١٤ی تەمووزی ساڵی ٢٠٠٠ هێزەکانی ئاسایشی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێرشێکی چەکدارییان کردە سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق، لەو ڕووداوەدا پێنج کەسیان گوللەباران کرد، کە چواریان لە سەیارەی حزبدا بوون لە کاتی گەڕانەوەیاندا بۆ بارەگای ڕابەرایەتی حزب و یەکێکیشیان بە قەناس لەسەر سەربانی بارەگا کوشت. دوو کەسیش بریندار بوون و برینەکەشیان سەخت بوو بەڵام خۆشبەختانە ڕزگاریان بوو، لەگەڵ ئەمەشدا سەدان ئەندام و کادرو لایەنگری ئەو حزبە لە زیندانەکانی ئاسایش توند کران و ئازارو ئەشکەنجە دران. دواتر بنکەو بارەگاکانی حزب تاڵانی کران. لاشەی هاوڕییانی گیانبەختکردووش لە شەودا و دوور لە هەر عادات و عورفێکی باو و ئینسانی لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا نێژران بە بێ ئەوەی کەسوکاریان مافی دوا نیگای ڕۆڵەکانیان هەبێ بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێ کە شوێنی گۆڕی کوڕەکانیان بزانن. دوای ئەمەش سەنتەرەکانی پارێزگاری لە ژنان و مناڵان و بنکەی ڕێکخراوە جەماوەریەکانیش کرانە ئامانج و داخران و ڕۆژنامەو چالاکیەکانیان قەدەغە کران.
لە دوای ساڵی 2009ەوە کە جیاوازی و قڵشت کەوتە ناو ڕیزەکانی یەکێتی نیشمانی و خۆیان کەوتنە تاوانبارکردنی یەکتری و لە میدیاکانیانەوە دانیان بەو تاوانەدا ناو ڕاستەوخۆ نەوشیروان مستەفایان تۆمەتبار کرد، لە ساڵی 2013دا بوارێک ڕەخسا بۆ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و خێزانی هاوڕێیانی گیانبەختکردووان کە داوای یاسایی لەسەر تاوانباران لە دادگای سلێمانیدا تۆمار بکرێت.
لە دەعوا یاساییەکەدا نەوشیروان مستەفا، دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرکەوتی کوببە، مستەفای سەید قادر، سعدی ئەحمەد پیرە وەک تاوانبارانی سەرەکی ئەو ڕووداوە دەستنیشان کران و دەبوا دادگا ڕێچکەی یاسایی خۆی بگرتایەتەبەر. بەڵام دادگای ناوبراو لە دوای کۆکردنەوەی بەڵگە و ئەوراقی پێویست سەبارەت بە تاوانەکە، و ناچار کردنی خێزانەکان بە هەڵدانەوەی گۆڕی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو، چونکە تاوانباران هیچ ئەوراق و بەڵگەیەکی یاساییان لە (طب الشرعي)یشدا نەهێشتبوو، بۆ ئەوەی بەڵگەی یاساییان دەست بکەوێت کە تاوانێکی وا ئەنجام دراوە، کەچی هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتۆتەوە. دادگا دەبوایە تاوانباران بانگ بکاتە بەردەم دادگا و ووتەی خۆیان لێ وەربگرێت، بەڵام تەنها یەکێکیان ئامادە بووە ئەویش بێ بەری بوونی خۆی لەو تاوانە ڕاگەیاندووە. سەرئەنجام وەک ڕێچکەی یاسایی بڕیاری دەستگیر کردنی کەسەکانی تر دراوە بۆ ئەوەی ووتەیان لێ وەربگرن بەڵام دادگا هەرگیز هیزی ئەوەی نەبووەو نییە ئەو کەسانە کە دەسەڵات و چەکیان لەبەردەستە ڕاپێچی دادگا بکات.
لێرەدا هەر کەسێک دەتوانێ لێکدانەوەی وا بکات کە ئەو کەسانەی ناویان هاتووە واقعەن تاوانبارن لەبەرئەوەی ئامادە نین بچنە بەردەم دادگا. بەڵام ئەمە تەنها لێکدانەوەیە و چەندە دروستیش بێت ناتوانێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە کە هیچ دانیشتنێکی دادگا نەکراوە کە ماف بە داواکار و تاوانباران و شاهید و هەردوولای کێشەکە بدات بەڵگەو قسەکانی خۆیان بخەنەڕوو، هیچ بڕیارێکی قەزایی و نوتقی هیچ بڕیارێکی دادوەر نەدراوە و حوکمی تاوانباران هەتا ئێستا نەدراوەو نادیارە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنانەت هیچ بەرپرسێکی گەورەو بچوکی ئاسایشی سلێمانی، یان کارمەندێک هیچ ووتەیەکی لێ وەرنەگیراوەو هیچ لێکۆڵینەوەیەکی وورد لەسەر ئەو ڕووداوە نەکراوە، کە ئەو رووداوە بە ڕۆژی ڕوناک و لەبەرچاوی خەڵکی سلێمانی کراوەو کەسایەتی ناسراوی ئەو دەزگایە لە کاتی ڕووداوەکەدا لە شوێنی ڕووداوەکە بە شێوەی جۆراوجۆر بینراون و ئەرکی تایبەت بە خۆیان هەبووە.
لەم چەند ساڵەی ڕابووردوشدا کەسایەتی ناسراوی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی لەوانە مەلا بەختیار مامۆستا گۆران، باسیان لەوە کردووە کە بە بڕیاری سەرکردایەتی هێرش بۆسەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کراوەو بەرنامەڕێژ بووە، لە یاسادا پێی دەڵێن قەتلی عەمد، واتە ڕووداوەکە پەیوەندی بە سودفە یان هەڵەیەکەوە یان لێتێنەگەیشتنێک..هتد نەبووە. ڕاستە کارەکتەری سەرەکی ئەو تاوانە نەوشیروان مستەفا بووە بەڵام بڕیارەکە هی سەرکردایەتی بووەو دەزگای ئاسایش ووردەکاری ئەو بڕیارەو ئیجراکردنی پێ سپێردراوە، بەڵام دادگا هیچ پرۆفیشنالیەکی لە خۆی نیشان نەداوە.
شایەنی باسە ئەم کەیسە بۆ دەورانێکیش تەحویلی هەولێر کراوەو دەسەلاتی هەولێر دوای دەستی دەستی پێکردنی بۆ ماوەیەک، خۆی لەو بەرپرسیارێتییە کشانۆتەوە.
لەبەرئەوە لە ڕوانگەی ئێمە کەسوکارو هاوڕێیانی گیانبەختکردوانەوە ئەو کەیسە دانەخراوەو بە کراوەیی ماوەتەوەو ئێمە لە مافی خۆمان خۆش نابین.
جبار محسن برای گیانبەختکردوو شێخ عبدول
تەمووزی 2024