ساڵێک بەر لەئێستا لەڕۆژی پێنج شەمە ٢٠٢٣/٦/٢٢ دوای نیوەڕۆ، بەدەستێکی تاوانبارو دڵێکی ڕەش خواناس تیرۆر کرا، لەتەمەنی ٢٥ ساڵی، چرای تەمەنی خواناس کوژایەوە.
دوای کوشتنی خواناس، بێویژدانانە ونامرۆڤانە کەوتنە قسەکردن وجنێودان بە خواناسی ستەملێکراوو بەمەشەوە نەوەستان ئێمەشیان وەک باوک ودایکی خواناس جنێو باران کرد.
بەنەمانی خواناس جەرگی دایک وباوکێک سوتا، ژنێک بێوەژن بوو، منداڵێک هەتیو کەوت، زۆر کاریگەری خراپی تری لێکەوتەوە.
زۆر سەیر بوو هیچ کەس ڕاستی ڕوداوەکەی نەدەزانی وقسەیان لەسەر دەکرد، ڤیدیۆو پۆستی دووساڵ پێشتری خواناس بڵاو دەکرایەوەو وا نیشان دەدرا لەسەر ئەوە کوژرابێ، هەر ئەوەنا قسە لەسەر نادیارو غەیب دەکرا بۆ نمونە دەوترا ئێستا لەگۆڕەکە داخ دەکرێی، ئێستا شەق شەقێن دەکرێی….. هتد
باشە ئەمانە شتی ئەو دیون کێ دەزانێ لەگۆڕدا دەگوزرێ؟!
زۆر ئازاری ئێمە درا، خواناس بە دە فیشەک کوژرا، بەڵام هەزاران فیشەک نرا بەئێمەوە، کەسایەتیمان ڕوشێنرا.
دوای یەک ڕۆژ بەهاوکاری بنەماڵەی بکوژ، بکوژ ڕادەستکرا
ئێستاش سێ دانیشتنی دادگا بەڕێوە چوە، تاوانبار دانی بەهەموو شتێکداناوەو بەڵام بڕیاری سزاکەی دەرنەچووە، کەسانی پشت بکوژ دەستگیر نەکراون، چونکە بکوژ پلان دانەرو پیلان داڕێژو پاڵنەری هەبوە.
وەك خێزانی خواناس تاکە ڕێگامان بۆ جێگیرکردنی دادپەروەری دادگا بوە و چاوەری بڕیاری دادگای بۆ بەسزا گەیاندنی بکوژی کوڕەکەمان، وە داواکارین گەنجان لە دیدی توندڕەوی دوور بخەینەوە بە هەموومان تاکو ژیانێکی شایستە بۆ گەنجان دەستەبەر بکەین، دیدی پێکەوە ژیان بچەسپێنێن ڕووبەڕووی کوشتن و تیرۆر بوەستینەوە
دەمانەوێت بەهەموان بڵێین بایاسا سەروەربێت وتاوانبار بەسزای خۆی بگات، هەروەها داواکارم تاوانبارانی پشتەوەی بکوژ دەستگیر بکرێن وسزای یاسایی بدرێن
وریا گلی
باوکی خواناس