هۆمەر محەمەد:
ئایا جیاوازی لەنێوان فیلمی سینەمایی و فیلمی دراماو زنجیرەی تەلەفزیونیدا هەیە؟ رەنگە بەگشتی بینەرانی هەردووک هونەرەکە هەست بە جیاوازییەکەی نەکەن، ئەوەش هیچ نەنگییەکی تێدانیە، چونکە هێشتا بەگشتی هەندێک لەوانەش، کەلەکایەی هونەردا کاردەکەن زۆر هەست بەو جیاوازییانەی نێوانیان ناکەن.
دوێنێ شەو لەدانیشتنێکی هاوڕێیانەدا گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی سیناریۆی فیلم دامەزر، بەڵام ئەفسوس لەبەر قەرەباڵغی و زۆری بەشداران، نەمتوانی باش لەیەک تێبگەین، منیش نەمتوانی بیروراکانم بەوردی بگەیەنم، بۆیە لێرەدا هەم بۆ ئەو هاوڕێیانەو هەم بۆ خوێنەرانی ئازیزیش بەپێویستی دەزانم، خاڵی جیاواز و لێکچوو، یاخود خاڵی دژو هاوبەش، لەنێوان سینەماو درامای تەلەفزیونی بخەمەڕوو، راستترە بڵێین: جیاوازی لە نێوان (زمانی سینەما و زمانی درامای تەلەفزیۆنی)دا.
لێرەدا هەوڵدەدەم بەکورتی خاڵی هاوبەش و جیاوازن لەنێوانیاندا بخەمە ڕوو، چونکە بۆهەریەکەیان چەندین توخمی بنەرەتی هاوشێوە هەیە، بەڵام لە هەندێک خاڵی گرنگیشدا جیاوازن.
خاڵی لێکچوو:
توخمە بینراوەکان و توخمە دەنگیەکان: چ فیلمی سینەمایی و چ درامای تەلەفزیۆنی بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، پشت بەوێنەی جوڵاو و دەنگ و ڕەنگ و مۆزیک دەبەستن، ئەمەش بۆگەیاندنی ئایدیای نوسەرو دەرهێنەرە بەبنیەر، یاخود گەیاندنی چیرۆکەکەو کاریگەری لەسەر هەستی بنیەران. هەلبەت هەردوک هونەرەکەش پێویستیان بەسیناریست و دەرهێنەر هەیە.
توخمەکانی گێڕانەوە:
هەردوکیان، فیلمی سینەمایی و درامای تەلەفزیۆنی پێویستیان بە تەکنیکەکانی گێڕانەوە هەیە، وەک کارەکتەر، پڵۆت، خستنەڕوو، ململانێ، هەردوکیشیان دیالۆگ بەکاردەهێنن بۆ بنیاتنانی ستراکچەرو گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوو.
وێنەگرتن و مۆنتاژ:
هەردوو فیلمی سینەمایی و تەلەفزیۆن وێنەو قەبارەی وێنەو گۆشەی جیاوازی کامێرا بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر بینەر، هەردوکیان پێویستیان بەتەکنیکار وتیمی کار (کرو) هەیە، هەردوکیان پێویستیان بەمۆنتێرو مۆنتاژ هەیە، لەهەردوکیاندا مۆنتاژ تەنها ئەرکی بەیەکەوەگرێدان و پێکەوەبەستنەوەی دیمەن و وێنە نییە، بەڵکو لە پێناوی دروستکردنی گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوو یەکگرتوودا، پێویستیان بەئایدیای مۆنتێر هەیە، چونکە نوسەرو دەرهەێنەرو مۆنتێر سێ کەسایەتی گرنگی سەرخستنی چیرۆک و باش گێڕانەوەن.
نواندن(ئاکتین):
نواندن گرنگترین رەگەزی فیلمە جا سینەمایی، یاخود درامای تەلەفزیونی بێت، ئەکتەر لەهەردو بوارەکەدا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕێت، چ فیلمی سینەمایی و چ درامای تەلەفزیۆنی بەبێ بوونی ئەکتەر و بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکانیان دروست نابن، توانای نواندن و نمایشکردن لەروی جەستەیی و سایکۆلۆژییەوە، بە جوڵەو دیالۆگ یاخود بە جەستەو دەنگ دەتوانن چیرۆک بگێڕنەوە.
جیاوازیەکان:
بەرهەمهێنانProduction :
فیلمی سینەمایی پێویستی بەپارەی زۆرتر، یاخود بودجەیەکی گەورەترە، لەفیلمی سینەماییدا تەکنیکی ئاڵۆزتر بەکاردەهێندرێت و کاریگەریشی تایبەترە. بەڵام دراماو زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان بەگشتی بە بودجەیەکی بچووکتر و پارەیەکی کەمتر بەرهەم دەهێنرێن، ئەمەش ڕەنگە ئەگەرەکانی بەرهەمهێنان سنووردار بکات. هەڵبەت داهاتی فیلمی سینەماییش زیاترە.
ماوەی نیشاندان:
فیلمە سینەماییەکان ماوەی نیشاندانیان دیاریکراوە، لەکاتێکدا زنجیرەو دراما تەلەفزیۆنییەکان لە چەند ئەڵقەیەک پێکدێن. سینەماییەکان لەهۆڵەکاندا نیشان دەدرێن بەڵام فیلمە تەلەفزیونیەکان لەشاشەکانی تیڤی نیشان دەدرێن .
دووبارەکردنەوە:
فیلمە سینەماییەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پیشان دەدرێن، لە کاتێکدا دراوماو زنجیرە تەلەفزیۆنییەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر دووبارە و سێبارەو چەند بارە پیشان دەدرێنەوە.
کاریگەری :
بینەر ئەزمونێکی سەرکەوتووی لەگەڵ سینەمادا نییە یاخود بینەری فیلمی سیینەمایی نوخبەیاخود تایبەتمەندە، بەڵام درامای تەلەفزیۆنی کارلێکێکی زیاتری لەگەڵ بینەردا هەیە، یاخود لەگەڵ ئەوانەدا کەبەدیار شاشەی تەلەفزیونەوەن ئەمە جگەلەوەی لە ڕێگەی ڕیکلام و بەرنامەکانەوە زیاتر ئاشنا دەبێت.
کاریگەری پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان:
تەکنەلۆژیاو ئامێری دیجیتاڵی: پەیدابوونی تەکنەلۆژیاو ئامێرە دیجیتاڵیەکان، درزی نێوان سینەما و درامای تەلەفزیۆنی زیادکردووە، چونکە بەرهەمهێنان و ناوەڕۆک و کوالیتی بەرز بە تێچووی کەمتر ئاسانتر بووە.
تۆرەکان و کەناڵەکان:
پەیدابوونی ئۆنلاین کەناڵ و پلاتفۆرمی وەک نێتفلێکس و ئەمازۆن پرایم ڤیدیۆ، کاریگەری و گۆڕانکاری زۆری لە شێوازی بینینی فیلم و درامای تەلەفزیۆنی خەڵکدا هێناوە، ئەمەش خواستی لەسەر ناوەڕۆکی فیلمی ڕەسەن و فیلمی هەمەجۆر زیاد دەکات.
جیاوازی نێوان سینەماو دراما
124