوبارە درۆ مەکەن.. بابزانن کە ئێوە جەژنتان نیە بەڵام رێز لە هەستی ئەوان دەگرن کە ئەنایەوێ خۆشیەکانی خۆیان لەگەڵ ئێوە بەش بکەن.
٧/ پاشان سەبارەت بەوەی کە چونکە خەڵك موسڵمانن و کەلتوری خەڵك بەوجۆرەیە، دەبێ رێز لە بیروباوەڕیان بگرین، چونکە ئەگەر وانەکەین یان بێرێزی بەوان دەکەین، یان ئەوەیە کە لای خەڵک قێزەون دەبین و ناتوانین خەڵك هوشیار بکەینەوەو خەڵك گوێمان لێناگرێ!
سەبارەت بەم پرسە؛
ئەلف/ ئەو قسەیە زۆرتر برادەرانی حزبی شیوعی دەیکەن، بەڵام پرسیارێکی سادە، ئایا دوای نزیکەی هەفتا هەشتا ساڵ لە تەمەنی حزبی شیوعی، بەو سیاسەتەتان چەندە جەماوەری بونەتەوە؟ ئایا حزبی شیوعی کوردستان چەند هەزاران ئەندامی هەیەو دەتوانێ چی پرسی سیاسی یەکلابکاتەوەو خۆپیشاندانی دەیان و سەدان هەزار کەسی دروست بکات، یاخود کە ئەوان زۆر بروایان بە خەباتی پەرلەمانی هەیە، چەند کورسیان بۆ پەرلەمان هێناوە؟
باء/ ئایا ئەگەر بمانەوێ خەڵک هوشیار بکەینەوە، نابێ دژی بۆچوونە دواکەوتوەکانی کۆمەڵگا شەڕی فکری بکەین، نابێ شەڕی سیاسی بکەین، نابێ شەری فەرهەنگی بکەین؟ ئەی چۆن فکر و فەرهەنگ و کەلتوری ئینساندۆستی و پێشکەوتنخواز پەرە پێبدەین و جێی بخەین!؟ ئایا ڕیگایەکی دیکە هەیە بۆئەوە؟ ئایا ئیسلامیەکان و ناسیۆنالیستەکان و رەوتە بۆرژوازیەکان یەك رۆژ وەستاون لە دژایەتیکردنی فکر و فەرهەنگ و سیاسەتی کرێکاری و کۆمۆنیستی و پێشکەوتنخوازی؟
جیم/ سەبارەت بەوەی ئەگەر رێز لە کولتور و بیروباوەری خەڵك نەگرین، ئەوا تەریك دەکەوینەوە! قێزەون دەبین لای خەڵک؟ ئایا ئەوەی کە خەڵك هاندەدات دژی کۆمۆنیستەکان بن و ناووناتۆرەیان لێ بنێن و پڕوپاگەندەی چەواشەکارانە دژیان بڵاوبکەنەوەو سەرەنجام هانی خەڵک بدەن کە نەفرەتیان بکەن، دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی نین!؟ ئایا سیاسەتمەدارانی بۆرژوازی و نوسەران و دەزگاکانی راگەیاندنی ئەوان و مەلاکان و … نین کە بەردەوام دەیانەوێ خەڵك چەواشەبکەن و دژی کۆمۆنیست و چەپ و شیوعی هانیان بدەن. درۆ بۆ کۆمۆنیستەکان هەڵدەبەستن!؟ ئایا فکری زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا فکری چینی باڵادەست نیە؟ ئایا خەڵك خۆی فکری خۆڕسکی هەیە، یان ئەفکار چینایەتیەو تەعبیرە لە بەرژەوەندی چینە جیاوازە دژ بەیەکەکان؟ مارکس بۆچی لای بۆرژوازی قێزەون بوو؟ بۆچی کاتێك مرد تەنها ١١ کەس ئامادەی مەراسیمی ناشتنەکەی بوون!؟ بێگومان پڕوپاگەندەی بۆرژوازی وایکردبوو، ئەو مارکسەی کە تەنها یەك دوو دەیە دوای مردنی ببێت بە ئیلهام بەخشی دەیان ملیۆن مرۆڤ لە سەراسەری ئەوروپاو دنیادا، بەوجۆرە بێکەس ماڵاوایی ئەخیر بکات!
لە کۆتاییدا، چەمکێکی ڕاگەیەنراوی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست، نوسراوی مارکس و ئەنگلس دەڵێ : کۆمۆنیستەکان بیروڕای خۆیان ناشارنەوە! ئەگەر کەسێك خۆی بە کۆمۆنیست و مارکسیست دەزانێ دەبێ بیروبڕوای خۆی بە ڕاشکاوی و بێ پێچوپەنا بۆ خەڵك بەیان بکات. دەبێ هەوڵ بدەن خەڵك بۆ بیروڕای خۆیان بانگەواز بکەن و هوشیاریان بکەنەوە. هیچ بیروباوەرێك و ئەفکارێك و سونەت و نەریتێكی تازە ئەگەر شەڕی بیروباوەڕ و ئەفکارو نەریت و فەرهەنگی کۆن نەکات، ناتوانێ وجودی هەبێ، نەك یەك هەنگاو ناچێتەپێشەوە.. ئەوە شەڕێکی بەردەوامە لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا! هەمیشەش بیروباوەر و نەریت و فەرهەنگی تازە بەوە توانیویەتی لە کۆنی بەرێتەوە کە بێترس و ڕاشکاوو جەسورانەو ئەوپەڕگیر خۆی بەیان کردبێت. مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستی مرۆڤایەتی ئەو ڕاستیەی سەدانجار سەلماندوە.
هیوادارم کە بەم باسەم کۆمەکێكم بە دەولەمەندکردنی قسەوباس لەسەر ئەو پرسە گرنگە کردبێت کە ئێوە وروژاندوتانە.

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر