Home بیروڕا ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک

ڕۆمانی پشتئاشان و چەند سەرنجێک

بەشی یەکەم

by admin
0 کۆمێنت 74 بینینەکان

شوان حەسەن:   
دەمەوێت سەرەتا چەند قسەیەک بکەم، ئەمن باسی کوشتارگەی “پشتئاشان” ناکەم، بەڵکو باسی کتێبێک دەکەم بەو ناونیشانە، بۆ من پشتئاشان بەشێکە لەو زنجیرەی شەڕە نەفرەتلێکراوەی کە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژوو، ھەموومان تێیدا بەشداربووین، کارەساتێکی گەورەبوو؟ بەڵێ ئەمنیش دەڵێم گەورەبوو، تاوانێکی گەورەبوو ئەمنیش دەڵێم بەڵێ گەورەبوو، بەڵام ناکرێت ھەموو کات بێین لە تێکڕای شەڕی ناوخۆی دابڕێنین، ئەمن دەنگم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەو کەسانەی کە نایانەوێت ئەو” تۆ”یە نەفرەتیە چیتر بگوازرێتەوە بۆ نەوەکان.
لەو کاتەی کە کتێبک دەخوێنمەوە، لە خاڵێکدا ھاوبەشم لەگەڵ دنیای( عەلیە شەلی) شوێنھەڵگر، کە یەکێک لە کارەکتەرەکانی ناو ڕۆمانی( حەمەدۆک) ە، ئەو کە شوێن پێیەکەی ھەڵدەگرێت نازانێت ئەوەی کە دەیدۆزێتەوە دۆستە یاخود دوژمن، ئەو چێژ لە هونەرەکەی وەردەگرێت، ئەمنیش لە خوێندنەوە بە گشتی وام، نازانم نووسەر و وەرگێڕ دۆستمن یاخود نا؟ ئەوەی بەلامەوە گرنگە خوێندنەوەکەیە، ھەندێکیان ناچارم دەکەن کە قسان بکەم، زۆربەی کات بە تەلەفۆن لەگەڵ چەند ئازیزێک بابەتەکە دادەخەم ، ناوە ناوەش دەرگەی سەرنج و تێبینییەکانم دەخەمە سەرپشت و حەزدەکەم زۆربەی دۆستانم بیبینن ، ئەو کتێبەش هەر لەسەرەتاوە بە قسەی هێنام و لەگەڵ خۆمدا کەوتمە گفتوگۆ، ئەوەش بۆ منی خوێنەر خاڵێکی ئەرێنییە، بە هۆی ئەوەی پەیوەندی بە زەمەنێکەوە ھەیە، ئەگەر ڕاستەوخۆش کارەکتەری ناو ئەو زەمەنەی کتێبەکەش نەبووبم، ئەوە لە دەرەوەی کتێبەکە چالاک بووم و پاشان ھاتوومەتە ناو زەەمەنی کتێبەکە و ئەرشیفم لە گەڵیاندا تێکەڵبووە، بۆیە کاتێکی زۆرم بەو کتێبە و وردەکارییەکانی ناوی بەخشی و کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی خەوتوومی بە ئاگا هێنا.
بە هۆی ئەوەی لە چەند لایەکەوە هاوڕانیم لەگەڵ نووسەر، بەتایبەت ناوەکەی وەک “ڕۆمان” زۆر جار لە چێژی بەسەرهاتەکەی دەکردم.
بەخێرایی ئاماژە بە چەند لایەنێک دەکەم، بە بڕوای من ئەو کتێبە تێکەڵیەکە لە نێوان زمانی گێڕانەوە و زمانی مێژوو، بەڵام قورساییەکەی زیاتر بەلای گێڕانەوەکەدا کەوتووە، لە زۆر شوێندا نووسەر نەیتوانیووە بۆ ناو دنیای ڕۆمان بپەڕێتەوە، چیرۆکەکان بە گێڕانەوەیەکی سادە، وتووێژی سادە و تاقەتبەر کۆتایی پێ ھاتووە، کە خوێنەری ڕشت لە زۆر شوێن بە زەقی هەستیان پێدەکات، لە چەندان شوێن، نووسەر لە بیری دەچێت کە ئەوەی دەینووسێت ڕۆمانە نەک گێڕانەوە، خۆ ڕادەستکردنەکەی نووسەر بە گێڕانەوە یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی ئەو کتێبە، بۆ نموونە سەیری لا١٨ بکە هەتا لا هەتا ٣٦ لەبەر ئەوەی کەرەستەکەی لە واقیعیدا وەرگرتووە لەوانەشە بۆ خۆی تێیدا ژیابێت، بۆیە بە بێ هیچ خەیاڵیک، وێنەیەکی تاقەتپڕوکێنمان بۆ دەگوازێتەوە، تۆ کە ناوت لێناوە ڕۆمان دەبووایە ئەو بەربەستانە بشکێنی. کە لە چەندان شوێنی دیکەدا ئەو دیمەن و زمانی گواستنەوە دووبارە دەبێتەوە، بە تایبەت بۆ نووسینێکی ئەوها قەبارە گەورەی ٧٧٧ لاپەڕە زۆرە.
لایەنێکی دیکە کە من ناوم لێناوە، ئەویش زمانی گەڕیدەیە، ڕاستە نووسەر ھاوڕێیەکی عەرەبە، بەڵام لە زۆر شوێن هەستدەکەیت وەک گەڕیدەیەک ڕووداوەکانمان بۆ دەگوازێتەوە نەک وەک ھاوڵاتیەکی ئەو نیشتیمانە، ئاخر سەیرە تۆ بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگەیەک خەبات بکەیت و لە ناویاندا خۆت پێ نامۆ بێت ، لە کاتێکدا تۆ ھەڵگری بیروباوەڕی مارکسیت و لەوە نەگەیت سنووری نێوان مرۆڤەکان شتێکی دەستکردە، مارکس زۆر گرنگی بەو لایەنە داوە، چونکە ئەو دەزانێت ئەگەر ئەو سنوورە لە نێوان مرۆڤەکاندا نەشکێت، ئەوە هزرەکەی لە دەروازەکەی ماڵەکەی خۆیدا زیاتر بڕ ناکات. هەستی ئەوەی تۆ هاووڵاتیەکی سەر ئەم گۆی زەوییەی پێویستی بەکار کردنێکی جددی و یەکلاکەرەوە هەیە، بەشێکە لەو گۆڕانکارییە گرنگانەی کە لە خودی خۆتەوە دەستی پێدەکەیت ، لە لا ٢١٥ بەو زمانە کاتی بووک گواستنەوەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە پاشان لە لا ٢٧١ دەڵێت سەبارەت بە دیاردەی ژنکووشتن” منیش نازانم چۆن بیرۆکەیەکی وا گەمژانە لە مێشکی مرۆڤێکی گەمژەوە دەردەچێت و دەگۆڕدرێت بۆ دابونەریتێک و نەوە دوای نەوە بۆیان دەمێنێتەوە …ئاخر پێم سەیرە، خۆ تۆ لە ژینگەیەکی ھێندە جیاوازتر نەهاتووی؟ ئایە لەو شوێنەی کە تۆ لێی هاتووی ئەو دیاردە ناشیرنانە نییە؟ ئەگەر تۆ کۆمەڵگەیەکی بێ کێشەت هەیە، بۆچی ئەوخەباتە سەختەیان بۆ دەکەیت؟ کۆمەڵگەی سەرکووتکراو و دوواکەوتوو پێویستی بە تۆلەرانسێکی زیاتر هەیە، باشە بۆ کە چووییە ناوچەی ” ناوزەنگ” تێڕوانینت نە گۆڕا، خۆ لەوێ دیاردەی ژنکووشتن بەو شێوەیە نییە، دەزانی بۆ؟ لەبەر ئەوەی تۆ بڕیاری پێشوەختەی خۆت داوە ، مرۆڤیش کە ئەو بڕیارەیدا، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە دوای خاڵی ھاوبەشدا ناگەڕێیت، بەڵکو بە دوای خاڵە جیاوازەکاندا دەگەڕێت، ھەروەھا خۆشی بە تاکێکی ئەو کۆمەڵگەیە نازانیت کە تێیدا دەژێت، ئەوەش یەکێکە لەو دەردانەی کە ھەندێک مرۆڤ تووشی دەبن، ھەمیشە بەو زمانە دەدوێن کە ئەوان لە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگەیەن کە ژیانی تێیدا دەکەن، بۆ ئەوەش پێویستیان تەنێ بە حالەت و دیاردە ناشیرنەکانی ناو کۆمەڵگە ھەیە، کە تۆی نووسەریش ھەمیشە بە دوایاندا دەگەڕێیت، ئەوە ئەو نامۆبوونەیە کە بۆ خۆتت دروستکردووە، نەگونجانی مرۆڤ لەگەڵ دەوروبەرەکە خۆی بابەتێکی تەواو جیاوازە. .
