Home بیروڕادوارۆژەکانی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران!

دوارۆژەکانی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران!

by admin
0 کۆمێنتەکان 93 بینینەکان

عەبدولڕەحمان گەورکی:
پێشەکی
هەر رۆژێک کە تێدەپەڕێت، هەستیارییەکانی رۆژان سەبارەت بە “ئێران” بەرەوهەڵکشان دەچێت. چون:
یەکەم. رژێمی ویلایەتی فقیهی لەلایەن خەڵک و بەرخۆدانەوە خراوەتە لێواری رووخاندن و قەیرانی کوشندە، گەمارۆی داوە.
دووەم. گەل و بەرخۆدان خۆیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی دوا هەنگاو بنێن بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت.
سێیەم. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێوەندی لەگەڵ “ئێران”دا خۆی لە وەستان لەسەر دوو رێیانی چارەنووسساز دوور خستووەتەوە و بەرەوسووربوون دەچێت لە پشتیوانیکردنی خەڵکی ئێران و بەرخۆدانی ئەواندا.
چی روودەدات؟!
ئەو پرسیارەی ئێستا لەسەر مێزی کۆمەڵگەی جیهانییە ئەوەیە: “چی روودەدات؟” و “چی بکرێت؟”. هەندێک نیگەرانن و هەندێکیش دڵخۆشن. هەندێکیان دروشمی “جەنگ” دەڵێنەوە و هەندێکیش نیگەرانن لە دەرئەنجامەکانی شەڕ. هێشتا هەندێک کەس لە ناو ئەو دوو رێیانەدا سەرگەردانن! کەواتە چارەسەر چییە؟
دیکتاتۆری لە ئێران و لایەنگرانی ئەم رژێمە، هەمووان لە ئاکامی شەڕەکە دەترسێنن! دەیانەوێت دوو راستی پەردەپۆش بکەن:
یەکەم. دۆخی لەقبووی رژێم، کە دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی زۆر لە دەرئەنجامەکانی شەڕ خراپترن!
دووەم. راپەڕین و ناڕەزایی خەڵکی ئێران و بوونی تاکە “ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیک”، بە مەبەستی کپکردنی راپەڕین و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و پەراوێزخستنی بەدیلی راستەقینە!
خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێران خوازیاری “شەڕی دەرەکی” نین. ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی بهێنن. هەرچەندە “شەڕفروشتن” بەشێکی دانەبڕاو بووە لە ناسنامەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی و لەم دواییانەشدا رۆژنامەی ئەمریکیی (نیویۆرک تایمز) لە ٢١ی رەزبەری ئەمساڵ ئاشکرای کرد کە رژێمی ئێران لانیکەم دوو مانگ پێش سەرەتای شەڕی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگاداری شەڕەکە بووە، بەڵام “شەڕی دەرەکی” چارەسەر نییە بۆ کێشەی ئێران. هەروەک چۆن “سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرییەت”ە زیانبەخش بووە بە ئێستایشەوە. ساڵانێکی زۆرە موقاومەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران بانگەوازی دەرکردووە و “ئەڵتەرناتیڤ”ی بۆ راگەیاندووە.
چارەسەری کێشەی ئێران!
بە بڕوای ئێرانییەکان، هەروەک چۆن رژێمی دیکتاتۆری حەمەرەزاشا رووخێنرا، دیکتاتۆریی مەزهەبییش دەڕوخێنرێت. ئەوان پێیان وایە کە باشترین بژاردە بۆ ئێرانی ئازادی دواڕۆژ، دامەزراندنی “کۆماری دیموکراتیک” و جیاکردنەوەی ئایین لە حکومەتە. ئەوان لە راپەڕینەکانی ئەم دواییەیاندا، بە درووشمی “نا بۆ شا، نا بۆ ویلایەتی فەقێ” پێشوازییان لە پلاتفۆرمی خانمی مریەم رەجەوی کرد.
خەڵکی ئێران بۆ چەندین دەیە، دیکتاتۆرییەتی شایان بە ئەزموون کردووە کە تیایدا مافەکانیان پێشێل کراوە. هەروەها چەندین دەیەیە دیکتاتۆرییەتی ئایینییان بە ئەزموون کردووە و تیایدا مافەکانیان زیاتر پێشێل کراوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە خەڵکی ئێران دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە جۆری “شا” یان “ویلایەتی فەقێهی” رەتدەکەنەوە.
ئەوان دەیانەوێت مافی بەرخۆدان بۆ خەڵکی ئێران بە رەسمی بناسرێت! چونکە خەڵک و موقاومەتی ئێران توانای کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆرییەتیان هەیە لە وڵاتەکەیاندا. بەو مەرجەی “لایەنگرانی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی” بێلایەنی رابگەیەنن و پشتیوانی رژێمی ئایینی لە ئێران نەکەن.
ئێرانی ئێستاکە!
• لە ئێراندا “سەرۆککۆمار” بە شێوەی جۆراوجۆر دەخرێنە روو، بەڵام لەبەر ئەوەی لە لایەن “وەلی فەقێ”وە دەستنیشان دەکرێن و پشتڕاست دەکرێنەوە، لەلایەن خەڵکەوە رەت دەکرێنەوە. ئەمجۆرە سەرۆککۆمارانە یان درۆزنن یان خوێنڕێژ. یان دزن یان تاوانکار، یان هەردووکیان! بە واتایەکیتر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئایینی “هەڵبژاردن” بوونی نییە و ئەوەی هەیە “دانان”ە کە لەلایەن وەلی فەقێوە ئەندازیاریی بۆ دەکرێت.
• گرتن، ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان، کوشتن، تیرۆرکردن، رفاندن، تاڵانکردن و شەڕفرۆشتن بەشێکن لە ناسنامەی جیانەکراوەی رژێمی ویلایەتی فەقیهی و ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، تار و پۆی کۆمەڵگای گرتووەتەوە و ناسنامەی “ئێران” و “ئێرانیبوون”ی کردۆتە ئامانج. لەبیرمان نەچێت کە ئێران لە چاو ئاپۆرەکەی، هەمیشە ژمارەیەکی پێوانەیی لەسێدارەدانی هەبووە.
• زۆربەی بودجەی ساڵانەی وڵاتی دەوڵەمەندی ئێران، لەبری ئەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بژێو و گوزەرانی خەڵک تەرخان بکرێت، بۆ هێز و پڕۆژە سەربازییەکان، لەوانەش پڕۆژەی بۆمبی ئەتۆمی، تەرخان دەکرێت. ئەمە “کردەوەیەکی ئامانجدارە” دژ بە خەڵکی ئێران و ناوچەکە و جیهان. ئێران و خەلكی ئێران لە بنەڕەتدا پێویستیان بە هێزی “سوپای پاسداران” نییە و پێویستە لەسەر ئاستی جیهانیدا، وەک “هێزێکی تیرۆریستی” ناوزەد بکرێت و هەڵوەشاندنەوەیشی لەگەڵ داواکارییەکانی خەڵکی ئێراندا دەگونجێت.
• خومەینی لە هەڵگیرسانی شەڕی دژ بە عێراقدا، لە بەرامبەر موقاومەتی ئێران شکستی هێنا. تێهەڵچوونی ئەم رژێمە لە شەڕی رووسیا دژ بە خەڵک و دەسەڵاتی ئۆکرانیا شەپۆلێکی شەرمەزارکردن و ئابڕووچوونی بۆ ئەم رژێمە لێکەوتەوە. هەڵایسانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر ناوی (هێزی بە وەکالەت)یش ئێستا بۆ هەمووان درەکەوتووە و روونە.
• زیاتر لە یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و رۆژانە رێژەی هەڵاوسان زیاد دەکات. بارودۆخی ژیانی خەڵک زۆر بە ئازارە و راپەڕین و ناڕەزایەتییەکانی دژە حکوومەتیی خەڵکی ئێران بە بەردەوامی و بێ پچڕان بەردەوامن و هەموو رۆژێک رەهەندی فراوانتر وەردەگرێت.
شتێکی گرنگ!
ئێستا سەرپەنجەکانی ئەم رژێمە لەدەرەوەی ئێراندا کراونەتە ئامانج و هەریەکەیان گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە. نابێ ئەوە لەبیر بکرێت کە “سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی لە تاران”ە و ئەم بابەتە گرنگ و مێژووییە، کە رەنگدانەوەی نەک هەر ناوچەیی، بەڵکو جیهانی دەبێت، ئەرکی سەرەکیی خەڵکی ئێران و موقاومەتی ئێرانە.
ئەمساڵ خانمی مریەم رەجەوی لە رۆژی جیهانی “نا بۆ لەسێدارەدان”دا رایگەیاند، رژێمی ئاخوندی کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئەمڕۆ، گەورەترین کۆمەڵکوژیکردنی زیندانیانی سیاسیی ئەنجامداوە، بە کوشتنی لانیکەم (1500) گەنج لە راپەڕینی خەزەڵوەری ٢٠١9 و لانیکەم (750) کەس لە راپەڕینی ساڵی 2022، ژمارەی پێوانەیی کوشتنی خەڵکی لە خۆی تۆمار کرد. کەرتی رێبەرایەتیی ئەم رژیمە، واتە بەیتی خامنەیی، ناوەندی فەرماندەیی کوشتار و تیرۆر و لەسێدارەدانە. لەوەتەی مەسعود پزیشکیان دەست بەکار بووە، تا ئێستا 300 کەس لەسێدارە دراون. “ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران” بەڵگەنامە ناوخۆییەکانی رژێمی ئاشکرا کرد و نیشانی دا کە زیاتر لە (5000) زیندانی بڕیاری سێدارەیان بۆ دەرکراوە.
رژێم بۆ ئەوەی لە راپەڕینی خەڵکی ئێران دوور بکەوێتەوە، شەڕی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵگیرساندووە. لە چوار دەیەی رابردوودا، هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران، هەناردەکردنی شەڕ، تیرۆر و بناژۆخوازی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، بەشێکی جەوهەری بووە لە ستراتیژی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بۆ مانەوە لە دەسەڵات. موقاومەتی ئێران لە ٤٠ ساڵ بەر لە ئێستاوە رایگەیاندووە کە “سەری رەشەماری شەڕخوازی و تیرۆر لەم ناوچەیەی جیهاندا، رژێمی ئێرانە”.
بە گوتەی رەجەوی، عەلی خامنەیی چەندین جار رایگەیاندووە کە “ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا شەڕخوازی رابگرێت، دەبێت لە شارەکانی ئێران بەرانبەر بە خەڵک لە شەڕدا بیت”. ئەم رژێمە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی(گرووپی بە وەکالەت) لە پێناوە پەرەپێدانی شەڕ، خەڵکی ئێرانی بە هەژاری هێشتۆتەوە.
دوا وتە!
رووداوەکانی ئەمدواییە جەختیان لەوە کردەوە کە، تا رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە سەر کار بمێنێتەوە، کۆتایی بە شەڕ و تیرۆر لە ناوچەکەدا نایەت. کەواتە داننان بە مافی خەڵکی ئێران بۆ خەباتکردن لە پێناو رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقیهی و هێنانەسەرکاری بەدیلێکی دێموکراتیک، واتە ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەت، پێویستییە بۆ ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و لە جیهاندا. ئەم رژێمە بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر، هەوڵدەدات بە جیهان بڵێت کە هیچ بەدیلێکی باوەڕپێکراو بوونی نییە و جیهان هیچ رێگەیەکی نییە جگە لە سازان و مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی ئاخوندی. بەڵام مێژوو هیچ شتێک لە بیر ناکات!

عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی

لێدوانێک بەجێ بهێلە