Home ساڵیادی سەردەشت 2024لە شاری هەولێر یادی چواردەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کرایەوە

لە شاری هەولێر یادی چواردەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان کرایەوە

by admin
0 کۆمێنتەکان 123 بینینەکان

لەسەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان ساڵیادەکەی بەرز ڕاگیرا

هەولێر: بە بەشداری خانەوادەکەی و ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان، لەسەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان، بە مەڕاسیمێکی شکۆدار یادی بەرز ڕاگیرا و ڕایانگەیاند، کاتی هەڵگرتنی ئاڵای شۆڕشی سەردەشتەکانە بۆ بنیاتنانی دونیایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بۆ ژیان‌ و کوردستانێکی باشتر.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی گردعازەبان لە شاری هەولێر، لەسەر گڵکۆی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمان، بە مەڕاسیمێکی شکۆدار بە ئامادەبوونی خانەوادەکەی و ڕۆژنامەنووسان و ئازادییخوازان، یادی ١٤ـەمین ساڵەی تیرۆرکردنی کرایەوە.

لەسەرەتای مەڕاسیمەکەدا، سەرکەوت عوسمان لێدوانی خانەوادەی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسمانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، ١٤ساڵ دوای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان سەردەشت عوسمان سیمبولی درەوشاوەی ویستێکی قووڵە بۆ گۆڕانکاری، پاش ١٤ ساڵیش سەردەشت بۆ کەسوکار و بگرە سەرجەم جەماوەری کوردستان نەک هەر کەیسێکی لەبیرکراو نییە، بەڵکو هەرگیز کۆنیش نابێت، ئەو سیمبولێکی نەمری تێکۆشانی ئێستا و خەونی داهاتووی ستەملێکراو و بێ بەشکراوانی کۆمەڵگای ئێمەیە، سەردەشت وەک سۆران و کاوە و ویداد و جیهان و چەندین ئەستێرەی تری کاروانی بەرەنگاربوونەوە و خەباتی جەماوەری ستەملێکراوو خێرنەدیوی کوردستان گیانیان نایە پێناوی درکاندنی ڕاستیەکان و دەنگ هەڵبڕین لەبەرانبەر نایەکسانی، بێ دادی و زەوتکردنی ئازادیەکان، سەردەشت چاوێکی ورد بین و ڕۆشن بینی نەوەی نوێی کوردستانە.

ئاماژەی بەوەشدا، دۆسیەی سەردەشت بەو هەموو پاشخانەوە کە هەیەتی تازە لەوە دەرچووە کە دۆسیەی تەنها ئێمە خێزان و کەس‌وکاری سەردەشت بێت، دەسەڵاتداران خاترجەم بن لەوەی کە پیلانەکانیان و سیناریۆکانیان کە هەرساڵە لەسەرووبەندی ساڵیادی سەردەشتدا ئەڵقەیەکی نوێی پینەوپەڕۆ دەکرێت، نەک تەنها ڕێگا لە مکوڕی و پێداگری ئێمە و خەڵکی کوردستان لەسەر بە سەرەنجامگەیانی ئەو کەیسە و سزادانی تاوانکاران کەمناکاتەوە، بەڵکو بۆ ساتێکیش زەینی ئێمە بەلاڕێدا نابات، یاد و ڕێوڕەسمی سەردەشتەکان، لەگەڵ دۆسیە و پەیامەکانیاندا دەژی، ئەو کاتەی قسە دەمرێ، تەنها شۆرشە بەهاکەی دەگەرێنێتەوە، ئەوان ویستیان قسەکانی سەردەشتەکان بمرێ، بەڵام هەر قسەیەک و یاد و ساڵڕۆژێکی یادی ئەوان، کاتی هەڵگرتنی ئاڵای شۆڕشی سەردەشتەکانە بۆ بنیاتنانی دونیایەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران بۆ ژیان‌ و کوردستانێکی باشتر.

دواتر لەلایەن تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی ئەمریکییەوە وتارێک پێشکەش کرا و تێیدا هاتبوو، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ یادکردنەوەی ژیان و خەباتی سەردەشت عوسمان، گەنجێک کە جوانەمەرگ کرا، گەنجێک بوو بە نموونەی قوربانییدان و نموونەیەک کە چۆن بتوانین بۆ ڕاستی قوربانی بدەین، ئێمە هەرگیز قوربانییدان و خەباتی سەردەشت لەبیرناکەین و هەموو ڕۆژێک هەموو ئەو شتانەی کە لە سەردەشتەوە فێربووین بەرجەستەی دەکەین، لە خەباتی ئازادیی و لەپێناو کۆمەڵگەیەکی باشتر کە قەبووڵی مافی مرۆڤ و ئازادیی دەکات بەرجەستەی دەکەین، تا ئەو شوێنەی کە ماوین دەبێت قسە بکەین، لەو شوێنەش کە تەمەنمان کۆتایی پێ هات با هاوڕێکەم خاڵێکم بۆ دابنێت و بێتە سەر دێڕێکی نوێ و دەست پێ بکاتەوە.

هەروەها ڕووی دەمیان لە حکومەتی هەرێم کرد و وتیان: چۆن حکومەتێک دەتوانێت بانگەشەی دادپەروەریی بکات لە کاتێکدا خوێندکارێکی زانکۆ تیرۆر دەکات کە لەپێناو دادپەروەرییدا تێدەکۆشێت؟ چۆن حکومەتێک دەتوانێت بانگەشەی ئازادیی و دادپەروەریی و مافی مرۆڤ بکات، کە سلێمان ئەحمەد و شێروان شێروانیی و قارەمان شوکری و عەباس عەلی لە ناو زیندانەکانیدان؟.

لە درێژەی مەڕاسیمەکەدا، وتاری پارێزەرانی کەرکووک لەلایەن هەژار کاکەییەوە پێشکەش کرا و وتاری ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هەژار ئەنوەر ڕۆژنامەنووسەوە خوێندرایەوە لەگەڵ پێشکەشکردنی چەندین پەیامی تر، کە تێیدا جەختیان لە درێژەدان بە ڕێبازەکەی شەهید سەردەشت و بەگژداچوونەوەی ستەم و نادادیی کردەوە.

ب.گ

سەرچاوە: وێبسایتی ڕۆژ نیوز

لێدوانێک بەجێ بهێلە