بەشێک لەو چالاکوانانەی لەسەر کەیسی ژنکووشتن لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن( کە بەداخەوە زۆربەیان کوردن و بۆ ڕازیکردنی نەتەوەکانی دیکە ئەو کارە دەکەن ) هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان، بۆ دنیای بسەلمێنن کە ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات، تەنیا پەیوەندی بە کاریگەری ئاینیەوە نییە، بەڵکو ئەوە پێوەندی بە کولتوری کوردەوە هەیە، وەک بڵیت بەر لەهاتنی ئیسلام وشەریعەتەکەی ئەو دیاردە لەناو کوردا هەبووبێت، لە کاتێکدا ئەوە سەلمێندراوە ئەو دیاردە ناشیرینە هیچ پەیوەندی بە نەتەوەوە نییە لە هیچ کونجێکی ئەم دنیاییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیەکەی ئایدلۆژیا و حوکمڕانییەکەیەتی، ئایینش بۆ خۆی ئایدلۆژیایە، ئەگەر ئەو ئایینە ئەو هەموو یاسا و ڕێسایە، ئەو هەموو کۆت وپێوەندەی بۆ کۆمەڵگە دا نەنابوایە، کەی کێشەی (جوان)ێکی بێچارەیە، نەتوانێت هاوسەرێک بۆ خۆی دیاری بکات،هەتا (قاسم)ی برای هاوسەرگیرییەکەی بە خوێنی ئەو بۆ مسۆگەرنەکرێت؟ ئەمن زۆرم پێ گرنگە ورووژاندنی ئەو بابەتە، بە دیوێکی ناشیرینی کۆمەڵگەکەی خۆمی دەزانم، بەڵام بە شێوەیەکی ژیربێژانە( مەنتقی) کەچی نووسەر دێت ئەو واقیعە تاڵەمان بۆ دەگوازێتەوە ، دوو دڵدار ناچاری ئەو هەڵبژاردنە دەکات، بڕیارێک لە دەرەوەی خێزانەکەیان بدەن، بەڵام ئایە کۆمەڵگە تاوانبارە یاخود ئەو یاسایانەی بە سەریاندا سەپێنراوە؟ ئەگەر یاسا و پەروەدەیەک نەبێت، چۆن ئەو خەڵکە فێر دەبێت کە ئەو هەموو قوفلە داخراوەی ناو کۆمەڵگە بکاتەوە؟ باشە خۆ ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی ئێمەدابوو، بۆ نەھاتیت ڕەخنە لە حزبەکەی خۆمان بگریت، بۆ ئێمە نەمان توانی بچوکترین گۆڕانکاری لەو ناوچەیدا بکەین؟ ئایە ئاسانکاری ئێمە چی بوو؟ تەنیا دەچووینە لایان و نانمان دەخوارد و پاشان گاڵتەمان بە خواردنەکانیان دەکرد، لە لا٦٣٠”کێ دابونەریتی سەدان ساڵە پشتگوێ دەخات” هەست ناکەیت ئەو قسانە تەنیا بۆ گلەییکردن باشن و ناچنە خانەی چارەسەرکردن، لە کاتێکدا بانگەوازی ئێمە گۆڕین بوو، هەرچەندە لە لا٦٦٦ کارەکتەرێکی کچی کە ناو و ناسنامەکەی نازانین، بەڵام پێدەچێت کورد نەبێت کە دەڵێت”ئایین مێشکی بۆگەن کردن و وای لێکردن وەکوو بە دووی بیابانیان لێ بێت” بەڵام ھەر قسەیەکە و دەخرێتە سەر کاغەز، ھیچ کاریگەری لەسەر بڕیارە پێشوەختەکانی نووسەردا نییە.
خاڵێکی دیکە کە هستم پێکرد، بە هۆی ئەوەی لە پێشمەرگایەتی و هەتا ئێستاش پەیوەندیەکی زۆر خۆشم لەگەڵ هاوڕێیە عەرەبەکاندا هەیە، لە پێشمەرگایەتی گوێم لێدەبوو هاوڕێیانی عەرەب وشەیەکیان زۆریان بەکاردەهێنا” نصب،تصنیف” کە ڕێک “.ڕابوواردن”ی خۆمان دەگەینێت، ڕاستیەکەی ئەو شێوازی قسەکردنە لەسەر زاری ڕۆماننووس و کارەکتەرەکان زۆر بە زەقی دیارە، لە لا ٦٠٩ ش ئەوھا وەسفی سەرکردەییەکی حزبی شیوعی دەکات” پیرەکە لەسەرخۆ لە قسەکانی بەردەوام بوو، زمانیشی لەناو زاریدا لە ھاتن و چوونێکی بەردەوامدا بەر ددانە شاش و کەمەکانی دەکەوتن و ڕێک لە کونی کوورەی کەرپووچی کۆن دەچوو” پێتان سەیر نییە ئەوە زمانی نووسەرێک بێت؟ وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئەوە زمانی پێڕابواردن”نصف” یە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد، ئایە تێکچوونی ددان لەو چیایە شتێکی ئاسایی و سروشتی نییە؟ ئایە ئەوە بۆ مرۆڤێک دەبێت بە کەموکوڕی و عەیبە؟ ھەر خۆی ” پیر” ی بۆ سووکایەتی پێکردن بە کارھێناوە، لە کاتێکدا پیربوون گەشەیەکەی سرووشتی مرۆڤە و ناچێتە خانەی کەموکوڕی، خۆی هەموومان دەزانین کێشەی سەرکردەکان لە پیریدا نەبووە، بەڵکو لەوەبووە کە کەمتوانابوون لە ڕووی سەربازی و سیاسی.
دڵنییامە نووسەریش باش دەزانێت “تەنز” بەشێکی زۆر گرنگە لە ڕۆمان، بەڵام ڕابواردن لە هیچ کولتوورێک کارێکی پەسەند نییە، ڕاستە جیاوازی کولتور لێرە و لەوێ هەیە، بەڵام ورییای نووسەر لە زمانەکەی زۆر گرنگە، ئاخر پێم سەیرنەبوو کە ئەو هەموو گاڵتەپیکردن و نوکتانەم خوێندەوە لە لایەن نووسەر و کارەکتەرەکان سەبارەت بەو خواردنانەی ماڵە هەژارەکان پێشکەشیان دەکردین، چونکە پێشتر گوێم لیببوو، چەندان جار ئەو “ژاژی” یە دووبارە دەکرێتەوە، لەکاتێکدا نووسەر دەبووایە لەوە بگەیشتبوایە، ئەو خەڵکە بە دبەختە ئەوەی هەیبووە لە پێش ئێمەی دادەنا، خۆ ئێمەش پێشمەرگەبووینە و ئەو ڕاستیە باش دەزانین، پاشان هەر لە ڕووی کۆمەڵایتیشەوە مرۆڤ چۆن دەچێتە شوێنێک نان بخوات و پاشان پێیان ڕادەبووێرێت، هەوڵدەدەم لە درێژەی نووسینەکە کەمێک ئاماژە بەو زمانی ڕابوواردن بکەم.
هاوڕێیەکی ئازیزم هەبوو لە پێشمەرگایەتی ناوی(یوسف) بوو، خەڵکی بەسرابوو، بەداخەوە نازانم ئێستا کەوتۆتە کوێندەرێ، وابزانم خوێندنەکەی لە سەر کێشەی نەتەوە و کەمە نەتەوایەتیەکان بوو، قسەیەکی زۆر جوانی هەبوو هەموو جار کە باسی بابەتێکمان دەکرد لەسەر کورد وکێشەکانی، بەر لەوەی خوێندنەوەی خۆی بکات لە منی دەپرسی” هەستی تۆ چۆنە ؟” دەمگوت”ئەوە چ پەیوەندی بە هەستەوە هەیە” دەیگوت” نەخێر، لەبەر ئەوەی کێشەکە، کێشەی ئێوەیە هەموو کات دەبێت ڕەچاوی هەستی ئێوە بکرێت” جا ئەو پێوەرە بۆ هەموو شوێن و کاتێک گونجاو و گرنگە، مرۆڤ کە زانی بەرانبەرەکەی بەو قسەیە بریندار دەبێت ڕێزی لێ دەگرێت و دووبارەی ناکاتەوە، بەڵام کە هەر بەردەوام بوویت، ئیتر خۆت پێناسەی خۆت دەکەیت.هەوڵدەدەم لە کۆی نووسینەکە ئاماژە بەو خالانە بدەم.
بڕیارە پێشوەختەکانت
یەکێک لە خاڵە نەرێنی و مەترسیدارەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە بڕیاری پێشوەختەی هەبێت، کتێبێکی زۆر نازداری (تزڤیتان تۆدۆرف) هەیە بە ناوی( ئێمە و ئەوان) لەوێ زۆر بە وردی باسی نووسەر و ئەدیبە ئەوروپیەکان بە چەپ و ڕاستیانەوە دەکات کە چۆن لە کێشەی بڕیارە پێشوەختەکانیان ڕزگاریان نەبووە، بەرانبەر گەلانی دەروەی ئەوروپا. بۆ خۆشم بە هۆی ئەوەی سی ساڵ زیاترە لە سوید دەژیم، زۆر بەوردی لەو بابەتە دەگەم، ئێمەی پەناهەندە هەمیشە بە “ئەوان” باسدەکرێن، بۆیە مرۆڤ زۆر گرنگە نەکەوێتە ناو ئەو یارییە ناشیرینە، ئەگەر ئەمن باسی نووسەرێکی تورک، یا عەرەب یاخود فارسێک بکەم، زۆر پێم ناخۆشە هاوڕێیەکەم بڵێت ” ئەی عەرەب هەروا نییە؟” بۆ تورک و فارسیش هەروەها، چونکە هاوڕێیەکەم دەکەوێتە ناو نەخۆشی ئێمەی باش و ئەوانی خراپ، کە ئەوەش بناغە مەتریسدارەکەی ڕەگەزپەرستیە.
لە بیرمان نەچێت ئەوەی ( جۆزیف کۆنراد) لە ڕۆمانی ( دڵی تاریکی) دەیەوێت بیگاتێ و ڕیسوایی بکات بەلجیکیەکانن، ئەگینا ئەو لە بڕیارە پێشوەختەکەی خۆی پەشیمان نییە، لە ڕوانگەی ئەو بۆ ئەوەی گەلێکی دواکەوتووی وەک ” کۆنگۆ” بەشارستانی بکرێت پێویست بە ھێزێک ھەیە، ئەو ھێزەش ئینگلیزە مەزن و میهرەبانەکانن ، نەک بەلجیکیەکان..
