دۆسیەی رووخێنەری دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
عەبدولڕەحمان گەورکی:
لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی رۆژی شەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤ لە پاریس، بە ئامادەبوونی خانمی مریەم رەجەوی، تاهیر بومێدرا، سەرۆکی (لیژنەی داد بۆ قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨) و سەرۆکی پێشووی (نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق) وتی: “بە پرۆفیسۆر (جاوید رەحمان) دەڵێم ئەوەی کردوویەتی، لەلایەن هەموو ئەویندارانی ئاشتی و دادپەروەری لە جیهاندا قەدری دەزانرێت و هەرگیز تەنیا نابێت”.
دادوەر و سەرۆکی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتی (2018-2021)، پرۆفیسۆر ئاسۆجی وتی: “چیتر یاسای نێودەوڵەتی ئەو بیرۆکەیە قبوڵ ناکات کە هیچ کەسێک بەهۆی پێگەی حکومەتیەوە پارێزراو بێت. هەموو ئەوانەی پێیان وایە بەهۆی پێگەی خۆیانەوە پارێزبەندییان لەسەرە، لە هەڵەیەکی گەورەدان”.
پرۆفیسۆر لەیلا سادات، راوێژکاری تایبەتیی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (٢٠١٢-٢٠٢٣) رایگەیاند: “رێز لە ئێوە و قوربانیدانەکانتان دەگرم و شانازی دەکەم کە لێرەم و هاوکاریی نێودەوڵەتیتان پێشکەش دەکەم. دوای پێداچوونەوە بە بەڵگە بەردەستەکان، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨ بەڕاستی (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی)یە. لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا، ئێران لە ژێر بارگرانی رژێمێکی تاوانکاریدا بووە کە تاوانەکانی بە تایبەت، لە دژی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک موجاهیدینی خەلق لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانیان پێدا نەنراوە. ئەم دەسەڵاتە لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨ و تاوانەکانیتری، بە هۆی (نەبوونی دادپەروەری) و پارێزبەندییەوە، درێژەی بە تاوانەکانی خۆی داوە”.
پرۆفیسۆر هێرتا دۆبلەر-گێملین (وەزیری دادی ئەڵمانیا، 2002-1998) وتی: “روونە کە دەبێ نەک تەنیا سوپای پاسداران، بەڵکو ئەو دادوەرانەی دەسەڵاتی خۆیان خراپ بەکاردەهێنن و وەک جەللادەکانی رژێمی ئایەتوڵڵا مامەڵە دەکەن، سزا بدرێن. خانمی رەجەوی، من پلانە ١٠ خاڵییەکەت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانم زۆر بە گرنگ زانی”.
پرۆفیسۆر ستیڤن ئەشنێبام، بەڕێوەبەری بەشی یاسای نێودەوڵەتی لە قوتابخانەی توێژینەوەی پێشکەوتووی نێودەوڵەتی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، بە ئاماژەدان بە دادگاییکردنی نمایشی ١٠٤ کەس لە بەرپرسان و ئەندامانی موقاومەتی ئێران، کە ئێستا لە تاران بەڕێوەدەچێت، وتی: “هەر هەڕەشەیەکی سوور کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دەربچێت، دەبێت هەر لە سەرەتاوە لەلایەن (ئینتەرپۆل)ەوە رەت بکرێتەوە و ئەگەر دەرچوو، دەبێت لەلایەن هەر وڵاتێکەوە کە پێشکەشی دەکرێت، پشتگوێ بخرێت. ئەم شانۆگەرییە مافەوانییە ساختەیە، بۆ شاردنەوەی هەڵمەتێکی نوێی تیرۆر لە دژی موجاهیدینی خەلق و نەیارانیتری رژێم لە دەرەوەی وڵات داڕێژراوە”. ئەشنێبام هەروەها وتی: رژێم بەردەوام دەڵێت ئەم رێکخراوە هیچ پشتیوانییەک لە ئێراندا نییە. بەڵام ئەگەر ئەوەندە بێ بایەخ بێت، بۆ ئەو کوشتنانەی ئەشرەف و لیبەرتی؟ بۆچی ریکلامی بێ وەستان؟ بۆچی هەوڵی بۆمبانانەوە لە گردبوونەوەی ساڵی ٢٠١٨ی پاریس و بۆچی ئەم جەنگە خاچپەرستیە نوێیە. رژێم بە هۆکارگەلێکی زۆر، لە موقاومەتی ئێران دەترسێت”.
کینێت لویس، پارێزەری موجاهیدین لە دادگاییکردنی جەللاد (حەمید نووری) لە سوید لەم کۆنفرانسەدا وتی: “خومەینی لە ساڵی ١٩٨٨ فەتوایەکی دەرکرد کە موجاهیدینی خەلق (شەڕکەڕی دژی خودا)ن و پێویستە لە سێدارە بدرێن. ئەم فەتوایە بووە هۆی لەسێدارەدانی زیاتر لە (30) هەزار زیندانی لە سەرتاسەری ئێران. رژێمی ئێران تەنانەت دوای کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ١٩٨٨یش درێژەی بە سیاسەتی ژینۆساید داوە. هەوڵەکانی رژێمی ئێران بۆ لادانی سەرنجەکان لە سەر تاوانەکانی، پڕوپاگەندەی ناڕاستی دژ بە موجاهیدینی لەخۆ گرتووە. ئەم پروپاگەندە و کارە تیرۆریستیانە، دەرخەری ترسی رژێمن لە گەشەکردن و کاریگەریی موجاهیدین خەلق. رژێمی ئێران بە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی سویدی توانی حەمید نووری لەگەڵ دوو هاووڵاتیی سویدی ئاڵوگۆڕ بکات”.
پرۆفیسۆر جێرمی سارکین، سەرۆکی دەستەی ئەرکی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ (2008-2014)یش وتی: “کاتێک سەرۆکی دەستەی ئەرکی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نەتەوە یەکگرتووەکان بووم، شایەتحاڵیمان هەبوو لەسەر کەمپی ئەشرەف و هێشتا پێویستییە لێکۆڵینەوە هەبێت”. بنەماڵەی ئەو حەوت کەسە بێسەروشوێنە هێشتا دەیانەوێت بزانن ئەو حەوت کەسە لە کوێن. ئەوەی پەیوەندی بەو کەسانەوە هەیە کە لە ١ی سێپتەمبەری ٢٠١٣ لە ئەشرەف کوژران، پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە. من هاوسۆزی دانیشتوانی ئەشرەف ٣ لە ئەلبانیام کە پێویستە لێکۆڵینەوە لە پرسەکانی پەیوەست بە ئەشرەف ١ و کەمپی لیبەرتی و شوێنەکانیتر بکرێت”.
خانمی مریەم رەجەوی ریپۆرتەکەی پرۆفیسۆر (جاوید رەحمان)ی بە گونجاوترین وەسفی (تاوانی دڕندانەی دژی مرۆڤایەتی) و (ژینۆساید) ناوبرد و وتی: لە بەرامبەر رژێمی لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژی، دیسانەوە داوا لە هەموو لایەک دەکەم کە “کەمپینی نەخێر بۆ لەسێدارەدان” فراوانتر بکەن. موقاومەتی ئێران ساڵانێکی زۆرە ئاڵای “هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان”ی بەرز کردووەتەوە. ئێمە لە پێناو ئێرانێکی بێ ئەشکەنجە و سەرکوتکردن و دوور لە ستەم و نایەکسانی راپەڕیوین. بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک، لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، خاوەنی سیستمێکی دادوەری سەربەخۆ کە لەسەر بنەمای بێتاوانی و مافی بەرگریکردن و مافی دادگاییکردنی گشتی و سەربەخۆبوونی هەموو دادوەرەکان بێت”.
خانمی مریەم رەجەوی وتیشی: “ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمەدا رژێمێک حوکم دەکات، کە مانەوەکەی، راستەوخۆ وابەستەی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و مانەوەی لە دەسەڵات، بە کوشتنی مرۆڤەکان دابین و گەرەنتی دەکرێت. لەدژی ئەم دەسەڵاتە، بەرخۆدانێکی درێژخایەن و پڕ لە ئازار لە ئاڕادایە بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی مرۆڤ. ئێمە شانازی دەکەین خەباتکار و تێکۆشەری ئازادی و مافی مرۆڤین. کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە بێدەنگی و بێهەڵوێستی بەرامبەر بە کارەساتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بهێنرێت. ئەوە کاری حکومەتەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە درێژەدان بە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری، فەرمانی گرتن و دادگاییکردنی رێبەرانی رژێم بخەنە بەرنامەی کاری خۆیانەوە، بە هۆی ئەوەی ئەم تاوانە دڕندانانەیان ئەنجام داوە”.
دوا وشە!
بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی خەڵکی ئێران کە لە ساڵی 1395 (2015)وە لە لایەن خانمی مریەم رەجەوی راگەیەندراوە، ئێستا بەری گرتووە و بەرهەمەکەی دەبینرێت و رژێمی دیکتاتۆری ویلایەت فەقێ، لە ریزی ئەو رژیمانەدایە کە “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “ژینۆساید”ی ئەنجام داوە و دەبێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت. ئەم راستییە ئێستا لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکان و مافناسان و شارەزایانی دیاری جیهانەوە دانیان پێدا نراوە و تەنیا خواستی موقاومەتی خەڵکی ئێران نەبووە و نییە. بێگومان رۆژی لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران هەر دەگات!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی