Home بیروڕا «تڕەمپ و جەنگاوەرانی»

«تڕەمپ و جەنگاوەرانی»

by admin
0 کۆمێنتەکان 56 بینینەکان

(بەشی یەکەم لە سێ بەش)

سیروان عەبدول
دۆوناڵد تڕەمپ لە هەموو کون و کەلەبەرێکی دونیادا لایەنگری هەیە و، هەر یەکە بە هۆکارێکەوە لایەنگریی دەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی کە لەناو ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی کوردستاندا، وەک دەرئەنجامی بیرکردنەوە و ئیستیدلال لە بواری فەلسەفەی سیاسییدا، فانێکی تەبلیغکەری توندی تڕەمپ سەرهەڵبدات، ئەویش لە شەخسی کاک فاروق ڕەفیقدا، کارێکی وا، ئەگەر نەرم بیڵێم، هەم سەرسوڕهێنەرە و هەم نائومێدکەر.
٭ ٭ ٭
بۆ هەر کەسێک کە کەم و زۆر ئاگاداری جۆری بیرکردنەوە و قسەکردنی کاک فاروق بووبێت لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بواری فەلسەفەی سیاسیی و سیاسەت و سیاسەتی ئەمریکییدا، بۆی ڕوون بووە کە ئەو خاڵێکی دەستپێکردنی کۆنسەرڤاتیڤ-ڕاستڕەوانەی هەیە بۆ ڕوانگەکانی و بۆ لێکدانەوەی ڕێچکەی مێژووی مرۆڤایەتیی و چۆنێتیی تەنزیمی سیاسیی کۆمەڵگا، وە زۆرجار لە هەڵوێستگیرییدا لەئاست کێشەکاندا، لە ڕوانگەیەکی موحافەزەکارییەوە ئارگیومێنتی بۆ چارەسەر کردووە. لەم سۆنگەیەوە وەک مەیلدارێک بەلای کۆنسەرڤاتیڤییەتدا، لایەنگری ئایدیاگەلێک بووە لە سیاسەتی ئەمریکییدا لە چەشنی دەستوورگەرایی، دەخاڵەتی سنوورداری حکومیی، ئازادیی فەردیی و ئازادیی دەربڕین، دیموکراتییەتی نوێنەرایەتیی، لیبرالیزمی ئابوریی، بەهای کۆمەڵایەتیی ترادیشیۆناڵ، وە ڕابەرایەتیی گلۆباڵ. ئەوەی لایەنگرییکردنی کەسێکی ئاوا لە دۆوناڵد تڕەمپ دەکاتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە کە تڕەمپ، چی لە ڕەفتار و ئەخلاقدا وەک شەخس و، چی وەک مومارەسەی سیاسیی، لە زۆربەی حاڵەتدا سەدوهەشتا پلە بەپێچەوانەی ئەو پرەنسیپانەی موحافەزەکارییەوە مامەڵەی کردووە، وە ئەسڵەن تڕەمپ بارێکی ئەوەندە قورس بووە بەسەر سیاسەتی موحافەزەکارانەوە کە لەم هەشت ساڵەی ڕابردوودا دەیان تیۆریکاری سیاسیی و ئەکادیمیکەر و سیاسەتکاری دیاری خاوەن ڕوانگەی موحافەزەکار، وە چەندین ئەندامی دیاری کۆمارییەکان، لە چەشنی میت ڕۆمنی و کۆڵن پاوڵ و دیک چێنی، ڕووبەدەر پشتیان تێ کردووە و ڕۆشن ڕایانگەیاندووە کە تڕەمپ خیانەتکەرێکی گەورەیە لە پرەنسیپە کۆنسەرڤاتیڤییەکان و، کەسێکی ملهوڕی بێباک لە ئەخلاق و کەسێکی دژە دیموکراتییەت و خاوەن مەیلی ئۆتۆریتارییە کە نە هیچ ڕێزێکی بۆ دەزگای دیموکراتیی هێشتۆتەوە و، نە ڕێساکانی پرۆسەی دیموکراتیی و پرەنسیپی ڕادەستکردنی دەسەڵاتی قبوڵە و، نە قەت بەهاکانی خانەوادەی کۆنسەرڤاتیڤ و کۆکردنەوەی ڕیزەکانی نەتەوەی بە لاوە گرنگ بووە.
من پێموایە سەردەرهێنانی سیاسەتی موحافەزەکار و ڕاستڕەوی ئەمریکیی لە تڕەمپ و «تڕەمپیزم»ەوە، ڕووداوێکی ئەوەندە ڕادیکاڵ پێچەوانەی چاوەڕوانیی و ئیدیعاکانی تیۆرییکارانی سیاسیی خاوەن ڕوانگەی ڕاستڕەو بوو کە دەبوایە زەنگی خەبەرهێنەرەوەی لەناو سەری یەک بە یەکیاندا هەڵبکرادایە و، لە زیهنی هەر یەکێکیاندا، بە دابڕاو لەوەی ئایا چەند ئارگیومێنتی تۆکمە و پۆینتی ڕەوا و شیکاریی وردی هەیە بۆ قەناعەتەکانی، پرسیاری جیددی دروست بکردایە سەبارەت بە ڕوانگەی فەلسەفیی و سیاسیی خۆی. ڕوانگەیەکی فەلسەفیی بۆ سیاسەت کە مومکینە ئەو نیهیلیزمەی لێ بکەوێتەوە کە تڕەمپ مومارەسەی دەکات و تڕەمپیزم نوێنەرایەتیی دەکات، هەرچییەک بێت بیانووە فەلسەفیی و عەقڵییەکانی پشتی و، چەند بن ئەو فەیلەسووفە گەورانەی مێژوو کە سەنەدی بن، ڕوانگەیەکە کە بێگومان خەلەلێکی تەرکیبیی جەوهەریی و بەهەڵەداچوونێکی خەتەری تیایە، ڕێک وەک چۆن کەوتنەوەی ستالینییەت لە ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیزم و، کەوتنەوەی داعشییەت لە ترادیشیۆن و میراتی کولتوریی ئیسلامیی و لە ئایدۆلۆجیای ئیسلامیزم، مانای هەبوونی خەلەلی جەوهەریی و خەتەرناک بوو تیایاندا.
یەکێک لەو بیریارە بەرچاوانەی کە دوای سەرکەوتنی تڕەمپ لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٦)دا پێداچوونەوەی ڕادیکاڵی بۆ فەندامێنتە ئایدۆلۆجییەکانی خۆی کرد و ڕای گۆڕی، (فڕانسیس فۆکۆیاما) بوو. ئەو ئەگەرچی لە وتاری (کۆتایی مێژوو)دا لە ساڵی (١٩٨٩) بەدیارییکراویی و بە ناو، ناوی دۆوناڵد تڕەمپ دەبات و، تڕەمپ وەک نموونەی کەسی خاوەن تەماحی گرنگ ناو دەبات کە دیموکراتییەت دەتوانێت هەڵبکات لەگەڵیدا و موساهەمەکانی کەناڵیزە بکات لە خزمەت کۆمەڵگادا، بەڵام دوای هاتنی تڕەمپ بۆ ناو سیاسەت و دوای ئەوەی بینی ڕۆحێکی تەماحکار و «سەروەر»ی بواری بازرگانیی و میدیای تەرفیهیی دەتوانێت بە وەسیلەی پۆپۆلیزم چی خەراباتکارییەک بکات لە سیاسەتدا، فۆکۆیاما تەحەفوزی ڕاگەیاند بەرامبەر ئەو تێزەی پێشووی خۆی کە گوایە دیموکراتییەتی لیبڕاڵ و ئابووریی ئازاد خاڵی «کۆتایی مێژوو»ی گەشەی سیاسیی بێت و، ڕۆشن ڕایگەیاند کە هەوڵی کۆمەڵگا بۆ یەکسان-مامەڵەکردنی بەهێزەکان و پەراوێزکەوتووەکان، مەرجی کەوتنەوەی هارمۆنییەتی کۆمەڵایەتیی و جێگیریی سیاسییە.
٭ ٭ ٭
بەر مەبنای چوار حەڵقەی بەرنامەیەک سەیری بکەیت کە لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە کەناڵی ئاڤا تیڤییەوە پێشکەشی کردووە، وا دێتە پێش چاو کاک فاروق ئەسڵەن بە ئاراستەی پێچەوانەوە و، بەرەو ڕادیکاڵبوونێکی ڕاستڕەوانەی زیاتر چووبێت.
لە سەردەمی سەرۆکایەتیی تڕەمپدا و لە ساڵانی دواییدا، بە هۆی هەڵکردنی ڕەشەبای تڕەمپیزمەوە، کەسێک دەتوانێت بڵێت کە باڵی کۆنسەرڤاتیڤی سیاسەت لە ئەمریکا کەم و زۆر ئیختیزال و بچووک بۆتەوە بۆ کەڵتێک کە بە دەوری تڕەمپدا کۆبوونەتەوە، کەڵتێک کە بۆتە هاوپەیمانێتییەکی نێوان نوخبە و ژمارەیەکی گەورە لە لایەنگری ڕادیکاڵ و دۆگماتیستی تڕەمپ، کە بە چڕیی خەریکی پەخشکردنەوەی زانیاریی ساختەن و، تەبلیغ بۆ چەندین تیۆری موئامەرە دەکەن لە چەشنی (QAnon) کە گوایە دەستەیەکی سیاسیی و بازرگان هەن لەژێرەوە هەموو سەرەداوەکانیان بەدەستەوەیە و دونیا بەو ئاراستەیەدا لێدەخوڕن کە خۆیان دەیانەوێت، وە گوایە ئەو دەستەیە دژایەتیی تڕەمپ دەکەن چونکە تڕەمپ لەو کەسە دەگمەنانەیە کە منەتی پێیان نییە و جورئەت و توانای ڕووبەڕووبونەوەیانی هەیە و، کار بۆ ڕاگرتنیان دەکات. ئەم تیۆری موئامەرەیە لەلایەن کاک فاروقەوە کۆپی دەکرێتەوە و لەو بەرنامەیەدا، وەک فاکتی بێ چەند و چوون، پەیست دەکرێتەوە.
ڕاست بڵێم، ئینسان کە سەیری ئەو چوار حەڵقەیەی ئەو بەرنامەیە دەکات و تیایاندا گوێی لە چەندین تیۆری موئامەرەی لەو چەشنە و، ستایشی بێمەرج و بێ تەحەفوز سەبارەت بە تڕەمپ و، هۆشدارییدان لەئاست «خەتەر»ی پێشکەوتنخوازیی و، لەئاست «خەتەر»ی بزووتنەوەی وۆوک (Woke) و، گوێی لەوە دەبێت کە فیگەرێکی جێگەی جەدەلی وەک (تەکەر کارڵسۆن) وەک ڕۆژنامەنووسێکی «گوڵ» ناو دەبرێت بەبێ ئەوەی هیچ لەسەر جۆری ئەو ڕەخنانە بووترێت کە ڕەخنەگرانی هەیانە لێی، ئینتیباعێکی وای لای جێدەکەوێت کە کاک فاروق لەم چەند ساڵەی دواییدا، بە چەشنی ئەو سەدان هەزار لاوە تڕەمپیستانەی ئەمریکا و ئەوروپا کە لەم ساڵانەدا لە ژێرزەمینەکەی ماڵی دایکیاندا ڕادیکاڵ بوونەتەوە، هیچی نەکردبێت بەغەیری خوێندنەوەی وتارەکانی سایتەکانی (Breitbart) و (Infowars) و، دانیشتن بە دیار کەناڵەکانی (Fox News) و (OANN)ەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ قەناعەتی تۆکمەتر بووە بەوەی کە باڵی لیبراڵەکان و دیموکراتەکان لە هەوڵی داڕوخاندنی ئەمریکا و ئایدیاڵەکانی کۆماری ئەمریکادان.
٭ ٭ ٭
کاتێک کاک فاروق لە بەردەم ژمارەیەک لە قوتابیی زانکۆ و لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە وەک سەلمێنراوترین فاکت، نزیک بە سەعاتێک باسی وجودی «دەوڵەتی قووڵ» (Deep state) دەکات کە گوایە لەناو سیاسەتی ئەمریکییدا ستراکتۆرێکی بە نفووز و خاوەن تەنسیقی نهێنیی و ژێرزەمینیی هەیە کە دژ بە ئەجێندا کۆنسەرڤاتیڤەکان و دژ بە تڕەمپ کار دەکات، ئەمە بەبێ ئەوەی ئەو زانیارییە بدات بە گوێگر کە هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەری ئەو ئیدیعایە لە بەردەستدا نییە، وە زۆرینەی ڕەهای توێژەران و چاودێران و ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتکاران ئیدیعای هەبوونی «دەوڵەتی قووڵ» لە ئەمریکادا تەنها بە تیۆرێکی موئامەرە و، بە یەکێکی تر لە درۆ و وڕێنە نەرجسییەکانی دۆوناڵد تڕەمپ دەزانن، لەو لەحزەیەدا ئەو خەریکی چالاکیی پڕۆپاگەندەی سیاسیی و سڕکردنی عەقڵی ڕەخنەییە، نەک چالاکیی ئەکادیمیی و یارمەتییدان بۆ تێگەیشتن و سەردەرکردن و ئینگەیجبوونی گوێگرەکانی.
سەیرێکی ئەم نموونەیە بکە: کاک فاروق باسی ئەوە دەکات کە گوایە چەند ساڵێک پێش ئێستا جۆو بایدن لە هەڵمەتی هەڵبژارندندا لە وەڵامی ژنێکدا وتویەتی بێگومان من لایەنگری ئەوەم کە منداڵی حەوت ساڵ مافی هەبێت نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز بکات و ڕەگەزی خۆی بگۆڕێت. یان دەڵێت دیموکراتەکان لایەنگری ئەوەن دەوڵەت بێت منداڵی هەشت ساڵ لە دایکوباوکیان وەرگرن بیانبەن نەشتەرگەرییان بۆ بکەن و ڕەگەزیان بگۆڕن. ئەم نموونەیە پیشانی دەدات کە کاک فاروق چۆن و بە چی ئەندازەیەک بە هەواڵی فەیک و بە پرۆپاگەندەی سیاسیی تڕەمپییەکان ڕادیکاڵایز بووە و، چۆن بە هۆی (Confirmation bias) لە موتابەعە و خوێندنەوەدا، عەقڵی ڕەخنەیی خۆی بێکار کردووە و موتابەعەی ئەو کەناڵانە ناکات کە شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەی ئەو لێشاوی هەواڵە فەیکانە بە درۆ بخەنەوە کە تڕەمپ و کەڵتی تڕەمپیزم بێ وچان بەرهەمی دەهێنن و دەیخەنە بازاڕەوە. ئەگینا ئەو درۆیەی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکان بە دەم جۆو بایدنەوە کردیان، هەر ئەو سەردەمە دەزگا میدیاییە جیدییەکان بە درۆیان خستەوە.
ڕاستیی ئەو دۆزە ئەوەیە کە ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠٢٠)، کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی، دایکێک بەناوی (Mieke Haeck) لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بە بایدنی ووت کە کچێکی (٨) ساڵی ترانسجێندەری هەیە و، ئینجا باسی ئەوەی کرد کە حکومەتی تڕەمپ چەندین یاسا و ڕێنمایی تەفرەقەکەرانەی دژ بە ترانسجێندەرەکان بڕیار لەسەر داوە، لەوانە قەدەغەکردنیان لە خزمەتی سەربازیی. سیاسەتی حکومەتی تڕەمپ دژ بە کۆمیونیتیی پەلکەزێڕێنە نیگەرانیی گەورەی دروست کردبوو چونکە تەنیا لەو ساڵەدا (٣٣) کەسی ترانسجێندەر لە ئەمریکادا کوژرابوون. پرسیاری ئەو دایکە لە بایدن ئەوە بوو کە ئایا ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆک، ئەو یاسا و رێنماییانە لادەبات و ژیان و مافەکانی تڕانسجێندەرەکان زەمانەت دەکات. بایدن لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بوو ووتی کە بەڵێن دەدات ئەو یاسایانە هەڵوەشێنێتەوە کە تەفرەقەکەرانە و نایەکسان مامەڵەی هاوڵاتییان دەکەن و، ووتی دەبێت ترانسجێندەرەکان هەموو ئەو مافانەیان هەبێت کە هاوڵاتییانی تر هەیانە. پاش ئەم قسانە ئیتر ڕۆژنامەنووس و چاودێرە سیاسییە ڕاستڕەوەکان، بەتایبەت (تەکەر کارڵسۆن) لەبەرنامەکەی خۆی لە کەناڵی فۆکس نیوز، کەوتنە هێرشکردن بۆ سەر ئەو دایکە و تووڕەکردنی خەڵک لێی. پاش قسەکانی تەکەر کارڵسون، ئەو دایکە ڕایگەیاند کە لەلایەن چەندین کەسەوە هەڕەشەی کوشتن و هەڕەشەی ڕفاندنی منداڵەکەی بۆ چووە. پاش ئەوە گروپێکی چالاکوانی پرۆپاگەندەی لایەنگر لە تڕەمپ و دژایەتییکەری تڕانسجێندەرەکان لە پێنسلڤانیا بەناوی (American Principles Project) فێڵەکەیان پلەیەکی تر بردە سەرەوە بەوەی کە وەک کورتەنامەی بە جوملە، نزیک بە یەک ملیۆن کورتەنامەیان بۆ تەلەفۆنەکانی هاوڵاتییانی ئەمریکا نارد کە تیایدا نووسرابوو جۆو بایدن ڕایگەیاندووە کە ئەو ”بێگومان لایەنگری ئەوەیە کە منداڵی شەش تا هەشت ساڵ مافیان هەبێت نەشتەرگەریی گۆڕینی ڕەگەز بکەن” و، بڕیاری داوە لەو پێناوەدا یاساکانی وڵات بگۆڕێت. ئەگەرچی سەرجەم میدیا جیدییەکان هەر ئەو کاتە ئەو درۆیەیان ڕەت کردەوە کە بۆ بایدن هەڵبەسترابوو، بەڵام ئەو درۆیە بێگومان لە ژینگەی داخراوی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی ناو کەڵتی تڕەمپیزم تا چەندین ساڵی تریش وەک زانیاریی موسەلەم دەمێنێتەوە و هەر دەوترێتەوە و ئیمانی خۆیانی پێ قایمتر و قایمتر دەکەن. ئەوە ئەو درۆیەیەی ئەو دەزگایەیە کە ئەوەتا کاک فاروق دوای چوار ساڵ، وەک زانیاریی ڕاست و شۆکهێنەر دەیگەیەنێتە قوتابییە زانستخوازەکانی کورد و، ئەو پرۆپاگەندە کۆنسەرڤاتیڤییە لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنییەوە، بەناو کۆمەڵگای کۆنسەرڤاتیڤ و ئیسلامزەدە و پاتریارکیی باشووردا بڵاو دەکاتەوە.
٭ ٭ ٭
بۆ کەسێك کە تۆزێک شوێن سیاسەتی ئەمریکیی و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیی کەوتبێت و، ئاگاداری ئەو شەڕی کولتورییە بێت کە لەو کۆمەڵگایەدا هەیە، یەکسەر دەبینێت کە ئەوەی کاک فاروق لەو بەرنامەیەدا دەیکات، جگە لە عەرزکردنێکی ناڕۆشن و ڕووکەش و لایەندارانەی بیری کۆنسەرڤاتیزم لە مێژوودا، تەنها بەدوای یەکدا ڕیزکردنێکی ناڕێکی تیۆری موئامەرە و هەواڵی فەیک و ئیدیعای بۆمباییانەی ڕاستڕەوە ڕادیکاڵەکانی ئەمریکا و ناو هەڵمەتی هەڵبژاردنی تڕەمپ و، عەرزکردنیانە بە شێوەیەک وەک ئەوەی ئەو ڕایانە موسەلەمترین حەقیقەتی ناو دونیا بن و هیچ نیوئانسێکیان نەبێت و، هیچ ڕایەکی کەم و زۆر ماقووڵی خاوەن پۆینت و شایان بە باسکردن لەبەرامبەریاندا وجودی نەبێت. تا ئەو شوێنەی گوێگر پرسیاری ئەوەی لا دروست دەبێت، ئەگەر بزوتنەوەی (وۆوک) بەو ئەندازەیە خەتەرناک و داڕوخێنەرە کە ئەو دەیڵێت، ئایا ئەوانەی لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان، لەبەر ئەوە لەناو ئەو بزوتنەوەیەدان کە کەسانی موخەریبن و حەز دەکەن کۆمەڵگا داڕوخێت بەسەر یەکدا، یان ئەوانیش پاکانەیەکیان بۆ هەڵوێستی خۆیان هەیە. یان ئایا ئەوانەی لایەنگری ماف و ئازادییەکانی هاوڕەگەزخوازەکانن، لەبەر ئەوە لایەنگری ئەو ماف و ئازادییانەن کە هەر هیوایەتیانە نیهیلیزم زاڵ بێت بەسەر کۆمەڵگادا و ئیتر هیچ بەها و نۆرمێک نەمێنێت و دونیا داڕوخێت بەسەر یەکدا، یان ڕێک لە سۆنگەی بەها و نۆرمی هیومانیستییەوە ئەو پالپشتییەی خۆیان بۆ هاوڕەگەزخوازەکان تەبریر دەکەن؟
تەنانەت لە عەرزکردنی ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیزم و ڕاستڕەوییشدا ئەوەندە یەکتەرەفە و ستایشکارانە عەرزی دەکات و هیچ ناڵێت لەسەر ئەوەی کە ئایا لیبرالیستەکان و چەپەکان بۆچی لیبرالیستن یان چەپن، کە هەر کەسێک لە شوێنی تر ئاشنا نەبووبێت بەوەی کە کرۆکی ڕەخنەی ڕوانگەی کۆنسەرڤاتیڤ و لیبرالیست، وە چەپ و ڕاست لەیەکتر چییە، ئینتیباعێکی وای لا جێدەکەوێت کە ڕوانگەی لیبراڵیی و چەپ هەر تەنها پلانی دەستەیەکی «موخەریب»ە لە دونیادا کە حەزیان لە ڕووخاندن و شێواندنی دونیایە و، شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەر یەک تا بیناکردن و ڕێکخستنی دونیا لەو هێزە باشانە تێکبدەن کە خەریکی بیناکردن و ڕێکخستنی دونیان.
ڕووە کۆمیدییەکەی ئەم عەرزکردنە یەکتەرەفەیەی ڕاستڕەوەکان بۆ ناکۆکییەکان و هەوڵیان بۆ «کانسڵکردن»ی پێرسپێکتیڤی تەرەفی بەرامبەر لە عەرزکردنەکەدا لەو جارانەدا دەردەکەوێت کاتێک بەم میتۆدی کانسڵکردنە ڕەخنەی وجودی «کولتوری کانسڵکردن» دەکەن لە ئەمریکادا. لەڕێگەی کانسڵکردنی پۆینتی تەرەفی بەرامبەرەوە هەوڵدەدەن سەنگەرگیریی مومارەسە بکەن لەبەردەم کولتورێکی ناپەسەندی کانسڵکردندا کە لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیی و سیاسییەکانی و ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەیە.
هەر کەسێکی نەشارەزا لە فیکری سیاسیی بیەوێت لەڕێگەی ئەو چوار حەڵقەیەی ئەو بەرنامەیەوە بیرۆکەیەک وەرگرێت لەسەر ئەوەی ئایا دووبەرەیی کۆنسەڤاتیزم و لیبرالیزم، وە چەپ و ڕاست سەبارەت بە چییە و، ئایا هەر تەرەفە چی پۆینتێکی هەیە، ئەوا عەرزێکی تێکەڵەوپێکەڵەی کۆنسەرڤاتیزم و دەیان پیاهەڵدانی پاکانەنەکراوی بۆ ڕاستڕەویی دەست دەکەوێت. لەبەرامبەردا هیچی لەسەر پۆینتی لیبرالستەکان دەست ناکەوێت، بەڵام دەیان زەم و هۆشداریی پاکانەکراویی لەئاست چەپڕەوییدا دەست دەکەوێت.
(ماویەتی)

لێدوانێک بەجێ بهێلە