by admin
0 کۆمێنتەکان 102 بینینەکان

عەبدوڕەحمان گەورکی: 
(بازنەی ژیان و مانەوە) رۆژ بە رۆژ بەرتەسکتر دەبێتەوە لەسەر “وەلی فێی دەسەڵاتدار لە ئێران” و قەیرانەکان بەرەو زیاتربوون دەچێت و خەڵک زیاتر روو لە “سەرهەڵدان بۆ رووخاندنی دەسەڵات” دەکەنەوە. ئەم پرۆسەیەش ئاماژەیە بۆ رێگایەکی بێ گەرانەوە بەسەر وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران و هەروەها خەڵکی ئێراندا بە دوو ئاراستەی پێچەوانە و لادانیش هەڵناگرێت!
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهیدا دەسەڵاتی رەها لە دەستی (وەلی فەقێ)دایە. وەک چۆن لە دیکتاتۆری پاشایەتیدا، ئەمە بە دەستی (شا)وە بوو. بەڵام خەڵکی ئێران شایان رووخاند و ئێستا خۆیان بۆ سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیدا ئامادە دەکەن! ئەزموونەکانی مێژووی کۆمەڵایەتیی وڵاتان ئەو راستییە دەردەخەن کە هەمیشە (گەل) بەسەر (دیکتاتۆرییەت)دا سەردەکەون!
چاوخشانێک بەسەر چەند ساڵی رابردوو لە ئێراندا!
لەو رۆژەوە کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی وەلی فەقیهی، خۆپیشاندانی (500) هەزار کەسی لە تاران لە (٣٠ی جۆزەردانی ١٣٦٠) (واتا1981) خەڵتانی خوێن کرد، “بەرخۆدانی جەماوەری” بە فۆرمێکی نوێ دەستی پێکرد و “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک” لەبەرانبەر ئەم رژێمە دژە مرۆییە، “ستراتیژێکی نوێ”، واتە رووخاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی راگەیاند وەک “نەخشەڕێگایەک بۆ گەل و موقاومەتی ئێران” لە داهاتوودا.
ئەم بەرخۆدان و ئەڵتەرناتیڤ و ستراتیژییە دیاریکراوە، لەگەڵ دیکتاتۆرییەتدا نەبووە و دانوستانیشی لەگەڵدا ناکات. چونکە سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەت و ئایندەداری و مانەوە لە مێژوودا، ئەوە دەخوازێت کە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی پێشوو (واتا دیکتاتۆرییەتی پاشایەتی) بەردەوام بێت و لەم رێڕەوەدا هەر پاشەکشەیەک، داهاتووی ئێران و خەڵکی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و تەنانەت ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە دەخاتە ژێر هەڕەشەوە!
هەر لەسەر ئەم هێڵەیە کە پلاتفۆرمی راپەڕینەکانی ساڵانی رابردوو لە ئێران، رۆژ بە رۆژ رێنمایی زیاتری ئەم ستراتیژەی خستە بەرچاوی هەمووان کە سەرکەوتووترینیان راپەڕینی سەرتاسەری خەڵکی ئێران بوو لە ساڵی ١٤٠١ (2022) و دۆخەکەی وەها گۆڕی و رێگەکەی داخست بۆ گەڕانەوە بەرەو دواوە و سیاسەتی “سازان لەگەڵ دیکتاتۆری ئێران”ی تێکشکاند، کە بە دروشم و تاکتیکی جیاوازەوە هاتبووە ناو گۆڕەپانەکە. گشتگیرکردنی دروشمی “نا بۆ شا، نا بۆ ئاخوند” بە واتای رەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەتێک لە ئێران، کە درووشمی سەرەکیی گەل و موقاومەتی ئێران بوو، دەرخەری ئەم راستییە بوو. بۆیە تاکە رێگای بەرەو پێشەوەچوون و تاکە رێگای سەرکەوتن، بەردەوامیدانە بە راپەڕین و پێشڕەویکردن بەرەو رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی!
هەنگاوێکی نوێ بۆ دۆخی ئێستای هاوسەنگی هێز!
کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم رەئیسی و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات و کوژرانی هەموو سەرنشینانی ئەم هەلیکۆپتەرە، بۆ وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران زۆر قورس و کوشندە بوو. رووداوێک کە نەک هەر بیرهێنەرەوەی گۆڕبەگۆڕبوونی پاسدار (قاسم سولەیمانی) بوو لە بەغدا، بەڵکو زەبرێکی قەرەبووهەڵنەگر بوو کە لە لاشەی ئەم دیکتاتۆرییەتە کەوت لە ئاستێکی بەرزتردا.
دەسەڵاتی دیکتاتۆری و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵ دابوون وا خۆیان نیشان بدەن کە دەتوانن لەم زەبرە کوشندەیە رزگاریان بێت و لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە و بە سەریدا تێپەڕن. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە و لە هەمانکاتدا درۆیەکی گەورەش بووە. بۆ چی؟
هەروەک چۆن “بەرهەمهێنانی” پاسدار قاسم سولەیمانی لە مەیدانی سەربازیدا، بەرهەمی چەند دەیە کاری وەلی فەقێ بوو، بەرهەمهێنانی “ئیبراهیم رەئیسی” وەک “سەرۆککۆمار” بەرهەمی کاری زیاتری بوو . هەرکام لەو دوو کارە، کۆتایی پرۆسەیەکی کارکردنی خامنەیی بوو بۆ ” گرژکردنەوە” لە دەسەڵاتەکەیدا. بە واتایەکیتر، بەبێ گوێدانە ناو و پێگەی هەر یەک لەوانە، ئەوەی پێویستە گرینگی پێبدرێت، ئەو “پێوەرانە”ن کە وەلی فەقێ لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە کەسانە لەبەرچاوی گرتووە. هەربۆیە بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە نە قاسم سولەیمانی بۆ ئەم دەسەڵاتە جێگرەوەی هەبوو و نە گرینگتر لەوەیش، جێگای ئیبراهیم رەئیسی بە دیکتاتۆرییەکی ئایینی پڕ دەکرێتەوە. بە تایبەت کە ئێستا پرسی “مردنی خامنەیی”یش لە ئاڕادایە و جێگرتنەوەیشی باس دەکرێت. هەر لەبەر ئەمەشە دەوترێت کوشتنی رەئیسی گورزێکی ستراتیژییە بەر وەلی فەقێ کەوتووە!
پێوەرە رەچاوکراوەکانی خامنەیی بۆ بەرهەمهێنانی جێگرەوەی رەئیسی!
لە پێناسەکردنێکی گشتیدا، گرنگترین پێوەر و پێوانە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە توخمانە لە روانگەی وەلی فەقیهەوە، بریتیە لەوەی کە ئەم توخمانە هەروەک خۆی بن. رەئیسی و ئەوانەی کوژران، نزیکترین و متمانەپێکراوترین کەس بوون بەلای وەلی فەقیهەوە کە جێبەجێکار و پێشخەری بەرنامە و سیاسەتەکانی وەلی فەقیهی بوون. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە لە پڕۆسەی دەرکەوتنی وەلی فەقیهی، ئەوەی کە پێوەر بووە بە ئێستایشەوە، هەنگاونان بۆ درێژەدان و فراوانکردنی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیە لە ئێران و ناوچەکە و جیهاندا. واتە هەنگاونان بەهەمان ئەو رێگایەی کە “وەلی فەقێ”ی لێ دەرکەوت، و سەپێنرا بەسەر چارەنووسی گەل و وڵاتی ئێراندا! رێگای دیماگۆگی و خراپ بەکارهێنانی ئایین بە مەبەستی دزینی سەرکردایەتی کۆمەڵگا و بێبەشکردنی گەل لە مافە سەرەتاییەکانی، و بەم رێگەیەوەش، بە تاڵانبردنی موڵک و ماڵی گەلی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێران و درووستکردنی ئازار و سەرئێشە بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگەی جیهانی!
ئیبراهیم رەئیسی کێ بوو؟
زۆر شت لەسەر رەئیسی وتراوە و نووسراوە. کەسێکی خوێنڕێژ کە سنووری دڕندایەتیی بەزاندبوو. بڕیاری دەردەکرد بۆ ئەشکەنجەان و کوشتنی خەڵک و رشتنی خوێنیان و تیرۆرکردنیان لە کۆمەڵگادا. هەر لە تەمەنی گەنجیەتیەوە لە رژێمی ویلایەتی فەقیهدا پەروەردە بووە و دوای شەش ساڵ خوێندن، چووەتە خزمەتی وەلی فەقیهەوە. لە کارنامەیدا، خوێنڕشتنی دەیان هەزار لاوی ئێران تۆمار کراوە و خۆی، زۆر جار ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە کە بە پێی بەڕیارێکی خومەینی (وەلی فەقیهی ئەوسا)و دواتریش بە بڕیاری خامنەیی (وەلی فەقیهی ئێستا)، ئەمکارەی کردووە! هەربۆیە بە لای خەڵکی ئێرانەوە زۆر (بەدناو)ە و نازناوی (جەللادی67) پێدراوە. چون لەو ساڵەدا (واتا 1988) ئەندامی دەستەی سێدارە بووە لە دژی زیندانیانی خۆڕاگر کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری موجاهیدین بوون. تایبەتمەندیی بەرچاوی (رەئیسی) دوژمنایەتیکردنی هێزی سەرەکی بەرهەڵستکاران، واتە سازمانی موجاهدینی خەلقی ئێران بووە. هەروەک چۆن (قاسم سولەیمانی)، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، هەوڵی کوشتنی ئۆپۆزسیۆن و بەتایبەتی موجاهیدینی خەلقی دابوو!
پێوەری سەرەکی بۆ دەستنیشانکردن لە رژێمی ویلایەتی فەقیهدا!
لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان دیکتاتۆرییەت و دژە دیکتاتۆریەتدایە کە (پێوەرەکانی دەستنیشانکردن) روونتر دەبنەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە رێبەری شۆڕشی گەلانی ئێران، بەڕێز مەسعوود رەجەوی، وتی: “کاریگەریی ئەو زەبرەی لە گێژگەی خامنەیی داماو و پەککەوتە و هێزە ورەبەزیوەکانی کەوتووە،زۆر کاریگەر و تیکشکێنەر بووە. بناغەکانی ئەم رژێمە دەهەژێنێت و بیرهێنەرەوەی دواقۆناغی کۆتایی (شا)یە… بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین خامنەیی دۆڕاوێکی ستراتیژییە”. بەڕێز رەجەوی هەروەها وتی: “خامنەیی هەست بە لەرزۆکی بۆ رووخانی رژێمەکەی دەکات. یان دەبێ ژەهر بخوات و پاشەکشە بکات، (لەو حاڵەتەدا تەلیسمی شەوەزەنگ دەشکێت و دەسەڵات دەڕوخێت)، یان وەک هەمیشە گرژبوون و سەرکوت و بچووککردنەوەی رژێمەکەی و تیرۆر و شەڕخوازی زیادتر بکات و پەنا بباتە بەر چەکی ئەتۆمی. بە پێی ئەزمونەکان، سەری رەشەماری ویلایەت، بۆ لە سەر پێ مانەوە و هەژموونی خۆی ئەم کارە دەکات”.
دوا وتە!
گرنگتر لەوەی کە تیشک بخرێتە سەر جێگرەوەی رەئیسی، ئەو راستییەیە کە پێوەر و پێوانەی وەلی فەقێ بۆ ئەم جێگرەوەیە، گرژکردنەوە و بچووککردنەوەی دەسەڵاتەکەیەتی لە بەرامبەر هێزی نەیاری سەرەکی، واتە (ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەت) و ناوەندە شۆڕش، کە نوکی تیژی هێرشکردنن بۆ رووخاندنی ئەم رژێمە و حازر نەبوون و نین کە دیکتاتۆرییەت لە وڵاتەکەیان قبووڵ بکەن. ئێرانێکی ئازاد و دیموکرات، بە هەموو فرەچەشنییەکی نەتەوەیی، سیاسی، فەرهەنگی و مەزهەبیەوە، کە لەگەڵ دراوسێکانیدا لە ئاشتی و ئاسایش و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەدا بێت. خانمی (مریەم رەجەوی) لە پلاتفۆرمی ١٠ خاڵییەکەیدا، داهاتوویەکی وەهای بۆ ئێران راگەیاندووە.

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە