Home بیروڕا لە هەڵبژاردنەکانی بەریتـــانیادا، هەردوولا بردیانەوە!

لە هەڵبژاردنەکانی بەریتـــانیادا، هەردوولا بردیانەوە!

by admin
0 کۆمێنتەکان 75 بینینەکان

عومەر خەتات:   
دوێــنێ چواری تەمووز، هەڵبژاردنە گشــتییەکانی پەرلەمانی بەریتـــانیا بە سەرکەوتنێکی گەورە [٤١٠ کورسی بەرامبەر ١١٨] بۆ پارتی کرێکارانی بەیتـــانیا کۆتایی هات! ئەم سەرکەوتنە بۆ پارتی کرێکاران “وەك حزب” بە سەرکەوتنێکی مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەڵام بۆ چیــنی کارگەری بەریتــانی هیچ شــتێکی ئەوتۆ ناگەێــنێت و کەمترین گۆڕانکاریش دروســت ناکات، هیوایەك لە پشــت دەنگدانی زۆربەی زۆری کارگەران و چینی ناوەڕاستی بەریتــانی بۆ باشتربوونی بژێویی ژیــانیان هەر زۆر زوو دەڕەوێــتەوە.
ڕیشی سوناك- Rishi Sunak، سەرەك وەزیرانی ئێســتای بەریتانیا و پارتی پارێزگاران لە سەرەتای مانگی پێــنجدا ڕاســتییەکی ڕاگەیـــاند: [ئێمە دڵخۆش دەبیــن بە بیــنینی بەشــی دواوەیان کە لە زبڵێکی بۆگەن دەچیت، بەڵام حکومەتەکەی “ســتارمەر- سەرۆکی پارتی کرێکاران” نوێــنەرێکی دڵسۆزی سەرمایەدارانە]! لە ڕاســتیشدا هەروایە، جیــاوازیی نێوان پارتی کرێکارانی بەریتانی “چەپ” و پارتی پارێزگارانی “ڕاســت”دا لە جیاوازی نێوان پێپســی و کۆلا دەچێت!
پارتی کرێکاران هەر لە سەرەتای دروست بوونییەوە پارتێکی پەرلەمانی، چاکسازیی، فرە ئایدیایی ناسیونالیست بووە، هەمیشە شوێن “بەرژەوەندی نیشتیمانی” کەوتووە تا بەرژەوەندی چیــنایەتی! هیچ کاتێك دانـــنان بە سروشــتی چیــنایەتی کۆمەڵگەی بەریتانی بەشــێك نەبووە لە ڕاگەیــاندەکانی ئەم پارتە. هیــچ کاتێــك ئەم پارتە دژە دەوڵەت نەبووە، بەڵکو هەمیشە پارتێــك بووە کە پابەند بووە بە ســیستەمی دیموکراسی پەرلەمانیەوە. پێناسەی دەوڵەت لای ئەم پارتە، ئامرازێــكی دەسەڵاتی چینایەتی نەبووە، بەڵکو وەك لایەنی ســێهەم، وەك دەسەڵاتێکی “بێ لایەن” پێناسە کراوە کە دەتوانێت کێشمەکێشە چینایەتییەکان ڕێکبخاتەوە! ئەم پابەندبوونە نەك یەکێك لە ئامانجەکان، بەڵکو ئامانجی سەرەکی ئەم پارتە بووە. ئەوان هەمیشە بابەتی کاری ســیاسیان سات و سەودا بووە لەگەڵ دوژمنانی چینایەتی کارگەران “واتە لیبراڵەکان” بۆ بەدەســت هێـنانی کورسی زیاتر، هەمیشە لە هەوڵدا بوون بۆ چاکسازیی لە سەرمایەداریدا و قەناعەتپێکردنی چینی کارگەر بەو چاکازســازییانە کە ئەوانیش شــتێکیان بەرکەوێ لەو قازانجە گەورانەی کە ئیمپریالیزمی بەریتانی لە رێگەی کۆلۆنیالیزم وسەرکوتی گەلانی ئەفریقیا و ئاســیاوە بەدەســتی دەهێنن. تانانەت ئەو کاتانەشی کە عەرشی پاشایەتی بەریتانی دەکەوتە بەر مەترســییەوە، پارتی کرێکاران لە پێش لیبراڵەکانەوە دەســتی دەدایە باڵی و ڕزگاری دەکرد! ئەو جارە کەمــانەش بە مەبەســتی فریودانی چینی کارگەر دەمێکیان لە سۆسیالیزمەوە دەدا، واتاکەی ئەوەبوو کە ئێمە دەتوانیــن ســیستەمی سەرمایەداری باشتر ئیدارە بکەین! بەڵام چینی فەرمانڕەوا لە بەریــتانیا چینێکی ســیاسییە و دەزانێت کە قبوڵ کردنی پارتی کرێکاران لە ناو ســیستەمەکەی خۆیــدا نەك هەر ئازاری نادات بەڵکو ئەم پارتە باشــترین ئامرازی کۆنترۆڵی ســیاسی و ئایدیۆلۆژی کارگەرانە و دەتوانێت ڕێگر بێت لەوەی کە ئینێرژی و توانایی ســیاسی کارگەران نەچـــێتە چالاکی سەرجادە و دەرەوەی پەرلەمانەوە.
ســتارمەر- Keir Starmer، سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئێســتا، ئەگەرچی خۆی بە کوڕی کابرایەکی پیشەوەر دادەنێت و ئەمەی بووەتە پرۆپاگەندەیەکی فریوکارانە لەلای چینی کارگەری بەریتانی و خەڵکی بە گشــتی، بەڵام بە دەمی خۆی ئەو لایەنگرێکی بە وەفای بیزنس و سەرمایەدارانی بەریتانیــایە. ئەو زۆر ئیفتیخار بەوەوە دەکات کە هانی ١٢١ سەرمایەداری داوە کە دەنگ بدەن بە پارتەکەی، بۆ نــا مەگەر هەر ئەو سەرمایەدارانە نەبوون کە ساڵی پار بۆ کەمپینی هەڵبژاردنەکانی پارتی کرێکاران بڕی هەشــت ملیۆن و نیو پاوەندیــان پێبەخشـــی! مەگەر حکومەت کردن و ڕێکخســتنەوەی کاروباری دەوڵەت بۆ پارتی کرێکاران، هەر ڕێکخستنەوەی ســیستەمی سەرمایەی ئێســتا نییە و نوێــنەرایەتی ئەوان ناکات؟ لە بڕگەی یەکەمی دەستووری پارتی کرێکاراندا هاتووە کە ئامانجی پارتی کرێکاران، [هەڵبژاردنی نوێــنەرانی ئەو پارتەیە بۆ پەرلەمان]، یانی کورسی پەرلەمان بۆ ئەوان لە جەوهەردا هەموو شــتێك و هەموو خەباتێك و کۆتایی هەموو شــتەکانە.
لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و پراکتیکی ســیاسییەوە پارتی کرێکاران و پارتی پارێزگاران لە یەك دەچن، کڵاشــێکن و چەپ و ڕاســتیان جیا ناکەیتەوە، بەڵام جیاوازیــیەکیش لە نێوانیاندا هەیە؛ پارتی پارێزگاران درۆ لەگەڵ چــینەکەی خۆی ناکات، ئەو دەیەوێت بە دەسەڵاتەکەی بەرژەوەندییەکانی چینە بەهیزەکان و دەوڵەمەندەکان بپــارێزێت، بۆ ئەمەش نیولیبرالیزم باشترین دراوی ئایدیۆلۆژیــیە! بەڵام پارتی کرێکاران بڕیــارە بەرژەوەندیــیەکانی چینی کارگەریی ئاســایی بێ پشت و پەنـــا نوێــنەرایەتی بکات، بەم پێیە ئایدیۆلۆژیــــای نیولیبرالیزم بە کەڵکی پارتی کرێکاران نایەت بەڵام لەمەشـــدا ئەوان لە لییبراڵەکان زیـــاتر بەرەو نیولیبراڵیزم هەنگاو دەنێـــن. بۆیە “ســتارمەر” تەنـــانەت لە “سۆنـــاك” درۆزنتر و خوێری ترە، لانی کەم سۆنـــاك لەگەڵ چــینەکەی خۆی ڕاســتگۆیە!
بەدەر لە خۆشخەیاڵی و مەســتییە کاتییەکانی سەرکەوتنی “لێــیبەر پارتی”، ڕاســتی و تەجرەبە مێژووییەکان پێـــمان دەڵێن کە سۆسیالیزم لە ڕێگەی باشترکردنی دیموکراســییەوە بەدی نایەت. باوەڕبوون بە پەرلەمان و دیموکراسیی پەرلەمانی وەك رێگەیەك بۆ ســۆسیالیزم خەو و خەیـــاڵیکی رۆمانسی بۆرژوازیــانەیە چونکە تەفســیری بۆ چەمکی دەوڵەت، هەمان ئەو تەفســیرەیە کە لیبرالیزم پێشکەشی دەکات، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەت، ئامرازێکی “بێ لایەن”ـی سەروو کێشمەکێشی چیــنایەتییە، کە لە ڕاســتیدا نەك هەر وانیــیە بەڵکو پێچەوانەکەی ڕاســـــتە. دەوڵەت، ئامرازێکی دەسەڵاتی چیــنی سەرمایەدارانە و لە بەرژەوەندی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆژی ئەوانــدایە و هەر کاتێــك ئەم بەرژەوەندیــیە کەوتە بەر مەترســییەوە هەموو دیموکراســییە پەرلەمانییەکەی دەپێچێتەوە و ڕوخســاری سەرکوتگەرانەی دەردەخات.
خۆشخەیاڵییەکانتان بەرامبەر سەرکەوتنی لێیبەر پارتی بهێننەدواوە.

05.07.2024

لێدوانێک بەجێ بهێلە