ڕۆمان ئامینە:
سەردەمی ڕێنیسانس و ڕۆشنگەری، خەونی فراوانی دەسەڵاتخوازی لە سەرانسەری ڕۆژئاوادا پێکهێنا، چونکە بەرهەمهێنان و زانستگەری پێویستی بە دەسەڵات و سەروەرییەکی گەورە بوو کە بیپارێزێت، پێویستی بە کەرەستەی خاو هەبوو بۆ بەردەوامی بەرهەمهێنان، پێویستی بە بازاڕبوو بۆ ساغکردنەوەی بەرهەم، هەموو ئەمانەش خۆراکیان دەدا بەئۆتۆریتە تازە خۆگرتووەکانی ئەوروپا، کە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە شەڕی ناوخۆیی بەدووی باڵانسی هێز و سەقامگیریدا بوون، ئەوەش تەنها بە بەرهەمهێنان و پاوانی داهێنان بەدیدەهات.
لێرەوە زانست و داهێنان و تەکنەلۆژیا تەواوی دنیای دابەش کرد بۆ سێ بەش، کرۆک ، پەیوەستبوو، دابڕاو. کە ئەمە لە تیۆرەکەی بارنێتدا بە درێژی باسی لێدەکرێت. بارنێت لەو بڕوایەدایە کە بزافی جیهانی بەشێوەیەکی سەیر و خێرا هەموو جیهان دەبڕێت و بوونیادی ستراتیژیکی جیهانی بەشێوەیەک دەستکاری دەکەن. بارنێت لەو بڕوایەدایە کە ئەمریکا و ئەوروپا بەشی کرۆک پێکدەهێنن، سەرجەم کۆدەکانی زانست، تەکنەلۆژی، کەرەستەی خاوی سەرزەمی، سەرمای،ناوەندەکانی بڕیار لەوێدا گل دراوەتەوە و مۆنۆپۆل کراوە.
بەشی پەیوەست، بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات وەک ئۆکراین و پۆڵەندا و ڕووسیا، وڵاتانی ژاپۆن و تایوان و فیلیپین و کۆریای باشوور و چین و ڤێتنام و هندستان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەڕازیل و کۆڵۆمبیا لە ئەمریکای باشوور، ئەمانە بەشی پەیوەست پێکدەهێنن و بڕێکی کەمتر لە بەشی کرۆک، پاوانی سەرمایە و زانست و تەکنەلۆژیایان لەبەردەستدایە و پەیوەستن بە کرۆکەوە.
بەشی سێیەم دابڕاوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەم بەشەدا جێدەگرن، یاخود ئەو وڵاتانەی کە دژی ئەوروپا و ئەمریکان وەک ئێران و کۆریای باکوور و ڤەنزوێلا و یەمەن دەکەونە ئەم هێڵەوە، و دەکرێ بڵێین کەوتوونەتە قەراغی تەوەرەکەوە و بڕێکی ئێجگار کەمی سەرمایەیان تێدا بەگەڕ دەخرێ، وڵاتگەلێکن کە کێشەی سەروەریان هەیە، و زانست و زانیاری و تەکنەلۆژیایان لە بوارێکی سنوورداردا پێدەگات
ئەم پڕۆسێسەی جیهانسازیە لە سەدەی هەژدەوە تا ئەوڕۆ بێ پسانەوە درێژەی هەیە و بووەتە جۆرێک لە ڕاستی، هەر بۆیە فۆکۆیامای تیۆریسیەنی لیبراڵیزم ئەوەی ناونابوو کۆتایی مێژوو، واتە مێژوو ئیدی لەم ڕەچەتەیەدا کۆتایی دێت و ئەمە دوایین ڤێرسیۆنی جیهانسازی و حاکمیەتە. ئەوەش دوای تێکشکانی تیۆرەکانی کۆمۆنیزم و فاشیزم هاتە ئاراوە کە هەرزوو شکستیان هێنا و لەناوچوون. بەڵام ئەوەی کە مایەوە سیستمی جیهانی مۆدێڕن و ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزم بوو.
ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم تیۆرەی بارنێت جۆرێک لە کەتوارە کە ئێمە دوای تێپەڕینی سێ سەدە هێشتا بە هەمان گوڕەوە دەیبینین، و ئەم داشانەی سەر سەحنەکە لەگین نییە شوێنیان بگۆڕدرێتەوە، لایەنی کەم وڵاتانی بەشی کرۆک بە هەمان نەفەسەوە لە کرۆکی زانست و تەکنەلۆژیا و پێشەنگایەتی مۆدێڕن و پاوانی سەرمایە و دەسەڵات و کەرەستەی خاودان، وڵاتانی بەشی پەیوەستیش بە جۆرێک لە مۆدێرنیزاسیۆنی وەرگیراوەوە خەریکن و لە زۆر پانتاییدا بە تەواوی تەسلیمی کرۆک بوون، لە هەندێ پانتایی وەک کەلتوور و دابونەریتیشدا بە ڕێژەیەکی هەندەکی پەیوەستی کرۆکن، وڵاتانی بەشی دابڕاویش لە ئەوجی قەیران و کائۆسدا گیریان داوە و هێشتا لەنێو دنیای نەریت و ئاین و نەداریدا گینگل دەدەن.