Home بیروڕا ئێران و لاپەڕەیەکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!

ئێران و لاپەڕەیەکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەت!

by admin
0 کۆمێنتەکان 87 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:
هەروەک چاوەڕوانی دەکرا ئەمساڵ گردبوونەوەی ساڵانەی موقاومەتی ئێران، کە سێ رۆژی خایاند، لە هەموو روویەکەوە تازە و ناوازە بوو. ئەم گردبوونەوەیە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەچوو کە رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی، واتە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران و کۆلۆنیالیزمی پشتیوانی، هەوڵیان دەدا رێگری لەم کۆبوونەوەیە بکەن(!) یان لانیکەم قورساییەکەی کەم بکەنەوە(!) و “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی ئەنجومەنی نیشتمانی موقاومەتی ئێران” بخەنە پەڕاوێزەوە کە لە هەردوو بوارەکەدا شکستیان هێنا!
بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانی بەتین و بەسۆزی دەیان هەزارەی رەوەندی ئێرانی لە بەرلین و کۆبوونەوەیەکی شکۆدار بە ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی جیهانی لە پاریس و پاڵپشتییەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئەڵتەرناتیڤە، شکستیان بە هەوڵەکانی هاوپەیمانانی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی هێنا.
لە تێڕوانینێکی گشتی بۆ سەر ئەم گردبوونەوەیەدا و رەنگدانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەم دەستکەوتانەی خوارەوە بە گشتی بەرچاو دەکەویت:
• رووبەڕووبوونەوەی گەل و موقاومەتی ئێران بەرامبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران بەردەوامە و ئاسۆی سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا روونترە. سەرەڕای کوشتار و پیلانگێڕییەکان و هاوکاریکردنە ناشاراوەکانی دەوڵەتانی رۆژئاوا بۆ رژێمی دیکتاتۆریی ئێران، ئەم کۆبوونەوەیە، لە راستیدا بەردەوامیی راپەڕینە جەماوەرییەکانی نێوخۆی ئێران بوو لەدژی دیکتاتۆرییەت و نیشان دەدات کە راپەڕین و خەبات بۆ رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران نەک هەر نەوەستاوە، بەڵکو لە جاران بەهێزترە و بە گژ سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەدا چووەتەوە و سوورە لەسەری. چونکە خەڵکی ئێران نەک هەر لە ناو خۆیاندا یەکگرتوون و لە خەباتی هاوبەشدان بەرامبەر بە دیکتاتۆری، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تەنیا نین. خەڵکی ئێران خاوەنی “ئۆرگانی سەرکردایەتی” کارامەن کە توانیویەتی لە هەموو قۆناغەکاندا بەرەنگاریی دیکتاتۆرییەت ببێتەوە و هەموو رێگاکانی بەسەر رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیزمدا داخستووە.
• جگە لە “ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” هیچ بەدیلێکی دیکە بۆ رێژیمی ئێران نەبووە و نییە. ئەوەی رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستەکان هەوڵیان دەدا بەرجەستەی بکەن، بەدیلی ساختە و دەستکرد بوون لە جۆری “دیکتاتۆرییەت” یان “وابەستەیی” بەم و بەو، کە خۆیان دایانتاشیبوو و ناردبوویانە ناو گۆڕەپانەکە کە زۆر بە توندی شکستیان هێنا! لەم گردبوونەوەیەدا، هەمووان هێزی ئەڵتەرناتیڤی راستەقینەیان بینی و هیچ ویژدانێکی هۆشیار و بەئاگا نەبوو کە دانیان پێدا نەنێت!
• ئەڵتەرناتیڤی راستەقینە لە بەرانبەر بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری، رەگ و ریشەی لە قوڵایی کۆمەڵگای ئێراندا داکوتاوە و ئەڵتەرناتیڤە ساختەکان وەک بڵقی سەر ئاو دەتوێنەوە. ئەڵتەرناتیڤی دێموکراتیکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بە (٢٠) هەزار چالاکی و پراکتیکی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆی وڵاتدا و بە تۆڕێکی بەرفراوانی (هێز) لە نێوخۆی وڵاتی داگیرکراودا، پەیامێکی ئاوهای هەیە. تۆڕێک کە تێیدا، پەرەسەندنی “ناوەندەکانی شۆڕش” لە سەرانسەری ئێراندا، وەک یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی “ستراتیژی”ی موقاومەتی ئێران بەرچاو دەکەوێت. ئەڵتەرناتیڤێک کە رەگ و ریشەی لە قوڵایی ناو کۆمەڵگادایە و لق و پۆکانی لە هەموو ئێراندا بڵاوبووەتەوە.
• ئەڵتەرناتیڤێکی جەماوەری و راستەقینە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە خاوەن “ڕێکخستنێکی رێک و پێک” بێت. بەبێ رێک و پێکی و رێکخستنێکی لەو شێوەیە، بوون بە ئەڵتەرناتیڤ لە بەرانبەر رژێمدا مەحاڵە!
• هەبوونی دیپلۆماسییەکی بەهێز و بەرنامەیەکی ماددی و پراکتیکی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، مەرجێکە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بوون و راستەقینەبوون و دیموکراتیک بوون. ئامادەبوونی سەدان کەسایەتی دیاری جیهانی لەم کۆبوونەوەیەدا و لەوانە: مایک پێنس، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا و دەیان سەرۆک وەزیران و وەزیری وڵاتانی رۆژئاوایی و عەرەبی، هەروەها پشتیوانیکردنی زیاتر لە چوار هەزار پەرلەمانتار لە ٥٣ وڵاتەوە لە لایەک و، راگەیاندنی “پلاتفۆرمی موقاومەتی ئێران بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ”، کە چەندین ساڵ لەمەوبەر لەلایەن خانمی مریەم رەجەوییەوە راگەیەندراوە لە لایەکیترەوە، لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم گردبوونەوە و ئەڵتەرناتیڤەیە. رەهەندێک کە گەرەنتی “داهاتوو”ی ئەم ئەڵتەرناتیڤە دەکات و هەر لە ئێستاوە، دەرخەری پێشوازیکردنی کۆمەڵگای جیهانییە لەم ئەڵتەرناتیڤە.
• بە گژداچوونەوەی “سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریەتی ویلایەتی فەقیهی” رەهەندی هەرە دیاری هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستای تایبەت بە ئێرانە. لەم گردبوونەوەیەدا خانمی مریەم رەجەوی، روو لە خاوەنان و لایەنگرانی ئەم سیاسەتە وتی: لە ئەمریکا بڕیار دەدەن زیاتر لە (100) ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران بڕێژنە گیرفانی ئەم رژێمەوە و رێگە خۆش کەن بۆ فرۆشتنی نەوت لە پێناو دابینکردنی دارایی بۆ سوپای پاسداران و تاقمە نیابەتییەکانی ئەم رژێمە و بە رووخۆشییەوە سەیری شەڕفرۆشییەکانی رژێم بکەن. لە بێلژیکا دیپلۆماتکارە تیرۆریستەکەی هەڵگری بۆمبا رادەستی رژێم دەکرێت. لە سوید، سەرەڕای ئەوەی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام لە بکوژێکی دڕندە و کۆمەڵکوژ خۆش دەبن و رادەستی رژێمی ئێران دەکرێت. لە فەرەنسا، لاپەڕەی رۆژنامەکانیان پڕدەکەن لە زانیاریی ساختە و درۆی بەکرێگیراوانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی رژێم و لە ژێر ناوی یاسا و ریسای سەلامەتی و ئەمنی، هێرش دەکەنە سەر بینایەکی لایەنگرانی موقاومەتی ئێران. پاشان جێگری هێزی دادوەری رژێمی ئێران، بێشەرمی دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە بڵێت و دەڵێت، ئێمە راستەوخۆ چاودێری ئەم ئۆپەراسیۆنەمان دەکرد لەو بینایەدا! خانمی مریەم رەجەوی روو لە دەوڵەتانی سازشکار وتیشی: ئەم سیاسەتەی ئێوە هانی رژێم دەدات لە تیرۆرکردن، بەبارمتەگرتن، لەسێدارەدان و سەرکوتکردن. نموونەکەشی، تیرۆرکردنی پرۆفیسۆر (ئاڵیخۆ ڤیدال کوادراس)، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپایە، لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، لە رۆژی رووناکدا لە مەدرید ئەنجام درا. بە سیاسەتی سازان، ئێوە ئەم رژێمەتان لە بۆمبی ئەتۆمی نزیک کردەوە، رێگاتان بۆ شەڕخوازی خامنەیی لە ناوچەکەدا خۆش کرد، ئەوەندە هاندەری ئاخوندان بوون کە تەنانەت خەڵکی ئۆکرانیاش هاواریان لێ هەستا. ساڵانێکە میدیاکانتان پڕ کردووە لەم درۆ گەورەیە کە فاشیزمی ئایینی هیچ بەدیلێکی نییە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بەڵام مەحاڵە بتوانن ئەم حکومەتە بە زیندوویی لە سەر پێ رابگرن و رێگری بکەن لە رووخاندنی”.
• رژێمی ویلایەتی فەقیهی زۆر لاوازە و ئازادکردنی جەللاد و ئەشکەنجەدەر و تیرۆریستەکانی، برینەکانی ئەم رژێمە چار ناکات و بە دڵنیاییەوە دەڕووخێت! نومایشی هەڵبژاردنی رژێمی ئێران و شانۆگەرییەکانی رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی، تەنیا لێژایی رووخاندنی ئەم رژێمە توندتر دەکات و مەحاڵە دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ رابردوو. رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرییە حەتمییە!
دوا وشە!
ڕاستییەکان زۆر رەق و سەرسەختن. بەرەنگاربوونەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری، بنەمایەکی راستەقینەی هەیە و بەردەوامە. خەڵکی ئێران و بەرخۆدانەکەی ماندوو نابن و رەوتی کۆنەپەرستی و کۆلۆنیالیستی ماندوو دەکەن. ناکرێ “ڕێبەر” و “شاژن” و “پاشا” و “دروشم” … هتد بۆ خەڵکی ئێران ساختە بکرێت و بسەپێنرێت! خەڵکی ئێران زۆر وریاترن لەوەی جارێکیتر هەڵبخڵەتێنرێن یان بەلاڕێدا ببرێن. هەربۆێە پێویستە لە تەنیشتە راست و درووستەکەی مێژوودا هەڵوێستە کردن هەبێت، ئەگینا “سووڕی مێژوو” کاری خۆی دەکات. ئەمە یاسایەکی خەوشهەڵنەگرە! هەروەک چۆن خەڵکی ئێران خاوەنی سەرەکی وڵاتەکەیانن، خاوەنی سەرکردایەتی سیاسی خۆشیانن و ئامانجیان لەناوبردنی دیکتاتۆرییەتە لە وڵاتەکەیاندا!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە