Home بیروڕا لەداونان

لەداونان

by admin
0 کۆمێنت 25 بینینەکان

هۆمەر محەمەد:
بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی کۆڵۆنیالستی و پەرتکەوزاڵبەوە کورد ماندووە، هەر بۆیە بیرناکاتەوەو لەم چاڵ دێتەدەرێ و دەکەوێتە چاڵێکی ترەوە، زۆر زوو بە داوەوە دەبێ، داوی گەورەو داوی بچوک. دەوڵەتە داگیرکەرەکانیش چۆنیان بوێ ئاوا یاری پێدەکەن و لە داوی دەنێن بەوانەشەوە کە پێیانوایە پێوەنەبوون و بەدەنگی زوڵاڵ دەخوێنن. هۆکاری سەرەکیش هەر (بیرنەکردنەوە) و سود وەرنەگرتنە لە ئەزموون و شکستی رابووردوو. گرفتەکە ئەوەیە وەک (سیاسی)یەکان زوو زوو لەداو دەنرێن، روناکبیرو ڕۆشنبیر و بە حساب بیرکەرەوەو ئۆپزسیونەکانیش بێ ئەوەی بچنە قەفەزەوە بەداوێکی درێژترەوە دەبن.
با دوو نمونە بخەمەڕوو:
(١)- ئاڵای تورکیا بەقەڵای هەولێرەوە:
فەرموو تێڕابمێنن، بزانن چۆن عەوام فریودەدەن ؟! تۆ تەماشاکە ئەمەی ئێستا لە سوشیال میدیا دەگوزەرێ چ حەشرێکە؟ لە (قاودان) و لە(داونان). لەهەرکەس بپرسی کاکە دادە بۆ ئاڵای تورکیا بەقەڵاوە بڵاودەکەیتەوە ؟ لەوەڵامدا پێتدەڵێت: بۆئەوەی ریسوایان بکەم لە قاویان بدەم. بەڵام کەمێک تێڕامان و بیرکردنەوەی دەوێ بۆئەوەی بزانیت ئەوەی نیازی لەقاودانە. بەداوەکەوە بووەو بێ بیرکردنەوە بووەتە ئاڵاهەڵگری تورکیا لەکوێش ؟ لە ماڵی خۆیەوە، لەفەیسبوکی خۆیەوە، بووەتە پۆستەچی پەیامی تورکیا هەڵگری ئاڵای تورکیا بەقەڵای دێرینی نیشتمانی خۆیەوە، پیاوانی تورکیاش تەماشاکاری پۆستەچییەکانیانن بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدەن !
خۆزگە شارەزایانی بواری داتاو ئامار ئەژماریان ڕادەگرت، هەتا بزانین لە ماوەی ئەم شەوو ڕۆژەدا چەند ملیون جار ئاڵای تورکیا لەسۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە ؟ لەو بروایەدام دووهێندەی هەوڵی ساڵێکی دەوڵەتی تورکیا بەحساب نەیارەکانی ئاڵای تورکیایان بڵاوکردووەتەوە.
ئینجا بریا هەر ئەوەندە بوایە، لەوە مەترسیدارتر ئەوەیە نەیارەکانی پارتی و تورکیا، قەڵای دێرینی هەولێر بەرەنگی سورو ئاڵای تورکیاوە بڵاودەکەنەوە !
گوایە دەتەوێ بیسەلمێنی تورکیا هەولێری داگیرکردووە؟ خۆ ناشێت هەتا ئێستا نەتزانیبێ؟ ئەگەروابێ ئەوا بەم ئاڵایەش هەر نایزانی، ئاڵاو سیاسەتی تورکیا زۆر دەمێکە بەبەژن و باڵاتەوەیە، لەسەر سفرەی نانخواردنتە، بە شاشەی تیڤی ماڵەکانتانەوەیە، لەژوری میوان و ژوری نوستنەکەتدایە بەدراماکانی هاتووەتە ناو مۆختانەوە. تەنها بەقەڵای هەولێرەوە نەبوو، ئەوا گەیشتە سەردیواری قەڵاش.
پارتی بە ئاشکرا لایەنگری تورکیایە، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە تورکیا پارتی لەهەرمەترسییەک دەپارێزێ، هەتا ئەوکاتەی ئیشی پێیەتی بەچەکیش پشتیوانی مانەوەی دەکات. ئەمە پێویستی بەتێڕامانە نەک لەقاودان.. ئێ چ پارتی خەڵکی کورد ریسوابکا و چ خەڵکی کوردستان پارتی ریسوا بکەن هەر لە قازانجی دەوڵەتی تورکیایە…پارتی دەیەوێ چ بڵێت ؟ دەیەوێ بەو ئاڵاو رەنگەسورەی قەڵا پەیام بداتە عێراق ؟ ئێ ئەوەش هەر خۆکوژییەکی سیاسیە چونکە لەسەر ئاستی کوردستان (ئێران ، عێراق، تورکیا، سوریا) داگیرکاری کوردستانن، لەسەر ئاستی دەوڵەتیش هەرگیز لەبەرخاتری چاوی کاڵی پارتی و هیچ حزبێک بەرژەوەندی خۆیان تێک نادەن. ئەگەر رێککەوتنێکیش بێت هەتا دەوڵەتی عێراق وەستابێ دەوڵەتی تورک حساب بۆ پارتی ناکات.
(٢)- نمونەی دووەم: بوون بەپۆستەچی داعش.
کاتی هەڵتۆقینی داعش و بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆو فۆتۆکانیان کە خەڵکیان سەردەبری و ئەشکەنجەیان دەدان و وێنەیان دەگرتن، توانای بڵاوکردنەوەیان لەلای داعشەوە سنورداربوو، بەڵام بە ملیونان کەسی بەحساب دژە داعش ببوونە پۆستەچی و نامەبەری پەیامە خوێناوی و ترسناکەکانی داعش.. داعش تەلەفزیونی نەبوو هەموو کەناڵەکانی باشور بەحزبی و بەناو ئۆپزسیون و ئەهلییەوە ببوونە مینبەری داعش. گرفتەکە ئەوەبوو کەهەمووان بەو نیازە بڵاویان دەکردەوە کە گوایە خەڵک هوشیار ببێتەوە، بەڵام هەرگیز نەیاندەتوانی ئەوە بسەلمێنن کە ئەم وێنانە هەتا یەکێک هۆشیار دەکەنەوە هەزارکەس بەچۆکدادەهێنن و هەزاران کەس توشی نەخۆشی دەرونی و دڵەڕاوکێ دەکەن .. ئێ ئەوەی داعشیش دەیوست هەرئەوەبوو کە خەڵک بزانن داعش هێزێکی بکوژوببرەو سەری هەرکەس لەلاشە جیادەکاتەوە کەنەیاری بێت.
ئەی چی بکەین باشە ؟
وێنەی قەڵای هەولێر بەئاڵای تورکیاوە بڵاومەکەرەوە، لەبەرانبەردا وێنەی قەڵا دابنێ بەبێ ئاڵای تورکیا.. یاخود بەئاڵای تورکیاوە بلاوی بکەرەوەو زەربێکی پێدا بهێنە. بەمەش هەم بەپارتی دەڵێیت قەڵای هەولێر هی تۆ نییە هەم بەتورکیاش دەڵێیت: ئەوەی پێشوازی لە ئەردۆگان دەکات پارتییە، دەنا خەڵکی کوردستان نەفرەتی لێدەکات.
تورکیا بەم کارەی دەیەوێ دوو نیشان بشکێنێ، یەکەم بە عێراق و دونیا بڵێت کورد لەگەڵ ئێمەن، ئەوە پایتەختەکەیان بەئاڵای تورکیاوە.. ئەوە ئاڵای تورکیا بەدێرینترین شوێنەوارییانەوە. دووەمیش دەیەوێ درزی نێوان خەڵک وپارتی ئەوەندی تر فراوان بکات و خەڵک و پارتی بەگژیەکدا بکات و خۆشی تەماشاکار بێت.

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر