Home بیروڕا ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک

ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک

بەشی دووەم

by admin
0 کۆمێنتەکان 93 بینینەکان

شوان حەسەن:   
ئەمن بۆچوونێکم ھەیە بۆ ئەو کاتە، داکۆکیکردن لە خاک و گەلەکەی خۆمم بە ئەرکێکی ڕەوای خۆم زانیووە و قەت لەوەش پەشیمان نیم، ئەوەی لێی پەشیمانم شێوازی خەباتکردنەکەم بووە، هەقیشم بەسەر ئەو خەڵکەوە نییە کە، بەھەر بڕو بیانووێک بێت، دژی ئەوەن داکۆکی لە خاک و گەلەکەی خۆیان بکەن، ژیان لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و بەرابەر؛ بە شایستەی هەموو تاکێکی سەر گۆی ئەم زەوییە دەزانم، بۆچی من بۆم نەبێت لەو کۆمەڵگەیەدا ئەوھادا بژیم؟ ئەوانەی کە پەشیمانیشن بێ گومان مافێکی خۆیانە، ھەر کەسە و بەرپرسیارە بەرانبەر بە مێژووی خۆی.
بزانین رەحمان چی دەڵێت کە نووسەر گاڵتەی پێدەکات” ئێمە لە جیھانێکی ڕەشدا دەژین، ئەوەش لە میانی ئەو خاڵە سپیانەی بە خوێنی خۆمان لە پێناوی نەوەکانی ئایندەدا دروستی دەکەین و دەیبەخشین” نازانم ئەو قسانە بۆ ھەرزەکارانە بووە لەو کاتە؟
با نووسەر قسەمان بۆ بکات” شینە،پێشمەرگەی یەکێک لە دەستە هاوپەیمانەکانە و لە دۆڵێکی نزیکی ئەم ناوچەیە نیشتەجێیە. ئەویش وەکوو هەر جووتیاریکی سادە، بێ بیرکردنەوە چەکی هەڵگرتووە و بە شێوەیەکی خۆڕسکانە و سروشتییانە دژایەتی دەسەڵات دەکات،،،) نووسەر هەر بە هەوەس بە بەردێک چەند چۆلەکە دەکوژێت، سووکایەتی بە جووتیار دەکات، سووکایەتی بە شینە دەکات بە گوێرەی ئەو وەسفەی دەیکات” دەستە ھاوپەیمانەکان” زۆر زەحمەت نییە بزانین مەبەستی ئەوەیە پێشمەرگەی سۆسیالیستە(ئەوەش دەچێتە خانەی ئێمەی باش و ئەوانی دیکەی خراپ) هەر بەوەندەش وازی لێ ناهێنت لە درێژەی قسەکانی دەڵێت ” مێشکی کاکەشین وەکوو دەزگا و ئامێرێکی (ڕادیۆ) وایە، تەنها وەردەگرێت و هەرگیز پەخش ناکات) ئایە ئەوە شەرم نییە زمانی نووسەرێک بێت؟ ئەگەر قسەی پێشمەرگەیەکش بووایە تا ڕادەیەک ئاسایی بوو، لە لایەکی دیکەوە سووکایەتی بەو خەڵکە چیانشینانە دەکات، وەک بڵێت دەسەڵات باش بێت یاخود خراپ ئەوان هەر لەگەڵی بەشەڕ دێن، ئەو دەیەوێت ئەو بۆچوونەی خۆی بگەینێت” مرۆڤی جیهانی سێیەمش بە هۆی ئەو ستەمکارییەی هەمیشە لێی دەکرێت، گرێکوێرەی دەروونیان بەرانبەر داگیرکاری و ئیستعمار لا چەکەرە و گەشە دەکات، بە جۆرێک وای پێ باشترە جەللادێکی نەتەوەکەی خۆی فەرمانڕەوایەتی بکات، نەک کەسێکی ژیر و دادپەروەر کە لە نەتەوەکەی خۆی نەبێت” ئەوە هیچ وەک تێبینییەک ئەو سەرنجەی نووسەر دوای ڕاپەڕینەکەی کوردستانە و خیانەت لە یادگەی خۆی و خوێنەر دەکات، پاشان تێناگەم نووسەر چ سەرژمێرییەکی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو دەرئەنجامە، ئاخر ئێمە پێشمەرگەبووین، لەگەڵ ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی سەدام دەرهەق بە گەلی عێراقی دەکرد، بۆ ئەوەی لەسەر ژمێرییەک نزیک ببینەوە، چاوێک بە کوردستاندا دەخشێنین، هێشتا لایەنگرانی سەدام دە بەرابەربوون بەرانبەر بە دژەکانی ، سەیرێکی سەرژمێری جاش، سەرباز و فیرارەکان بکە و لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دەزانیت کە هەڵەیەت لەو لێکدانەوەیە، بۆ ئەوەی قسەیەک فڕێبدەیت پێویستت بە بەدواچوونی ورد ھەیە. وەکوو پێشتر ئاماژەم پێدا ، کێشەی نووسەر لەوەدایە بڕیاری پێشوەختەی خۆی داوە، بۆ ئەوەی دواکەوتووی ئەو میللەتە نیشانبدات. لە کاتێکدا ئەو ھەموو بووردمان و ڕاگواستنەوانەش دەبینێت. ئاخر پێم ناڵێت لەو ناوچانە جووتیاری بەدبەخت چۆن دروست دەبێت وەک جووتیار ھەتاوەکو تۆ بێت خوێندنەوەی لەسەر بکەیت؟ ئاخر خوێندنەوە لەسەر چین و توێژێک دەکرێت کە لە کەش و ھەوایەکی ئارام بێت، ئەو بەدبەختانە لەبەر بوردمان و ڕاگواستنەوە ناتوانن پاروە نانێک بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵیان دابین بکەن.
ئەگەر دەتانەوێت وێنەی لەو شێوەیە ببین ئەوە دەتوانن سەیری لا١٦ بکەن، کە چۆن باسی(قاسم) و خەڵکەکە دەکات.
وەک گوتم لەبەر ئەوەی ئەو بڕیاری پێشوەختەی خۆی داوە بۆیە لە هەندێک شتی زۆر سادەیەش بە هەڵەدا دەچێت” هەتا جووتیاران، هەرچەندە ئەوە شتێکی سرووشتی و باویشە، کە زێدەڕۆییان لە گێڕانەوەی شەڕەکە و چالاکییەکەدا دەکرد و لە مێشک و خەیاڵی خۆیاندا چەندین شتی دیکەیان بۆ زیاد دەکرد و دەخستە سەر لا١٥١” ڕاستیەکەی ئەوە پەیوەندی بە سرووشتی جووتیارەوە نییە، بەڵکو پێوەندی بە نەخوێندەواریەوە هەیە، بڕۆ قسە لەگەڵ کرێکارێکی نەخوێندەواریش بکە، ھەر بەو شێوەیە دەدوێت، تێناگەم چ پێویست دەکات، ھێندە کار لەسەر ئەو جیاکارییانە بکەین؟
ئەو مۆڵگەیەی “ڕوستێ” کە بەو هەموو گرنگیەیە باسی دەکات، لە ناوزەنگ بریندارەکانی پێ دەناسرێنەوە( سەیرە ئەو زانیارییە، تێناگەم چ تایبەتمەندیەک هەیە لەو براینداربوونە، بە بەگوێرەی گێڕانەوەکە، دوژمن چەکی ئاسایی بەکارھێناوە، تێناگەم چۆن بریندارەکانی پێ دەناسرانەوە، لە بیرتان نەچێت بەشێک لە ئەرکی ڕۆماننووس
باوەڕ پێ ھێنانی خوێنەرە لە ڕێگەی وردەکارییەکانەوە ) کەچی ئەوەی نووسەر بۆمان دەگێڕێتەوە، دیقەت بدێ چەند بە جوانی بۆ گرتنی مۆڵگەکە دەچن بەڵام پاشەکشەیەکی زۆر سەیر دەکەن، ئەوەی لە گەورەی چالاکیەک بگات، لەوەش دەگات ھێرشکردن و پاشەکشەکردن تەواوکەری یەکترن، بەڵام لەو چالاکیەی کە نووسەر باسی دەکات، کەس ئاگای لە کەس نییە، چوار پێشمەرگە پێکەوە دەمێننەوە، ئیبراهیم، ڕەحمان، مامۆستا عومەر و ئادەمێکی بێ گیان، ئیبراهیم خۆی لێیان دەدزێتەوە دەڵێت “چەند خولەکێک چاوەڕوانم بن، دەڕۆم و یەکێکیان لەگەڵ خۆم دەهێنم و دێمەوە” ئیتر دەڕوا و ناگەڕێتەوە ، لە نێوان وتووێژی مامۆستا عومەر و رەحماندا” تۆ دەزانی ئێمە خەونمان بەم تۆپەوە دەبینی، ئەوەش لە بیر مەکە کە نرخەکەی ئێستا گیانی ئادەمە” سەیرەکە لەوە دایە دوا بیانوویان ئەوەیە بۆ ئەوەی تەرمی ئادەمی ھاوڕێیان بە جێ بھێڵن” عومەر لێم تێبگە، ئەو جووتیارانە دواکەوتوون، بە چاوی سووکەوە تەماشای هەر شەڕێک دەکەن، ئەگەر بە دەسکەوتی باشەوە نەچینە ناو چاویانەوە، هیچ شتێکش چاویان تێر ناکات، تەنها تۆپەکە نەبێت،لا١٢٣” چەند ڕقهەڵگرە بەرانبەر بەو جووتیارە لێ قەومایانە” چاویان تێر ناکات” وەک بڵێت دوژمن لە بە عسێکی دڕندە بگۆڕێت بۆ گوندنشینە بێ چارەکان، ئاخر بەس پێم بڵێ دواکەوتووی جووتیارەکان گرنگترە یاخود بێ وەفای ئیبراهیم، ڕەحمان و مامۆستا عومەر، بەرانبەر بەوەی یەکتر بە جێدەھێڵن و پاشان تەرمی ئادەمی ھاوڕێتان بە جێدەھێڵن؟ بەرانبەر بە چی؟ پارچە چەکێک، بەس پێم بڵێن چۆن وەڵامی کەسوکاری ئەو شەھید ئادەم دەدەنەوە؟ دەڵێن لەبەر قسە و قسەڵۆکی جووتیارە دواکەوتووەکان تەرمەکەی جگەرگۆشەکەتانمان بە جێ ھێشت ؟ سەیرە خۆ دەتان توانی چەکەکە لە شوێنێک بشارنەوە و تەرمی ھاوڕێیەکەتان ڕزگار بکەن و وازتان لە جووتیارە دواکەوتووەکانیش بھێنابووایە، خۆ ئەوان لە ڕوانگەی ئێوە ھەر دواکەوتوون!
بێ گومان بە درێژایی ئەو ڕۆمانە بە ڤەگێڕ و پاڵەوانەکانی هەرچی قسەی ناشیرنە بەو خەڵکەی دەڵێن، بەڵام لەو کاتەی پێویستی پێیان هەیە، بۆ ئەوەی دژایەتی یەکێتیان پێ بکات، لەو کاتەی باسی بەدڕەوشتی بەرپرسێکی یەکێتی دەکات بە ناوی ( ئەبو جگارە) دیسان دەکەوێتە ناو یاری ئێمەی باش و ئەوانیتری خراپ، ئەمن ناڵێم چیرۆکەکە ڕاستە یاخود نا؟ بەڵام بۆ دەتەوێت دیسان نیشانی بدەیت کە ئێمە باشەکان بووین و یەکێتیەکان خراپەکان، خۆ ئەو حالەتە لەناو ئێمەشدا ھەبووە؟باسی ئەبوجگارەییەک دەکات بۆ زانیاریتان ناڵێت یەکێتی بوو دەڵێت جەماعەتی مام جەمیل و خزمێکی ئەوە، بە ژنی جووتیارێک فێربووە و دەینرێت بۆ جگارەکڕین و پاشان لەگەڵ ژنەکەی ڕادەبوێڕیت، بۆ ئەوەی گەورەی ڕووداوەکەمان بۆ باس بکات هەڵوێستی بەرانبەر بە جووتیارەکان بە تەواوی دەگۆڕێت و دەڵێت” چونکە جووتیاران و گوندنشینان، کێوێکن لە ڕەوشت و پڕاوپڕن لە کەسایەتی…” لا ١٩٥ جارێ پشووێک بە جووتیارەکان دەدات لەبەر ئەوەی دەیەوێت یەکێتی کەوڵ بکات.
نووسەر لەبەر ئەوەی پێشوەختە بڕیاری لەسەر یەکێتی داوە، نازانم چ هونەرێک لەوە دایە مام جەلالی کردووە بە مام جەمال؟ جگە لەوەش لەسەر زاری خۆی ئەو شیکارییەمان بۆ دەکات، کە بۆیە جەلاڵ تاڵەبانی هاتووتەوە، هەتا بارودۆخەکە تێکبدات، بەڵام خۆزگە ئەوە بۆچوونی کارەکتەرێکی دەبوو نەک بۆچوونی خودی نووسەرەکە، کە دیسان ڕێڕەوی ڕۆمانەکە دەگۆڕێت بۆ گێڕانەوە، سەیرکەن چۆن باسیان دەکات.
لە لا ١٥٧ دەڵێت” سێ چەکدارەکە کە لە دەستەکەی مام جەمال بوون’ ڕاستیەکەی وەک ڕۆماننووس دەبێت بگوترێت” سێ پێشمەرگەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان” ئاخر کاکی نووسەر بۆ من و تۆ پێشمەرگەبووین، بۆ ئەوان چەکداربن؟ لە ٣٠٨ برادەرانی مام جەمال، دیسان دەبیت بگوترێت پێشمەرگەکانی یەکێتی، بارەگاکەی مام جەمال بارەگاکەی یەکێتی، نەخۆشخانەکەی مام جەمال، نەخۆشخانەکەی یەکێتی( لەوانەشە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناوێکی دیکەی هەبێت چونکە دەزانم نەخۆشخانەیەکییان هەبوو ناوی نەخۆشخانەی شۆڕش بوو) وەک گوتم ناکرێت تۆ نووسەر بیت و هێندە تەرەفداربیت، کارەکتەرەکانت هەرچی دەڵێن با بڵێن بەڵام بۆ تۆی نووسەر کارێکی پڕ کەماسییە.
هەر بەوەندەش نەوەستاوە، بەس بۆ ئەوەی دژایەتی یەکێتی نیشتیمانی بکات وەک کادیرێکی پارتی قسان دەکات و دەنووسێت” ئەو دەسەڵاتە مەزنەی مەلا مورتەزا( مەبەست مەلا مستەفایە) لە کاتی خۆیدا ئەو وڵاتە زلهێز و مەزنانەشیان بێزار و وەڕس کردبوو کە نیشتیمانی کوردانیان دابەش کردبوو بە وڵاتانی دراوسێیان بە خشی بوو. کەواتە هەر دەبێت ئەو دەسەڵاتە لاواز و پەرشوبڵاو بکرێت، بەڵکو وای لێ بکرێت ئاگای لە ئامانجە ڕزگاریخوازەییەکەی نە مێنێت” بە بڕوای نووسەر جەلال تاڵەبانی ڕاسپێردراوە ھەتاوەکوو ڕێگری لە پارتی بکات، بۆ ئەوەی خەونەی گەلی کورد بهێننە دی.
سەیر نییە مرۆڤێک لەناو ئەو هەموو ناکۆکییە هزرییە بێت ڕۆمانێک بنووسیت؟ ئاخر تا دوێنی حزبەکەی دژی پارتی دیموکرات بوو، ھەر حزبەکەی من و نووسەر فێریدەکردین کە مەلا مستەفا دژی “چاکسازی کشتوکاڵی”ەکەی ( عەبدولکەریم قاسم) ئاغا و دەرەبەگانی کۆکردووە و ھانی دان چەک ھەڵگرن، ھەتا بڕیارەکەی حوکمەت ھەڵوەشێنەوە. ئەمە لە لایەک، لە لایەکتر لە کاتی بەرە یەک دنیا خۆێن لە نێوان پارتی حزبەکەماندا ڕژاوە. بۆ ئێستا بوون بە ڕزگارکەری هەر چوار پارچەی کوردستان لەوە ناگەم؟ ئەوە چ لێکدانەوەیەکە؟ بەس لەبەر ئەوەی تۆ ڕقت لە یەکێتی دەبێتەوە، ئەرێ هەر تۆ نەبوویت دەتگوت” جووتیارەکان بێ بیرکردنەوە و بە شێوەیەکی خۆڕسک چەکیان هەڵگرتووە” ئەدی ئەوە نییە تۆ دەڵێت سەرکردەیەکی مەزن و لێهاتوویان هەبووە،کەواتە لەسەر ھەق چەکیان ھەڵگرتووە.
لە ڕقی یەکێتی دەڵێت ” نیشتیمانی کوردانیان دابەشکردبوو” دەست خۆش بەڵام بۆ لە وەسفی قەندیل دەڵێیت”قەندیل یەکێکە لە چیا بەرزەکانی ئێران، قەندیڵ سێکوچکەی سنووری ئێران و عێراق و تورکیاتە لا ٣٩٢” باشە بۆ ناڵێت دەکەوێتە کوردستان و سێکوچکەی باشوور، ڕۆژهەڵات و باکوورە، کە مەلا مورتەزا دەیوست بۆمان ڕزگار بکات، ئێ خۆ تۆ هاوڕایت کە ئەو نیشتیمانە دابەشکراوە، بۆ وەک خۆی باسی جوگرافیایەکەی ناکەیت؟
نووسەر بەردەوام دەبێت، هەتا ئێستا گاڵتەی بە کاکە شین دەکرد کە پێی گوتووە” بۆیە خۆشم دەوێن، چونکە عەرەبن و لەگەڵ عەرەبیشدا شەڕ دەکەن!” ئەمە هەموو ئەو ئاوەز و پەیبردنەیە کە هەیەتی، چونکە دوژمنی دوژمنەکەت دۆستمە. لا٦٩ باشە ئەوە تێڕوانی کاکەشینە کە لە ڕوانگەی تۆی نووسەر “گەمژە” یەکیان تێدایە و زۆربەی جووتیاران لە شێوەی ئەم بوون(٧١) هەرچەندە زانست سەڵماندوویەتی هیچ مرۆڤێک گەمژە نییە، بەڵکو هەموو مرۆڤێک لە بوارێکدا زیرەکە، کەمزانین و زۆرزانیش پێوەرێک نییە، بۆ ئەوەی ئێمە بڕیار لەسەر باشی و خراپی ھیچ مرۆڤێک بدەین، لە کاتێکدا نووسەر لە دەیان شوێن وشەی گەمژەی بەکارهێناوە، بۆ ئەو وەک نووسەر و پێشمەرگەیەک کە دەیەوێت جیهان بگۆڕێت، زۆر قورس دەکەوێت لەسەری.
دەگەڕێینەوە سەر خوێندنەوەکەی کاکەشین و نووسەر، بزانین نووسەر چۆن بە باڵای پارتی هەڵدەدات بۆ ئەوەی هاوپەیمانی بێت لە دژایەتیکردنی یەکێتی، لە لا ٣٣٠ دەنووسێت” دوای چەند ساڵێکی کەم ” مەلا مورتەزا بورهانی” کۆچی دوایی کرد و سەرکردایەتیەکەی بۆ کوڕەکەی مەحمود بورهانی( مەبەستی مەسعود بارزانییە، دیارە نووسەر دەستاو دەستکردنی دەسەڵاتی بەو شێوە لە بەختە باشەکەی پارتی، بە کارێکی باش دەزانێت) بە جێ هێشت کە لەسەر هەمان ڕێبازی باوکی بوو، جۆشوخرۆشە گەنجێکەی وای لێ کردبوو گۆماوە گەنیوەکە بشڵەقێنیت و جارێکی دیکە هەوڵی جووڵاندنی بزووتنەوەکەی بداتەوە و…” هەموو ئەو وەسفە کە کادیرێکی پارتیش ناتوانێت ئەوها بە جوانی بیڕازێنێتەوە، تەنیا بۆ ئەوەیە لە ڕوانگەی خۆی و حزبەکەی بەرە لەگەڵ ئەوانە باشترە وەک لەگەڵ یەکێتی” دوژمنی، دوژمنم دۆستمە، بە داڕشتنێکی دبلۆماسیەنەتر لەوەی کاکە شین” لەکاتێکدا ئەگەر حزبەکەی ئێمەش ئەوھا بیری نەکردبووایەوە، زۆر بە ئاقڵانەتر دەیتوانی خۆی نە خاتە ناو ئەو ململانێیە کە لە شەستەکانەوە هەیە..
بەرەو بەشی سێیەم

لێدوانێک بەجێ بهێلە