پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ هەینی ٢٣ئابی ٢٠٢٤ لەسەر ڕێگای شارۆچکەی سەید سادق، ئوتۆمۆبیلێک کە سێ ڕۆژنامەنوسی تێدا بوو، لەلایەن هێرشی بوردومانی درۆنی تورکیاوە کرانە ئامانج و هەریەکە لەڕۆژنامەنوسان (هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ) ژیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنوس ڕێبین بەکر بەسەختی بریندار دەکرێت. هەرسێ ڕۆژنامەنوس سەر بەکۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لەهەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردنی فەرمیان هەیە، کە بەڕێوەبوون وەک تیمیکی ڕۆژنامەنوسی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و هیچ پەیوەندیەکیان بەکاری سیاسیەوە نەبووە .
ئەم هەنگاوەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا لەدرێژەی ئەو هێرش و ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە زەمینی و ئاسمانیەدایە کە ساڵانێکە بۆ نێو قوڵایی شارو گوندەکانی کوردستان دەستی داوەتێ و بەهۆیەوە ژیان و ئاسایشی خەڵکی کوردستانی نائارام و ناسەقامگیرکردوەو کوژران و بریندار بوون و ئاوارەبوونی دەیان هاوڵاتی کوردستانی لێکەوتۆتەوە. ئەمە سەرباری بەردەوامی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی سیاسی..
بەردەوامی ئەم پەلامارو هێرشە دڕندانەیەی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، لەسایەی دەسەڵاتەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمدا، نەک هەر بێدەنگەی لێکراوە، بەڵکو زانیاری چەواشەکارانە لەسەر ئەم ڕوداو و دەستدرێژیانەی دەوڵەتی تورکیا لە میدیاکانی خۆیانەوە بڵاودەکەنەوە، هەتا ڕاستیەکانی پشتی سیاسەتی خۆشخزمەتی و ڕێکەوتنیان لەگەڵ حکومەتی فاسشتی تورکیادا، پێدابپۆشن.
ئێمە، لەکۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی بەتوندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستی و ئینسانکوژیەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەکەین، هاوکات پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری هەردوو ڕۆژنامەنوس هیرۆ بەهادین و گوڵستان تارا، دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکەش دەخوازین.
کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم کردەوە تیرۆریستیەی تورکیا پێچەوانە بە یاساو ڕیساکانی جیهانی دەزانێت، هاوکات بەرپرسیارێتی ئەم تاوانە و سەلامەتی ڕۆژنامەنوسان دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم و داواش لە ئازادیخوازان و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەکاری ڕۆژنامە نوسی و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات کە لەئاستی ئەم تاوانانەی دەوڵەتی تورکیاو ئەو بێدەنگیەی کە هەردوو حکومەتی هەرێم وعێراق گرتویانەتەبەر، بێدەنگ نەبن و بەشێوەی گونجاوی خۆیان ناڕەزایەتی دەرببرن.
کۆمیتەی ڕێکخستنی سلیمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣/٨/٢٠٢٤