عەزیز ڕەئووف:
هەر لە سەرەتاوە دیارە کە هەڵبژاردنی ئەمجارەش دۆخێک دروست ناکات کە پارلەمان ببێتە شوێنێک بۆ خەمی گشتی و کردەی سیاسەتی عەقڵانی، زمانی کاندیدەکان و بەرپرسی قەوارەکان زۆر سادەیە و ئەمەش زمانی سیاسەتە لە کوردستان کە لە سی و سێ ساڵی ڕابردوودا هیچ گۆڕانێکی بەسەر نەهاتووە، زمانی هەرەشە و زبر ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە هێچ گۆڕانێکی عەقڵانی بەسەر کارەکتەرە سیاسییەکانی هەرێمدا نەهاتووە.
ئەوەی من ترسم لێی هەیە ئەوەیە کە دۆخێک دروست بێت کە جیاوازی نێوان هێزەکاندا نەدۆزینەوە، ڕێک ئیستا ئێمە لەو دۆخەدا دەژین، هەر بۆیە ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا دایبینم نەبوونی هیچ بەڵگەیەکە بۆ ئاراستەکردنی خەڵک بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان. وەک ئەوەی هەمووان ئەو راستیە بزانن کە ئەم جارەش پارلەمان نابێتە سەنتەرێک بۆ بەرگری لە مافی خەڵک.
ئەوەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەیبینین خاڵیبوونەوەیە لە گفتوگۆ و دیبەیت، من هیچ دیبەیتێکی عەقڵانی نابینم، تەنانەت هێز و قەوارەکانیش ئازایی ئەوەیان تێدا نییە کە دیبەیت بکەن و بە زمانێکی عەقڵانی بەرنامەی خۆیان نمایش بکەن، کارەساتە لە نیشتیمانێکدا بژین کە هێز و قەوارە سیاسییەکانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا ئازایی ئەوەیان تیدا نەبێت کە دیبەیت بکەن.
بۆ هێزەکانی دەسەڵات ئەم هەڵبژاردنە ئیشکردنە لەسەر مانەوەی خۆیان و بۆ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیش شەڕکردنە لەسەر ئەوەی پێگەی خۆیان جێگیر بکەن، ئەگینا هیچ ئاسۆیەک بەدی ناکرێت کە دنیای ئێمە دوای ئەم هەڵبژاردنە باشتر بێت و هیچ ئومێدێکیش نیە کە سبەی پارلەمانێک ببینین كە پڕبێت لە گفتوگۆی جدی و شوێنێکبێت بۆ بەرگری لە مافەکانی خەڵک.
دیاردەیەکی دیكە لە کاندیدەکاندا بەدی دەکرێت ئەویش تۆخکردنەوەی خزمایەتی و خێڵ و بنەماڵەیە، سەردانی تەشریفاتی و خۆناسک کردنەوە و خۆ بە فریشتەکردنی کاندیدان و بەشداری لە بۆنە دینی و کۆمەڵایەتییەکان، لەو دیاردە ناشرینانەن کە منداڵیش هەست بەوە دەکات ئەمە نمایشە، نەک ژیانی ڕاستەقینەی کاندیدەکان.
لەم هەڵبژاردنەش بۆمان دەرکەوت کە هیچ کەس لە بەرپرسانی هێز و قەوارەکان ناخوازن بچنە پارلەمان، وەک ئەوەی ئەوانیش بزانن کە پارلەمان ئۆفیسێکی لاوەکییە و توانای دەسکاریکردنی دنیای ئێمەی نییە. سەرباری هەموو ئەمانەش تا ئیستا بانگەشەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت و بەهیوای ئەوەی خەڵکی کوردستان هۆشیاری هونەری بانگەشەکردنیان هەبێت و بزانن کە ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت و سبەی هەموو شت دەچێتەوە شوێنی خۆی.
2024-10-01