Home بیروڕا ئەگەری هێرش بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و کاریگەرییە تەندروستیەکانی

ئەگەری هێرش بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و کاریگەرییە تەندروستیەکانی

by admin
0 کۆمێنت 74 بینینەکان

د. گۆران عبداڵلە :    
لە دوای هێرشەکەی سەدام بۆ سەر ئیسرائیل بە موشەکی سکۆد، بۆ یەکەم جار، ئێران هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئیسرائیل. ئەم هێرشەی ئێران مەحاڵە بە بێ وەڵامێکی توندی ئیسرائیل تێپەڕێت. ئیسرائیل دەیان بژاردەی لەبەردەمە بۆ وەڵامدانەوەی ئێران. یەکێک لە ئەگەرەکان، هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمێکانی ئێرانە. هەڵبەتە هێرشێکی وەها نەک تەنها بۆ دانیشتوانی دەوروبەری ئەو پێگانە کاریگەری دەبێت بەڵکو بۆی هەیە کاریگەرییەکەی تێپەڕێت بۆ وڵاتانی دراوسێی ئێران بە تایبەتی هەرێمی کوردستان عێراق. بەدەر لە ئەگەرەکانی ڕوودان یا ڕوونەدانی هێرشێکی ئاوەها، پێویستە خەڵکی کوردستان و دەزگا تەندروستیەکانی ئامادەکاری بۆ ئەگەرێکی لەو جۆرە بکەن
ئەگەر مێژوو بخوێنینەوە و سوودی لێوەربگرین، ڕوونە کە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەبێ وەڵام تێناپەڕێت. مەرج نیە ئیسرائیل یەکسەر دوای هێرشەکەی ئێران وەڵامبداتەوە. دوای هێرشەکەی سەدام بۆ سەر تەل ئەڤیڤ لە ساڵی ١٩٩١، چەندین ساڵی پێچوو تاوەکو ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپایەمانانیان رژێمی سەدامیان ڕووخاند. هێرشکردنە سەر ئیسرائیل یەکێک بوو لە هەرە هۆکارە گرنگەکانی ڕووخاندنی ئەو رژێمە. بۆی هەیە هەمان سینارێو لەگەڵ ئێران دووبارە ببێتەوە. بەڵام نەتەنیاهۆ ئیسحاق شامیر نیە و ئێرانیش عیراق نیە. بۆیە هەموو ئەگەرەکان کراوەن لە بەردەم ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەیەکی توندی ئێران.
ئەگەرەکانی بەردەم ئیسرائیل بریتین لە وەڵامنەدانەوەی چەکداری و زیاتر دروستکردنی هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی لەڕووی دیبلوماسیەوە بۆ بەرپرچدانەوەی ئێران. هاوکات. ئیسرائیل دەتوانێت وەکو پێشتریش کردوویەتی، لە وڵاتانی دەروبەر لە کەسایەتی و بەرژەوەندییەکانی ئێران بدات وەکو لە کوشتنی بەرپرسانی سوپای قودس لە دیمەشق کردی. هاوکات ئیسرائیل ئەتوانێ هێرشی سایبەری (ئیلکترۆنی) بکاتە سەر ئێران یا ئابڵوقەکانی سەر ئێران توندتر بکات بەهاوکاری هاوپەیمانەکانی بەتایبەتی ئەمریکا. بۆی هەیە ئیسرائیل پەنا بەرێتە ئەم جۆرە بەپرچدانەوە نەک لێدانی ڕاستەوخۆی سەربازی چونکە لە حاڵی حازردا دەیەوێت زیاتر تەرکیز لەسەر شەڕی لەگەڵ حەماس بکات نەک کردنەوەی بەرەی دیکەی شەڕ هەرچەندە ئیسرائیل بایی ئەوەندە توانای سەربازی و تەکنەلۆژی هەیە کە بتوانێن لە چەندین بەرەوە شەڕی نەیارەکانی بکات. .
بەڵام لە هەموو ئەمانە مەترسیدارتر، ئەوەیە کە ئیسرائیل ئەتوانێت هێرش بکاتە سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران. لە ڕاستیدا هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەلای هەندێک چاودێرەوە وەکو جۆن بۆلتۆنی سەفیری پێشووی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بە فرسەتێکی زیڕین دادەنرێن بۆ لێدانی ئەو پێگانە. بیانوی ئەم جۆرە ئامۆژگارییە ئەوەیە کە ئێران لە هەموو کات زیاتر نزیکە لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و ئەگەر ئیسرائیل ئێستا بەرنامەی ئەتۆمی وڵاتەکە وێران نەکات ئەوا کار لە کار ئەترازێ و کە ئێران بووە وڵاتێکی ئەتۆمی ئیتر ئەتوانێ بە ئەتۆم هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. لە ڕاستیدا. بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندانە، بۆی هەبوو کە ئێران کەرەستەی ئەتۆمی لە موشەکە بالیستیەکانی بەکاربهێنێت لە هێرشەکەی ئەم دواییەی.
بەدەر لەوەی کە ئیسرائیل ئەم جارە پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بوردومان ئەکات یا نا، ئامادەکاری بۆ ئەگەرێکی ئاوەها لەڕووی ئەمنی و تەندروستیەوە زۆر پێویستە. لەڕاستیدا زۆرێک لە چاودێران لێدانی پێگەکانی ئێران لە لایەن ئیسرائیلەوە بەکارێکی زەحمەت دەزانن چونکە زۆربەی ئەوە پێگانە لە بن ئەرزن و ئاسان نیە موشەکیان پێبکات. بەڵام ئاوەها لێدانێک لە لایەن ئیسرائیلەوە مەحاڵ نیە و ئە ووڵاتە لە ڕووی تەکنەلۆژیا و توانای سەربازییەوە ئەوەندە پێشکەوتووە کە بتوانێن ڕێگایەک بۆ لێدانی ئەو پێگانە بدۆزێتەوە.
ئێران لە حاڵی حازردا دەییان پێگەی ئەتۆمی هەیە کە زۆربەیان لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتەن. هەڵبەتە بەشێک لە پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئاشکرا نین و بە نهێنی ماونەتەوە. یەکێک لەو پێگانە کە بۆی هەیە لە ئەگەری لێدانی مەترسی بۆ سەر رۆژهەڵات و باشوری کوردستان دروستبکات، پێگەی بۆنابە. ئەم پێگەیە بەگوێرەی زانیارییە ئاشکراکان بۆ مەبەستی توێژینەوەی کشتوکاڵ بەکاردەهێنرێت،. بەڵام دەبێت گریمانەی ئەوە بکەین کە هاوکات دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی یەکێک بێت لە ئامانجەکانی. لە حاڵەتی لێدانی ئەم پێگەیە، بۆی هەیە مەواددی ئەتۆمی بە دەیان کیلۆمەتری دەوروبەری ئەو پێگانە بڵاوببێتەوە و کاریگەری تەندروستی کوشندە و درێژخایەن دروستبکات.
تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی یا بڵاوبوونەوەی مەوادی نەوەویی کاریگەری کوشندەی هەیە کە پەیوەستە بە نزیکیی مرۆڤ لە ناوەندی تەقینەوەکە و خێرایی و ئیتجاهی با. بۆ نموونە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەی بۆناب، خێرایی با لەو رۆژەدا و ئیتجاهەکەی کاریگەری گەورەیان ئەبێت لەسەر بڵاوبوونەوەی مەوادی ئەتۆمی بە ناوچەکانی دەوروبەردا. بەدڵنیایەوە شارەکانی مەهاباد و بانە و نەغەدە کاریگەرییان لەسەر دەبێت و بەپێی خێرای با بۆی هەیە ئەو مەوادانە بگەنە سۆران و ڕانیە و قەڵادزێ و سلێمانیش.
کاریگەرییە تەندروستیەکانی تەقینەوەی ئەتۆمی بۆی هەیە ببێتە هۆی مردن ئەگەر کەسەکە زۆر لە ناوەندی تەقینەوەکە نزیک بێت. ئەوانەی کە بە کیلۆمەترێک یا زیاتر لێیەوە دوورن بۆی هەیە توشی سووتانی پێست بن. ئەوانەی کە دوورترن دەشێ کاریگەریی مەوادە ئەتۆمێکان ماوەیەکی زیاتری بەوێت بۆ ئەوەی دەرکەوێت و بۆی هەیە ببێتە هۆکاری شێرپەنجە ، نەزۆکی و دەیان حاڵەتی نەخوازرای دیکە.
لەم دۆخەدا، دوورکەوتنەوە لەسەر سەنتەری تەقینەوە ئەتۆمییەکان باشترین و کاریگەرترین ڕێگایە بۆ خۆپارێزی لە کاریگەرییە تەندروستیەکانی ئەم چەکە کوشندەیە. هاوکات، پێویستە بۆ ماوەی بەلای کەمەوە ٢٤ کاتژمێر ئەو کەسانەی کە نزیکن لە سەنتەری ڕوودانی تەقینەوەکە، نەچنە دەرەوە و خۆیان لە تۆز و خۆڵی پیسبوو بە مەوادی ئەتۆمی بپارێزن.
هیوادارین هەرگیز تەقینەوەی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکە و هیچ شوێنێکی جیهان ڕوونەدات. بەڵام ئەم جیهانەی ئێستا تێیدا دەژین رۆژ لە دوای رۆژ نائارامتر و ناسەقامگیرتر دەبێت و ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەی ئەتۆمی لە هەموو کات زیاترە. بۆیە دەبێت هەموومان ئامادەکاری بۆ ئەگەرێکی ئەوتۆ بکەین و خۆمان لە کاریگەرییە تەندروستیەکان ئەو جۆرە چەکە کوشندەیە ئامادەبکەین.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر