هەرچەندە ویستم ئەمجارەیان دان بەخۆمدا بگرم و هیچ نەنووسم بەڵام گریان قوڕگی گرتووم ..!!!
ویستم لەگەڵ خوشک و براکانمدا دەست بەبرینەکانمانەوە بگرین بەڵام فرمێسکەکانی دایکم ئۆقرەی لێبڕیوم ..!!!
دەمەوێ جیاواز لەساڵانی ڕابردوو خۆم نیشانبدەم بەڵام جلە ڕەشەکانی خوشکەکانم دونیایان لێتاریک کردووم ..!!!
دەمەوێ بۆئەمساڵ بێدەنگبم بەڵام ناڵەو فیغانی ئەوکاتەی براکانم بەئێستاشەوە خەوی لێ حەرام کردووم ..!!!
دەمەوێ ئەمساڵ خوێنساردانە مامەڵە لەگەڵ تاوانی (۱٤/ ۷ / ۲۰۰۰)دا بکەم بەڵام خوێنی بەناهەق ڕژاوی براکەم بەرچاوی گرتووم ..!!!
ئەرە کەسێک هەیە ڕێنماییم بکات من چیبکەم ؟؟
تۆخوا کەسێک هەیە ئاوڕ لەم کۆستەی ئێمە بداتەوە ؟؟؟
ئاخر لەکوێی دونیادا هەیە خانەوادەیەک (۱۹)نۆزدەساڵی ڕەبەق هاوار بکەن و حکومەتێک دادگایەک لایەنێک کورە کەسێک بەهاواریانەوە نەچێت و گوێ بۆ ئازارەکانیان نەگرێت ؟؟؟
ئێمە بەدرێژایی مێژوو قوربانیماندا بۆئەوەی بەم دەردە بچین ؟؟؟
بەداخەوە لەداوی ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان لەساڵی( ۱۹۹۱ )پێمان وابوو حزبی بەعسی فاشیست ڕووخاوەو جارێکی دیکە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە ئازار ناچێژن و کۆمەڵکوژ ناکرێن ، بەڵام بەداخەوە لە( ۱٤/ ۷/ ۲۰۰۰ )دا گومانمان نەما کە حزبی بەعس نەک هەر نەڕووخاوە بەڵکو فکری بەعس و عەقڵی بەعس بەشێوەیەکی دیکە نوێژەن کراوەتەوە و ئەمجارەیان ئەوەی بەسەرماندا نەهاتووە بەسەرمانی دێنن بەڵام بەکوردی کۆمەڵکوژمان دەکەنەوە دیسان بەکوردی ..!!!
بەداخەوە ئەمجارەیان کۆمەڵێک بەناو شۆڕشگێڕ و لەئەسڵدا خوێن ڕێژ و مافیا لە(۱٤/ ۷ / ۲۰۰۰)دا دەستیان چووە خوێنی کۆمەڵێک گەنجی خێر لەخۆ نەدیوی ئەم وڵاتەو بەڕۆژی ڕووناک لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا و لەپێش چاوی خەڵک (٥)پێنج پێشمەرگەی (حزبی کۆمۆنیست) کە یەکێکیان برای ئێمە بوو خەڵتانی خوێن کران و دەستیشیان گرد بەسەر تەرمەکانیانداو تا ئەم ساتەوەختەی کە (۱۹)نۆزدە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ئەو تاوانە قێزەونەدا نە تەرمەکەیمان بینیوەو نە پرسەشمان بۆی داناوە ..!!؟؟
لەکاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە داعش ئاسایەدا وەفدێکی سەرکردایەتی (حزبی کۆمۆنیست) لەماڵی (نەوشێروان مستافا)دا کە ئەوکاتە کەسی دووهەمی ناو یەکێتی بوو سەرقاڵی کۆبوونەوە دەبن ، بەڵام دیارە یەکێتی پێشوەختە ئامادەکاری کردووە بۆ دەست بەسەراگردنی وەفدەکەو کۆمەڵکوژ کردنی پاسەوانەکانیان کە بەداخەوە زۆر دڵڕەقانە ئەو تاوانەشیان ئەنجامدا ، ئێستا لەدوای تێپەڕینی(۱۹)نۆزدە ساڵ بەسەر ئەو تاوانە قێزەونەدا دەپرسم باشە کەی یەکێتی نا نشتیمانی خۆی لەو تاوانە قێزەونە پاک دەکاتەوە ؟؟؟
کەی وڵامی سکاڵاکەی خانەوادەی ئێمە دەدەنەوە ؟؟
ئەرە بەڕاست ئێوە ویژدانتان هەیە ، توبێژی ڕۆژێک لەڕۆژان جورئەتی ئەوە بکەن بچنە بەردەم دادگاو ڕێز لەو یاسایانە بگرن کەخۆتان داتانناون ؟؟
توبێژی بتوانن و جورئەتی ئەوە بکەن داوای لێبوردن لەخانەوادە بێنازەکەی ئێمەو هەموو ئەوخەڵکانە بکەن کە بەدەستی ئێوە ئازاریان چەشتووەو ژیانیان شێواوە ؟؟؟
یان هەر بەردەوام دەبن لە ملهوڕی خۆیان و تا ڕۆژێک دێت بەر نەفرەتی خوداو خەڵک دەکەون و وەکو ئەندامانی بەعس لەقەفەسی تاوانەکانیاندا دەیانبینینەوە …
بەڵێ دووبارەی دەکەمەوە یان دەبێت سەرکردایەتی ئەوکاتەی یەکێتی کە ئێستا هەندێکیان لەناو حزبی (گۆڕان)دان خۆیان لەوتاوانە قێزەونە پاک بکەنەوە یان دەبێت باقی خانەوادەکەمانیش زیندەبەچاڵ بکەن ، چونکە دڵنیاتان دەکەمەوە هەتا یەک کەس لەخانەوادەکەمان مابێت لەخوێنی براکەمان خۆش نابین و هەردەبێت بە مافی ڕەوای خۆمان بگەین …
لەکۆتاییدا سەرشۆڕی و نەفرەت بۆ بەناو شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و جەلادو دزو مافیاکانی ئەمڕۆ ، دروود بۆ ڕوحی برا بەناهەق تیرۆر کراوەکەم و هاوڕێکانی ….
اسماعیل محمد ڕۆستم : برای یەکێک لەتیرۆر کراوەکانی (۱٤/ ۷/ ۲۰۰۰)بەدەستی سەرکردایەتی ئەوکاتەی( ی ، ن ، ک )