Home هاوپۆلنه‌كراو سەرەخۆشی وەک ئاکتێکی دیپلۆماتیکی

سەرەخۆشی وەک ئاکتێکی دیپلۆماتیکی

by admin
0 کۆمێنتەکان 174 بینینەکان

ڕۆمان ئامینە:
سەرەخۆشی لە گفتومانی پەیوەندیە سیاسیەکاندا جۆرێکە لە جۆرەکانی مەتنی دیپلۆماتیکی، بە دیاریکراوی بەشێکە لە مەتنی دیپلۆماتیکی نووسراو. ئامانج لە سەرەخۆشی کردن وەک هەر ئاکتێکی سیاسی تر، دەشێ بۆ شاردنەوەی دژایەتی بێت، یاخود بەرقەرارکردنی جۆرێک لە ئاشتەوایی، یان دەرخستنی نیازپاکی، یاخود بۆ چەواشەکاری بێت. سەرەخۆشی بە زمانێکی ئەبستراکت و بە شێوەیەکی ئێفێمیزمیانە دەنووسرێ.، کە تێیدا سەرنج، هیواخواستن، جەختکردنەوە لە برایەتی و ئاشتەوایی دێتە باس وێڕای سەرەخۆشی.

بە درێژایی مێژووی پێنج سەد ساڵەی ئەوروپا و پێشتریش کە تەژییە لە بەریەککەوتن و شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی، هەمیشە پەیوەندی بە ئاستگەلی جیاواز لەنێوان میرە ئەوروپیەکاندا جێگەی باسبووە. تەنانەت لە سەروەختی شەڕەکانیشدا کۆشکی میرەکان نوێنەری میرە نەیارەکانی تێدابووە و یەکبینە برووسکەیان ئاڵوگۆڕ کردووە. ئەوە لە بابەتی مردنی کەسە گرنگەکانی بنەماڵەی میرەکاندا، ئەو میرانەی دی کە بۆ خوێنی گیانی یەک بە کوڵ بوون، برووسکەیان ناردووە و هاوخەمیان نواندووە، بێ ئەوەی ئەوە ناکۆکیەکانیان کۆتایی پێ بێنێت، ئەوەش وەک نەریتێکی سیاسی بە درێژایی ئەو چاخانە تا ئەمڕۆ بەردەوامی هەیە. بەڵام ئەوەی دیپلۆماسی کۆن لە نوێ جیادەکاتەوە جۆرێک لە شاراوەییە، کە لە دیپلۆماسی کۆندا جێی باس بووە، هەرچی دیپلۆماسی نوێیە کە بە دیپلۆماسی کراوە و ئاشکرا ناودەبرێ بە پێچەوانەوە چیدی ناشاردرێتەوە تەنها نێوەڕۆک و ئامانجەکەی نەبێت، دەشێ دیپلۆماسیەتی ئاشکرا و کراوە بە دیپلۆماسیەتی ئەمریکیش ناوزەد بکەین، کاتێک لە جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن بەهێزترین فاکتەری ئەو سەردەمەوە کە ئەمریکابوو لە چوارچێوەی میکانزمی ڕیاڵ پۆلەتیکدا وەک نەریتێکی سیاسی و دیپلۆماسی، هاتە نێو مەیدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.

شا تەهماسبی سەفەوی چاوی بە سەرکەوتنەکانی عوسمانیدا هەڵنەدەهات و لە هەوڵی ئەوەدابوو بیرۆکەی شیعەگەری بەرێتە ئەنادۆڵەوە، لە هەمان کاتدا لە ڕێی برووسکەوە پێشوازی لە سەرکەوتنەکانی عوسمانییەکان لە ئەوروپا دەکرد و نزای بۆ دەکردن و ئاژەڵی بۆ قوربانی دەکردن، بەڵام لە بنیشەوە خەریکی درووستکردنی قۆرت بوو بۆیان، تا ئەوەی دەرفەتی قۆستەوە و سەرقاڵ بوونی ئەوانی بە ئەوروپاوە بە هەل زانی و پەلاماری ئەنادۆڵی دا و قەڵای وانیشی گرت ئەوەش پێشڕەوی عوسمانییەکانی لە دەرگاکانی ئەوروپادا ڕاگرت
ئەلێکساندەری یەکەم قەیسەری ڕووسیا و ناپلیۆن پۆناپارتی فەڕەنسا، زوو زوو برووسکەی پیرۆزبایی و دڵاواییان بۆ یەک دەنارد، هەرچەندە لای دۆستەکانیان ئەوەیان نەدەشاردەوە کە دووژمنی یەکن. قەیسەری ڕووسیا ئەلێکساندەری لە نامەیەکدا کە بۆ خوشکەکەی ناردووە، لە بارەی ناپلیۆنەوە دەنووسێ کە لە ئەوروپادا شوێنی پێویست بۆ هەردووکمان نییە، درەنگ یان زوو پردی پەیوەندیمان دەپچڕێ و یان من یان ئەو. بەم جۆرە پەیوەندیەکە تا پەلاماری ناپلیۆن بۆ سەر ڕووسیا و تەنانەت تا گرتنی وێلنا مایەوە و لە چوارچێوەی برووسکە و نامەدا پارێزگاریان لە نەریتنی دیپلۆماسیەتی نێوانیان کرد، ئیدی لەوێوە بۆ هەمیشە پچڕا.

