Home بیروڕاخوێندنەوەیەک بۆ مێژووی خەساندن؛ لە کوشتنی جەستەوە بۆ کوشتنی کەسایەتی

خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی خەساندن؛ لە کوشتنی جەستەوە بۆ کوشتنی کەسایەتی

by admin
0 کۆمێنتەکان 24 بینینەکان

هێمن عەلی:      

لە مێژووی سیاسیی مرۆڤایەتیدا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەستەی مرۆڤ تەنیا پێدراوێکی بایۆلۆجی نەبووە بۆ ژیان، بەڵکو زۆرجار بووەتە “شوێنی پیادەکردنی دەسەڵات” و مەیدانێک بۆ بەرهەمهێنانی ترس. لەگەڵ سزای لەسێدارەدان، پەنابردن بۆ سزای “شێواندنی جەستەیی” وەک چاو دەرهێنان، بڕینی زمان، و خەساندن (لەپیاوەتی خستن) باوترین ئامرازەکانی دەستی دەسەڵاتە ڕەهاکان بوون لە چوارچێوەی سیاسەتی تۆقاندندا. ئامانجی ئەم سزایانە تەنیا ئازاردانی جەستەیی نەبوو، بەڵکو کوشتنی “کەسایەتی و شەرعیەت”ـی قوربانییەکە بوو، بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە وەک کەسێکی پەراوێزخراو و بێدەسەڵات لە کۆمەڵگەدا بمێنێتەوە.
مێژوویەکی خوێناوی: لە ساسانییەکانەوە تا سەفەوی و قاجارەکان
سزای خەساندن و کوێری کردن ڕەگێکی قووڵی لە مێژووی ئیمپراتۆریەتەکانی ناوچەکەدا هەیە. لە سەردەمی ساسانییەکان و بیزەنتییەکاندا، باوەڕێکی سیاسی هەبوو کە “فەرمانڕەوا دەبێت لە ڕووی جەستەییەوە بێ کەموکوڕی بێت”. بۆیە کاتێک شازادەیەک مەترسی بووایە بۆ سەر تەختی پادشایەتی، لەبری کوشتنی، چاویان دەردەهێنا یان دەیانخەساند. ئەم نەریتە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا گەیشتە قۆناغێکی سیستماتیکتر:

سەفەوییەکان: وەک لە سەرچاوە مێژووییەکانی وەک (تاريخ عالم‌آرای عباسی)دا هاتووە، شا عەباسی سەفەوی بەهۆی پارانۆیا و ترسی لە دەستدانی تەختەکەی، نەک هەر نەیارەکانی، بەڵکو کوڕەکانی خۆیشی کوێر کرد و هەندێکیانی خەساند، تا دڵنیا بێت لەوەی ناتوانن جێگەی بگرنەوە.

قاجارەکان: چیرۆکی ئاغا محەمەد خانی قاجار کە، لە پەڕتووکەکانی مێژووی ئێرانی مۆدێرندا بە وردی باسکراوە، نموونەیەکی دیارە. کاتێک منداڵ بوو، لەلایەن پادشایەکی ئەفشارییەوە سزای خەساندنی بەسەردا سەپێنرا. کاتێک ئەم کەسە دەسەڵاتی گرتە دەست، وەک یەکێک لە توندوتیژترین فەرمانڕەواکان دەرکەوت و تۆڵەی ئەو شێواندنەی جەستەی لە هەزاران کەس کردەوە.

لاساییکردنەوەی ئیمپراتۆریەتەکان لەلایەن میرنشینە کوردییەکانەوە
ئەم کلتوورە سیاسییەی ئیمپراتۆریەتەکان تەنیا لە سنووری خۆیاندا قەتیس نەما، بەڵکو بەهۆی نزیکیی جوگرافی و بەریەککەوتنی سیاسییەوە، ڕاستەوخۆ دزەی کردە ناو کلتووری فەرمانڕەوایی میرنشینە کوردییەکانی وەک (بابان، سۆران، بۆتان و ئەردەڵان).
وەک لە پەڕتووکی (شەرەفنامە)ی شەرەفخانی بەدلیسی و سەرچاوەکانی تری مێژووی کوردیدا هاتووە، زۆرجار برا و ئامۆزاکان لە پێناو گەیشتن بە “تەختی میرایەتی” دەکەوتنە ململانێیەکی خوێناوی. برا، براوەکان بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خۆیان لە لکاندنی تاوانی “براکوژی” بپارێزن، سزای کوێرکردن یان خەساندنیان بەسەر ڕکابەرە شکستخواردووەکانیاندا دەسەپاند. بەم کارەش گەرەنتیی ئەوەیان دەکرد کە کەسی سزادراو بۆ هەمیشە شەرعیەتی سەرکردایەتیکردنی لەناو عەشیرەتەکاندا لەدەست بدات. بەم شێوەیە، کلتووری سزادانی جەستەیی لەناو قەوارەی خێڵەکی و میرنشینەکاندا ڕەگی داکوتا، تا دواتر زەمینە خۆش بکات بۆ گواستنەوەی هەمان ئەو عەقڵیەتە بۆ ناو دەزگا ئەمنییە مۆدێرنەکان.

بەدامەزراوەیکردنی ئەشکەنجە لە سەردەمی بەعسدا
ئەگەرچی پێشبینی دەکرا بە هاتنی سەدەی بیستەم و چەمکی دەوڵەتی مۆدێرن ئەم جۆرە سزایانە کۆتاییان بێت، بەڵام لە عێراقدا گۆڕانکارییەکە تەنیا لە شێوازەکەدا بوو؛ سزادان لە گۆڕەپانە کراوەکانەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاریکەکانی زیندان. دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس ئەم کلتوورەیان بردە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە و کردیان بە “دامەزراوەیەکی دەوڵەتی” بۆ پیادەکردنی سیاسەتی تۆقاندن. لە زیندانەکانی وەک ئەمنە سوورەکەی سلێمانی، خەساندن و شێواندنی جەستەیی وەک ئامرازێک بۆ تێکشکاندنی دەروونیی قوربانییان و بڵاوکردنەوەی ترسێکی گشتی بەکاردەهێنرا.

کەیسی حەمەڕەش: ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟

سەرەڕای جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ لە سەدەی بیست و یەکدا، کە هەموو جۆرە شێواندنێکی جەستەیی وەک “تاوانی قورس دژی مرۆڤایەتی” ناساندووە، کەیسی ئەشکەنجەدان و خەساندنی (حەمەڕەش) سەلماندی کە پاشماوەی عەقڵیەتی سزادانی سەدەکانی ناوەڕاست هێشتا بە تەواوی بنەبڕ نەکراوە.
ئەم تاوانە پێش ئەوەی تەنیا ئازاردانی قوربانییەکە بێت، دەرخەری قەیرانی ئەخلاقی و یاسایی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە خۆی لە سەرووی یاساوە دەبینێت. خەساندنی مرۆڤێک لەم سەردەمەدا، نیشانەی دەسەڵات نییە، بەڵکو پەنابردنە بۆ هەمان ئەو ئامرازانەی کە سیستەمە شکستخواردووەکانی ڕابردوو بەکاریان دەهێنا. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەگەر دەوڵەتێک یان دەسەڵاتێک هێشتا جەستەی مرۆڤ بکاتە ئامرازی تۆقاندن، ئایا بەڕاستی لە سەدەی ناوەڕاست دەرچووە؟

لێدوانێک بەجێ بهێلە