Home بیروڕا بەنەخـــــوێن!

بەنەخـــــوێن!

by admin
0 کۆمێنتەکان 81 بینینەکان

عومەر خەتات:    
ئــەو کاتەی تەمەنم حەوت ساڵان بوو، ملم باریك، زیــقاوڵە، هاروهاجێك بووم، کە نەك خەڵکی گەڕەك بەڵکو هەرچی پشــیلەو مێروولەو زەردەواڵەی گەڕەك هەبوو دەیانناســیم و لە دەستم بێـــزاربوون. ئەوکاتە بــەندە لە پۆلی دوو بووم لە قوتابخانەی مەحوی سەرەتایی. مامۆســـتا فایەق ئەو کات بەڕیوەبەری قوتابخانەی مەحوی بوو. سەرەڕای ئەوەی هاوروهاج بووم بەڵام زیرەکی پۆلەکە بووم و هەموو نمرەکانم ١٠ بوو. بیــرمە رۆژێك کۆمەڵێك قوتابی پۆلی چوارەکان کە لە خۆم گەورەتر بوون شکاتی ئەویــان لێکردم کە گوایا من تاقمم هەیــەو گێچەڵ بەوان دەکەین و ئازاریــان دەدەین. مامۆســتا فایەق زەردەخەنەیەکی بۆیان کردبوو وە پێی ووتبوون “عومەر!!” حەدتتان چیە، ئەو زیرەکی قوتابخانەکەمانە، شتی وا ناکات. یەکێـــك لە قوتابیەکان سوێندێکی زۆری خواردبوو کە گوایا من و تاقمەکەم ئازارمان دابێت، مامۆســتا فایەق پێی ووتبوو، ئێ ئەو زیرەکە تۆ چی! ئیــتر ئەم زیرەکییە بوبووە پاساپۆرتی هاروهاجیم، مادام زیرەکم ئیتر هاروهاجیش بم قەیـــناکا.
باوکم چایخانەیەکی بچکۆلانەی لە ئەسحابە سپی کردەوەو هەڕەشەی لێکردم کە هەموو رۆژێك دوای قوتابخانە بچمە لای ئەوو یارمەتی بدەم. بۆ باوکم مەسەلەکە تەنها ئیش و یارمەتیدانی ئەو نەبوو بەڵکو دەیویســت کەمێ لە سەگە سەگ بکەوم و گلەیی ماڵە دراوسێ و خەڵکی گەڕەکی نەیەتە سەر. ناچــــار هەموو رۆژێك دوای قوتابخانە دەگەیشتمە لای باوکم و شاگردیم بۆ دەکرد. باوکم ساڵی دووجار پێڵاوی بۆ دەکڕیم، جارێك پێش جەژنی رەمەزان وە جارێکیش سەرەتای زستان، بەڵام لێتان ناشارمەوە کە پێڵاوی تازە تەنها مانگێك شەوقی پێوە بوو، پێشەکەی دەڕۆشت و بنەکەشی زۆرجار لێدەبۆوەو ناچار دەمبەردە لای پینەچی بۆ بزمارڕێژ کردنی. باوکم دەیووت هەتیو تۆ لە ماڵ دەردەچیت قوتوویەك دەخەیتە پێش خۆت بەشەق دەهێنیت تا دەگەیتە لای من و کە گەڕایشیتەوە بە شەق دەیبەیتەوە بۆ ماڵەوە ئیتر پێڵاو چۆن بەرگەی تۆ دەگرێت، ملێکم بۆ حیز دەکرد و هیچم نەدەووت.
شەرواڵێکم لە پێـــدابوو بەنەخوێنەکەی لاســتیك بوو، بۆ ئاســانکاریی میزکردن و دەست بە ئـــاو گەیاندن. پاش چەند رۆژێك سەردانی چاخانەکەو ئاشـــنابوون بە دراوسێ دووکانەکان کە زۆربەیان لەو فیتــەرە چەقاوەسووانە بوون کە بە جنێـــو یەکتریــان بانگ دەکرد، کەوتمە ناو دۆخێکی تەواو جیاوازو لە هەمان کاتدا خۆش. دوو دوکان لەولای چایخانەکەمانەوە کابرایەکی ڕەشدێزی باڵا بەرز هەبوو ناوی کاکە حەمە بوو، تۆڕنــەچی بوو، چایی لای ئێمە دەخواردەوە بەڵام “چا” کەی ئەو جیاواز بوو وە باوکم لە قۆریەکی بچووکدا تایبــەت بۆ ئەوی لێدەنــا. “چا” کەی کاکە حەمە دەبوایە وەك قوڕ خەست بوایەو قەترانیش بوایە وەك دوانزەی شەو، هەمیشە کۆمەڵێك شەکری کڵـــۆ لە گیرفانیدا بوو. کاکە حەمە لە سی و دوو دان تەنها دوو دانی مابوو، هەردووکیــان لە پێشەوە بوون. دانێك لەسەرەوە و دانێكیش لە خوارەوە. شەکرێكی کڵۆی دەخستە بەینی هەردوو دانەکەو دوو چای بە یەکەوە دەخواردەوە ئینـــجا ئارام دەبۆوە. ڕۆژێك چووم پیــــاڵەکان بهێنمەوە، لەبەردەم کاکە حەمەدا شەرواڵەکەم کەمێ هاتبووە خوارەوە، بەرزم کردەوەو هێنـــامە سەرەوە. کاکە حەمە کە ئەوەی بیـــنی دەستی کردە توانج هاویشــــتن و بە پێکەنینێکی تەوسئامێزەوە ووتی: ئەوە بەنەخوێنــەکشت لاستیـــکە، هاهاهاهاهاهاها، کەمێ تەریق بوومەوەو پیـــاڵەکانم هێنــایەوەو بە باوکمم ووت ئەبێت لە ســبەینێوە ئەو لاستـــیکە حیزەم بۆ بکەیت بە بەنەخوێن! هەموویان گاڵتەم پێدەکەن، ووتی کێ حەدی هەیە گاڵتەت پێبکات ووتم با کاکە حەمە لاقرتی پێکردووم، ووتی هیچ نیە سوعبەت دەکات لە گەڵت، هەموویان تۆیــان خۆش دەوێت بۆیە سەردەکەنە سەر سەرت. ووتم نا ئیلان و بیلان من بەنەخوێنم دەوێت، ووتی ئاخر ڕۆڵە بەنەخوێن گرێی دەوێت و ئەگەر تووشی گرێ کوێرە بێت ناتوانیت بیکەیتەوەو ئا لەم قســـانە.
بۆ شەوەکەی دیــسانەوە بیانووەکەم بە باوکم گرتەوەو ووتم یەڵڵا بەنەخوێنم بۆ تێکە، من ئیتر بووم بە پیـــاوو شەرواڵی لاستیك لەبەر ناکەم. الحکم للاه باوکم ووتی، هەر بەو شەوە هەستــاو لاستیکەکەی شەرواڵەکەمی دەرهێنــاو پەتێکی گوڵگوڵینی تێکردو فێریشی کردم کە چۆن دەبەسترێت و دەکرێتەوە. ئیتر من لەو رۆژەوە خۆم بە پیـــاو دەزانی، بووم بە خاوەنی بەنەخوێنی خۆم.
رۆژ هات و رۆژ چوو. شەوێك باوکم نۆكی لێــــنابوو، تا توانیم خواردم و شەوەکەشی لەگەڵ کوڕانی گەڕەك چوومەدەرەوە بۆ یاری ئێســقان ڕفێــن، جا چونکە زۆر ڕامکردبووە وە ئارەقیشم کردبوو کەمێ سەرمام بووبوو. بۆ بەیانیــەکەی سکم هاڕەی دەهــات، ئەتووت ڕاوە بەرازی تیا دەکرێت. کالعـــادە دوای تەواوبوونی قوتابخانە چووم بۆ چایخانەکەو یارمەتیدانی باوکم. پێچەکەی سکم زیــادی کرد، ئەگەرچی ناوە ناوە دەرگام بۆ شینە تس دەکردەوەو ئارامییەکی کاتیی دەگەشتە بەدەنم بەڵام ئیتر ڕێگەچارەی ترم نەما، دەبوایە ئاودەستێکم پەیدا بکردایەو خۆم خاڵی بکردایەتەوە، نزیكترین شوێن مزگەوتەکەی دوودەرگا بوو. بە پەلە بەرەو مزگەوت بەڕێ کەوتم، ئەوەندە تەنگەتاوو بووم نەمدەوێرا ڕابکەم، هەرچی هێزی بەدەنم هەبوو لە دەوری قنم کۆم کردبوونەوە، بەڵام فشارەکە تا دەهات زیــادی دەکرد. بە پەلە خۆم کردە مزگەوتەکەو یەکســـەرە بۆ ئاودەستەکان. هەر کە گەیشـــتمە ئەوێ بەرچاوم ڕەش داگەڕا، بیـــــنیم هەر ئاودەستەو سێ بۆ چواری کەسی بەدەورەوەیە، وەکو پشیلەی ترســـاووم لێهاتبوو، چاوێکم ببووە هەزار چاو، خواخوای ئاودەستێك بووم چۆڵ بێت. لە لای ئاودەستێك وەســـتام دوو کەسی لەبەردەمدا بوو، هەر کە کابرا هاتە دەرەوە یەکســـەرە خۆمم پیــاکردو دوو پیاوەکەش کۆمەڵێك جنێوی فرێشیان کردە شوێنما. بەنەخوێنـم دەرهــــێناو هەوڵمدا بیکەمەوە، لە پەلەپروزێی خۆمدا وەك چۆن وایەری محەویلەی کارەبایەك رادەکێشیت، ئاوا بەنەخوێنە گوڵگوڵینم بە هەموو هێزم ڕاکێشا، وەللە نەك هەر نەکرایەوە، لە بەدبەختی مندا گرێ کوێرەیەکیشی تێ کەوت. ئەوەندەش تووند بەستبووم هیچ مەجالێکی تیــا نەبوو کە شەرواڵەکە بهێـــنمە خوارەوە. ناوچەوانم سوور هەڵگەڕاو هێزیشم لێبڕابوو، وا کیلۆیەك بارووت لەسەر دەرگای سنووری قنم گڕی گرتووەو ئەگەر دانەنیشم ئەوا کارەساتی لێدەکەوێتەوە. هەرچەندم کرد گرێ کوێرەی لەعنەتییم بۆ نەکرایەوە. هەر بەپێوە بووم لە پڕ تسۆنامیــەك لە قۆڵۆنمەوە هەڵیکرد، دەرگای قنمی لە بنا دەرهێناو ووتی فڕڕڕڕڕڕڕڕڕ، وەك پژمینی کابرایەکی تووڕە شەرواڵەکەم پڕ بوو لە گوو، خەریك بوو دەست بکەم بە گریان، هیچم بۆ نەمایەوە بە گۆرەویەکانم دەرلنگی شەرواڵەکەم بەست نەخوازە جۆگەلە بکاتە دەرەوە. بە ملی حیزو بە ترس و بە گەڵاوگەڵ و هێمنی گەڕامەوە بۆ چایخانەکەی باوکم، ترسی ئەوەم هەبوو کاکە حەمەی دراوسێمان یان یەکێك هەستم پێبکات و ببمە گاڵتەجاڕی گوزەرەکە. باش بوو باوکم بە فریام کەوت و بەنەخوێنەکەی بە چەقۆیەك بڕی و پاکی کردمەوەو شەرواڵێكی خۆی لەپێم کرد وئەوەی منیشی شۆرد. ئێوارە باوکم لاستیکێکی هێـــناو کردیە شەرواڵەکەو ووتی ئیتر باســی بەنەخوێن نەکەی. ویســــتم قســە بکەم، بەڵام بە سەیرکردنێك متی کردم.
١١-٥-٢٠٢٠

لێدوانێک بەجێ بهێلە