ئەرسەلان رەحمان:
ئەركی دامودەزگای میدیایی وێڕای خزمەتی گشتیی و پارێزگاری لە بەرژەوەندی گشتیی؛ پاراستنی شكۆی مرۆڤ و بەرگری لێكردنییەتی. ئەمەش لە ڕێنماییە پیشەییەكانی كاری ڕاگەیاندن جەختی لەسەر كراوەتەوە.
مایك ڕاگرتن بۆ هەموو كەسێك و پیشاندانی بێ پەروای هەموو حاڵەتێك، كاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی تاك و كۆمەڵ دەبێت، بە تایبەت بە بێ “چارەسەری پیشەییانەی میدیایی”.
ئەوانەی نەخۆشن، نەك تەنیا بە گەڕانەوە بۆ بنەما پیشەیی و ئیتیكییەكانی كاری میدیایی، بەڵكو هەر بە گوێرەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی پێویستە پارێزگاری لە شكۆیان بكرێت، پیشان نەدرێن، بەڵام لێرە كاتێك مرۆڤ دەكەوێتە سەرە مەرگ، زیاتر دەستدەخرێتە برینی و بۆ مەرامی تایبەت بەكاردەهێنرێت.
سڵ نەكردنەوەی میدیاكاران لە پیشاندان و گواستنەوەی مرۆڤێك كە لە حەژمەتی گیان و چارەنووسی نەخۆشییەكەی دەناڵێنێ؛ ڕەفتارێكی بێ بەزەییانە و دوور لە ئیتیكی پیشەیە.
گرنگترین شت لەو حاڵەتەدا مایك ڕاگرتن، ڕووماڵی وتەكانی و ڕاستەوخۆ گواستنەوەی نیە، هێندە “چارەسەری میدیایی” پرسەكەیە، بە جۆرێك وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانیانە بدرێتەوە، پەراوێزێك بۆ شكۆی كەسایەتی نەخۆش بهێڵرێتەوە.
پرسیارگەلێك دێنە پێشەوە، كە بۆچی تا مرۆڤێك هانا بۆ فڵان و فیسار نەبات، كەس بە هانایەوە ناچێت؟ بۆچی دەبێت لایەنی پەیوەندیدار بەرامبەر بە ژیانی تاكەكانی وڵاتەكە هێندە بێ باك بێت، تا ڕاینەسپێرن، بە خۆ نەكەوێت؟ لەوەش زیاتر بۆچی تا نەخۆش نەگاتە گیانەڵا و نەپاڕێتەوە و دەستەودامێنی ئەم و ئەو نەبێت، چارەسەری پێ ڕەوا نابینرێت؟ ئەمە ئەركی میدیایە بەدوایدا بچێت، نەك پاڕانەوە و دەستەودامێن و خۆ بچووككردنەوە وەك مۆدێلێك بۆ بەهاناوەچوون برەو پێ بدات.
پیشاندانی نموونەی بەردەوامی خۆبچووككردنەوە، گریان، لاڵانەوە، حەسرەتخواستن بۆ ڕەسمێ، دیدارێ، باوەشێ، تەلەفۆنێك، بووەتە بەشێك لە ئەركی ئەو جۆرە میدیا وابەستە و دابەستانەی هیچ باكیان بە ڕێز و قەدری مرۆڤ و مانای هاووڵاتیبوون نیە.
بێ “چارەسەری میدیایی” پیشاندان و بڵاوكردنەوەی ئەو بابەتانەی ڕۆژانە دێنە بەر باس، بەڵگەیە لەسەر دابەزینی ئاستیی میدیایی و بێ كرۆك بوونی پەیامی میدیایی ئەو كەناڵانەی بەردەوام ئەركی ڕاستەقینەی خۆیان لە بە كۆیلە و بچووك پیشاندانی هاووڵاتی دەبیننەوە.
گرفتی سەرەكی تایپێ لەو كەڵانانە، لەوەدا خۆدەبینێتەوە، كە بوێری پیشاندانی دیمەنە ڕاستەقینەكەی واقیعیان نیە، بەردەوام كار بۆ ساختەكردنی وێنای واقیع و ڕتووش كردن و جوانكردنی واقیعی دزێو دەكەن، وەك ئەوەی بیانەوێت خاوەنەكانیان چەواشە بكەن.
سەرچاوە: فەیسبووکی نووسەر