Home بیروڕا ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک

ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک

بەشی سێیەم و کۆتایی

by admin
0 کۆمێنت 64 بینینەکان

شوان حەسەن:   
وا نزیک دەکەوینە لە کوشتارگەکەی پشتئاشان لە بەشی بیست و سێیەم، نووسەر زۆر بە دڵنییایەوە بەزمانی خۆی قسە دەکات، کە پاش ئەوەی ” ھاوینی ڕابردوو، بارەگاکانی ” پشتئاشان” شەش چەکی سەرشانیان لە جۆری ڕۆکێتی سام ٢ وەرگرت لا٥٦٧” ئەوە ( سەدام حوسێن) توڕە دەکات و بە یەکێک لە ڕاوێژکارەکانی دەڵێت” بانگی سوورەم بۆ بکە، لا ٥٧٣” دیارە سوورەش مەبەستی ( عیزەت دوری) یە( ھەر بۆ زانیاری لە دنیای پەروەردە و فێرکاری زانستی” پێداگۆگی” مرۆڤەکان بەناوی خۆیان بانگ دەکرێن، ھیوادارم نووسەر ئاگاداری ئەو خاڵە بێت، بە منداڵێک بڵێت سوورە، لە کۆتایی وتووێژەکە پێت دەڵێت “تکایە ئەو مرۆڤە ناوێکی ھەیە” مەبەستم ئەوە نییە، تەنیا ڕەخنە بگرم، قسەم لەسەر جیاوازی نێوان ڕۆماننووس و کارەکتەرەکانە، ئەو بابەتە زۆر گرنگ و فرەوانە، بۆ ئاگاداربوون لە لایەنێکی دیکەی ئەو بابەتە،دەتوانن بچن سەیری ڕۆمانی نامۆی ئەلبێر کامۆ بکەن، دەڵێت ” عەرەبێکی کوشت” کەچی( کەمال داود) کە نووسەرێکی جەزائیریە بە ڕۆمانێک بەناوی ( میرسۆ و لێکۆڵینەوەی پێچەوانە) لەو عەرەبە دەست پێدەکات و دەڵێت”ئەو عەرەبە ناوی موسا “یە، ئەو وردەکارییانە لەناو ڕۆمان زۆر گرنگن، چونکە نووسەر نابێت بە زمانی بازاڕ قسە بکات، کارەکتەرەکانی ئەو مافەیان ھەیە بەڵام نووسەر بەرپرسیارە، ڕۆمان لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، چۆتە ناو سیستەمی خوێندن، خوێندکار نییە ساڵانە چەند کتێبێک نەخوێنتەوە .)
لەو دانیشتنە سەدام حوسێن داوا لە عیزەت دوری دەکات” دەمەوێ لەگەڵ مام جەمال کۆببیتەوە و داوای ئەوەی لێ بکەیت گویێ پیرەکان ڕابکێشیت پێی بڵێ دەمەوێ گوێم لە ھەواڵی خۆش بێت.ھع ھع ھع.لا ٥٧٥” نووسەر ئەوەندە لێیان نزیکە گوێ لە پێکەنینەکەی سەدام حوسێنیشە، سەیرەکە لەوە دایە، نووسەر نە لەو کاتەی ئەو کتێبەی نووسیووە نە دواتریش، ھیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆی پێ نییە، ڕاستی بۆچوونەکەی بسەلمێنێ، کەچی زۆر بە دڵنییایەوە ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە. عزەت دوریش دەڵێت” مام جەمال بۆ ئەو ئەرکە ڕادەسپێرم” نووسەر بۆی سەلماندین کە ئەو کارە یەکێتی پێی ھەڵستاوە بەر لە ” گفتوگۆی میری” بووە، پاشان کە بە کۆپتەر دێنە لای یەکێتی جەلال تاڵەبانی پێیان دەڵێت ” با سەرۆک – خوا بیپارێزێ- دڵنیا بێت لەوەی داوای کردووە لە کات و ساتی دیاریکراودا جێبەجێ دەکرێت” نازانم ئەگەر داوای بەڵگە و سەرچاوە لە نووسەر بکەیت، چیمان وەڵام دەداتەوە؟ ڕاستیەکەی ئەمنیش وەک پێشمەرگەیەکی ئەو حزبە، بەو خوێندنەوەیە گۆشکراوم، بەڵام کە بێمە سەر نووسین، قەت ناتوانم ئەو ھا بە دڵنییایەوە بنووسم، بۆیە نووسەر دەیتوانی زمانی ڕۆمان بەکار بھێنێت و لە ڕێگەی کارەکتەرێکی ئەو ڕووداوەمان بۆ بگێڕێتەوە، چونکە ئەو کاتە ئاسایی دەبوو دەیتوانی بڵێت ئەوە بۆچوونی ڕەحمان یاخود هەر کارەکتەرێکی دیکە.
لە بەشی بیست و چوار لا ٥٩١ ھەتا ٦٠٦ نووسەر بە ڕاپۆرتێکی بەرەکانی جەنگ ڕووداوەکانی پشتئاشانمان بۆ دەگێڕێتەوە و شیکاری بۆ دەکات، ھەر بۆ خۆی باسی دڕندەی یەکێتی و ھیلاکی ھاوڕێیەکانی دەکات، مرۆڤ نازانێت کارکتەرەکانی بۆ کوێوە چون؟ بۆ ئەو لەوێیە و کارکتەرەکان لەوێ نین؟ ئەی کاری نووسەر چییە، نابێت کارەکتەرەکانی بگەنە زۆربەی ئەو شوێنانە، یاخود ئەوان چیرۆکەکانمان بۆ کۆبکەنەوە؟ ئاخر تۆ بۆ خۆت لە بەشی بیست و پێنجدا دەڵێی” ڕەحمان لەگەڵ یەکێک لەو ھێزە تێکشکاوانە بوو کە لە میوانداری بارەگاکانی مەحمود بورھانیدا بوون” ( مەبەستی بارەگانی پارتی دیموکراتە) ئێ باشە بۆ چاوی کامێراکەت نەخستە سەر ڕەحمان و ڕووداوەکەمان بۆ باس بکات؟ لەوە گەیشتم کە ڕەحمان نایەوێت قسە بۆ سەرکردەیەک بکات کە تێکشکاوە، بەڵام خۆ پاشان ڕەحمان دەگەڕێتەوە لای ھاوڕێیانی ڕۆستێ، کەچی لەوێش ئەوەندەی خۆت بە کێشەی قاسم و عەبدوڵلاوە خەریک دەکەیت ئەوە بە چارەگی ئەوە خۆت بە کوشتارگەکە پشتئاشان خەریک ناکەیت، کە تۆ ناوی ڕۆمانەکەی خۆتت لێناوە! ئەمن بابەتی کوشتنی ئەو ژنانەم زۆر لە لا گرنگ و پڕ کارەساتە، بەڵام تۆ ڕێڕەڕەوی گێڕانەوەکەت بەرەو کوێوە دەبەیت،؟پشتئاشان یاخود ژنکوشتن، یاخود ژیاننامەی ڕەحمان؟ لە کاتێکدا کەمترین قسە لەسەر پشتئاشان دەکەیت.
ڕاستیت پێ بڵێم! بە بڕوای من ھەندێک بەشت بە تەواوی زیادە، بەشی بیست و یەک، ھەروەھا بەشی بیست و چوار چونکە لە بەشی بیست و پێنج ڕەحمان ڕووداوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆیە پێویستی بەو وتارەی تۆی نەدەکرد. بەشی حەڤدە و بەشی ھەژدە، لەو کاتەی باسی ڕۆیشتنی ڕەحمان دەکەیت بۆ گەیشتن بە شیرین و پاشان بە ڕێکەوتێکی زۆر لاواز پێکیان دەگەینی ، ھەروەھا چیرۆکی شێتبوونی سامان و ھەڵاتنی لە شێتخانە ئەوەندە بە کەموکورتیە ئاواتەخوازبووم زۆر زوو تەواو بوایە، لەبەشی بیست وحەوتەم کوشتنی قاسم و عەبدولڵا بە دەستی رەحمان و بڕینی پشتینەکە بەو خێڕاییە ، پەیابوونی ئەو کچە چەکدارە و زانینی بەرنامەکانی تۆ و پاشان تێکئاڵانی ڕەحمان و کچەکە، ئەوەندە لاوازە بەو هەموو کەموکوڕیەوە زیاتر لە خەوێکی نامەعقول دەچێت نەک دنیای ڕۆمانێک، ئەمن کە کتێبێک دەخوێنمەوە بەلامەوە زۆر گرنگە ئەو کەسە بتوانێت بە وردەکارییەکان باوەڕم پێ بهێنیت. لەبەشی بیست و نۆیەم، ئەمن قسە لەسەر لاوازی ئەوە ناکەم مامۆستا عومەری پێشمەرگە چۆن چیرۆکی کووشتنی ئەو سەربازەمان بۆ دەگێڕێتەوە و چۆن دەچێتە هەولێر ؟ بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکرێت ئایە حزب چۆن رازی بووە ؟ یاخود هەر بەبێ پرسی حزب چووە سەردانی ئەو خێزانە بکات؟ کە وردەکارییەکی یەکجار زۆر هەیە پڕی نەکردۆتەوە، پارچەکانی بە ھیچ شێوەیەک بۆ یەکتر نابن، ھەر چۆنێک بێت. ئەوەی ویستم ئاماژەی پێ بکەم، لە نۆهەتەکان بە دواوە پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حزبانە بەگشتی ڕەخنە و گلەییەکی زۆریان هەبوو لە حزبەکانی خۆیان، یەکێک لەو هەڵەیەی بەشێک لە هاوڕێیە عەرەبەکانمان قسەیان لەسەر دەکرد، کوشتنی سەربازە بێ تاوانەکان بوو، بۆیە نووسەر دەیەوێت دادگایی خۆی بکات، لەسەر زاری دایکەکە قسەکانی دەکات”ئەوە چ زوڵم ستەمێکە دەتەوێ لەسەرمانی لابدەیت و داکۆکیمان لێ بکەیت، تۆ دێیت و کوڕەکەی من دەکوژیت؟ هەی نەفرەتت لێ بێت، ئەو زوڵم وستەمکارییە لە ڕێی تەرمی کوڕە تاقانەکەمەوە هەڵدەگریت؟!لا٧٠٢ “خۆی ئەمنیش لەگەڵ جەنگدا نیم، بەڵام لەوکاتەی وڵاتەکەت وێران دەکرێت، کەسێک لە جیاتی ئەوەی بەرەی گەلەکەی خۆی هەڵبژێرێت ، رێگری لەخەڵکانێک بکات ئەو بەربەستە لا بدەن و ئەویش خۆی بکات بە قەڵغان چی بکەیت بەرانبەری باشە؟ دیکتاتورێک وڵاتێک وێران دەکات، دیکتاتورێك گەڵێک قڕان دەکات، ئەگەر پێشمەرگە نەبوونایە کوڕەکەی ئەو دایک و باوکە نەدەبوون بە سووتەمەنی لەبەرەکانی جەنگ؟ بەچ ئەقڵیەتێک دێن پێشمەرگە تاوانبار دەکەن؟ سەربازێک ڕێگری لەوە بکات ئەمن پارێزگاری لە نیشتیمانەکەی خۆم بکەم.
لە کاتی جەنگا دوو بەرە بۆ خۆی دروست دەبێت، لەو کاتەی چەک هەڵدەگریت، یا لەگەڵ بەرەی گەلیت یاخود بەرەی دوژمن، ئەو سەربازانەش بیانەوێت ونەیانەوێت کەوتنە بەرەی دوژمن.
ئەوەیە لە کۆتاییەکەی سزاتدەدەن لەبەر ئەوەی داکۆکیت لە نیشتیمانەکەی خۆت کردووە.
