Home بیروڕا رژێمی ویلایەتی فەقێ نوێنەری خەڵکی ئێران نییە!

رژێمی ویلایەتی فەقێ نوێنەری خەڵکی ئێران نییە!

لە پەراوێزی ئامادەبوونی مەسعود پزشکیان لە کۆبوونەوەی گشتیی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان!

by admin
0 کۆمێنتەکان 115 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:
پێشەکی
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دەسەڵاتێکی ئێکسپایر ئەوەیە کە هیچ کام لە کەیسەکانی داخراو نین. بەڵکو فایلەکانی لەسەر یەکتر کەڵەکە دەکرێن. لە ئێراندا هیچ کام لە کەیسەکانی ئەم رژێمە دانەخراون و داناخرێن. هەر بۆیە تاکە رێگەی مومکین گۆڕینی دەسەڵاتە. واتە، رووخاندنیەتی و دانانی رژێمێکیترە. هەر لەبەر ئەمەشە کە مشتومڕی “ئەڵتەرناتیڤ”ی ئەم دەسەڵاتە یەکێکە لە مشتومڕە جیددییەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە!
وەلی فەقێ!
ئەوەی بە ئەزموون کراوە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئایینیدا، ئەو راستییەیە کە گۆڕانی “سەرۆکی بە ناو کۆمار!” هیچ گۆڕانکارییەکی لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا درووست ناکات. چونکە، لە ئێراندا، ئەم پۆستە، هیچ دەسەڵاتێکی نییە، تایبەتمەندیی دیاری ئەم پۆستە، باوەڕمەندبوونیەتی بە پرەنسیپی ویلایەتی فەقێ و پێشخستنی سیاسەت و پلانەکانی وەلی فەقێ!
پزیشکیان، ئەڵقە لە گوێی ویلایەتی فەقیهی!
بەم پێشەکییە، دەبینرێت کە مەسعوود پزیشکیان بەشێکە لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی! ناوبراو لە ساڵیادی شەڕی ئێران و عێراقدا، وتی: “ئەمڕۆ دەتوانین ئەوە بە جیهان رابگەیەنین کە توانای ئەوەمان هەیە بەرگری بکەین لە وڵاتەکەمان و بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی، ئاشتی و ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە دابین بکەین”. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بۆ هێزە نیزامییەکانی رژێم وتی: “شانازی بە ئێوەی ئازیزەوە دەکەم. ئێمە شانازی بە بوونی ئەو رێبەرە ئازیزەوە دەکەین و بە پشتیوانیکردنی ئێوەی ئازیزەوە، هەوڵ دەدەین دەسەڵات و سەربەرزیی کۆماری ئیسلامی بپارێزین. پزیشکیان پێشتر رایانگەیاندبوو کە بەبێ پشتیوانیکردنی وەلی فەقێ (خامنەیی) لەم پۆستەدا دانەدەنرا. (تەلەڤیزیۆنی حکومەت، ٣١ خەرمانانی ١٤٠٣).
پزیشکیان پاسداری ویلایەتی فەقیهە!
ئەوەی لە چاوخشاندنێکی خێرادا بۆ کەیسی پزیشکیان سەرنج رادەکێشێت، “پاسداربوون”یەتی، کە هەموو گومانەکان دەسڕێتەوە و هەموو چاودێرێک بەو راستییە رازی دەکات. پزیشکیان خۆی گوتبووی “ئەو، کەسێکە لە ویلایەتی فەقیهیدا تواوەتەوە!”
هاتنە مەیدانی پزیشکیان!
لە خولی نوێی نمایشی هەڵبژاردنەکاندا، پزیشکیان هێنرانە سەر شانۆ. وەک خۆی وتبووی، “چونکە ئەو رژێمەی لە مەترسیی لەناوچوون و رووخاندنیدا بینی”. ئەرکی ناوبراو، سپیکردنەوەی رووخساری وەلی فەقێیە لە گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا. ئەرکێک کە پێشتر لە لایەن خەڵک و موقاومەتی ئێرانەوە ریسوا کراوە و شکستی هێناوە. چونکە خەڵک و موقاومەتی ئیران هیچ باوەڕێکیان بە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا نییە. گۆڕانکاری و چاکسازی لەناو رژێمی دەسەڵاتی ئایینیدا “تراویلکە”یە.
“عێراق” بۆ یەکەم سەفەری پزیشکیان بۆ دەرەوەی ئێران هەڵبژێردرا. چونکە جگە لە سنووری هاوبەشی نێوان دوو وڵات و تۆمارەکانی شەڕی هەشت ساڵە و سەرەڕای ئەوەی حکومەتی ئەم وڵاتە لە دەستی خامنەییدایە، پێگەی (هێزی بە وەکالەتی رژێمی ئێران لە عێراق) بەرەو داڕمان دەڕوات و مەترسی ئەوە هەیە کە (بەرەی رژێمی ئێران) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەگەری زۆرە تووشی “زەربەیەکی نەگەڕاوە” بێت! بە وتەی چاودێران و شارەزایانی کاروباری ئێران، ئەم سەفەرە شکستێکی دیکە بوو بۆ رژێمی ئێران.
نەتەوە یەکگرتووەکان شوێنێک نیە بۆ رژێمی ویڵایەت فەقێ!
بەگوێرەی هەواڵە فەرمییە بڵاوکراوەکان، بڕیارە لە سێیەم رۆژی مانگی سێپتەمبەردا، مەسعوود پزیشکیان بەشداری کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات. هەرچەندە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری وڵاتان(!) لەم لوتکەیەدا، رووداوێکی ساڵانەیە و نوێ نییە، بەڵام ئەمساڵ زیاتر لە هەموو ساڵێکیتر، ئەم راستییە لە کۆمەڵگەی جیهانیدا دەنگی داوەتەوە کە “نەتەوە یەکگرتووەکان” شوێنێک نیە بۆ رژێمی ئێستای ئێران! بە واتایەکیتر، نەتەوە یەکگرتووەکان نابێت رێگە بدات ئەم کورسییە لە دەستی رژێمی سەرکوتکەری ئێراندا بێت. چونکە ئەم رژێمە بە کردەوە سەلماندوویەتی کە بەرانبەر بە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هاوچەرخ لە ململانێدایە. ئەمەش هۆکارێکە کە خەڵک و موقاومەتی ئێران خوازیاری دەرکردنی ئەم رژێمەن لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خوازیاری گەڕاندنەوەی ئەم کورسییەن بۆ خەڵکی ئێران!
ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵات، کە زۆربەیان لایەنگرانی “ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران”ن، لە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتیدا، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئامادەبوونی پزیشکیان لە کۆمەڵگای گشتییی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وڵاتانی جیاجیا لە خۆپیشانداندان و رایانگەیاندووە کە “رژێمی ئێران نوێنەرایەتیی خەڵکی ئێران دەکات”. ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران هاوپەیمانییەکی سیاسیی هەرە دێرینە لە ئێراندا و تاکە رکابەری دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرانسەری ئێراندا چالاکی هەیە و رژێمی ئێران بە تەواوی لێی تۆقاوە.
بە پێی راگەیاندنەکان و سەرچاوە فەرمییەکانی موقاومەتی ئێران، ئێعدام و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقێ، روو لە زیادبوونە و بارودۆخی ژیانی خەڵک (بەتایبەت تێچووی زۆری پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان) بەرەو خراپتربوون دەچێت، و بە هۆی شەڕخوازییەکانی ئەم رژێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەکە و جیهان لە ژێر هەڕەشەی جیددیدایە.
لەمدواییانەدا بەڕێز جاوید رەحمان، راپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، راپۆرتێکی گرینگی پێشکەش کرد. ناوبراو لە سێدارەدانی ساڵانی ١٣٦٠ و ١٣٦١ (1981 و 1982) و کۆمەڵکوژییەکەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە ساڵی ١٣٦٧ (1988)ی بە “تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی” و “ژینۆساید” وەسف کرد کە ٩٠%ی ئەوانەی لە سێدارە دراون، ئەندام یان لایەنگری موجاهیدینی خەلق بوون. جاوید رەحمان لەم راپۆرتەدا ئاماژەی بە رۆڵی بەرپرسانی ئێستای رژێم دا، (لە وەلی فەقێوە تا دەگاتە دادوەرانی شەرع و دەزگا سەرکوتکەرەکانیتری ئەم رژێمە)، کە دەبێ بخرێنە بەردەم دادگا.
ڕاپەڕین دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران بەردەوامە!
خۆپیشاندانی رۆژانەی ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات، بۆ پشتیوانیکردن لە بارودۆخی روو لە تەقینەوەی کۆمەڵگای ئێران دەکرێت. لە ناوخۆی ئێران، راپەڕین لە شێوەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقێ بە شێوەیەکی بەرفراوان لە هەموو چین و توێژ و بەشەکانی ئێراندا بەردەوامە. دووەمین یادکردنەوە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ (2022) و بەتایبەتی ٧٥٠ شەهیدەکەی ئەم راپەڕینە، نیشاندەری بارودۆخی هەڵچووی کۆمەڵگای ئێرانە لەدژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی. لە دوو ساڵی رابردوودا، هەنگاوی پێشەنگ لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکاندا، ئاگر تێبەردانی مۆڵگەکانی رژێم بووە کە لە لایەن ناوەندەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) سەر بە موقاومەتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت.
هەنگاوی دووەمی خەڵکی ئێران!
خەڵکی ئێران لە ساڵی 1979 دەسەڵاتی دیکتاتۆریی (شا)یان رووخاند و ئێستاش بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی راپەڕیون. ئەوان دەیانەوێت وڵاتەکەیان خاون حکومەتێکی “کۆماری” و “دیموکراتیک” بێت کە خانمی مریەم رەجەوی ئاڵا هەڵگریەتی. ئەوان ئەم درووشمانە دەڵێنەوە: “ئێمە ژن و پیاوی جەنگین، دەجەنگین و بۆی دەمرین، بۆ ئەوەی ئێران بستێنینەوە”، “نا بۆ شا، نا بۆ ئاخوند، بەڵێ بۆ کۆماری دیموکراتیک” و “ژن، بەرخۆدان، ئازادی”.
خانمی مریەم رەجەوی لە پەیامێکدا بە بۆنەی دووهەمین ساڵوەگەڕی راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ (2022) وتی: رژێمی ویلایەتی فەقێ لە دۆخ و قۆناغی رووخاندنیدایە و دیکتاتۆرییەت، بە هەر شێوەیەک بێت و بە هەر ناوێک بێت، نابێت لە ئێران هەبێت .” هێزی شۆڕش و راپەڕین لە دڵی کۆمەڵگای ئێراندا بەهێزتر و بە ئیرادەتر بووە. رێگای بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی سێدارە و کۆمەڵکوژ، ناڕەزایەتی دەربڕین و پەرەپێدانی بەرخۆدان و راپەڕینە بۆ رووخاندنی.

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە