Home ساڵیادی سەردەشت 2024 لە شارۆچکەی کەلار چواردەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کرایەوە

لە شارۆچکەی کەلار چواردەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کرایەوە

by admin
0 کۆمێنتەکان 80 بینینەکان

لەسەر گڵکۆی کاوە گەرمانیی سەردەشت عوسمان بە شکۆوە بەبیرهێنرایەوە

کەلار:لە شارۆچکەی کەلار لەسەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانیی، ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان کرایەوە، برایەکی کاوە گەرمیانی ڕایگەیاند: لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین، هەتا سزادانیی هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووساندا.

ئێوارەی ئەمڕۆ، لە ١٤ـەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهدی قەڵەم سەردەشت عوسماندا، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و ئازادیخوازان لەسەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە گۆڕستانی کەلاری کۆن لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، مەڕاسیمێکیان ئەنجام دا.

کاروان ئەحمەد برای شەهیدی قەڵەم کاوە گەرمیانی لە مەڕاسیمەکەدا وتی: ئەمڕۆ ١٤ ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید سەردەشت عوسمان لە هەولێر تێدەپەڕێت، لە ماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەوانەی دەستیان هەبووە لەو تیرۆرەدا دەبێت دادگایی بکرێن و بە سزای خۆیان بگەن.

وتیشی: سەردەشت ١٤ ساڵە بە زیندوویی ماوەتەوە لەنێو هەموومان و یادی دەکەینەوە، ئامانجی دەسەڵات لە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە، بەڵام خۆشبەختانە ڕۆژنامەنووسان ئەو ترسەیان تێپەڕاندووە و لە هەموو ناوچەکان کاری خۆیان دەکەن و ناشرینییەکانی دەسەڵات پیشان دەدەن، هەرچەندە ڕووبەڕووی گرتن و تیرۆرکردنیش بوونەتەوە لە ڕابردوودا.

لەکۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کرد: بەداخەوە لەم ساڵڕۆژەدا ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لە پاشەکشەدایە، چەندین ڕۆژنامەنووسی وەک سلێمان ئەحمەد لە زینداندان و پێویستە ئازاد بکرێن، مەترسی ڕۆژنامەنووس تەنها لەسەر گەندەڵکارانە و پێویستە دەسەڵات دەستهەڵبگرێت لە تیرۆرکردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان.

ب.گ

سەرچاوە: وێبسایتی ڕۆژ نیوز

لێدوانێک بەجێ بهێلە