قسەم زۆرە لەسەر ئەو کتێبە، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕیارمدابوو یەک لایەن هەڵبژێرم ئەویش بڕیاری پێشوەختە بوو، کەچی هەندێک وردە سەرنج و تێبینی لابەلا بە لاڕێیاندا بردم. مامۆستا ڕابەر ڕەشیدم زۆر خۆشدەوێت دەشزانم چەند بەو کتێبەوە ماندوو بووە، ڕێز و پێزانیم هەیە بۆ ماندووبوونەکەی و هیوادارم خوێندنەوەکەی من بە دڵێکی غەمبارەوە وەرنەگرێت، گرنگیدان و ماندووبوونی منیش بە هەند وەرگرێت، دوو سەرنجم هەیە لەسەر وەرگێڕانەکەی دیارە ئەمن قسەم لەسەر ڕێنووس و زمانزانییەکەی ئەو نییە، کە بەزمانێکی زۆر خۆش خوێندمەوە، هەرچەندە کاتی ئەوەشم نەبوو بە شڕە عەرەبیەکەم بەراودێک بکەم، دێمە سەر ئەو سەرنجانە کە بۆ من لە نووسین زۆر گرنگن، مامۆستا ڕابەر ڕەشید، لە چەند جێگایەک وشەی” ئادەمیزاد” و وەهەروەها” ئادەمی” بەکارهێناوە، ڕاستیەکەی نە ڕۆماننووس و نە پاڵەوانەکیشی باوەڕیان بەوە نییە، کە مرۆڤ لە ئادەمەوە زابێت، لەکاتێکدا تۆ وشەیەکت هەیە دوورە لەو چەمکە ئاینیەکە، ئەوانەی باوەڕیان بەسەرەتای دروستبوونی ئەو دنیایە نییە بەو شێوەیە( ئادەم و حەوا) پاشان خەڵکانێکی دیکەش هەنە هەر ئاینەکەشیان باوەڕیان بەو سەرەتاییە نییە، ئێمە وشەی “مرۆڤ” مان هەیە ئەگەر حەزت لێ بێت گۆڕانکاریشی بەسەر دا بهێنیت ئەوە دەتوانی بیکەیت بە مرۆ، وشەیەک جوانە نە نێر ومێ تێدایە، نە هەڵگری چەمكێکی ئاینی و باوکسالارییشە، دووەم زۆر ئازارم بەو وشەیە خوارد” پەڕۆی بێنوێژ” ئازیزەکەم دەزانیت ئەو وشەیە چەند ناشیرینە لە دەمی کەسێکی چەپ و پێشکەوتنخوازەوە بێتە دەرەوە؟ ئێمە چۆن دەبێت پشتیوانی لەو ئەقڵیەتە دواکەوتووە بکەین، کە سوڕی مانگانەی ژنانی پێ پیس بێت؟ پاشان ئەو پارچە پەڕۆیە یەکێکە لە داهێنانەکانی ئافرەت بۆ خۆ پاراستن، فەرهەنگی کوردی پڕیەتی لە جێگرەوەیی ئەو جۆرە وشانە
دوای قسەشم ئەوەیە، ئەمن پێویستم بە خوێندنەوەی ئەو کتێبە هەبوو، دیارە بۆ مامۆستا ڕابەر ڕەشید و هاوڕی عومەری خدر کاکلیش ئاساییە کە کەسێک هاورا نەبێت لە هەموو لایەنێکی ئەو کتێبە.، ئەمنیش دەزانم لە هەندێک شوێن وەسف و بەسەرهاتی زۆر جوان و گرنگی تێدایە، بەڵام ئەوە با بۆئەو خەڵکانە بێت ، زیاتر حەزدەکەن ئاماژە بەو لایەنە بکەن، هەندێک کتیب هەنە بەس چێژ بە مرۆڤ دەبەخشن، ئەو کتیبە بۆ من چێژەکەی لەو قسانە بوو کە کردم.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر