Home بیروڕاسۆسیالیستەکان و پرسی ئایین

سۆسیالیستەکان و پرسی ئایین

by admin
0 کۆمێنتەکان 283 بینینەکان

ئەکرەم سەعید:    

[لە ئاییندا مرۆڤەکان ملکەچی ئەو خودایەن کە ئەقڵی خۆیان دروستی کردووە، لە سەرمایەداریدا مرۆڤەکان ملکەچی ئەو شمەکانەن کە بەرهەمی کاری دەستی خۆیانە.] – مارکس.
ئەوە بەڵگە نەویستە کە ئلیتێک کتێبەکانی مارکس دەخوێنەوە، ئەما زۆربەی خەڵکی وا ڕاهاتوون کە گوێگری قسەلۆک بن، کە زۆرجار ئەو کورتەقسانە دوورن لەوەی ڕوانگەی مارکس بە دروستی پێشکەش بکەن. هەروەها ناحەزانی مارکس بیروباوەڕەکەی لە چەند کورتە دەڕبڕینێکدا دەشێوێنن، بەتایبەتی ڕای مارکس دەربارەی پرسی ئایین زۆر شێوێنراوە، نەک تەنها لای ناحەزانی مارکس بەڵکە لای بڕێک لە هەوادارانیشی.
بەشێوەێکی گشتی لە جیهانی سەرمایەداری ئەمرۆدا ڕەوتێکی کۆنەخواز پاڵ بە کۆمەڵگەوە دەنێ پاشەکشە بکات بۆ دواوەو بگەڕێتەوە بۆ زاڵکردنی نەریەتی ئایینی، ئەما لەهەمان کاتدا بزووتنەوەی چینی کرێکاران لە ناڕەزایەتی دژی گران بوونی بژێوی، ڕەوتێکی پێشکەوتووخواز لەتەک خۆی دەهێنێ. بۆیە دیاردەکان و ڕەوتەکانی گۆڕان لە ئاستی جیهانیدا، لە مەیدانی کەلتووردا، ئاراستەی جیاواز و دژبەیەکیان هەیە.
بۆ نموونە لە ئێراندا دوای چەند مانگ لە خەباتی جەماوەر دژی هێماکانی/ نەریەتی سەپێنراوی ئاینی دەوڵەتی سەرمایە، دوێنێ مەلاکان بڕیاریاندا کە کاری (پۆلیسی ئاداب) ڕاگیرێ، بێگومان ئەوە دەسکەوتێکی گرنگەو نۆبەرەی سەرکەوتنی جەماوەری ڕاپەڕیووی ئێرانە، وە هیوادارین سەرکەوتنی زیاتر بەدەست بهێنن.
بەڵام لە جێگای دی دونیا بڕیارەکانی دەسەڵاتدارانی سەرمایە کۆنەپەرستانەیە و نەریەتی ئاینی زاڵ دەکرێ:
۱/ لە تورکیادا ئۆردوگان و حیزبەکەی نیازیان وایە گەر لە هەڵبژاردنی ئایندەدا براوە بن، ئەوا فەرزکردنی حیجاب بکەن بە یاسا.
۲/ دوێنێ لە ئەدونیسیادا پەرلەمانی ئەو ووڵاتە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا کە پەیوەندی سێکسی لە پێش زەواج، و لە دەرەوەی چوارچێوەی ژن و مێردایەتیدا، جورمە و بە تاوان دەژمێردرێت.
۳/ لە ئێراق و هەرێمی کوردستان بڕیاری مافی مارەکردنی فرەژنی بۆ پیاوان قبوڵ کرا.
٤/ زاڵبوونی دیاردەی ڕاستڕەوی توندڕەو لە ئەوروپا و ئەمەریکادا، و گەڕانەوەی ناتنیاهۆ بۆ سەرۆکایەتی حکومەت لە ئیسرائیل، و لە ئیتاڵیاش جۆرجیا میلۆنی بە دروشمی ( خودا، نیشتمان، خێزان ) حکومەتی نوێی پێکهێنا.
لێرەوە باسکردنی دیدگای مارکس دەربارەی ئایین باسێکی سوود بەخش دەبێ، لەم کاتانەی ئایین لە دونیادا ڕۆڵێکی گەورە دەبینێ.
لە بنەڕەتدا بەرهەمەکانی مارکس بیروباوەڕێکی زانستی سۆسیالیستییە بۆ یارمەتیدانی چینی کرێکاران تا شۆڕشی سۆسیالیستی بکەن، بەڵام مادام ئەم بەرهەمانە دەزگاێکی فکرییە، ئەوا لە هەلومەرجێکی مێژوویدا کە ئەم مەکتەبە فکرییە ڕەونەقی هەیە و جەماوەر بڕوای پێ دەکات، ئەوا بزووتنەوەی چینەکانی دی بۆ ئامانجی خۆیان سوود لە فکری مارکس وەردەگرن. لێرەوە بە درێژایی مێژووی مارکسیسم جەدەل هەبووە لەسەر ئەوەی کام خوێندنەوەو پڕاکتیک بۆ دیاردەکان و ململانێکانی کۆمەڵگە میتودی سۆسیالیستی کرێکاری مارکسە؟. بۆیە تەنانەت خوێندنەوەو هەڵوێستی عەمەلی سۆسیالیستەکان بەرامبەر کێشەی ئایین جیاواز بووە لە ووڵاتێکەوە بۆ ووڵاتێکی دی یان لە حیزبێکەوە بۆ حزبێکی دی.
زۆرێک لە شارەزایانی فکری مارکس پێشنیاریان کردووە کە جیاوازی بکەین لە نێوان دووتافی فکری مارکسدا:
تافی مارکسی لاو کە بیرۆکەی فەلسەفی مرۆڤدۆستی تێیدا زاڵە، بەتایبەتی لە دەستنووسە ئابووری و فەلسەفییەکان (١٨٤٤)، و مانیفێستی کۆمۆنیست (١٨٤٨).
تافی مارکسی کامڵ کە وەک زاناێکی کۆمەڵایەتی شرۆڤەی ئابووری سیاسی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کردووە، بە تایبەتی لە کتێبی سەرمایەدا.
لە ڕاستیدا هەردوو مارکسەکە یەکن، و هۆکاری جیاوازی دەربڕینەکانی مارکس دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی گەشەو قوڵبوونەوەی بیرکردنەوەیەتی لە نووسینەکانیدا. پرسی ئایین کە مارکس شیکاری بۆ کردووە، باشترین بەڵگەی ئەم ڕایەیە کە یەک مارکس هەیە.
مارکس وئەنگلس وهاوڕێیانی دی لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی وەک زانای سۆسیۆلۆجی شرۆڤەی ئایینیان کردووە، واتە وا شیکاریان بۆ ئایین کردووە کە دیاردەێکی مێژوویی پێویستە لە نێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا سەریهەڵداوە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارو پێویستیەکانی مرۆڤەکان. وە ئایین بەڕای سۆسیالیستەکان شێوازێکی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی سەردەمی کۆنە؛ واتە ڕێگاێکە مرۆڤەکان ئەقڵیان بەکارهێناوەو بیریان کردۆتەوە تا دەستیان بە زانیاری بگات.
بە بڕوای سۆسیالیستەکان ئایین وەڵامی بە سێ پرسیاری گرنگی مرۆڤەکان داوەتەوە: پرسیاری مرۆڤەکان لەمەڕ دیاردەکان و کارەساتە سروشتیەکانی وەک (تۆفان، بورکان، گەردەلوول، لەرزینی زەوی،، هتد). لەسەردەمەکانی دێرین مرۆڤەکان نەیانزانییوە هۆکارو نهێنی ئەو دیاردانەی سروشت چین، بڕوایان وابووە کە هێزێکی مەزن هەیە کە ئەو دیاردانەی سروشت دروستدەکات و دەیبزووێنێ، وە بۆ کەمکردنەوەی زیانی ئەو کارەساتەی سروشت پەنایان بۆ ئایین بردووە، یانی بەخوداکردنی دیاردەکان یان هاێماێک وەک بتیان بۆ داناوەو پەرستیوویانە.
پرسیاری مرۆڤەکان دەربارەی (بوون و مەرگ، ژیان چییە و مردن چییە؟!)، ئێمە چۆن هاتووینەتە بوون و دوای مەرگ چیمان بەسەر دێ؟!. وەڵامی ئایینەکان بەم پرسیارانە و باس لە دوانەیی لاشە و ڕۆح و زیندووبوونەوە. ئەوە ئاشکرایە کە مرۆڤەکان تۆقیوون لە مەرگ و فەنابوون، وە زانیوویانە کە ئەم ژیانە کۆتایی دێت، ئەمە ژانێک و ترسێکی گەورەییە بۆ مرۆڤەکان؛ بۆ نموونە سەرگوزەشتەی “گلگامێش و بودا” گەڕانە بە دووی وەڵامیێک بۆ پرسیاری مەرگ و نەمری.
لەو ساتانەوە کە مرۆڤە نیاندرتاڵەکان پێش حەفتا هەزار ساڵ لەمەوبەر، لە ”ئەشکەوتی شانەدەر” کە دەکەوێتە هەرێمی کوردستانی ئێراقەوە، مردووەکانیان لە نێو گۆڕدا ناشتووە، ئیدی نیشانەکانی ڕەفتاری ئایینی دەرکەوتووە.
(زاناکان بۆ چەندین ساڵە مشتوومڕیان لەسەر مرۆڤی سەرتایی هەیە، ئایا مردوەکانیان بەڕێوڕەسم ناشتووە وەک ئەوەی لە ئێستادا مرۆڤ دەیکات؟، ئەمەش وەک بەشێک لەو مشتومڕە فراوانەی دەربارەی ئاستەکانی پەرەسەندی زانیاری لایان گەشەی کردوە. ناشتن و شاردنەوەی تەرمی مردوو هۆکاری جیاوازی هەبووە، لەوانە ڕێگەگرتن لەهاتنی کەلاکخۆرە مەترسیدارەکان و نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی بۆنی تێکچوونی تەرمەکان. بەڵام کاتێک شاردنەوە لەومەبەستانە تێدەپەڕێت و هێمای ڕێزلێگرتن و ماتەمینی تێدەکەوێت ئەوا ئەبێت سەنگیی بخرێتە سەر ئەو بیرکردنەوەیە بەقووڵی، کە چۆن دوای مردنی کەسێک لە گرووپەکە ڕێز لە تەرمەکەی گیراوە.) – سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا/ ساڵی ۲۰۲.
ناڵە و فرمێسکی مرۆڤەکان لە نێو ژیانێکی کولەمەرگی و بێهوودەیی، چەوسانەوەو ڕەنجکێشان کە بەرهەمی کارەکانی ئینسانەکان لە کۆمەڵگەێکی چینایەتیدا دەچێتە دەستی چینێکی زۆردار، ئازار و ژانی زوڵم و نادادپەروەری ژیان لە نێو دۆڵێک لە فرمێسک ( وەک مارکس دەڵێ ئایین: دڵی جیهانێکی بێ دڵە، ڕۆحی هەلومەرجێکی بێ ڕۆحە). ئایین هەوڵی داوە دڵدانەوەی مرۆڤەکان بکات بەگفتی بوونی ژیان و دونیاێکی دی، کە دادپەروەری تێدا بەرقەرارەو مرۆڤە بڕوادارەکان بەختیار تێیدا دەژین. ئەم سێ وەڵامانەی ئایینەکان لە کۆنەوە تا ئێستا وەزیفە گرنگەکانی ئایینەکانە، کە جێگای بڵندو بڕوای ملیارەها مرۆڤی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.
مارکس و ئەنگلس پێش ئەوەی یەکتر بناسن ساڵانێک پەیوەندیان بە لاوانی چەپی هیگلییەوە هەبووە، وە لە باشترین ساتی ئەو کاتەیان فیۆرباخی بوون. دوای ئەوەی مارکس وئەنگلس بوونە هاوڕێی یەکترو پێکەوە میتودی ماتریالیسمی مێژوویان داڕشت، ئیدی کەوتنە ڕەخنەگرتن لە بیروڕای کۆنی خۆیان.
کورتەی ڕەخنەکانیان لە لاوانی چەپی هیگلی ئەوە بوو:
(ئایدۆلۆژیستە هیگڵییە لاوەکان، سەرەڕای دەنگدانەوەی لێدوانەکانیان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن “جیهان قڵپ دەکەنەوە”، خۆیان سەرسەختترین کۆنەپەرستن.) – مارکس و ئەنگلس.
ئەم دەستە ڕۆشنبیرە ئایین وەک کێشەێکی کەموکورتی ئەقڵی مرۆڤەکان چاولێدەکەن، بۆیە ئەم لاوانە بە نیازێکی پاکەوە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی ڕاستکردنەوەی ئەو ئەقڵە چەوتەیان کردبووە کاری خۆیان، واتە بڕوایان وابوو کە مرۆڤەکان لە ئەڵەمانیا و دونیادا بیروباوەڕێکی نائەقڵانی ئاینی هەژموونی هەیە بەسەریاندا بۆیە ژیانێکی پڕ لە کولەمەرگی و ناسۆریان هەیە، وە هەرکات مرۆڤەکان لە ئایین ڕزگار بکرێن و مەعریفەێکی ئەقڵانی زاڵ بێت بەسەر جیهاندا، ئیدی مرۆڤایەتی ئازاد و بەختیار دەبێ، لێرەوە بڕوایان وابوو کە (ئیلحاد لە بەرامبەر ئایین) و (مرۆڤ لە بەرامبەر خودا) دابنێن. ئەمە یانی لاوانی چەپی هیگڵی لە بازنەی فکری ڕۆشەنگەری واوەتر نەچوون کە باڵایی عەقڵ پیرۆز دەکات.
“ئێمانوێل کانت” بەم شێوەیە پێناسەی ڕۆشەنگەری دەکات: (هەوڵدان بۆ چوونە دەرەوە لە کەموکورتی ئەقڵی)؛ دیارە مەبەستی کانت لە کەموکورتی ئەقڵی ئەقڵێکە کە هێشتا ساوایە و نەگەیشتۆتە تافی کامڵ بوون، تاکەکان پاشکۆن و خاوەنی ویست و بیروباوەڕی خۆیان نین، بۆیە ئەرکی ڕۆشەنگەرە بۆرژوازەکان ئەوە بووە ئەم مرۆڤە ئیفلیچە ئازادکەن، هەوڵبدەن یارمەتی ئەم تاکانە بدەن تا ئاقڵانە بیربکەنەوە.
بۆیە ڕۆشەنگەریەکان قسەیان لەسەر ئەقڵانیەت و ئازادی تاکەکەس کردووە.
ئەنگلس بەم شێوەیە وەسفی ڕۆشەنگەری دەکات:(فەیلەسوفە فەرەنسیەکان لە سەدەی هەژدەهەم کە ڕێگایان بۆ شۆڕش خۆشکرد پشتیان بە ئەقڵ دەبەست، بەو سیفەتەی کە ئەقڵ تاکە دادوەرە بەسەر هەموو بوونەوەرەکاندا. ئەوان داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئەقڵانی و کۆمەڵگاێکی ئەقڵانیان دەکرد، هەروەها داواکاری ئەوە بوون کە هەموو شتێک کە دژە لەتەک ئەقڵی ئەزەلی، دەبێ بەبێ بەزەیی لەنێو ببرێ. وە بینیمان کە ئەقڵی ئەزەلی لە واقیعدا هیچ نییە جگە لە نیگارکێشانی وێنەێکی ئەقڵانی ئایدیاڵ بۆ هاوڵاتێکی چینی مامناوەند کە بەرەو بۆرژوازی بوون وەردەچەرخا. وە کاتێ شۆڕشی فەرەنسی ئەم دەوڵەت و کۆمەڵگە ئەقڵییەی دامەزراند، لە واقیعی عەمەلیدا ڕۆشنبووەوە کە دەزگا نوێکان لەتەک هەموو ئەقڵانی بوونیشیدا، بەراورد بە سیستەمی کۆن، بە شێوەێکی ڕەها هەرگیز ئەقڵانی نەبوون، وە دەوڵەتی ئەقڵ بەتەواوی بەبن بەست گەیشت. وە پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕۆسۆ لە نێو تیرۆردا هاتە دی، کاتێ بۆرژوازەکان متمانەیان بە توانای سیاسی خۆیان نەمابوو، سەرەتا بۆ قووتار بوون بە دووی دەسەتێکی گەندەڵی کارگێڕیدا دەگەڕان، وە لە دواجاردا چارەسەریان لە حوکمێکی ئیستبدادی ناپلیۆنیدا دۆزییەوە. وە ئاشتی ئەبەدی بەڵێندراو بووە زنجیرەێک جەنگی ناکۆتایی. وە شانسی کۆمەڵگەی ئەقڵ لەمە باشتر نەبوو، دژایەتی هەژاران و دەوڵەمەندەکان ،،، بۆ گەشەی خێرای پشەسازی لەسەر بناغەی سەرمایەداری هەژارکردنی جەماوەر مەرجێکی پێویستی وجودی کۆمەڵگە بوو.) – دژی دۆهەرنیک/ ئەنگلس/ لاپەڕە ۳۰۰/ ۳۳۱.
بە ڕای مارکس و ئەنگلس شرۆڤەی لاوانی چەپی هیگلی بۆ ئایین ئایدیالیستییە، وە لاوان نەیان توانیووە بستێک لە هیگڵ دوورکەونەوەو تێپەڕێنن. بۆیە میتودی ئیشکردنیان بریتی بوو لە دراسەی دەقەکانی لاهوت، وە لەنێو ئایاتەکان و ئەفسانەکاندا بە دووی نادروستی و هەڵەی ئاییندا دەگەڕان.
(ئەو بۆچوونەی کە لە بیرمەندە ئازادەکانی سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا ڕۆشنگەرانی سەدەی ١٨ زاڵ بوو، گوایە هەموو ئایینەکان کاری فریودەرەکانن، نادروست بوو. ئایینێک کە ئیمپراتۆریەتی جیهانی ڕۆمانی خستە ژێر هەژموونی خۆیەوە، و بۆ ماوەی ١٨٠٠ ساڵ زاڵ بوو بەسەر بەشە گەورەکەی مرۆڤایەتی شارستانیدا، بۆیە سانا نییە و ناتوانی سەرکەوی بەسەریدا تەنیا بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئایینێکە بە قسەی بێمانا و ساختەکاری پێکەوە کۆکراونەتەوە. ئایینەکان لەلایەن کەسانێکەوە دامەزراون کە خۆیان هەست بە پێویستی بە ئایین دەکەن و هەستیان بە پێداویستییە ئایینیەکانی جەماوەر هەیە. وەک یاسایەک ئەمە لە فەیلەسوفە کلاسیکییەکاندا نییە.). – ووتاری ئەنگلس/ برۆنۆ باوەر و ئایینی مەسیحی سەرەتایی/ بە زمانی ئینگلیسی.
لێرەدا چەندە پەڕەێک لە ووتارێکی نایابی ” ئاگۆست تالهایمەر” دەهێنمەوە کە بەم جۆرە باس لە سەرهەڵدان و پێویستی ئایینەکان دەکات:
(ئەو هێزانەی سروشت کە بۆ جووتیار زۆر گرنگن، وەک باران، ئاسمان، ئەستێرە و هتد، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە بیرۆکەی ئایینیدا دەگێڕن. ئەگەر فۆڕمە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ئایینەکانیان لەبەرچاو بگرین بۆت دەردەکەوێت کە هەمیشە لە پەیوەندییەکی زۆر نزیکدا وەستاون لەگەڵ ئەو شێوازەی کە کۆمەڵگەیەکی لەو جۆرە لە پەیوەندی لەگەڵ سروشتدا وەستاوە. من نامەوێت بچمە ناو هیچ وردەکارییەکی زیاترەوە لەسەر ئەم پرسیارە، بەڵکو تەنها ئاماژە بە لایەنی گشتی بابەتەکە دەکەم.).
(لە کۆتایی ئەم بەشدا باسمان لە سروشت وسەرچاوەکانی ئایین کرد، دواتریش باسمان لە ڕەگ و ڕیشەی ئایین لە کۆمەڵگەی سەرەتاییدا کرد. گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە تەنانەت لە کۆمەڵگەی سەرەتاییشدا دوو ڕەگی بنەڕەتی ڕوانگەی ئایینی هەبووە: یەکێکیان، وابەستەیی کۆمەڵگا بە سروشتەوە؛ ئەوی تریان خودی ژیانی کۆمەڵایەتییە. ئێستا زیاتر دەڕۆین و هەوڵ دەدەم ئاماژە بە پەیوەندی نێوان گەشەسەندنی ئایین لە لایەک و گەشەسەندنی شێوازی بەرهەمهێنان و فۆرمی کۆمەڵگا لە لایەکی ترەوە بکەم. بێگومان ناتوانم بچمە ناو ووردەکارییەکی زۆرەوە لەسەر ئەم پرسیارە. بەڕاستی مێژووەکەی زۆر سەرنجڕاکێشە و زۆر پڕە، بەڵام تەنیا دەتوانم بنەما زۆر گشتیەکان بدەم.
من دەمەوێت پێش هەموو شتێک ئاماژە بەو پەیوەندییە زۆر نزیکە بکەم کە لە سەردەمی کۆن لە نێوان گەشەکردنی بیرۆکەکانی تایبەت بە خوداوەندەکان و گەشەکردنی فۆرمەکانی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی. با دیاردەیەکی زۆر بەرفراوان وەربگرین، وەک پێکهاتەی خوداوەندە جۆراوجۆرەکانی ناوخۆیی و خێڵەکی. هەروەک چۆن خێزانە تاکەکەسییەکان لە سەردەمی سەرەتاییدا بە هۆزەکانەوە دەبەسترێنەوە و تاکە هۆزەکان خۆیان بە کودەتاکانی هۆز و گەلەکانەوە گرێدراون، بە هەمان شێوەش دەبینین کە گوند و خوداوەندە خێزانییە سەرەتاییەکان بە خوداوەندە خێڵەکییەکانەوە گرێدراون، کە لە ژمارەیانەوە هەڵدەبژێردرێت بەرزترین خودا یان هۆزێکی دیاریکراو. پاشان کاتێک هۆزە جیاوازەکان یەکدەگرنەوە و دەبنە نەتەوەیەک، دەبنە گەلێک، خوداوەندێکی نەتەوەیی سەرهەڵدەدات. لە کۆتاییدا کاتێک کە بوونێکی هێشتا گەورەتر، ئیمپراتۆریەتێک، کە لە نەتەوە جیاوازەکان پێکهاتووە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە سەرووی ئاستی خوداوەندە نەتەوەییەکانەوە خوداوەندێکی ئیمپراتۆری دروست دەبێت. ئەمەش بە تایبەتی لە چینی کۆندا دیارە، کە ڕێکخستنی خوداوەندەکان، جنۆکەکان، ڕۆحەکان و هتد، بە تەواوی لەگەڵ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدا دەگونجێت. سەرەتا ڕۆحی بنەماڵە و خێڵمان هەیە، باوباپیران. لە کایەیەکی فراوانتردا گوند و ڕۆح یان خوداوەندە ناوخۆییەکانمان هەیە. پاشان خوداوەندی شار و پارێزگاکانمان هەیە. لە کۆتاییدا، لەگەڵ گەشەکردنی چین لە دەوڵەتە بچووکە فیۆداڵییە جیاوازەکانەوە بۆ پاشایەتییەکی ناوەندی ئێمە بە هەمان شێوە ناوەندگەرایی خوداوەندەکان بەدەست دەهێنین. “بەهەشت” وەک باڵاترین هێزی خودایی سەرهەڵدەدات و سەرۆکی کاهینی ئاسمانیش بێگومان ئیمپراتۆرە. بە هەمان شێوە لە جیهانی ڕۆژئاوا، لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا، دەبینین کە چۆن مەسیحیەت وەک ئایینێکی جیهانی لە ئایینە سەرەتاییە خێڵەکی و نەتەوەییەکانەوە گەشە دەکات. خاڵی دەستپێکی ئایینی جیهانی مەسیحی ئایینی نەتەوەیی نەتەوەیەکی بچووکی فەلەستین بوو کە جولەکەکان بوو. خوداوەندی نەتەوەیی جولەکەکان فراوانتر بوو و بوو بە خوداوەندێکی جیهانی. ئەم خوداوەندە نەتەوەییەی جولەکە زۆر گونجاو بوو بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ خوداوەندێکی جیهانی نێودەوڵەتی لە سەردەمی کۆندا بەو پێیەی خوداوەندی گەلێکی نەتەوەیی ستەملێکراو بووە و چین و توێژە چەوساوەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم بە شێوەیەکی سروشتی بوونە هەڵگری یەکەمی ئەم جیهانە نوێیەی ئایین.) – سەرچاوە: ئەرشیفی مارکسیسم/ ۲ – ئایین/ ئاگۆست تالهایمەر: پێشەکییەک بۆ ماتریالیزمی دیالکتیکی/ ساڵی ١٩٢٧ نووسراوە. (ئەم وتارە لە ژێر ناوی “جیهانبینی مۆدێرن” لە بەهاری ساڵی ١٩٢٧ لە مۆسکۆ لەبەردەم خوێندکارانی خولی دووەمی زانکۆی سون یات سێن پێشکەش کرا).
(سەرچاوەی دووەم کە بیرۆکەی ئایینی لێیەوە دەڕژێت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکتردا. ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتیانە ئەوە دەردەخەن کە تاکی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا وابەستەی کۆیە، کە لە بەرامبەریدا دەسەڵاتێکی باڵاتر دانراوە. لە سەردەمی سەرەتاییدا کۆمەڵگا بە گشتی کاریگەرییەکی زۆر بەهێزی لەسەر تاک هەبوو و ملکەچبوونی تاک بۆ بنەماڵەو بۆ خێڵ بە شێوەیەکی نائاسایی گەورە بوو. بۆ تاک، ئەخلاق، یاسا، داب و نەریت، بەکارهێنان و فەرمانەکانی پانتایی گشتگیر هێزی فەرمانە ئیمپەراتیڤەکانیان هەبوو. بەڵام مانا و مەبەستیان بە گشتی، تەنانەت لە زۆرینەی نموونەکانیشدا، بۆ تاکەکەس ڕوون نەبووە یان لەلایەن ئەوەوە تێنەگەیشتووە. یەکسانبوون غەریزەیی بوو، ئۆتۆماتیکی بوو. کۆمەڵگای سەرەتایی خۆی هێشتا جۆرێک لە زیندەوەری سروشتی بوو. کۆد و فەرمان و داب و نەریت و هتد، هەروەک هێزە تێنەگەیشتووەکانی سروشت کاریگەرییان لەسەر تاکەکان هەبوو. لەڕاستیدا ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە سەرەتاییەکان بەگشتی کاردانەوەیان بەرامبەر بە ڕێساکانی خۆیان هەبوو وەک چۆن بەرامبەر بەم هێزە نەگۆڕانەی سروشت کاردانەوەیان هەبوو. وە لەم تایبەتمەندییەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە بە سروشتی بیرۆکەی ئایینی وەک پشتیوانی و سزای ئەو سەریهەڵدا. بۆ نموونە: لە هەموو شوێنێکی دەریاکانی باشووردا ئەو فەرمانانەی کە پێیان دەوترێت تابو – فەرمانەکانمان هەیە، واتە فەرمانەکان کە ڕایدەگەیەنن کە فڵانە کۆمەڵە مرۆڤەکان نابێت لە هەندێک کاتدا فڵان ئاژەڵ ڕاو بکەن و بخۆن، یان هەندێکیان ڕووەکەکان کۆ نەکەنەوە و نەخۆن. ئەم جۆرە فەرمانانە سەردەمانێک گرنگییەکی دیاریکراویان هەبوو. ئەوان هاوتای ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بوون؛ جۆرێک لە دابەشکردنی کارو جۆرێک لە ڕێکخستنی بەکاربردنیان کاریگەری لەسەر دروستکرد. بەڵام ئەم فەرمانانە دواتر ناڕوون بوون، بوون بە ئۆتۆماتیکی. لەوانەوە هەندێک فەرمانی ئایینی پەرەی سەند کە فڵانە ڕۆح و جنۆک و هتد، فڵان فەرمانیان دەرکردووە و بە هەڕەشەی سزا چاودێری جێبەجێکردنیان دەکەن.
هێشتا نموونەیەکی دیکە کە زۆر لە باسەکە نزیک دەبێتەوە: یەکێک لە کۆنترین، ڕەنگە کۆنترین بیرۆکەی ئایینی، ڕێزگرتنە لە ڕۆحی مردووەکان، ڕۆحی باوباپیران. تەنانەت لە سەرەتاییترین بیرۆکە ئایینیەکانیشدا ئەمە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت. ڕۆحی باوباپیران ناتوانرێت وەک کەسایەتیکردنی دیاردەیەکی سروشتی ڕوون بکرێتەوە، بەڵام بە ئاسانی دەتوانرێت لە ڕووی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوون بکرێتەوە. ڕۆحی مردووەکان کە لەلایەن نەوەکانیانەوە ڕێزی لێدەگیرێت، بەردەوامی دەپارێزن، بێگومان لە خەیاڵدا، لەنێوان باوباپیران و نەوەکاندا. ئەوان دڵنیایی دەدەن لە دانپێدانانی بەردەوام بە نەزمی کۆمەڵایەتی نەریتی. ڕۆحی باوباپیرانی بنەماڵە یان خێڵەکە، ڕێکخستنەکەی کەسایەتی دەکات. بە تایبەتی سەرچاوە بەهێزەکانی بیرۆکە ئایینیەکان کاتێک پەرەدەسەنن کە ململانێی چینایەتی دێنە پێشەوە، چونکە ئەو کاتە بیرۆکە ئایینیەکان دەبنە ئامرازێک کە چینی دەسەڵاتدار لە ڕێگەیەوە چینی ئیستغلالکراو و چەوساوە لە گوێڕایەڵی و ملکەچبووندا دەگرێت. جگە لەوەش هەر کە ململانێی چینایەتی لە ڕەوتی دابەشکردنی کۆمەڵایەتی کاردا سەرهەڵدەدات، چینێک یان کاستێکی جیاواز سەرهەڵدەدات کە تایبەتمەندە لە بابەتە ئایینییەکان، ئەوانیش قەشەکانن. ئەم چینە کەم تا زۆر لە کاری بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆ ڕزگاری دەبێت و لەسەر بەرهەمی زیادەی ئەوانی دیکە دەژی. بۆ ئەم کاستە قەشەییە بیرۆکە ئاینییەکان دەبنە ئامرازێک بۆ پشتگیریکردن و پاراستنی پێگەی ئیمتیازاتی خۆیان لە کۆمەڵگادا. نابێت بیر لەوە بکەینەوە ئەم بابەتە وەک ئەوەی ساختەکارییەکی تەواو بێت. بە پێچەوانەوە ئەم چینە یان کاستەش وەک بیرۆکەکانیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سروشتییەکانەوە گەشەی کردووە. لێرەوە بە هەمان شێوەی قەشەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن جەماوەری خەڵکەوە قبوڵکران. ئەوان جیهانبینییەکیان پێکدەهێنا کە لەگەڵ پەیوەندییە سەرەتاییەکان و لەگەڵ شێوازە سەرەتاییەکانی بیرکردنەوەدا گونجاو بوو. وەک ماتریالیستێکی دیالکتیکی دەبێت دان بەوەدا بنێین کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوی سنووردار ئەم قەشەییە ڕۆڵێکی پێشکەوتووانەی هەبووە.
لە سەردەمێکدا کە ئینسانەکان دەبوو تا ئەوپەڕی توانای خۆیان هەوڵ بدەن بۆ بەرهەمهێنانی پێداویستییەکانی ژیان، قەشەکان نوێنەرایەتی چینێکی کۆمەڵایەتییان دەکرد کە ڕاستەوخۆ بەشدارییان لە کاردا نەدەکرد، و هەر بۆیە دەیانتوانی خۆیان بە کۆمەڵێک کێشەی گرنگی کۆمەڵایەتییەوە سەرقاڵ بکەن، کە بۆیان هەر ئەم ئازادییە لە کاری بەرهەمدارو ڕاستەوخۆ پێشمەرجی گەشەیان بوو. بەم شێوەیە ئەوە قەشەکان بوون کە سەرەتا توخمەکانی زانستیان پەرەپێدا. سەرەتای فەلەکناسی دەگەڕێتەوە بۆ قەشە میسری و بابلییەکان؛ یەکەم توخمەکانی ئەندازەیی لەلایەن قەشەکانەوە دۆزرایەوە؛ ئەوان دۆزییانەوە کە چۆن زەوی بپێون؛ ئەوان پلانی زەمینییان بۆ دروستکردنی پەرستگاکان پەرەپێدا؛ پێشبینی سەرهەڵدان و دابەزینی ئاوەکانی نیلیان دەکرد، و هیتد. کاستی قەشەیی پەرەی بە تۆوەکان دا کە لە شێوەی فەلسەفە و زانستی سروشتیدا، کەدواجار بڕوای ئایینیان لاواز کردووە.) – هەمان سەرچاوە بە زمانی ئینگلیسی.
لەو چەند پەڕەیەی نووسراوەکانی سۆسیالیستەکان، ئەوە ڕۆشنبووەوە کە لە شارستانیەتە گەورەکانی دونیای کۆنەوە (شارستانیەتی: میسری کۆن، بابل و ئاشور، ڕۆمای کۆن، ووڵاتی چین) مێژووی گەردوونی ئایینە گەورەکان دەست پێدەکات. ئەو ئایینانە پەیوەندنی زۆر ڕاستەوخۆیان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەوە هەبووە، بە جۆرێک کە ئەو ئایینانە دەربڕینێکی ئایدیالیستییە لە ژیانی واقیعی بەرهەمێنان و پەیوەندی بەرهەمهێنانی پێویستەکانی ژیانی ئینسانەکان هەر لە فۆرمی خێزان و هیۆزو دانیشتووی شارەکانەوە، بە جۆرێک کە ئایینەکان وەڵامی پرسە سروشتیەکان و کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی مرۆڤەکانی بەیەکەوە گرێداوە.
واتە ئایینەکان تەنها بیروباوەڕێکی مەعریفی نین دەربارەی هێزێکی سەرو سروشت، وە تەنها جۆرێک لە مۆڕاڵ و نەریەت نین کە باری کۆمەڵایەتی ئینسانەکان ڕێکدەخەن، بەڵکە جۆرێک لە فۆرمی دەسەڵات و سیاسەت و حوکمڕانیش لە خۆدەگرێ، چونکە لەو سەردەمەوە ئایین وەزیفەی خوداپەرستنی (وەزیفەی کەهنوتی) و وەزیفەی حکومەت(دەسەڵاتی سیاسی) پێکەوە لە خۆیدا هەڵگرتووە.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە دونیای کۆندا، وەک دونیای ئەمڕۆکەی ئێمە، ئایین و سیاسەت پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، و ئایین ڕۆدەچێتە نێو ووردترین بیروڕاو نەریەت و مۆڕاڵی کۆمەڵایەتی و سیاسەتی زاڵ لە کۆمەڵگەدا. ئەمەش سانایە لێی تێبگەین گەر تەماشای ژیانی واقیعی مرۆڤەکان بکەین، دەبینین ئەو کێڵگانەی بیروباوەڕ کە ئایین کایەی خۆی تێدا دەکات (خوداپەرستی و ئیمانداری) زۆر بەتوندی بە کێڵگەکانی نەریەت و ڕێسای کۆمەڵایەتی کە بەیاسا و دەستووری سیاسەتەوە گرێیخواردەوە، واتە جۆرێک لە فەرمانڕەوای و سیاسەت فەرز دەکات، ئەمە یانی ئایین و سیاسەت، ژیانی ئەم دونیا و ئەو دونیا، یا بابڵین زەمین و ئاسمان، دووانەێکی لێک هەڵپێکراون.
لەو دەقانەی پێشوو ئەوە دەسەلمێنرێ کە ئایین دیاردەێکی سادەی نێو کۆمەڵگە نییە، بەڵکە سیستەمێکە یان پاکێژێکە بۆ خۆی، کە ڕۆڵی هەیە لە ژیانی ئینسانەکاندا لە ساتی لە دایکبوونیانەوە تا دواساتی مەرگیان، واتە ئایین لە پنت بە پنتی پانتایی کۆمەڵگە و ژیانی ئینسانەکان کار دەکات، و قوڵ ڕۆچووتە نێو یەک بەیەکی خانەکانی جەستەی ئینسانەکان، و لە دەروونیاندا بوونی هەیە، ئایین مرۆڤ هێوردەکاتەوە لە فۆبیای مەرگ، بەڵام لەهەمان کاتدا گەورەترین تۆقان لە سزای خوداکان دروست دەکات.
بەکورتی ئایین چواردەوری مرۆڤەکانی تەنیووە بە یاسا و ڕێسا و نەریەت. هەر لەوساتەی لە دایک دەبین ئایین حزوری هەیە بۆ ناونانمان، لە منداڵیماندا ئایین تێکەڵە لە پەروەردەکردنماندا، کە باڵق دەبین ئایین بۆمان دیاری دەکات چۆن هاوسەری بکەین، جلوبەرگ و خواردن و خواردنەوەمان بۆ دیاری دەکات، هەتا کە دەمرین ئەوە ئایینە کە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەمان بۆ دیاری دەکات. یانی ئایین بیروباوەڕو عەقیدەیە، نەریەت و یاسا و ڕێسای شەرع و لاهوتە، ڕەوشت و ڕەفتارە، تێکەڵی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و سیاسەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کۆن و سەردەمە. ئەم تێگەیشتنە بۆ پەیوەندی پرسەکانی کۆمەڵگە و ئایین دەمان گەێنێ بە ئەنجامگیرێک:
هەر شۆڕش و گۆڕانێک لە مێژووی کۆن و نوێی مرۆڤایەتیدا ڕوویدابێ، لەهەمان کاتدا بریتی بووە لە گۆڕانێک لە ئایینی زاڵی ئەو سەردەمەدا، جا یان ئایینەکە گۆڕاوە بۆ ئایینێکی دی، یان ئیسڵاحکراوە لە ئایینی باوودا.
مافی خوێنەرە ڕەخنە بگرێ و بڵێ: ئایین لە ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوادا هێندە ڕۆڵێکی گەورە نابینێ، چونکە ئەو دەوڵەتانە سیکولاریسمن (واتە جیایی دین لە دەوڵەت) لە دەستوریاندایە. دروست وایە ئەو دەوڵەتانە بە دەستور سیکولاریسمن، و پرنسیپی (جیایی دین لە دەوڵەت)یان ڕاگەیاندووە، هەڵبەتە هەر ئەو دەوڵەتانە مافی مرۆڤ و یەکسانی هاووڵاتیان بەرامبەر یاسا و ئازادی بیروباوەڕیش لە دەستووریاندایە، واتە پرنسیپەکانی لیبڕالیسم لە دەستوردا نووسراوە، وە دەزگای تەنفیزی دەوڵەت لێپرسراوە لە پاراستن وجێبەجکردنی ئەو پرنسیپانە. بەڵام ئەمە تەنها ڕووی دەرەکی ئەو کۆمەڵگە و دەوڵەتانەیە، واتە ئەوە وەسف و پێناسەێکە کە ووڵاتانی سەرمایەداری ڕۆژئاوا دەربارەی خۆیان دەیڵێن، ئەما لە واقیعی ژیان و لە خولەکانی قەیرانی ئابووری و سیاسەتدا، و بەتایبەتی لە سەردەمی سەرمایەداری دڕندەدا، دیمەنەکانی ئەو کۆمەڵگایانە شتێکی دین، و ئایین بە قووەت ئامادەیە لەوێکانەدا.
هەتا ووڵاتانی وەک تورکیا، سوریا، میسر و تونس، کە لە ساڵانی ۱۹٥۰ تا ۱۹۸۰ بە خولێکی نیمچە مەدەنی و سیکولاریسمیدا گوزەریان دەکرد، ئێستاش هاوڵاتیانیان لە خێری پاشماوەی ئەو خولەی ڕزگاری نیشتمانی بۆرژوازی، و دەستورە نیمچە سیکولاریسمەکانی سەرکردەکانی وەک (ئەتاتۆرک لە تورکیا، حافز ئەسەد لە سوریا، جەمال عەبدول ناسر لە میسر و حەبیب بۆرقێبە لە تونس) دا دەژین، کەکاتی خۆی بە هێزی موخابەرات و دەزگا سەربازیەکان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرا، وە تائێستاش ئەو دەزگایانە دیمەنی مەدەنی و سیکولارسم بە ڕوکەش دەپارێزن.
مافی خوێنەرە بپرسێ کە بۆچی من دەقەکانی خودی مارکس خۆی دەربارەی ئایین ناهێنمەوە؟. هەڵبەتە لای خوێنەرانی ئەدەبیاتی سۆسیالیسم ئەو پێشەکییەی مارکس دەناسنەوە کە کاتی خۆی بۆ نامیلکەی (ڕەخنەی فەلسەفەی ماف لای هیگڵ) نووسیوەیەتی. وەهێندە ئەو چەند پەڕەیەی ئەو نامیلکەیە تاوتوێ کراوە، تا پلەێکی زۆر ناخۆش بووە منیش لێرەدا بیجوومەوە. بەڵام لە بەشەکانی دی بەتایبەتی دەچمە سەر دەقەکانی مارکس دەربارەی ئایین.
لە ڕاستیدا مارکس وئەنگلس کتێبێکی تایبەتیان دەربارەی ئایین نەنووسیەوە، بەڵکە لەنێو بەرهەمەکانیاندا باسی پرسی ئایینیان کردووە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە بۆشاییەکی تیۆری هەیە لە دەزگای فکری سۆسیالیستەکان لەمەڕ ئایین، نەخێر، بەڵام بێگومان لە ساڵانی ۱۹٥۰ کانەوە زانستی ئارکۆلۆجی (زانستی شوێنەوارناسی) و (زانستی مرۆڤناسی) گەلێ زانیاری بەنرخیان دۆزیووەتەوە، کە دەتوانرێ مەفهومی ماتریالیسمی مێژوویی پێ دەوڵەمەندتر بکرێ.

لەم بەشەدا دەچمە سەر شیکاری مارکس بۆ ئایین. هەوڵ دەدەم زۆر بە زمانێکی سادە ئەو تێزە ڕوونکەمەوە کە لە نێو بەرهەمەکانی مارکسدا سانا دەتوانین بیسەلمێنین کە سەرمایەداری بۆ خۆی ئایینێکی سامان پەرستییە.
فیتیشیزمی پوڵ یان فیتیشیزمی سامان بە گشتی ئایینێکی کۆمەڵگەی شارستانیەتە کۆنەکانە*. فیتیشیزم لە ووشەی فیتیش وەرگیراوە، مانای شتێک دەگەێنێ کە مرۆڤەکانی مێژووی سەرەتایی بتێکیان بە دەستی خۆیان دروست کردووەو سووژدەییان بۆ دەبرد، چونکە بڕوایان وابووە کە هێزێکی جادوی هەیە بۆ پاراستنی خاوەنەکەی. هەروەها مانای بت، پەرستراو ، تقوسی ئایینی, ئۆبژە پەرستی دەگەێنێ، زاراوەکە بازرگانە ئەوروپیەکان لە سەنیگال لە ووشەی فتیسۆی پۆرتوگالییەوە دایانڕێژاوە کە بە مانای جادو یان شتێکی ئیلاهی دەگەێنێ.
سەرمایەداری سیستەمێکی فرە ئایینە، یەکێک لەو ئایینانە:[ ئایینی سامان پەرستیە**].
مارکس لەشیکاری شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا باس لەفیتیشیزم بوون و فیتیشیزمی کاڵا دەکات.
لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا مرۆڤەکان [چینی کرێکاران و بۆرژوازی] لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا دەچنە نێو پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی کە ئامانجی کارەکانیان گەورەکردنی/ کەڵەکەی سامانە، وە ئەو سامانە/ سەرمایە کە بەرهەمی کاری دەستی خۆیانە، زاڵ و حاکمە بەسەریاندا. بەم جۆرە ئەو شتەی کە خۆیان خەڵقیان کردووە هێزێکی مەزنی هەیە لە دەرەوەی خودی ئینسانەکان، وەک جادوێک یان خوداێکی مەزن, ژیانی ڕۆژانەو چارەنووسی کۆمەڵگە دیاری دەکات. بۆیە مرۆڤەکان ناچارن ملکەچی ئەو هێزە بن و کرنووشی بۆ بەرن، هەروەک چۆن لە زەمەنی کۆندا ئینسانەکان ئەو بتانەیان دەپەرست کە دروستکراوی دەستی خۆیان بوو.
لە ڕاستیدا مارکس لە دوولایەنەوە باسی ئایین دەکات لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا:
۱/ نامۆبوون.
۲/ فیتیشیزمی کاڵا و سامان.

فتیشیزمی کاڵا
[لە ئاییندا مرۆڤەکان ملکەچی ئەو خودایەن کە ئەقڵی خۆیان دروستی کردووە، لە سەرمایەداریدا مرۆڤەکان ملکەچی ئەو شمەکانەن کە بەرهەمی کاری دەستی خۆیانە. ] – مارکس.
مرۆڤه‌کان له‌ سه‌رده‌می کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌بنه‌ کۆیله‌ و ده‌روێشی کاڵاکان. مارکس باسی لەوە دەکرد کە سەرمایەداری وا لە مرۆڤەکان دەکات وەک ئۆبژەو پەیوەندی ئۆبژەکان دەربکەون؛ ئۆبژە بۆ خاوەندارێتی سامان و دەسەڵات.
لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا تاکەکان لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئەو کاڵایانە کە بەرهەمی دەهێنن یان بەکاریان دەهێنن، پەیوەندییان بە تاکەکانی دیکەوە هەیە. لە کۆمەڵگای فیۆداڵیدا، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار پەیوەندیی هەژموون و ژێردەستەیی بوون، بەڵام بە ڕوونی پەیوەندی نێوان تاکی کۆنکرێتی بوون. بەڵام لە سەردەمی سەرمایەداریدا، ئەو هەزاران کەسەی کە ڕۆژانە دەچنە ناو ژیانی تاکێکەوە، نەک ڕاستەوخۆ بەڵکو لە ڕێگەی ئەو کاڵایانەی کە بەرهەمی دەهێنن و بەکاریدەهێنن؛ واتە کەمتر لە ڕێگەی پەیوەندی نێوان کەسەکانەوە، بەڵکە لە ڕێگەی ئەو جلوبەرگانەی کە لەبەریان دەکەیت، ئەو خواردنانەی دەیخۆیت و ئەو تەکنەلۆژیایانەی کە بەکاریان دەهێنیت. لەسەرمایەداریدا کاتێ کاڵاکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن، لە هەمان کاتدا ژیانێکی تایبەت بە بوونی تاکەکەسەکان دەبەخشێ، چونکە لە ڕێگەی کاڵاکانەوەیە مرۆڤەکان پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، و لە ڕێگەی ئەوانەوە هەم ژیانی خاوەنەکانی مانا و هەم فۆرم وەردەگرێت.
که‌م که‌س هه‌یه‌ ڕۆژانه‌ به هه‌ڵپه‌وه‌ به دوی په‌یداکردنی کاڵاکان یان به‌رهه‌مهێنانی کاڵاکانه‌وه‌ نه‌بێت وخه‌ڵکی چنگ له‌سه‌رشان فڕکه‌یانه‌ کاڵاکان وه‌ده‌ست بهێنن، چونکه‌ ژیان بێ مانا وبێ تام و تاریک ده‌بێ بێ سحری خاوه‌نداریه‌تی کاڵاکان وه‌ک (ئایفۆن، دوا مۆدێلی سه‌یاره‌ ومۆبێلاتی ناوماڵ یان گه‌شت بۆ ووڵات ودورگه‌ جوان ودووره‌کان ..هیتد)، به‌ کورتی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری په‌یکه‌رێکی ماتریاڵ و خه‌یاڵی کردۆته‌ خودای سه‌رزه‌وی و مرۆڤه‌کان سوژده‌ی بۆ ده‌به‌ن و له‌ ده‌ووری ده‌گه‌ڕێن، بێ ئه‌وه‌ی بزانن که ئه‌و خودایه‌و هێزی ئه‌فسوناوی پوڵ وکاڵاکان به‌رهه‌می ده‌ستی کاری کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیانه‌. هه‌رکه‌س و تاقم و گه‌لێکیش له‌م که‌رنه‌ڤاڵی سه‌مای مرۆڤه‌کان به‌ ده‌وری کاڵاکاندا دواکه‌وێ و گرنگی به‌ به‌رهه‌مهێنان وکڕین وئیستیهلاکی کاڵاکان نه‌دات، ئه‌وا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شارستانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سه‌رمایه‌داری ژمارده‌ ده‌کرێ، وه‌ک هۆز وخه‌ڵکانێکی په‌راوێز ودواکه‌وت وکۆشه‌گیری هه‌مه‌جی چاویان لێده‌کرێت.
ئایینی پوڵ پەرستی: مارکس له‌ مانیفێستدا بۆ وه‌سفی (ئایینی سەرمایە) و ئه‌م وه‌رچه‌رخانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ لە سوونەتییەوە بۆ مۆدێرنێتە ده‌نوسێ: (بۆرژوا له هه‌ر شوێنێک فه‌رمانڕه‌وای گرته‌ ده‌ست، ته‌واوی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و باوکایه‌تی و سۆزپه‌روه‌ری له‌ ژێر پێیدا تێک وپێکدا،، به‌بێ به‌زه‌یی هیچ په‌یوه‌ندێک له‌ نێوان مرۆڤ و مرۆڤدا نه‌هێشته‌وه‌ جگه‌ له په‌یوه‌ندی وشکی به‌رژه‌وه‌ندیی و پاره‌لێسه‌ندنی “مفت و مۆڵ” ،،، به کورتی له شوێنی ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ی به‌ ئه‌ندێشی ئاینی و سیاسی داپۆشرا بوو چه‌وسانه‌وه‌ێکی ئاشکراو ناهه‌مواری ڕاسته‌وخۆ و زۆر سه‌ختری هێنایه‌ مه‌یدانه‌وه).
تا ئێره ئاشکرایه‌ که بۆچی سه‌رمایه‌ ته‌واوی دیارده‌کان و پێویستیه‌کانی ژیانی مرۆڤه‌کان ده‌کات به‌ کاڵاو به‌چه‌نده‌ها شێوه‌و فڕوفێڵ و ته‌ڵکه‌بازی مرۆڤه‌کان په‌لکێش ده‌کات بۆ حه‌لقه‌ی زکر به‌ ده‌وری کاڵاکاندا، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ قازانجی زیاتر کات لێره‌وه‌ ده‌بێ بێگومان سه‌رمایه‌ ژماره‌ی کاڵاکان زیادتر کات (واته‌ به‌رهه‌می کاڵای زیاتر= زێده‌بایی زیاتر)، و بۆیه‌ زنجیره‌ی کاڵاکان له‌ به‌رهه‌مهێنان و ئاڵوگۆڕدا خه‌ریکه‌ ڕۆژ دوای ڕۆژ گه‌وره‌تر دەبێت.

دەلاقەی نێوان تیۆر و پراکتیک
(من بێدینێکم لە بێباوەڕی ئیمانداران تووشی شۆک بووم) – مایکل هارینکتۆن.
شۆکبوونەکەی هارینکتۆن لەوەوە هاتووە کە خەڵکی ئیماندار لە هەلومەرجی دڕندەیی سەرمایەداریدا زۆر دوورن لەو ڕەوشتانەی ئاینەکەیان داوایان لێ دەکات:( مەکوژە، درۆ مەکە، دزی مەکە، خراپە مەکە، فیتنەیی مەکە).
دەلاقەێکی گەورە هەیە لە نێوان (تیۆر و پراکتیک)، بە دەق ئایینەکان داوا لە مرۆڤەکان دەکەن میهرەبان بن، ڕاستگۆ بن، تندوتیژ نەبن،، هتد، بەڵام ژیانی واقیعی و ئەو بزووتنەوەو ئەحزابانەی ئاڵای ئایینەکەیان بەرزکردۆتەوە، لە کرداردا پێچەوانەی دەقەکان هەڵسوکەوت دەکەن. هەڵبەتە تەنها، ئایینەکان نین کە ئەم پارادۆکسەیان هەیە لە نێوان دەق و پراکتیک، بەڵکە لیبڕالیسم و سۆسیالیسم دووچاری هەمان کێشە هاتوون.
لیبڕالیسم بە دەق و دروشم باس لە (ئازادی، یەکسانی، برایەتی) ئینسانەکان دەکات، بەڵام بۆرژوازی و کۆمەڵگەی سەرمایەداری زەمینەی بەرتەسک و دژ بەو دروشمانەیە.
سۆسیالیسمی مارکس گەورەترین دەقە بۆ (لەیەک کاتدا یەکسانی سیاسی و یەکسانی ئابووری) ئینسانەکان، و (ئازادی تاکەکەس مەرجی ئازادی کۆمەڵە)، و (مرۆڤ گەورەترین سەرمایەیە)، بەڵام لە ئەزموونەکانی ڕوسیا و چین، لە پراکتیکدا ئەحزابی کۆمۆنیستی پێشێلی تەواوی فەلسەفەی مارکسیان کردووە.
لە واقیعی کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، پەیوەندییەکی پڕ لە دژایەتی هەیە لە نێوان بۆرژواز و کرێکار/ دەوڵەمەند و هەژار، ئەم هەلومەرجە مێژووییە سەرچاوەی ئەو دەلاقە و پارادۆکسەیە لە نێوان دەق و پراکتیک، وە ئەو کێشەیە لە سایەیدا گەشەی کردووەو بە درێژایی گەشەکردنی پابەند بووە پێیەوە. لە پانتایی ڕۆشنبیریدا ئەم پرۆبلیماتیکە بە شێوەێکی دی دەردەکەوێت: جیابوونەوەی ڕۆشنبیر لە بەرهەمهێنانی ماددی-(جیابوونەوەی کاری فکری لە کاری جەسەدی)، جیاکردنەوەی کاتی ئازاد و چینێ کە کاتی ئازادی هەیە لە دانیشتوانی گشتی کارگەر، ئەمە بۆتە هۆکاری جیاکردنەوەی تیۆر لە پراکتیک.
لە جەنگ لە سەر غەززە ئەو پرسیارە لەبەردەمی زۆرێک لە خەڵک قووت دەبێتەوە: بۆچی خەڵکی غەززە زۆریان بڕوایان بە ئایین و حەماس هەیە؟!.
لە ڕاستیدا زۆربەی خەڵکی غەززە ساڵانی ۱۹٥۰- ۲۰۰۰ بڕوایان بە ناسیۆنالیستی و نیشتمانپەروەری بزووتنەوەی فەتح هەبووە، بەڵام زیاد لە سی ساڵ پرۆسەی ئاشتی نێوانی فەڵەستینیەکان و ئیسرائیلەیەکان بە سەرپەرشتی ئەمەریکا، چارەسەری کێشەی خەڵکی فەڵەستین هەر نەکراوە، و ڕۆژ دوای ڕۆژ هەژاری و زوڵم و دەربەدەری نسیبیان بووە، ئیدی حەماس لەو زەمینەیەدا سەوز بووە.
ماکس شتیرنر دەیگوت: (مەسیحی نەی ئەتوانی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا هەست نەکات کە نامۆیە لەسەر زەمین). مارکس و ئەنگلس وەڵامیان دایەوە: (خەڵکی ئەو سەردەمە کە نامۆبوون لەسەر زەوی ” ئەوەش تا دوا پلە سروشتی بوو، چونکە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە هەرچی سامان هەیە لە ڕۆمای پایتەخت چڕبووبوەوە”، بۆیە خەڵکی نەیان دەتوانی لە مەسیحی بوون زیاتر هەست بە شتێکی دی بکەن. کەواتە مەسیحی بوونیان نییە کە وای لێ کردبوون بێ نەوا و نامۆ بن، بەڵکە بێ نەواویی و نامۆبوون کردبوونی بە مەسیحی). – مارکس و ئەنگلس/ ئایدۆلۆژی ئەڵەمانی.
خەڵکی فەڵەستین ساڵانێکە لە ژێر ئابڵۆقەدانی ئابووری و هەژاری و سەرکوتدا دەژین، و لەمڕۆکەدا کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی و قەومی عەرەبی لاوازە، بەرامبەر زوڵمی سەرمایەدارانی غەرب و تانجیەکەیان، تەنها ئیسلامیەکان دەبینین بەرەنگاری دەکات. هەڵبەتە بەرنگاریەکەی حەماس؛ بەرەنگاریێکی پێچەوانەی خەونی ئازادی بوون و یەکسانی بوونی خەڵکی ناوچەکەیە.
بەڵێ حەماس تیرۆریست و ئیستبدادیە و دەبێتە هۆکاری کۆکۆژی خەڵکی غەززە، بەڵام بۆ خەڵکی غەززەی گەمارۆدراوی بێچارە، حەماس (نان و مزگەوت و بەرەنگارییە).
بۆیە گەر لایەنێک گەرەکیەتی (نامۆیی ئاسمانی خەڵکی غەززە کۆتایی پێ بهێنێ، دەبێ سەرەتا نامۆیی سەرزەمینیان چارەسەر بکات)، گەر حیزبێک گەرەکیەتی حەماسی ئیسلامی کۆتایی پێ بهێنێ، ئەوە دەبێ، نا تەنها بە دروشم و بەیاننامە و گووتاری نێو سۆسیال میدیا، بەڵکە بە عەمەلی لە دیفاع لە خەڵکی غەززە بچێتە سەنگەری پێشەوەی جەنگ دژی دڕندەکانی سەرمایەداری.
[هەندێک جار دەوترێت سۆسیالیسم نە ئایندارەو نەبێئاینە، ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە سۆسیالیسم شکست دەهێنێ گەر بچێتە گژ جیهانبینی ئاینی،، بەڵکە مەبەست ئەوەیە سۆسیالیسم دۆخێکی کۆمەڵگا دادەمەزرێنێ کە جیاوازو دوورە لەو مشتومڕە نائەقڵانییەی کە ئێستاکانە لەسەر ئاین دەکرێ. سۆسیالیسم لە بنەڕەتدا نە ئایندارەو نە بێئاینە، مانای ئەوە دەگەێنێ کە یەکیەتی ژیانی مرۆڤەکان دووپات دەکاتەوە، و دوانەیی هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە بناغەی ئەخلاقی هەموو ئاینە گەورەکاندا جێگیر بووە. مەبەستم لە دوانەیی دژایەتی سیاسەت و ئاین، مادە و رۆح، ئەم دونیا و ئەو دونیا،،]- ئی. بێلفۆرت باکس/ سۆسیالیسم و ئایین/حوزەیرانی ساڵی ۱۸۸٤.
وەک هاوڕێ “ئی. بێلفۆرت باکس” نووسی بووی: سۆسیالیسم دۆخێکی کۆمەڵگا دادەمەزرێنێ، دوانەیی بناغەی ئەخلاقی هەموو ئاینە گەورەکان و فەلسەفەکان، و جیاوازی نێوان تیۆر و پراکتیک، هەڵدەوەشێنێتەوە. چونکە سۆسیالیسم کۆتایی بە: جیاوازی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا، جیاوازی لە نێوان ئازادی فەردی و ئازادی کۆمەڵ، دەهێنێ، و یەکسانی سیاسی و یەکسانی ئابووری بۆ ئینسانەکان لە یەک کاتدا مسۆگەر دەکات.

دلێمەی ڕەوشت لە سیستەمی سەرمایەداریدا
(ئەگەر خودا نەبێ هەموو شتێک ڕەوایە) – ئەوە ووتەیەکی بەناوبانگی “دۆستۆیڤسکی”یە لەسەر زاری یەکێک لە پاڵەوانەکانی “برایانی کارامازۆف”. هەوڵ دەدەم ئەوە ڕوون بکەمەوە کە (ئایین و ڕەوشت) لە پەیوەندێکی هاوتەریبی وەهادا نین وەک “دۆستۆیڤسکی” دەیگووت.
بە بۆچوونی ئایینداران، ڕەوشت وەک فەرمان لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤەکان دابەزیووە، واتە ئایین تاکە سەرچاوەی ڕاستەقینەیە بۆ بوونی ڕەوشت، ئیدی ئەگەر ئایین لەنێو بچێت یان لاواز ببێت لە نێو کۆمەڵگادا، بێگومان ئەنجامەکەی لەم دیدگایەوە ئەوەیە کە ڕەوشتیش نامێنت و جیهان دەبێتە جەنگەڵستان.
لەڕاستیدا (ئایین و ڕەوشت) پەیوەندیان بە باری ئابووری و سیستەمی سیاسی دەوڵەتەوە هەیە: لەسادەترین هەڵسەنگاندندا لەڕوی ڕەوشتەوە لەنێوان ووڵاتی سوید لەتەک ئێراق، دەبێ بڵێن ووڵاتی سوید زۆر بەڕەوشترە لەچاو ووڵاتی ئێراق.
ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە مەبەستم هیچ کەموکورتییەک لە ووڵاتی سویدا نییە، بەڵام لە هەڵسەنگاندنی نێوان ئەو دوو ووڵاتەدا لە ڕوی ڕواڵەتی ڕەوشتەوە ئەوە فاکتە کە سوید بڵندترە.
بە گشتی دزی و درۆکردن، فڕوفێڵ و ساختەکاری، توندوتیژی و نامیهرەبانی، خۆپەرستی، زۆرداری و ستەم، گەندەڵی و لەشفرۆشی بە بێڕەوشتی دەژمێردرێن. کاتێ فیگۆری دوو سیستەمی سیاسی سەرمایەداری جیاواز دەکێشین و بەراوردیان دەکەین لەڕوی ڕەوشتەوە، ئەوکات تابلۆێکی ڕۆشنمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو دوو سیستەمە چۆن کاردەکەن. بەراوردێک لە نێوان دوو شێوەی جیاوازی سیستەمی سیاسی لەڕوی گەندەڵی ئەخلاقیەوە دەکەین، وە دەبینین داخۆ لە چ خولێکدا کۆمەڵگا پلەی ڕەوشتی نزم یان بڵندتر بووە.
دەتوانین بەراورد بکەین لە یەک ووڵاتدا لە نێوان دوو شێوەی سیستەمی سیاسی جیاوازیدا: بۆ نموونە لە نێوان سیستەمی سیاسی پاشایەتی ئێران و سیستەمی سیاسی ئیسلامی ئێستای ئێران، ئێراق لە سەردەمی سەدام حسێن و ئێراقی سەردەمی دیموکراتییەتی ئەمەریکی، یان بەراورد لە نێوان دوو ووڵاتی جیاوازدا، ووڵاتێکی وەک: ئێراق و سوید یان میسر و فلیپین.
ئەنجامێک کە دراسەکان پێی گەیشتوون: میسر لە گەندەڵیدا پلەی ۱۰٦، و فلیپین ۱۱۳، و پیرۆ ۱۰۱ یان هەیە، واتە نزیک بەیەکن لەگەڵ ئەوەشدا کە بیروباوەڕی ئایینی لەو ووڵاتانەدا جیاوازن.
ئێراقی ئەمڕۆکە بەراورد بە سەردەمی سەدام زۆر ئیماندارترە بەڵام زۆر بەدڕەوشترە.(لێرەدا بەراورد دەکەین؛ مەبەست ئەوە نییە کە ئێراق لەسەردەمی سەدام و حیزبی بەعسدا: گەندەڵی، تندوتیژی، تاوان و لەشفرۆشی تێدا نەبووبێ.).
لە ئێراندا جیاوازێکی گەورە نییە، مەگەر دەتوانین بڵێن ئەمڕۆکە کۆمەڵگەی ئێران لە ڕوی ئەخلاقەوە خراپتر بووە لەچاو سەردەمی شای ئێران.
(بۆ نموونە: تندوتیژی و لەشفرۆشی ئاماژەیە بۆ نایەکسانییەکی ئابووری گەورەی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە)، ئیدی ئەوە گرنگ نییە داخۆ دەوڵەت وەک ڕووکەش بڕوای بە چ ئایینێک هەیە، یان دەوڵەت سیکولاریستە و سەربەخۆیە لە ئایین، یان کۆمەڵگا بڕوای بە چ ئایینێک هەیە. کەواتە ئەوە ئایین و جۆری پەیوەندی دەوڵەت و ئایین نییە کە ئەخلاقی کۆمەڵگا دیاری دەکات، بەڵگە هەلومەرجی ئابووری کۆمەڵگە و پلەی سەقامگیری کۆمەڵگەیە کە ئەخلاقی کۆمەڵگا دیاری دەکات.
خشتەی گەندەڵی دەوڵەتەکانی جیهان لە سایتی (المرسال / لەنووسینی ریام تۆفیق – ۱۰ أبريل ۲۰۲۲).
ئەفغانستان لەپلەی ۱۷۳، ئێراق لەپلەی ۱٦۲، ئێران لەپلەی ۱٤٦، میسر ۱۰٦- ئەم ووڵاتانە ئایینی ئیسلام تێیاندا زاڵە. نیکاراگوا ۱٦۱، هایتی ۱٦۸، کێنیا ۱۳۸- ئەم ووڵاتانە ئایینی مەسیحی تێیاندا زاڵە. کەمبۆدیا ۱٦۲، لاوس ۱۳۰، تایلاند ۱۰۱- ئەم ووڵاتانە ئایینی بودی تێیاندا زاڵە.
لەو ووڵاتانەدا کە ژمارەی ئیمانداری تێیاندا بەرزە لەهەمان کاتدا پلەی گەندەڵی تێیاندا بەرزە، بەراورد بە ووڵاتانی ئەوروپی کە پلەی گەندەڵی تێیاندا نزمە. بۆ نموونە نيوزيلەندا و سەنغافورە کە ووڵاتانێکن تێکەڵەیە لەبوونی هەموو ئاینەکان، و ژمارەێک لە خەڵکی تێدایە کە بڕوایان بە ئایین نییە، زۆرکەم گەندەڵییان هەیە، و لە پلەی گەندەڵی نێوان ووڵاتاندا ژمارەیان: ۱ و ٦ / لە کاتێکدا سۆمالیا ۱۷٥ و ئێراق ۱۷۱. کەواتە ئەم خشتەیە پێمان دەڵێت ئایین ناتوانێ گەندەڵی بووەستێنێ.
هەروەها دیاردەی لەشفرۆشی و ئایین هەمان شێوەیە، لەو ووڵاتانەی هەژاری و بێ مافی هەیە دیاردەی لەشفرۆشی هەیە، و ئایین و ئەخلاقی نیشتمانی نەی توانیووە ئەو دیاردەیە نەهێڵێ، لەکاتێکدا دیاردەی لەشفرۆشی لە ووڵاتێکی وەک سویدا جگە لەوەی بە یاسا قەدەغەیە، دیاردەێکی زۆر دەگمەن و لە ژێرزەمینی کۆمەڵگەدایە. هۆکاری نزمی ئاستی گەندەڵی و لەشفرۆشی لە سوید ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەت سیکولاریسمە، بەڵکە هۆکارەکەی خۆشگوزەرانی ئابووری ووڵاتی سویدە، دەنا ووڵاتی وەک پیرو، کێنیا و تونس سیکولاریستن، بەڵام هەلومەرجی سەختی ئابووری وای کردووە کە گەندەڵی، تندوتیژی و لەشفرۆشی دیاردەو کێشەێکی گەورەن.
لەتەک ئەم جیاوازیانەی ئاکاری ڕواڵەتی لە نێوان دەوڵەتەکاندا کە فاکتن، ئەما لە ڕوانگەی فەلسەفەی ئەخلاقی سۆسیالیستەکانەوە لە ڕەهەندی ئەخلاقەوە ئەم ووڵاتانە جیاوازێکی جەوهەرییان نییە، چونکە سۆسیالیستەکان بۆ پرسی ئەخلاق نامۆی و تەشویهی کەسایەتی ئینسانەکانیان بەلاوە گرنگە، وە هەموو ئەو ووڵاتە سەرمایەداریانەی جیهان کە باسمان کرد، ئینسان لەوێکانەدا ( کەسایەتی شێوێنراوەو نامۆیە، و مرۆڤ داماڵراوە لە هەموو تواناێکی وەک کائینک لە جۆرێکی دانسقە و تایبەت )، ئینسان کراوە بە مەسخ یان بورغوێک لە ماشینێکی کارگەێک، یان کراوە بە دەروێش و عابیدێکی خوداێک لە پەرستگاێک، یان بۆتە کۆیلەی گەڵاێکی سەوز کە پێی دەڵێن دۆلار . ئیدی گرنگ نییە ئینسانەکان خاوەنی ئایین و ئەخلاقی ئاسمانین یان خاوەنی ئایین و ئەخلاقی پوڵ و کاڵای سەرمایەداری سەرزەمینن، یانی ئەوە زۆر گرنگ نییە دەوڵەت لە ئایین جودایە یان تێهەڵکێشە، چونکە کاتێ سیستەمی سەرمایەداری حاکمە، ئیدی زۆربەی مرۆڤەکان هەژار و نامۆن.

ئایین وەک بڕوای خەڵکی و ئایین لای سیاسیەکان
لە ساڵی ۱۹۳۱ فەیلەسوف و نووسەری ئیسپانی “میگێل دی ئونامونۆ” چیرۆکی (قەشە مانوێل بوینۆی شەهید)ی بڵاوکردەوە. چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەی زۆرێک لە نیگەرانی بوونیادگەری فەیلەسوف خۆی بوو. چیرۆکەکە باسی خەڵکی شارۆچکەێک دەکات لە قەدپاڵی چیاکاندا، کە زۆر ڕێزی “قەشە مانوێل بوینۆ”یان دەگرت، و گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانی دەبوون. ئەما قەشەکە بۆ خۆی بڕوای بە ئایین و بیرۆکەی زیندوو بوونەوەو ژیانی دوای مەرگ نەمابوو.
بەڵام ئەم نهێنییەی خۆی لای کەس نەدەدرکان، و بیانووی بۆ ئەوەش ئەوە بوو کە باوەڕبوون بە ژیانێکی تر، دڵنیایی لە دڵی خەڵکی گوندەکەدا بڵاودەکاتەوەو دووریان دەخاتەوە لە خراپەکاری، چونکە هەموو مرۆڤێک توانای ئەوەی نییە بەرگەی بیرۆکەی مردن بگرێ بەبێ گەرەنتی ژیانێکی تر.
مەبەستی قەشەکە لە بەکارهێنانی ئایین لە شارۆچکەکەدا بۆ کارێکی خێر بووە، هەرچەندە بۆ خۆی بڕوای بە ئایین نەمابوو. ئایینی خەڵکی، ئایینی دایک و باوکمان بڕواێکی وجودییە، پرسی ئەم دونیا و ئەو دونیایە، مەسەلەی نەبوونی دادپەروەرییە لەم دونیا، و بڵکە لەو دونیا ژیانێکی پڕ لە شادی نسیبمان بێ. لە نێو کۆمەڵگەێک کە لەسەر بناغەی چەوسانەوەی چینایەتی دامەزراوەو ناکۆکییەکانی وجودییەتی ئینسانەکان چارەسەر نەکراوە، ئایین پێویستیێکە بۆ خەڵکی، بۆیە سۆسیالیستەکان ئیهانەی ئایینی خەڵکی ناکەن، بەڵام ڕەخنە لە ئایینی سیاسی دەگرن، و دەچنە جەنگ لەتەک دەوڵەتانی سەرمایەداری کە ئایین وەک ئیدۆلۆژیا بەکاردەهێنن بۆ فریودانی خەڵکی.
هەڵبەتە لە دێر زەمانەوە دەسەڵاتداران ئایینیان بۆ فریودانی خەڵکی بەکارهێناوە. فیرعەونەکانی میسری کۆن و پاشاکانی بابل و سۆمەر بە خەڵکیان گووتووە کە نوێنەری خودان لەسەر زەوی. ئەما لەسەردەمی سەرمایەداریدا، یەکێک لە فەیلەسوفە کۆنەخوازەکان کە تێزی بۆ بەکارهێنانی سیاسی ئایین داڕشتووە “لیۆشتراوس”ە.
شتراوس ئامۆژگاری سەرکردە سیاسییەکان دەکات کە:( لە ڕووی ئایینیەوە بێدین بن، ئەما لە ڕووی سیاسییەوە ئایینی بن.) – (كن ملحد دينيًّا لكن متديِّن سياسيًّا )-
( Be religiously atheist but politically religious).
ئەم کۆنسێپتە لە کتێبەکەی لیۆشتراوس لە ساڵی ١٩٦٢ بە ناوی “ڕەخنەی سپینۆزا لە ئایین”، وە لە نووسراوەکانی تریدا دووبارەی کردۆتەوە.
ئەمڕۆکە ئەو جۆرە ڕوانگەیە لە ئەوروپا و ئەمەریکادا باوە کە دەڵێ: (من ئەتیستم وە کۆنەپارێزم – I’m an atheist and a conservative)، ئەم دەربڕینە هەمان مەفهومەکەی شتراوس دەگەێنێ لە سیاسەتدا.
“جۆن مەککۆرمیک” ئاماژە بە پێگەی شتراوس دەکات وەک “بێدینێکی ئینجیلی”، وە دەڵێ شتراوس بڕوای بەو بۆچوونە هەیە کە هەرچەندە خودا بوونی نییە، بەڵام ترس لە خودا، کە لە بنەمای ئینجیلیدا هەیە، بە سوودە لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، و دەبێ سیاسیەکان و دەوڵەت سوودی لێوەرگرن.
لە دونیای جەنجاڵی سەرمایەداری ئەمڕۆدا، کە فکری مارکس و سۆسیالیسم زۆر شێوێنراوە، هەندێ چەپی سەرلێشێواو، ئیهانەی ئایینی خەڵکیان دەکرد، وەک لاسایکردنەوەێک و کۆپێی کردنی ئیسلامفۆبیای ئەتیستی بۆرژوازی توندڕەو، کە باڵی ڕاستڕەوی توندڕەو (ناسیسمی نوێ) بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمەریکادا بڵاویان دەکردەوە. ئەم چەپی بۆرژوازیە ئەرگومەنتەکانی خۆیان بە هەندێ لە بڕگەی نووسینەکانی مارکسی تافی لاوی (مارکسی چەپی هیگلی)، کە تەنانەت بە نادروستی و کرچوکاڵی لەو بەرهەمانەی مارکسی لاو تێگەیشتبوون.
مارکس ڕەخنە لە دەزگا و پیاوانی ئایینی دەگرت، نەک ڕەخنە لە ئایین، ڕخنەکەی بە تەواوەتی پەیوەندی بە سەرمایەداری و پیاوانی ئایینیەوە هەیە. مارکس ڕخنە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی دەگرێت کە هۆکاری ” نامۆی ئاسمانی و سەرزەمنی” ئینسانەکانە.

گەمەکەی ئەنوەر سادات لەتەک ئایین
(هەژاری شۆڕش دروست ناکات، بەڵکە هۆشیاری هەژارەکان شۆڕش دروست دەکات. ئەرکی زۆردار ئەوەیە کە هەژارت کات، و ئەرکی شێخی زۆردار ئەوەیە کە هۆشیاریت نەهێڵێت). – مارکس
کاتێ کۆمەڵگە ڕووت و برسییە، دەسەڵات خۆی بە ئایین پۆشتە دەکات. لە خولی قەیرانی ئابووریدا، لەساتێ هەژاران و کرێکارانی کۆمەڵگە کێشەی نەبوونی کارو نانیان هەیە، دەسەڵاتی سەرمایە خۆی بە ئایین دادەپۆشێ. دەسەڵاتی سەرمایەداران هەروەک دەسەڵاتی پێشووی دەرەبەگەکان، خوازیارن لە پیرۆزی ئایین سوودمەند بن. گەلێ فاکتۆر هەن بۆ گەڕانەوەی زاڵ بوونی ئایین لە نێو کۆمەڵگەدا، ئەما هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی ئابووری، و نەبوونی هیواو ئومێدی ڕزگاری دونیایی. ڕاپۆرتەکانی دەزگاکانی جیهانی بۆ ساڵانی ۲۰۲۳ پێشبینی ئەوە دەکەن کە کارەساتی ئابووری دەقەومێ؛ هەژاری بێ پایانی خەڵکی بەهۆی گرانی بژێوی و هەڵئاوسانی دراو، ژمارەێکی زۆری کرێکاران و چینی ووردە بۆرژوازی گلۆردەکاتەوە بۆ بازنەی هەژاری. ڕێژەی هەژاری لە ووڵاتێکی وەک میسردا گەیشتە لە ٦۰%. چینی کاسبکارو ووردە بۆرژوازی، فەرمانبەرانی کەرتی تابیبەت و گشتی موچەکانیان بەشی نیوەی مانگی خۆیان و خێزانەکانیان ناکات. دیارە دیمەنەکە لە هەر ووڵاتێکی دی بگری لەمە باشتر نییە.
کرێکارێکی میسری بەم جۆرە وەسفی ساڵی ۲۰۲۲ دەکات:
(هیچ ساڵێک هێندەی ساڵی ۲۰۲۲ سەخت نەبووە لەسەرم، سەیارەکەم فرۆشت، و بۆ کەمکردەنەوەی خەرجی کچەکەم لە قوتابخانەی تایبەتی دەرهێناو گواستمەوە بۆ قوتابخانەی گشتی، هێشتا ناچارم بە لیستی خەرجیدا بچمەوە تا بتوانین بەرگەی گرانی بگرین.) سەرچاوە:(الطبقة الوسطى… وتد المجتمع العربي يتآكل/ الأربعاء ۱۳ أبريل ۲۰۲۲/ اندبندنت عربی).
ئەمە سەرگوزشتەی زۆرێک لە خەڵکی کرێکارانە لە هەر جێگاێک بێت لەم دونیایەدا. ئالەم هەلومەرجەدایە کە خەڵکی پەنا بۆ ئاسمان دەبەنەوە وەک فریادڕەسێک، و دەسەڵاتیش بۆ سوود وەرگرتن لەم پێویستییە دەروونییەی خەڵکی، خۆی بە پۆشاکی ئایین دادەپۆشێ، یانی هاوشێوەی گەمەکەی ئەنوەر سادات لە میسردا. ئەم گەمەیەی دەسەڵات ستراتیژێکە دووسەری ناکۆکی هەیە:
بە سەرێکیدا دەسەڵات دەیەوێت هەژموونی خۆی بەسەر سەروەت و سامانی کۆمەڵگەدا بپارێزێ بۆ خۆی و دەستەوتاقمە گەندەڵەکەی، و هەتا لەنێو گەورەترین قەیرانی ئابووریدا، ڕێ خۆش دەکات تا چینی بۆرژوازی زیاترین قازانج بکات، و خەریکی کەڵەکەی سەرەوت و سامان و خۆش بژێوی خۆیان بن. واتە زاڵکردنی ئەخلاقی چینی خاوەن پوڵ و دەسەڵات کە ئەخلاقی بازارە بەسەر کۆمەڵگەدا؛ ئەخلاقی هەڵوشینی قازانج و ملشکاندنی یەکتری لە بۆربۆڕێنێکی دڕندانەی نێو جەنگەڵستانی بازاڕی دولار و بۆرسەی بێ ڕەحمدا. بەسەرەکەی دیدا بۆ کپکردنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی هەژارارن و زەرەرمەندان، دەسەڵات باس لە ئایین و ئەخلاق و داب نەریەتی نەتەوەیی دەکات. وەک بڵێی ئایین و ئەخلاق لە دیدگای دەسەڵات و پیاوانی بازرگانانی ئایینی، یانی قبوڵکردنی هەژاری، کە لە ڕاستیدا خودی هەژاری و گەندەڵی سەرچاوەی هەموو نائەخلاقییەکە لە کۆمەڵگەدا. بۆیە تا زیاتر دەسەڵات بە دیوی یەکەمدا سامان لای کەمایەتیەک کەڵەکە کات، و بەدیوی دووەمدا باس لە ئایین و ئەخلاق بکات، ئەوە کۆمەڵگە زیاتر نایەکسان دەبێ لەڕوی ئابووری و زیاتر بەدڕەوشت دەبێ. ئەوەش ئەو ناکۆکییەیە کە زوو یا درەنگ، وا دەکات هەم دەسەڵات هەموو کارتەکانی گەمەکەی لەدەست بدات، وە هەم بازرگانانی ئایینی لەبەر چاوی خەڵکی ڕێزو حورمەتیان نامێنێ.

“سەختە مرۆڤ جێگاێک شک نەبا پەنای بۆ بەرێ” – دۆستۆیڤسكی لەسەر زاری مارميلادۆف لە ڕۆمانی (تاوان و سزا).
دۆستۆیڤسكی لەسەر زاری مارميلادۆف لە ڕۆمانی (تاوان و سزا) دا دەڵێ: (ئایا بەڕێزم درک بەوە دەکەیت ئەگەر مرۆڤ نەزانێت بۆ کوێ بچێت، چی دەکات؟).بێگومان ئەو مرۆڤە بەدبەختە ڕازی دەبێ بە بەشمەینەتی، لێرەوە بەناچاری هەر مرۆڤێک دەبێ جێگاێک بدۆزێتەوە بۆی بچێت. چونکە مرۆڤ بەو ساتانەدا تێدەپەڕێت کە هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی بچێتە شوێنێک بۆ هەر شوێنێک. لەم قسانەی مارميلادۆف مەبست جێگاێک بۆ مرۆڤە چەوساوەکانە، جێگاێک تا بچن لەوێکانە ژان و خەمەکانی دەروونی خۆیان هەڵڕێژن تا ئاسودە بن.
ئەو جێگایە کوێیە لەم کۆمەڵگەیەدا کاتێ دادگاکان و مرۆڤەکانی دی جێگای متمانە و دڵنەوایی نین؟. کاتێ دڵی ئینسانەکان لەبەرامبەر یەکتری درگای قفڵ درابێ، ئەو جێگایانەی هەموو کات درگایان واڵایە (مزگەوت وکەلیسا و پەرستگاکانە). بۆیە کاتێ مرۆڤەکان هیچ هیواو ئۆمێدێکی دونیایی شک نەبەن، ناچار لەو هەلومەرجەدا مرۆڤەکان پەنا بۆ ئایین دەبەن، وەک چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی ژان و بێ ئومێدیەکانیان، لەم تێگەشتنەوەیە کە مارکس دەڵێ:”ئایین رۆحی دونیاێکی بێ ڕۆحە .. ئایین هەناسەی مرۆڤی چەوساوەیە”.
لەم سەردەمی سەرمایەدارییەی ئێمە تێدا دەژین، هەروەک سەردەمی دێرینی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمای کۆن، چۆن مرۆڤە چەوساوەکانی ئەو کاتانە (کۆیلەکان، جوتیارانی لادێکان و خەڵکی خاوەن پیشەی شارەکانی ڕۆمای مەزن) لە پەرستگای (خودای ديونيسۆس یان باكوس، کە خودای شەراب، ئاهەنگ و بەختیاری بوو، یان خودای ئەپۆلۆن کە خودای هونەر و مۆسیقا بوو) هیچ دڵنەوایی و هەستێکی هاوبەشیان نەدەدۆزییەوە، چونکە ئەو خودایانە، خودای خەڵکانێکی ئازاد و بێ کێشەی پوڵی بوون. بۆیە لەتەک هاتنی ئایینی مەسیحی، خەڵکی کۆیلە و هەژاران لەودا ئەو جێگایەیان دۆزییەوە کە پەنای بۆ بەرن.
لەم سەردەمەشدا بە هەموو قەیران و کارەساتەکانییەوە، خەڵکی جارێکی دی لە نەبوونی هیوا و ئومێد، لە نەبوونی بزووتنەوەێکی سۆسیالیستی بەهێز وەک ئامانج، ناچارن ڕووبکەنەوە ئایینی ئاسمانی، چونکە ئایینی کاڵا و پوڵ پەرستی سەرمایەداری تەنها بۆ چینی خاوەن سەرمایە و پوڵ گونجاوە.
لاوێکی بێ کار و پوڵ چ ڕۆحێک دەدۆزێتەوە لە خودای سەرزەمینی سەرمایەداری (خودای ديونيسۆس و خودای ئەپۆلۆن)ی نوێی سەرمایەداری. کرێکاران کە زەرەرمەند و چەوساوەن، بە سکێ تێر و بە سکێ برسین، ڕووناکەنە پەرستگاکانی خودای ديونيسۆس و خودای ئەپۆلۆن: واتە ڕووناکەنە مۆڵ و بازاڕی تەکنەلۆژیای دوا مۆدێلی سەیارە و یەختی بۆرژوازەکان.
ئەمڕۆکە هەلومەرجی سەختی ئابووری سەرمایەداری بە عەمەلی نفوزی خودای کاڵا و پوڵی سەرمایەداری لای زۆربەی خەڵکی لاواز کردووە، بۆیە لە نەبوونی بەدیل، خەڵکی دەگەڕێنەوە بۆ ئایینی ئاسمانی. لێرەدایە کە دەسەڵاتی سەرمایەداران ئەم هەلە دەقۆزێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئەم پێویستییە ڕۆحییەی خەڵکی، و دەسەڵاتی خۆی دەئاڵێنێ بە ئایینی ئاسمانییەوە، و بێ ئاگایە لەوەی گەر ئەوە سەرکەوتنێکی کاتی کورتماوەشی بۆ مسۆگەر کات، بەڵام کاتی بەهێزبوونی بزووتنەوەی کرێکاری و سۆسیالیستی، ئەوکات شۆڕشی سۆسیالیستی دەسەڵاتی سەرمایەداری و بازرگانانی ئایین، پێکەوە سەرنگون دەکات.

سەرمایەداری و یەکیەتی ئایینی ئاسمانی و سەرزەمین
پوختە و ناوەڕۆکی ووتارەکە:
۱/ ڕوانگەی سۆسیالیسم بۆ ئایین خوێندنەوە نییە بۆ دەقەکان و ئەستۆرەکانی ئایینەکان، سەلماندنی ئەوە نییە کە جیهانبینی ئایینەکان فریوکارییە، بەڵکو سۆسیالیستەکان شرۆڤەی مێژووی سەرهەڵدانی ئایینەکان دەکەن وەک پێویستییەک بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارەکانی مرۆڤەکان و ڕێکخستنی ژیانی ئینسانەکانە لە کۆمەڵگەێکی چینایەتیدا. بۆیە ئایینەکان بۆ خۆیان دەسەڵات بوون یان پارێزەری دەسەڵاتەکان بوون.
۲/ ئایینەکان ئیسڵاحاتیان کردووە لە کۆمەڵگاکاندا، دیفاعیان لە کۆیلە و هەژارەکان کردووە، بەڵام ئایینەکان دژی دابەشبوونی چینایەتی و خاوەنداریەتی تایبەتی و بازاڕ و ئاڵوگۆڕی کاڵاکان نەبوون. بەتاییبەتی لەم سەردەمەدا ئایینەکان بە گشتی دژی شێوازی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری نین و خاوەندارییەتی تایبەتی و پۆڵ و ئاڵۆگۆری کاڵاکان حەرام ناکەن. واتە ئایینەکان خۆیان گونجاندووە لەتەک واقیعی ژیانی ئابووری ئینسانەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، و ئەو سیستەمە دەپارێزن کە پڕە لە نایەکسانی، و زوڵم و چەوسانەوەی ئینسانەکان.
۳/ لە پێکهاتی ئابووری سەرمایەداریدا باسمان لە بوونی ئایینی سامان/ پوڵ پەرستی (فیتیشیزمی کاڵا)کرد، کە ئایینێکی مەنفەعچیەتی/ بەرژوەندنی پەرستی سەرزەمینە. لێرەوە ڕوونە کە مرۆڤەکان لەم سەردەمەدا بەجۆرەها ئایینی ئاسمانی و زەمینی چواردەوریان تەنراوە.
٤/ لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بۆرژوازەکان بە دروشمی [جیایی دین لە دەوڵەت] قەڵەمڕەوی و نفوزی ئایینە ئاسمانی و کۆنەکانیان لاواز کرد، بەڵام ئینسانەکان بوونە دەروێشی فیتیشزمی کاڵا و پوڵ. کەواتە گەر شۆڕشی بۆرژوازەکان بە سیکولاریسم و کۆمەڵگەی مەدەنی توانیان بۆ خولێک ئینسانەکان قوتارکەن لە کۆیلایەتی بۆ خودای ئاسمان، بەڵام گیرۆدەی کۆیلایەتی خودای کاڵا و پوڵیان کردن. گەر مرۆڤەکان لە وەهمی ئاسمان ڕزگاریان بووبێ، بەڵام دواتر کەوتنە وەهمی ئایینی سەرزەوی سەرمایە.
٥/ لە دوای ئەو باسانەی خاڵەکانی پێشوو دەگەینە ئەنجامگیرێک کە پرنسیپێکی سۆسیالیستەکانە بۆ هەڵوێست وەرگرتن دەربارەی ئەو ڕاپەرینە جەماوەرییانەی کە تەنها ئامانجی سیکولاریسمی بۆرژوازی هەیە. سۆسیالیستەکان لەکاتێکدا جیایی دین لە دەوڵەتیان پێ ئەرێنییە بەڵام بە کافی نازانن، چونکە بە جیایی ئایینی ئاسمانی لە دەوڵەت، کاتێ شۆڕش پایەکانی پێکهاتی ئابووری سەرمایەداری نەگۆڕێ، ئیدی ئایینی سەرزەمینی پۆڵ پەرستنی سەرمایە بەهێز دەبێ.
دوای ئەو چەند خاڵەی سەرەوە، هیوادارم ئەوە ڕوون بێ بۆچ سۆسیالیستەکان لە هەر ووڵاتێکی ئەم جیهانەدا بێت، بە دروشمی لیبڕاڵی [ ئازادی و سیکولاریسم و فێمینیسم] بەشداری ڕاپەڕینەکانی جەماوەر ناکەن، بەڵکە بە دروشمی [ نان، کار، ئازادی، حکومەتی کرێکاری] بەشداری دەکەن، و بۆ جەماوەری ڕووندەکەنەوە کە لیبڕالیسم و ئامانجەکانی ڕزگار بوونێکی وەهمییە لە دەسەڵاتی ئایین و ئیستبداد.
———————————————————————
تێبینەکان:
* یەکێک لە خواوەندەکانی سامان لە گریکی کۆندا ناوی پلۆوتۆس Ploutos بوو، لە ڕۆمای کۆن ناوی پلۆتۆ.
* * (دينكـم دنانيركــم تحت قدمي) – لە سەرگوزشتەکان دەربارەی ڕۆحانیێک “محي الدين بن عربي” وا هاتووە کە بە خەڵکێکی گتووە:(ئایینەکەتان پوڵەکەتانە لەژێر پێمدایە)؛ مەبەستی ئەو پوڵە بووە کە لەو کەسانە کەوتووەو ئەویش پێی پێداناوە.

 

 

لێدوانێک بەجێ بهێلە