د.سەروەر عەبدولڕەحمان: 
شانزە ساڵە ناوی سەردەشت عوسمان لە مێژووی ئێمەدا وەك ناوێكی ئاسایی ناگوترێت. هەر كاتێ ناوی “سەردەشت”مان دێتە بەر گوێ، تەنها كەسێكمان بیر ناكەوێتەوە، بەڵكو سەردەمێك، ترسێك، پرسیارێك و شەرمەزارییەكی گەورە خۆی نمایش دەكات. ئەو ناوە بۆ ئێمە تەنها یادی ڕۆژنامەنووسێكی تیرۆركراو نییە، بەڵكو یادی رۆژگارێكە كە وشە لەبەرامبەر دەسەڵاتدا تاوانبار كرا و قەڵەم وەك مەترسییەك سەیر كرا.
سەردەشت بە تەمەن گەنج بوو، بەڵام لە پرسیارەكانیدا بە ئەزموون. كاتێك تیرۆركرا هێشتا خوێندكار بوو و خوێندنی تەواو نەكردبوو، بەڵام بوێری و رێباز و بیركردنەوەكانی بوونە مایەی ئەوەی وانەی ئازادی بە مامۆستاكانیشی بڵێتەوە. ئەو وتارانەی سەردەشت دەینووسین زۆر كەسی تریش دەیانزانی، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوە بوو كەسانی تر جورئەتی نوسین و وتنیان نەبوو. ئەو بە شێوازێكی سادە دەینوسی، هەوڵی خۆنمایشكردن و خۆ گەورەكردنی نەدەدا. تەنها دەیویست دیواری ئەو بێدەنگییە بشكێنێت كە ساڵانێك بوو بە دەوری كۆمەڵگەدا هەڵچنرابوو. هەر ئەمەش هۆكار بوو كە بە ترس و رفاندن و تیرۆر وەڵامی بدرێتەوە.
سەردەشتیان رفاند، بەڵام ئەوەی لە شوێنیدا مایەوە زۆر گەورەتر بوو لە جەستەی مرۆڤێك، پرسیارەكانی مانەوە و زیاتر تەشەنەیان سەند، ناوەكەی درەوشاوەتر بوو. ئەو هەستە مایەوە كە نابێت كوردستان بكرێت بە پەناگەیەك بۆ برەو پێدانی ترس و شكاندنی قەڵەمەكان. ناكرێت تیایدا ڕۆژنامەنووسان یان لە نێو گۆڕستان و زیندانەكاندا بژین، یان ناچار بكرێن دەمیان بدرون بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.
كاتێك ناوی سەردەشت دەهێنین، لەگەڵ ناوی ئەودا ناكرێت ناوی ئەو قەڵەمانەش نەهێنین كە تیرۆركران، یاخود زیندانی كران، یاخود بە ترس و هەڕەشە ناچار كران بێدەنگ بن. چونكە مێژووی ئازادی بە ناوی ئەو كەسانە دەنووسرێتەوە كە لە كاتی ترسدا قسەیان كردوە. ئەوانەی لە هەمان ڕێگەدا بوونە قوربانی، وەك: سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن، كە تەنها ناوی ڕۆژنامەنووسانی تیرۆركراو نین، بەڵكو بەڵگەی ئەوەن كە قوربانیی رێبازێك و بیركردنەوەیەك و شەیدایانی ئازادی و پچڕاندنی كۆت و پێوەندەكان بوون، نەك ڕووداوێكی تاك و جیاواز. هەریەك لەمانە شایەتی مێژوویەكی پڕ لە خوێن و بێسزایی و پرسیارگەلێكی بێ وەڵامن. هەر یەكەیان لە شوێنێك و بە شێوەیەك تیرۆركران، بەڵام هەموویان لە یەك خاڵدا یەك دەگرنەوە: ئەویش ئەوەبوو لەلایەن دەسەڵاتەوە بە مەترسی دەبینران، چونكە دەیاننووسی، دەیانپرسی، نەیانویست لەبەرامبەر نادادیدا بێدەنگ بن.
لە ئێستاشدا كە باس لە سەردەشت دەكەین، ناتوانین خەبات و خۆڕاگریی شێروان شێروانی نادیدە بگرین. ئەگەر دوێنێ سەردەشت و كاوە و سۆران و ویداد سیمای قەڵەمی تیرۆركراوبن، ئەمڕۆ شێروان سیمای قەڵەمی زیندانییە. كە چەند ساڵێكە لە پشت دیوارەكانی زینداندا، وەك بیرخستنەوەیەكی زیندوو ماوەتەوەو ماوەی زیاد لە دە رۆژیشە لەسەر ئەو یاسا شكێنیانەی دەرهەقی دەكرێن مانی لە خواردن گرتووە. لەم هەرێمەدا ئازادیی ڕادەربڕین هێشتا پێویستی بە پاراستن و پشتیوانی، بە دەنگ و بە هەڵوێست هەیە. چونكە زیندانیكردنی ڕۆژنامەنووسان تەنها سزا نییە بۆ رۆژنامەنوسەكە، بەڵكو نامەیەكی ترس و هەڕەشە ئامێزە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بە ئازادی بنووسن.
لەبەر ئەوە، یادی سەردەشت نابێت تەنها لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێك، دانانی چەپكەگوڵێك لەسەر گۆڕەكەی، یان نوسینی وتارێكدا كورت بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت ئەو یادە بكرێت بە بانگەواز، هاوارێك بۆ داد، بۆ ڕاستی، بۆ كۆتاییهێنان بە بێسزایی، بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان، بۆ ئەوەی جارێكی تر هیچ قەڵەمێك لەسەر باجی ئازادی نەكرێت بە قوربانی. چونكە كاتێك كوشتنی قەڵەم بێ وەڵام دەمێنێتەوە، كۆمەڵگا هێواش هێواش فێری ترس دەكرێت. كاتێكیش ترس دەبێتە كولتوور، ئازادی دەبێتە خەونێكی دوور و وەك سەرابێك لێی دەڕوانرێت. یادی سەردەشت دەبێت بمانباتەوە بۆ ئەو پرسیارانەی تا ئێستاش بێ وەڵامن: تاوانبارانی ئەم تیرۆرانە لە كوێن؟ بۆچی هەموو ئەم كەیسانە وەك برینی كراوە ماونەتەوە؟ بۆچی ڕۆژنامەنووسان هێشتا دەبێت نرخی ڕاستگۆیی بە ژیان، بە ئازادی، یان بە ئارامیی خۆیان بدەن؟
راستە سەردەشت بە جەستەدا لەنێوماندا نەما، بەڵام كولتور و بوێرییەكی داهێنا كە هەمیشە شانازی پێوە بكەین، لە هەموو پرسیارێكدا كە بێ ترس دەكرێت، لە هەر وتارێكدا كە بە ڕاستی دەنووسرێت، لە هەر ڕۆژنامەنووسێكدا كە سەر بۆ نادادی دانانەوێنێت. ئەوەی تیرۆركاران نەیانزانی و پەیان پێنەبرد ئەوە بوو كە كەسانێك هەن بە مردنیان كۆتاییان نایەت، بەڵكو تازە لەدایك دەبنەوە و بۆ رابەرایەتی كۆمەڵگە لە دوای مەرگیشیان دەبن بە دەستپێكی ویژدانی و ژیانێكی نوێ.
گیانی سەردەشت عوسمان شاد، گیانی سۆرانی مامە حەمە، كاوە گەرمیانی، ویداد حوسێن و هەموو قوربانیانی تری رێگەی راستی وتن و وشەی ئازاد شاد. ئازادی بۆ شێروان شێروانی و هەموو ئەو دەنگە بوێرانەی بەهۆی ڕاستگۆییەوە كراونەتە دیلی دیوار.
لە یادی شانزە ساڵەی تیرۆركردنی سەردەشت عوسماندا: قەڵەمێك كە نە بە گوللە مرد، نە بە بێدەنگی
12
