Home بیروڕا سەردەشت عوسمان سیمبولی درەوشاوەی ویستێکی قووڵە بۆ گۆڕانکاری

سەردەشت عوسمان سیمبولی درەوشاوەی ویستێکی قووڵە بۆ گۆڕانکاری

by admin
0 کۆمێنت 40 بینینەکان

١٤ ساڵ دوای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان
سەردەشت عوسمان سیمبولی درەوشاوەی ویستێکی قووڵە بۆ گۆڕانکاری
بەکر عوسمان:
چواردە ساڵ لەمەوبەر، لە ڕۆژێکی پەڵەدار بە کارەسات و نادادپەروەری، دەنگێکی بوێرانەمان بۆ ئازادی و یەکسانی لەدەستدا. سەردەشت عوسمان، ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەری بوێر لە ٥ی ئازاری ٢٠١٠ بەدەستی سەرانی دەسەڵاتی کوردی تێرۆر کرا.
سەردەشت عوسمان بە ڕۆژێکی ڕووناک لە شەقامەکانی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بە بەرچاوی خەڵک و پۆلیس لەبەر دەرگای کۆلیژەکەی، لەلایەن چەتەکانی کوردایەتی ڕفێندرا. چەند ڕۆژێک دواتر تەرمی بێ گیانی لە شاری موسڵ دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەدانی لەسەر بوو. ئەو بە فیشەکێک لە نێو دەمی تیرۆر کرا وەک هێمایەک بۆ تۆقاندنی هەموو دەنگێکی ناڕازی.
پاش ١٤ ساڵیش سەردەشت بۆ کەسوکار و بگرە سەرجەم جەماوەری کوردستان نەک هەر کەیسێکی لەبیرکراو نییە، بەڵکو هەرگیز کۆنیش نابێت. ئەو سیمبولێکی نەمری تێکۆشانی ئێستا و خەونی داهاتووی ستەملێکراو و بێ بەشکراوانی کۆمەڵگای ئێمەیە. سەردەشت وەک سۆران و کاوە و ویداد و جیهان و چەندین ئەستێرەی تری کاروانی بەرەنگاربوونەوە و خەباتی جەماوەری ستەملێکراوو خێرنەدیوی کوردستان گیانیان نایە پێناوی درکاندنی ڕاستیەکان و دەنگ هەڵبڕین لەبەرانبەر نایەکسانی، بێ دادی و زەوتکردنی ئازادیەکان.
سەردەشت چاوێکی ورد بین و ڕۆشن بینی نەوەی نوێی کوردستانە. نەوەیەک کە سەرەڕای کێوێک لە وەهمی هەموو ڕۆژە هەڵڕێژراو و داسەپاو بەسەر کۆمەڵگادا، سەرەڕای زریانێک لە چەواشەکاری بۆ پاساودانی نایەکسانی و ستەم، ئەستەمە چۆک دابدات و پەراوێزبوون و پلەدوو بوون و بن دەستی قەبوڵ بکات. سەردەشت چاوێکە هەمیشە دەکرێت ڕاستیەکانی پێ ببینرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕوونتریش دەبینێت. لەو کاتەوە سەردەشت تیرۆرکراوە ماشینی هاڕینی سادەترین بەها ئینسانیەکان لەناو کۆمەڵگای کورستاندا یەک چرکەش نەوەستاوە. ئەگەر ئومێدەوارانێکی کاڵفام و ساویلکەش هەبووبن کە مانای قوڵی بێ ئومێدی نەوەی سەردەشتیان بە دەسەڵات و دامەزراوە عەشیرەتی و مافیاییەکانی کوردستان درک نەکردبێت، ئەمڕۆ و پاش چەندین تاوانی بێ پاساوی تر و پێ داگیری باندە مافیاییەکان لەسەر هەژارهێشتنەوە و لەمەینەت نغرۆکردنی کۆمەڵگایەکی چەند ملیۆنی تەنها هەلپەرستان‌و بەکرێگیراوانی دەسەڵاتن کە دەتوانن حاشا لە ڕاستیەکان بکەن.
سەردەشت لە هەمان کاتدا ئیرادە و ویستێکی قووڵە بۆ گۆڕانکاری کە ئەمڕۆ لە دڵی سەدان هەزار کچ و کوڕ لە کوردستان شەپۆل دەدەن. لە دونیایەکدا گەندەڵی و ستەم و زوڵم ناڵەی دێت، سەردەشت عوسمان بوێریەکە کە لە دژی نادادپەروەری دێتە زمان، هەوڵێکە و خەباتێکی بێ وچانە بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕاماڵینی دامەزراوە و فەرهەنگێکی کۆنی ژەنگگرتوو و داڕزیو. ناڕەزایی و بەرەنگاریەکە کە ئۆقرە ناگرێت تا لە ڕیشەوە تەواوی دۆخەکە نەگۆڕێت. تا خەونەکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بەدی نەیەن، سەردەشت هەمیشە ئێستایە، هەرگیز نابێتە ڕابردوو.
بەڵام سەردەشت جگە لە سیمبولبوونی کەیسێکی بەرجەستە و زیندووشە. لە ئەمرۆکەدا لە چواردەمین ساڵیادی تیرۆری سەردەشتدا، هەموان دەزانن بکوژانی سەردەشتەکان سەرانی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکاری خێڵەکی ئیستان. بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان و دانپێدانانی چەندین دەستوپێوەندی خۆیان بە ئاشکرا بۆ مێدیاکان، ناو و وێنەی بکوژانی سەردەشت و سەردەشتەکانیان ڕاگەیاندووە. ئەوان خۆشیان نکۆڵیان لەو ڕاستیە نەکردووە. تەنها زوڕناژەنەکانیانن دەیانەوێ وا پێشان بدەن ئەو تاوانە بە نەزانراوی و تەموومژاوی بهێلنەوە، بۆ ئەوەی ڕووی ئەوەیان هەبێ لەبەرامبەر خەڵکدا لە پشتی ئەو تاوانکارانە بوەستن.
دۆسیەی دادگایکردنی بکوژانی سەردەشتەکان، دۆسیەی دادگایی کردنی سەرانی دەسەڵاتی کوردی و دەستوپێوەندەکانیانە. پلانی ئەو هەموو تاوانکاری و خوێنڕێژیە، تیرۆری هەر دەنگێکی ئازاد، زیندانی و بێدەنگکردنی هەر ناڕەزایەتی و داواکاریەکی گەنجان و خەڵکی کوردستان. لە پێناوی درێژەدان و سەپاندنی دەسەڵاتی مافیایی و گەندەڵی تاڵانکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستانە. دۆسیەی سەردەشت بەو هەموو پاشخانەوە کە هەیەتی تازە لەوە دەرچووە کە دۆسیەی تەنها ئێمە خێزان و کەس‌وکاری سەردەشت بێت. دەسەڵاتداران خاترجەم بن لەوەی کە پیلانەکانیان و سیناریۆکانیان کە هەرساڵە لەسەرووبەندی ساڵیادی سەردەشتدا ئەڵقەیەکی نوێی پینەوپەڕۆ دەکرێت، نەک تەنها ڕێگا لە مکوڕی و پێداگری ئێمە و خەڵکی کوردستان لەسەر بە سەرەنجامگەیانی ئەو کەیسە و سزادانی تاوانکاران کەمناکاتەوە، بەڵکو بۆ ساتێکیش زەینی ئێمە بەلاڕێدا نابات.
یاد و ڕێوڕەسمی سەردەشتەکان، لەگەڵ دۆسیە و پەیامەکانیاندا دەژی. ئەو کاتەی قسە دەمرێ، تەنها شۆرشە بەهاکەی دەگەرێنێتەوە، ئەوان ویستیان قسەکانی سەردەشتەکان بمرێ. بەڵام هەر قسەیەک و یاد و ساڵڕۆژێکی یادی ئەوان، کاتی هەڵگرتنی ئاڵای شۆڕشی سەردەشتەکانە بۆ بنیاتنانی دونیایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بۆ ژیان‌ و کوردستانێکی باشتر.

مەرگ و شەرمەزاری بۆ بکوژانی سەردەشت!
بەرز و بەرێز بێت یاد و ڕێگای سەردەشتەکان!

بەکر عوسمان
٢ی ئایاری٢٠٢٤

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە

پەیوەندی زیاتر