ئەرسەلان رەحمان:
ئەوەی دوێنێ و ئەمڕۆ لە سۆشیالمیدیا، بە پشتیوانی کەناڵە حزبییەکانی هەردوولا، پەیج و کەناڵە سێبەرەکانیان، سوپای تەجنیدکراوی ئەلیکترۆنیان کرا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی، هەردوو لایەن هۆکاری سەرەکی پیسکردنی ژینگەی میدیایی، شێواندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، نانەوەی پشێوی و تێکدانی باری دەروونی خەڵکن.
چاوەڕوانیی لە هەندێک کەناڵ ئەوە بوو، لانیکەم نەخزێنە ناو ئەو موهاتەراتەی هەردوو حزب، (تەمەنێکە لە ئەدەبیات و دەروونیاندا ڕەگی داکوتاوە و لەسەر ئەو گوتارە ئەندام و کادیریان فرچکیان گرتووە)، لەگەڵ هەڵکردنی هەر بایەکی ناساز، وەک پوڵوی ژێر خۆڵەمێش دەگەشێتەوە.
ئەم ژاوەژاوە میدیاییەی دروستکراوە، بەشێکی ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەو تیرۆرە فیکرییەی هەردوولا، وەک چەکێک دژی یەکدی بەکاری دەهێنن.
گوتاری هەردوولا بە مەکتەب سیاسییەکانییانەوە، بگرە تا دەگاتە پەیجە سێبەرەکانیان و ئەو ئەندامانەی بەریانداونەتە یەکدی، گوتارێکی عەقڵانی و لۆژیکی نەبوو، جگە لە زمانی زبر و چاندنی تۆوی ڕق و کینە، هیچ زمانێکی دیکەیان شک نەبرد لەگەڵ یەک بدوێن.
گوتاری تەخوین، تەوهین، تیرۆری فیکری و تۆقاندنی یەکدی گوتارێکی ئاستنزمی ناجۆرە بە نەوەیەک کە لە 2003ەوە بە ڕووی دنیای دەرەوە کراوەتەوە. نەوەی هەزارەی سێیەمی پێ دەوترێت، لانیکەم شاهێدی تاوان و کوردکوژی پارتی و یەکێتی نەبوون. ئەو نەوەیە، ستەمێکی گەورەی لێ دەکرێت، ژەهری گوتار و ئەدەبیاتی دواکەوتووانە و خێڵەکیانەی شەڕی ناوخۆی بە گەروودا دەکرێت، مێشک و هزری پڕ دەکرێت لە دەستەواژەگەلێکی داماڵراو لە ژیاندۆستی و ئەدەبیاتێکی سیاسیی سەردەمیانە.
سەیر ئەوەیە، ئەوانەی زۆر بانگەشەی چاککردنی دۆخی میدیا دەکەن، لە پێشەوەی ئەوانەن زۆرترین ژەهر دەڕێژنە کایەی میدیایی. ئەوانەی، کە خۆیان بە کەناڵی نیشتمانیی ناودەبەن، زۆرترین پێشێلکاری دەکەن، ئەوانەیشی باس لە ئیتیک و پەیمانی ئاکاریی کاری ڕۆژنامەوانی دەکەن، زۆرتر لە پەیجی کادیرێکی حزبی و چالاکێکی سۆشیالمیدیای موچە بۆ بڕاوە، لە ڕاپۆرت و بەرهەمە میدیاییەکانیان ساختەکاری و چەواشە و گوتاری زبر و نامۆ بە ئیتیکی کاری میدیاییان بەرهەمهێنا.
سەرجاوە: فەیسبووکی نوسەر