میسر و ئیسرائیل لە مێژووی هاوچەرخدا ئەو دوانە نەکڵۆکە بوون کە بە تەنیشت یەکەوە هەڵکەوتوون و هەمیشەش لە گرژیدا بوون، بە تایبەت لەسەردەمی جەمال عەبدولناسری سەرۆکی میسردا. سا وەختێک جەمال عەبدولناسر کۆچی دوایی کرد، گۆڵدا مایەری سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل برووسکەیەکی ئامادەکرد، هاوکات سەرۆک زەلمان شازار پەیامێکی دەنگی بۆ ڕادیۆی دەنگی ئیسرائیل ئامادەکرد وەک سەرەخۆشی لە دەسەڵات و گەلی میسر، بەڵام مۆشە کۆڵ و مۆشە دایان دوانە سەرسەختە عیبرانیستەکە لە دواساتەکداندا نەیانهێشت و کەوتنە جوڵاندنی هەستی دەمارگیرانەی زایۆنییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەیامە دەنگییەکە، بە بیانووی ئەوەی کە جەمال عەبدولناسر پیاوێک بووە کە زەرەری گەورەی لە دۆزی ئیسرائیل داوە، ئەگەرچی دوایش پەیامەکەی زەلمان شازار لە ڕێی ڕۆژنامەوانەکان و دیپلۆماتە ئەمریکییەکانەوە بە میسرییەکان گەیشتەوە.
ئەنووەر ساداتی میسریش لە برووسکەیەکدا کە بە بۆنەی مردنی گۆڵدا مایەرەوە ناردبووی، ئاماژەی دابوو بە گۆڵدا مایەر ژنێکی ئاشتیپەروەر و باش بووە، ئەوەش ڕای گشتی میسر و ناسیۆنالیستەکانی ئەو وڵاتەی لێ وروژاند، ساداتیش لە وەڵامدا دەیگوت کە زمانی
لە پەیوەندیدار بە کوردەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی سەرۆک کۆماری ئێران، هەندێ لە حیزبە کوردییەکان پەیامی سەرەخۆشیان بۆ مردنی سەرۆک کۆماری ئێران بڵاوکردەوە، لە کاردانەوەدا ئەم بابەتە لەنێو جڤاتی کوردیدا پڕۆتێستۆ کرا و وەک هێمایەک لە پاشکۆیی لێکدرایەوە. لە ڕاستیدا ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرت، چونکە نازانرێ تا چەند ئەم پەیامانەی حیزبە کوردییەکان دەچێتە خانەی نەریتی سیاسی لە پراکتیکی ڕیاڵ پۆلەتیک و لە چوارچێوەی دیپلۆماسیەتی ئاشکرادا، هەروا کە تا ئێستا کۆدەنگییەک نییە لەسەر چییەتی خیانەتی نیشتیمانی و هێڵە سوورەکان، جیا لەوە ئەوە مایەی ]پرسیارە کە داخۆ پەیامدانی حیزبە کوردییەکان بە چ ئامانجێک بێت لە کاتێکدا ئەوان خاوەن کاراکتەری نادەوڵەتین، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەمە بە تەنها نابێتە فاکتەری خیانەت، ئەگەرچی ئێمە وەکو کورد دنیایەک یادەوەری ناخۆش و تاڵمان لەگەڵ دەوڵەت نەتەوەکاندا هەیە.

لێدوانێک بەجێ بهێلە