نووسەر پاشخانەی ڕۆشنبیریەکەی خۆی دەقۆزتەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی کوردی پێ بکوتێتەوە، لە لایەک وەک ڕوناکبیرێک، چونکە مارکس و لینین ئاگادایان کردۆتەوە کە پشت بە جووتیار نەبەستێت بەڵکو پشت بە کرێکار ببەست لەبەر ئەوەی جووتیارەکان ” ڕاڕان” (کاتی خۆی ئەمنیش ئەو وشەیەم بە عەرەبی زۆر پێ خۆش بوو کە دەڵێت جووتیار”متذبذ”ن) ھەرچەندە ئەو بابەتە زۆر قسەی لەسەر کرا و سەلمێندرا بۆ کوردستانێکی ھێشتا لە قۆناغی دەربەگایەتی زۆر گونجاو نییە، کاتی خۆی لێکدانەوەیەکی خۆشی شەھید( مام کاوێس) م گێڕایەوە، دەڵێن ڕۆژێک شەھید مام کاوێس دەکەوێتە وتووێژێک لەگەڵ کۆمەڵێک لە
هاوڕێیان، ئەوانیش دەیانەوێت بۆی بسەلمێنن کە کرێکار ھێزی سەرەکی و داینەمۆی شۆڕشە، ئەویش دەڵێت ” وانییە، ئەوەی شۆڕش دەکات ھەر جووتیار و کوڕە جووتیارە، ھەر ئەوانیش ڕۆژانە ماڵیان بەر تۆپ و تەیارە دەکەوێت” ئیتر ئەوانیش قسەی مارکس و لینینی بۆ دێنەوە، ھیچ سوود نییە، بە ڕستەی سیاسەتی حزبیش ھەروایە، هەر سوودی نابێت، ئەو ھەر دەڵێت” ئەمن ئەوەی دەبینم ئەوە دەگێڕمەوە، کوا کارگەمان؟” تەنیا یەک ھاوڕێ لە ژوورەکە ھاوڕای دەبێت، لە پڕ بانگی دەکەن بۆ نۆرەی ئێشکگری، دەترسێت هەتا ئێشکگرییەکەی دەگرێت باوەڕ بەو هاوڕێیەش بێنن و بە تەنیا بمێنتەوە، بۆیە سەیرێکی ئەو ھاوڕێیە دەکات کە ھاوڕاییە لەگەڵی پێی دەڵێت” گوێبگرە ھاوڕێ بۆیان نەسەلمێنی، ئەگەر زۆر ناچاریان کردی، بڵێ خۆ کرێکاریش لە کێری جووتیاری دەبێت” ئیتر دەچێتە دەرەوە. ئەگەرچی ئەمن لەگەڵ کۆی ئەو جیاکارییەی ناو کۆمەڵگەدا نیم و هەر بە پێویستیشی نازانم، بەڵکو شتێیکی زۆر ئاساییە شێوەی ژیان و بیرکردنەوەی دکتۆرەکان لەگەڵ کرێکارەکان جیاوازبێت، خاڵی گرنگ ئەوەیە تاکێکی بە سوودبیت بۆ ژینگەو دەوروبەرەکەت. باوەڕم وایە بە خەمە هاوبەشەکان و ڕیزگرتن لە مافی یەکتر و… دەتوانیت ئەنجام و گۆڕانکاری باشتر بە دەست بێنین، بەڵام بۆ ئەو وتووێژەی ئەو کات و ساتە، پشتیوانی لە قسەکانی شەھید مام کاوێس دەکەم، چونکە لێکدانەوەکەی ئەوم پێ واقیعیانەتر و ژیربێژیترە، لەگەڵ کەمێک دەسکاری زمانە باوکسالاریەکەی.
ئێمە دەبووایە خوێندنەوەمان لەسەر پێویستیەکانی کۆمەڵگەی خۆمان بکردبووایە نەک خوێندنەوەی ئەوانیترمان وەک پیرۆزیەک وەربگرتبوایە.
