Home بیروڕا ٣١ ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و زەرورەتی کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە

٣١ ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر و زەرورەتی کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە

by admin
0 کۆمێنتەکان 53 بینینەکان

عمر احمد:

ئەگەر بەتەنها لە دوو ساڵی ڕابردوو بڕوانین، دەتوانین زۆر بەسادەیی دوو نموونەی بەرجەستە باس بکەین لەخیانەتەکانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار( یەکێتی و پارتی ) یەکەمیان یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە هاوکاری کردنی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێبەجێکردنی بڕیاری داخستنی بارەگاکانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە کوردستان، دووەمیشیان هاوکاری کردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەل ڕژێمی فاشستی تورکیا بۆ هاتنە ناوەوەی کوردستان و پەلاماردانی بارەگاکانی پەکەکە و بۆردومانکردنی شوێنی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیل لە کوردستان.
ئەمسال ٢٠٢٤ هێزە سەربازییەکانی تورکیا لەڕێگای هێرشی درۆنەکانەوە چەندین کەسیان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان تیرۆر کردووە ، هەروەها چەندین ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە کوردستان لەلایەن ئیتڵاعاتی ئێرانییەوە لە دوو ساڵی رابردوودا تیرۆر کراون.
هەربۆیە کردەوەکانی ئەم دوو حزبە لە ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەردا نابێت نامۆبێت بەلامانەوە چونکە لەمێژووی ئەم دوو حزبەدا چەندین کردەوەی قێزەونی لەم جۆرەیان ئەنجام داوە.
هاوڵاتیانی کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەم دوو حیزبەدا ئەمنیەت و ژیانیان پارێزراو نییە و هەمیشە لە مەترسیدایە جگە لە هاوکاری کردنی حکومەتەکانی تورکیا و ئێران ئەندامانی میلیشیا چەکدارەکانی ئەم دوو حزبە چەندین خەڵکی بێگوناهیان لە شوێنی کار و ژیانی خۆیان کوشتووە دەسەڵاتدارانیش لەڕێگای فڕوفێڵی یاساییەوە بکوژەکان لەزیندانی کردن و لێپێچینەوەی یاسایی دەرباز دەکەن، بۆنموونە کوشتنی کەسێک بەناوی ئاری کە پیشەی چا فرۆشتن بوو لە شاری سلێمانی لە کاتی کارکردندا لەلایەن چەکدارێکی سەر بە هێزی کۆماندۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لەکۆتایی مانگی تەمموزی ٢٠٢٤ کوژرا ، هەروەها چەکدارەکانی پاسەوانی سنوور هاوڵاتیەکی شاری هەڵەبجە کە پیشەی کۆڵبەر بوو بە دەستڕێژی فیشەک لەم مانگەدا کوشت کەسوکاری کوژراوەکە نەیان هێشت نوێنەرانی چەکدارەکانی پاسەوانی سنوور لە پرسەکەدا بەشداری بکەن.
سەرەڕای ئەم کێشانەش دەست ئاواڵە بونی هێزە ئیسلامییەکان لەژێر دەسەڵاتی ئەم دوو حزبەدا مەترسیەکی ترە بۆ سەر ماف و ئازادییەکان لە کوردستان.
ئەم هێزە ئیسلامیە کۆنەپەرستانە بێ سڵەمینەوە لە دادگا و یاساکان ڕاستەوخۆ فەتوای کوشتن و هەڕەشەی لەناوبردن بۆ کەسانێک دەردەکەن کە ڕەخنە لە دین و مەزهەب دەگرن ، بەر لەدوو ساڵ گەنجێکی شانۆکار بەناوی خواناس لەسەنتەری شارۆچکەی چەمچەمال بەڕۆژی ڕوناک لەلایەن کەسێکی ئایندارەوە درایە بەر دەستڕێژی گولەو گیانی لەدەستدا بکوژەکە لەلایەن مەلایەکەوە هاندرابوو.
بەبڕوای من بۆ ڕزگاربوون لە مەترسیەکانی ئەم دەسەڵاتە پێویستە جەماوەر و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بێنە مەیدان و بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە پێکبهێنن و لەڕێگەی بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوە کۆتایی بەو دەسەڵاتە بهێنن و لەجێگەی ئەمانە دەسەڵاتێکی جەماوەری پێشکەوتنخواز بویاد بنێن کە خواستەکانی ئازادی و یەکسانی بەدی بهێنێت.

مانگی ئابی ٢٠٢٤

لێدوانێک بەجێ بهێلە