دەشتی جەمال:
ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتوبەر دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردن لە کوردستان، بانگەشەی هەڵبژرادنی بەربژێرەکان ماوەیەکە دەستی پێکردوە بۆ تەخشانو پەخشانکردنی درۆ و دەلەسەی بێناوەرۆك بۆ هەڵبژاردنیان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستاندا، بەلام جیاواز لەخولەکانی پیشووتر، ئەمجارە هەریەك بەتایبەتی لەحزبە دەسەلاتدارەکانی کوردستان، شمشێریان لەبەرامبەر یەکدا هەڵکیشاوە، گوایە ئەمجارە زۆرانبازیەکە ملی ئەوی تریان دەشکێنێت و لە ساحەکە دوری دەخاتەوە! بەزمانی زبرو دوور لە هەموو پێوانەیەکی هەڵبژاردن لەمڕۆی دنیادا وەکو ئەوەی پەیڕەو دەکرێ و حزبەکان بەربژیرەکانی خۆیان دەخەنەڕوو کە پڕوپاگەندە بۆ بەرنامەو ئەجندای خۆیان دەکەن بۆ چوارساڵی داهاتوو، تا لەو رێگایەوە دەنگدەران هەڵخرێنن و دەنگیان پێبدەن.
بەڵام گاڵتەجاری و ریسوابوونی هەڵبژاردن و پەرلەمان بەجۆرێکە لەناو خەڵکی کوردستاندا کە ئاستی چاوەروانیەکان ئەوەیە هاولاتیان بەڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن، بۆیە هەم لایەنەکانی دەسەڵاتدار و هەم ئۆپۆزیسۆنی بۆرژوازی هەموو هەوڵ و هاوارێکیان بۆئەوەیە خەڵك پەلکێشی هەڵبژاردن بکەن و رێژەی بەشداریکردن بەرزبکەنەوە لەپێناو بەرژەوەندی و مەرامە سیاسەکانی خۆیاندا. کەوایە بۆچی نابێت بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکرێت و بایکۆت بکرێت:
١- پەرلەمان و حكومەت و بەدیاریکراویش هەڵبژاردن لە دۆخێکی دژواردا کە کوردستان لەبۆشایی قەوارەی دەولەتدا لەژیرسایەی دەسەلاتێکی میلیشایی و حیزبیدا بەڕیوەدەچێت کە دوو دەسەلات بە زەبری هێزی چەکدار و تاڵانی و راوروتی ژێر قەڵەمڕەوی خۆی، خۆگریدانەوە بە وڵاتێکی ناوچەکەوە، دەسەلاتیان داسەپاندوە. بەهەلبژاردن و کایەی پەرلەمانی ناتوانرێت ئەو واقعیتە بگۆردرێت. هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنە جگە لە نمایشێك بۆ شهرعیهتدانەوە به دهسهڵاتی بۆرجوازی و هێشتنەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە میلیشیاییە و ڕاگرتنی پایەکانی دەسەلاتیان لەکوردستاندا هیچی تری بە قازانجی خەڵکی کوردستان لێ سەوزنابێت.
٢- دەڵێن هەڵبژاردنی ئەمجارە پاك و نەزیهە و راستەخۆ لەلایەن کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی عێراق و لایەنی نیونەتەوەییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ئەمە وەك بەهانەیەك لەلایەن هیزەکانی بەشدارەوە بەدەستەوە گیراوە کە گوایە مەجالی تەزویروساختە نەماوە. ئەمە لەکاتیکدا ئۆفیسی کۆمیسیۆنی هەلبژاردنەکان لەشارەکانی کوردستان بە موافقەتی یەکیتی و پارتی دانراون و کورسی تورکمان و مەسیحیەکان دابەشکراون لەنێوان زۆنی سەوز و زەرد دا. داهاتی کۆمەڵگا و میدیای زەبەلاح هەمووی له دهستی ئهحزابی میلیشیاکاندایە و هیزە سەربازی و ئەمنیەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ئەگەر دەنگ بەلایەنی دەسەلات نەدەن رووبەرووی لێپێچینەوە دەبنەوە. لهسایهی هەلومەرجێکی وادایە کە هیچ دەرفەتێکی نەهیشتۆتەوە خەڵك لهسهر بناغهی ئاشنایهتی و تیگهیشتن له بهدیل و رێگەچارەی لایهنهكان دهنگبدهن. هەروەکو له سایهی زهختو زۆرو دهسهلاتی ملیشیاكاندا ناتوانن ئازادانه بهدیلی خۆیان ههلبژێرن. لەوەش زیاتر دەخالەتی دەولەتانی ناوچەکە لەپرۆسەکەدا و پشتیوانی تورکیا لە پارتی و ئیران لە یەکیتی لە هەڵبژاردنەکاندا فاکتەرێکی کاریگەرە. ئەمە جگە لە دۆخی نائهمنی و سهختو دژواری ئیستای عیراق و کوردستان و فشارەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات و شکاندنی شکۆی ئەوەی ناویان لێناوە قەوارەی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم.
٣- هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لەپرۆسەی هەڵبژاردندا تەنها قازانج و بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان دەپارێزن، خۆیان بەشداربوون لە بەتالانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و یەك هەڵویستن بۆهێشتنەوەی ئەو دۆخەی کە هەیە. هیچ پرۆژەیەکیان پێنیە بۆ دەرکێشانی کوردستان لەم دۆخە سیاسی و ئابوریە چەقبەستوە و درێژەپێدەری توندکردنەوەی فەزای کۆنەپەرستی و دژ بە شارستانیەت و مودێرنیزمی کۆمەلایەتین، ناکۆك و دژن بە باشبژێوی و بەختەوەری خەڵك و مافەکانی ژنان ومنالان و گەشەکردنی کۆمەڵگا.
٤-بانگەشەی پەرلەمان و دەستاودەستپێکردنی دەسەڵات لەرێگەی پەرلەمانەوە جگە لە بلاوکردنەوەی خۆشباوەری و پەلەقاژەیەکی فریوکارانە بۆ جوانکردنی سیمای ناشرینی دەسەلاتی میلیشایی هیچیتر نیە. ئەو گروپ و لایەنانەشی بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە دەهۆڵی گۆرانکاری و بەشداری جەماوەر لەم هەڵبژاردنەدا دەکوتن پاداشتی خۆشباوەرکردنی جەماوەر بەدەسەلاتی یەکیتی و پارتی وەردەگرن! هەموویان پێیان لە بێئاسۆیی و بێئومیدی و سەرگەردانی دۆخی چەقبەستووی کوردستان گیرکردوە و چارەنوسی کوردستانیان لەچوارچێوەی فیدرالیزمێکی قەومی کۆنەپەرستانەدا بەستۆتەوە بەدەسەلاتی کۆنەپەرستی قەومی ئیسلامی عێراق. هەر حزبێك لەوانەش ئەگەر چەند کورسیش بهێنێت، ناتوانێت دەسەڵات لەیەکیتی و پارتی وەربگرێت، وەیان چەند پۆستی سەرەکی وەربگرێت.
٥- بەربژیرەکان لەسەر پەیوەندی بە دەسەلاتی مەرکەزی عێراقەوە، دەستور دەکەنە سەنگی مەحەك بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان لەکوردستان، بەلام دەبێت بپرسین کام دەستور، دەستورێك کە لەسەر بنەمای جیاوازی چینایەتی و زمان و رەگەز و ئاین و ئەتنیکی و ژیرپێنانی مافەکانی ژنان و بەرەسمیەت نەناسینی مافی هاولاتی یەکسان دامەزراوە، دەستورێك کە ئاینی ئیسلام کە دژ بەمافە مەدەنی و ئینسانیەکانی خەڵکی عێراق و کوردستانە کردۆتە بنەما؟ دەستورێك کە فیدرالیزمی قەومی بەسەر خەلکی کوردستان دا سەپاندوەو سێبەری هەڕەشەی شەرو پیکدادانی قەومی بەهەمیشەیی بەسەر سەری خەلكی کوردستان و عێراقەوە ڕاگرتوە. فیدرالیزمێك کە پرۆژەیەكە بۆ بەشداری ناسیونالیزمی کورد و دەسەلاتەکەی لەپێناو بەشکردنی دەسەلات و سەروەت و سامان و هێشتنەوە و ڕاگرتنی دەسەلاتی میلیشیاکانیان بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە و بۆتە دەستمایەو ساتوسەودا لەگەل دەسەلاتی مەرکەزیدا دژ بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان.
٦- لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە کوردستاندا خەڵك هیچ متمانەیەکی بە هەڵبژاردن نەماوەو بە رێگایەکی نازانێ بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەران و مافەکانی ئەوە چ جای ئەوەی بە ڕیگایەكی بزانێت بۆ دەستاودەست پێکردنی دەسەلات! بۆیە ئەوەی کە ئەم حزبانە داوادەکەن خەڵك بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچن و دەنگیان پێبدەن، کڵاوکردنە سەر خەڵکە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا و ژیان و ئایندەی خەڵك ئەوەندە بۆئەوان گرنگە کە شەرعیەت بەکارنامەی ڕەش وکۆنەپەرستانەی دەسەڵاتەکەی خۆیان بدەنەوە، دەنا هەرچەند سەعات دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکەیان، لە هەموو بەڵینەکانیان پەشیمان دەبنەوە. هەربۆیە بایکۆت بۆتە تایبەتمەندیەکی واقعی کۆمەڵگەی کوردستان وە بۆتە بەشێك لە درێژەپێدەری بزوتنەوەی ناڕەزایەتی بەدژی پەرلەمان و حکومەت. ئهوانهشی خهڵك دڵخۆش دهکهن بهم ههڵبژاردنه بهوهی بهشداری و دهنگی خهڵك گوایه گورانكاری دهكات، ئەوا گهورهترین زهربه ئهدهن لههۆشیاری خهڵك، بهمهش ههڵهیهکی سیاسی دەکەن و باجی قورس دەکەوێتە ئەستۆیان .
٧- ئەم مەهزەلەی هەڵبژاردنە نەك تەنها شایەنی بەشداری نیە، بەڵکو پێویستە ریسوابکرێت. کەوایە ئەگەر دەمانەوێت دەسەلاتی دەستەوتاقمێك بەسەرخۆمانەوە نەهێڵێنەوە کە خاوەنی کارنامەیەکی رەشن بەرامبەر بەکۆمەڵگای کوردستان، سەرچاوەی بیکاری وهەژاری و بێموچەیی و بێمافی و ئاوارەیی و دەیان موسیبەت و دەردەسەری دیکەن و کۆمەڵگایان بۆ نیو شەر و نائەمنی بردوە، دەبێ یەکگرتوانەو دەستەجەمعی ئەم سیناریۆیەی ناویان لێناوە هەڵبژاردن، بەشکست بکێشین و ڕیگانەدەین دەنگی خەڵك بۆ دووبارە دریژەدان بەدەسەلاتی نەگریسیان بەکار بهێنن. گاڵتەکردن بەم هەڵبژاردنەو بایکۆتکردن و دورکەوتنەوە لە درۆو بەڵینەکانیان بەشێکە لەهەڵویستی هوشیارانەی جەماوەر لەڕاستای خەباتێکی شۆڕشگێرانە و کوبوونەوە لەدەوری خواستی نان و ئازادی و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری. ئەگەر دەمانەوێت دەسەلاتی ئایندەی کوردستان دەسەلاتی خەڵك بێت، ژیانێکی تیروتەسەل و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بۆ خەڵك بێت، ئازادی و مافەکانی خەڵکی کوردستان مسۆگەر بێت، بۆئەوەی چیتر پۆل پۆل لاوانی ئەم کۆمەلگایە لەدەریاکاندا نەخنکێن، گەنجەکانمان بیکارنەبن ، سەرکوت و بێماف نەکرێن، با نەك تەنها بەربەستی سەر رێگای ئەم سیناریۆ گالتەجاریە بین، بەڵکو بزووتنەوەی نارەزایەتی سەربەخۆی خۆمان بهێنینە مەیدان وە شێلگیرانە ڕێگە نەدەین خۆیان لەداخوازیە سەرەکیەکانی ژیانمان بدزنەوە.