عەبدولڕەحمان گەورکی: 
وەڵامی دروستی بابەتەکان دەبێت لە پێویستییەکاندا بدۆزرێتەوە، ئەگینا دەکەوینە رێی هەڵەوە. لە گۆڕەپانی سیاسی تایبەت بە ئێراندا، بەداخەوە ساڵانێکی زۆرە بۆ «سازش لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی» یان ئێستا «شەڕی دەرەکی» تەرخان کراوە. لە کاتێکدا وەڵامی دروست بۆ چارەسەری کێشەی ئێران، «ڕاپەڕینی رێکخراوی جەماوەری»یە. هەر بۆیەشە تاکو ئێستا ئەم رژێمە لەسەر کار ماوەتەوە.
هەمووان دەزانن کە رژێمی دەسەڵاتدار بە جۆرێک خۆی سەپاندووە کە «هەڵبژاردنی دروست» لەلایەن دەوڵەتانەوە ئەنجام نەدرێت. هەڵبژاردەی خەڵکی ئێران لە یەکەم رۆژەوە «دیموکراسی و یەکسانی» بووە. بەڵام دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار و لایەنە دەرەکییەکانی پەیوەندیدار بە رژێمەوە، لە دیموکراسی و یەکسانی لە ئێران تۆقاون. بۆچی؟
خەڵکی ئێران دەیان ساڵە بۆ داواکارییەکانیان خەبات دەکەن و قوربانییەکی زۆریان داوە بە ئێستایشەوە. داواکارییەکانی خەڵک ریشەدارن، بەڵام دەوڵەتە دەرەکییەکان بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن و دەرفەتیان داوە بە دیکتاتۆری لە ئێران بۆ ئەوەی لە دژی خەڵکی ئێران بمێنێتەوە.
دوو رووی دراوی دیکتاتۆرییەت
ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وریا نەبێت، دیکتاتۆریی ئایینیی دەسەڵاتدار لە ئێران، سنووری دەسەڵاتی خۆی بۆ وڵاتانی دیکەش دەکێشێت و ئەم کارەشی بە «قەڵغان کردن»ی پاشماوەکانی دیکتاتۆریی پێشووی دەست پێکردووە. دیکتاتۆریی ئایینی لە ناوخۆی ئێران بەربڵاو دژبەرانی خۆی ئێعدام دەکات، و شاهپەرەستانیش لە دەرەوەی ئێران بڕیاری «مەرگ و مردن» بۆ دژبەران دەردەکەن و هەڕەشەی کوشتن و سەرکوتیان لێدەکەن. ئەم راستییە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەرکەوتووە کە دیکتاتۆریی ئێستا و دیکتاتۆریی پێشوو دوو رووی یەک دراون. ئەوان دژی ئازادی و مرۆڤایەتی و دادپەروەری و مافی مرۆڤن.
بوونی ئازادی لە ئێران، ئازادیی ژنان و یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاوان، جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، خۆبەڕێوەبردنی نەتەوەکان یان خودموختاری، نائەتۆمی بوونی وڵات، هەموویان لە ماف و داواکارییە رەواکانی خەڵکی ئێران بوون و هەن. ناکرێت هیچکام لەمانە پشتگوێ بخرێن، ژێرپێ خستنی هەر کام لەوانە دیکتاتۆرییەتی بە دوادێت، کە دژ بە خواستی خەڵکی ئێران و ئامادەکردنی زەمینە بۆ دیکتاتۆرییەتە.
لە ئێراندا، حکومەت و خەڵک دەبێت هاوتەریب بن. رژێم لە روانگەی خەڵکەوە رەوایەتی هەبێت و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی ئێرانەوە قبوڵ بکرێت، بەدوای پێکەوەژیانی ئاشتییانە و دەستتێوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکەوە بێت. چونکە ئێران موڵکی خەڵکی ئێرانە، نەک موڵکی رژێمە دیکتاتۆرەکان. هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک مافی بەشداربوونیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا.
ئەمە داواکاریی رەوای شارومەندانی یەک ئاو و خاکە کە دەبێت بە رەسمی بناسرێت. بەرخۆدانی خەڵکی ئێرانیش بۆ هەمان مەبەستە. خەڵکی ئێران بەم داواکارییەیان دەگەن. هەربۆیە دەبێت یارمەتییان بدرێت و پاڵپشتییان بکرێن هەتا بە زووترین کات، ئەم بەشە لە جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئازادی و دیموکراسی بگات. لە مێژوودا هیچ شتێک ون نابێت، بەڵکو تۆمار دەکرێت بۆ ئەوەی لە مێژوودا بمێنێتەوە.
جێگرەوەی دیکتاتۆری لە ئێران
ئەو هێزە دەبێتە جێگرەوەی دیکتاتۆری لە ئێران کە دژی دیکتاتۆری بێت. شۆڕشگێڕ و چالاک بێت دژی سوپای پاسداران، خاوەنی رێکخراوێکی فراوان و ئەزموونێکی زۆر بێت و توانای رێکخستنی راپەڕینی هەبێت. خاوەن ئەو توانایە بێت کە هێزە سیاسییەکان، نەتەوەکان و شوێنکەوتوانی ئایینە جیاوازەکان رێک بخات. مافەکانی خەڵکانی ستەملێکراوی بلووچ، عەرەب، کورد و تورکمان و … دابین بکات. خاوەن بەرنامە بێت بۆ سڕینەوەی جیاوازی لەنێوان ئەهلی سوننە و شێعە و شوێنکەوتوانی ئایینەکانی دیکە. پشتگیریی بکات لە ئازادبوونی پۆشش و جل و بەرگ، بە تایبەت بۆ ژنان. باوەڕێکی پتەوی بە دیموکراسی و فرەیی هەبێت. ئاگادارانی سیاسەت باش دەزانن کە هەموو ئەم تایبەتمەندییانە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەخۆدانی ئێراندا هەیە.
داواکارییە رەواکانی ئێستا
“باڵیۆزخانەکانی رژێمی ئایینیی دەسەڵاتدار دابخەن و کاربەدەستانی ئەم رژێمە لە خاکی خۆتان دەربکەن. پەیوەندییەکانتان لەگەڵ رژێمی ئێران ببەستنەوە بە وەستاندنی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و کوشتاری ناڕازییان و کاربەدەستانی رژێم بخەنە بەردەم دادگا بۆ لێپرسینەوە». ئەمانە بەشێکن لە داواکاریی رەواکانی خەڵکی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە پێویستە سەرەتا، دەوڵەتان ئەم بژاردە بخەنە بەردەم خۆیان کە لە تەنیشت خەڵکی ئێران و لە لایەنی دروستی مێژوودا بوەستن.
خەڵکی ئێران گەیشتوونەتە ئەو دڵنیاییە کە هەموو ئەو رێگایانەی لەژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهدا تاقی کراونەتەوە، وەک هەڵبژاردن، چاکسازی، هەڵس و کەوت، سازان، ناڕەزایەتیی پیشەیی مەیدانی و تەنانەت شەڕی دەرەکی، هەموویان بە بنبەست گەیشتوون و بێئەنجام بوون. ئەم رێگایانە، لە ماوەی دەیان ساڵدا تەنها وزە گەورە کۆمەڵایەتییەکان، تێچووی دارایی و ئابووریی قورس، تەمەنی گەل و خەونە نیشتمانییەکانی فەوتاندووە و نەبوونەتە هۆی رزگارکردنی خەڵکی ئێران لە چنگ دیکتاتۆرییەت.
ئێستا لە روانگەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان تێگەیشتوون کە جگە لە چارەسەرییەکی یەکلاییکەرەوە و توند و رەتکردنەوەی تەواوەتی ئەم رژێمە، هیچ رێبازێکیتر وەڵامی قەیرانی ئێران نییە. خەڵک و بەرخۆدانەکەیان ٤٥ ساڵە بانگەوازی ئەم رێگایە دەکەن و بۆی هاتوونەتە مەیدان.
قسەی کۆتایی
دژبەرانی خەڵکی ئێران، کە رژێم لە سەرەوەی هەمووانەوەیە، لە یەکگرتنی هێزەکانی بەرەی گەل دەترسن و بە شێوە جیاوازەکان هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی نانەوە دەدەن بۆ رێگرتن لە پێشکەوتنی چارەسەریی یەکلاییکەر، واتە رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران. نە سازان لەگەڵ دیکتاتۆری لە ئێران و نە شەڕی دەرەکی لەگەڵ ئەم رژێمە، چارەسەری کێشەی ئێران نەبووە و نییە. چارەسەری دروست پشتگیرییکردنە لە خەڵک و بەرخۆدانەکەیان بە مەبەستی رووخاندنی دیکتاتۆری لە ئێران کە لە سەروبەندی سەرکەوتندایە و دژبەرانی ئەم رێگایە ناچار دەبن قبوڵی بکەن.
ڕژێمی مەزهەبیی ئێران، بە شێوەی بەربڵاو دەستی کردووە بە ئێعدامی دژبەران، بە تایبەت هێزی سەرەکیی بەرخۆدان، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ژێر کاریگەریی سانسۆری سەدەدا، چاوی داخستووە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران. بێدەنگی بەرامبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و تەنها بیرکردنەوە لە بابەتی ئەتۆمی، رێگایەکی دووبارە و شکستخواردووە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە رژێمی ئێران دروست ناکات. تا ئەم رژێمە هەبێت، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت. دەبێت مافی بەرخۆدان بۆ خەڵکی ئێران بە رەسمی بناسرێت.
***
بورکانی تووڕەیی خەڵکی ئێران بەڕێوەیە!
10