وەک پێشمەرگەیەکیش نووسەر پێیوە دیارە کە ئەو کاتەی ئەو کتێبەی نووسیووە لە ڕووی دەروونییەوە، تەواو ماندووە و دەیەوێت پێمان بڵێت ” ئەو میللەتە شایەنی ئەوە نییە، گەنجی و جوانی خۆتی بۆ بکەیتە قوربانی” لە کۆی گێڕانەوەکە هەست بەو ڕەشبینی و بێ ھیوایە دەکرێت، چونکە قسەکانی کارەکتەرەکان و ڤەگێڕ هێندە لێک دوور نییە، ئەوەش خاڵی لاوازی ئەو نووسینەیە، لە زۆر شوێن بەزەقی ئاماژە بەوە دەکات لە لا ٤٩٨ بەخۆی دەڵێت” ڕەحمان لەکاتێکدا ھەرچی وشە و قسەی ھەرزەکارانە و ھەڵپەکارانەی لە مێشک و کەللە سەریدا ھەبوو بە جۆشوخرۆشەوە دەریدەبڕی” بە قسەکانی نووسەر و گاڵتەکردنەکەی بە ڕەحمان یەکسەر قاچت ڕادەکێشتەوە ناو دنیای گێڕانەوە و نایەڵێت تامی ڕۆمان بکەیت یەکسەر بە ئاگات دەھێنێ، تێناگەم چ پێویست دەکات تۆی نووسەر لەو کاتە، قسەی ئێستات بکەیت، کۆمەڵێک کارەکتەرت درووست کردووە، ئێ کە درووستکردوون ئازادی قسەکردنیشیان لێ مەستێنەوە، بۆ قسەکانی رەحمان، ئەو کاتە ھەرزەکارانە بوو؟ ئاخر ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بە شتێک نەبووایە، نەی دەتوانی خەباتی لە پێناودا بکات؟ تۆش ئەو کاتە ئەوە باوەڕت بووە، ناکرێت بە ئەقڵیەتی ئێستا پێوەرێک بۆ ئەو کات دابنێیت. خۆی کۆی ئەو وتوێژەی لە نێوان سامان و ڕەحمانیش کە خولقاندوویەتی، تەنێ یەک مەبەستی ھەیە، ھەر لە لا ٤٩٨ ھەتا ٥١٢ وەھەروەھا ٥٥٢ ھەتا ٥٥٩ تەنێ دەیەوێت سەرکۆنەی ئەو کاتی خۆی ، ھاوڕێیەکان و دەوروبەری بکات، خوێنەر بەزەقی ھەست بەوە دەکات ڕەحمان دوێنێ نووسەرە کە پێشمەرگەبووە سامانیش ئەمڕۆیەتی کە ئەو کتێبە دەنووسێتەوە، بۆ ئەوەی سەرکۆنەی ئەو کاتی خۆی پێ بکات، بێ گومان ئەو وەک نووسەر و وەک مرۆڤ ئازادە چۆن دەڕوانێتە ڕابردووی خۆی، بەڵام کە دەتەوێت لە ڕێگەی ڕۆمانێکەوە ئەو قسانە بکەیت، ڕێگە بدەی منی خوێنەریش لەناو دنیایەکەی ڕۆمانەکەت بم، بۆ دەمخەیتە دەرەوەی ڕۆمانەکەت و بەگێڕانەوە بە ئاگام دێنیت؟ تۆ سامانت ئامادە نەکردووە بۆ ئەو قسانە ، کە ئەوە ئەرکێکی گرنگی نووسەرە، تەنێ ئاماژەکردن بەوەی دەرچووی زانکۆیە بەس نییە، وەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێکرد، بۆ من قسەکان قسەی نووسەربوون لە دوو زەمەنی جیاواز، پێش نسکۆ و پاش نسکۆ، ئەوەش دەبێت بە کەموکوڕی لە ھونەری ڕۆمان نووسیندا. ناکرێت مرۆڤ بەڕقەوە شت بنووسێت، تۆ ھێندە داغداریت بەرانبەر بەو ڕابردووە، لە زۆر شوێن جیاوازی لە نێوان ئێستا و ئەو کات ناکەیت
بۆ بەشی دووەم

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر