Home بیروڕاهەڵبژاردن لە کوردستان و عێراق: ئامرازی ئازادییە یان قەفەسی ئازادییە؟

هەڵبژاردن لە کوردستان و عێراق: ئامرازی ئازادییە یان قەفەسی ئازادییە؟

by admin
0 کۆمێنتەکان 7 بینینەکان

توانا محەمەد نوری:   

ئایا دەنگدان لە عێراق و کوردستان ڕێگەیەکە بەرەو ئازادی، یان تەنیا شانۆگەرییەکە بۆ شەرعییەت دان بەو قەفەسەی تێیدا دەژین؟ کاتێک داهاتی وڵات دەدزرێت بۆ ئەوەی لە کاتی هەڵبژاردندا دەنگی پێ بکڕدرێت و کاتێک میلیشیا و چەک دەبنە پاسەوانی سندوقەکان، ئیتر هەڵبژاردن نابێتە “نوێنەرایەتی”، بەڵکو دەبێتە سوکایەتیکردن بە ئیرادەی مرۆڤ و شەرعییەتدان بە چەوسانەوە.
کاتێک باس لە “دیموکراسی” دەکرێت، زۆرمان وێنەیەکی جوانی خەیاڵیمان لە مێشکدا دروست دەبێت کە گوایە لە شوێنێکی تری ئەم جیهانە (ڕۆژئاوا) سیستمەکە بێگەرد کار دەکات. بەڵام ڕاستی وێنەکە ئەوەیە کە دیموکراسیی نوێنەرایەتی لە هەموو شوێنێک تووشی قەیرانێکی قوڵ بووە. جیاوازییەکە تەنیا لە “ڕەنگی قەفەسەکە”دایە؛ لە ڕۆژئاوا قەفەسەکە لە “پارەی کۆمپانیا و لۆبییەکان” دروست کراوە، بەڵام لێرە لە عێراق و کوردستان قەفەسەکە لە “هێزی میلیشیا و تاڵانی ڕاستەوخۆ” دروست کراوە. لە هەردوو بارەکەدا، پەرلەمان و حکومەت تەنیا نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی باڵا دەکەن نەک کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێش.
لەڕاستیدا، ئێمە لەناو “قەیرانی نوێنەرایەتی”دا دەژین. نوێنەرەکان لێرە دەبنە چینێکی دابڕاو کە تەنیا لەکاتی هەڵبژاردندا دێنەوە ناو خەڵک، بەڵام لەکاتی بڕیارداندا تەنیا سەیری ئاماژەی پەنجەی “سەرۆکی حزب” یان “فەرماندەی میلیشیا” دەکەن. نوێنەرایەتی لێرە بووە بە وەهم؛ چونکە ئەگەر نوێنەرێکیش بەڕێکەوت بیەوێت خزمەتی خەڵک بکات، لە بەردەم هێزی میلیشیا و کۆنتڕۆڵی حزبدا دەستوپێی دەبەسترێتەوە. بەکورتی، لێرە نوێنەرایەتی واتە: “کەسێک بە ناوی تۆوە بڕیار دەدات، بەڵام بڕیارەکانی دژی ژیان و نانی تۆیە”.
با ڕاشکاو بین؛ پارەی ئەم یارییە لە کوێ دێت؟ پارەی هەڵبژاردن لێرە ڕاستەوخۆ لە داهاتی تاڵانکراوی نەوت و گومرگەوە دێت، کە میلیشیا و گروپە چەکدارەکان پاسەوانی دەکەن. لێرەدا فێڵە گەورەکە دووقاتە: یەکەم، نانی تۆ دەدزرێت بۆئەوەی دەسەڵاتی پێ بپارێزرێت؛ دووەم، میلیشیاکانی حزب بەو پارەیە هێزی خۆیان زیاتر دەکەن تا لەکاتی پێویستدا ڕێگری لە هەر جوڵەیەکی ڕاستەقینەی جەماوەر بکەن. ئەمە نەک هەر قەفەسە، بەڵکو کوشتنی کەرامەتی مرۆڤە؛ چونکە خەڵک بە پارەی دزراوی خۆیان، دەبنەوە بە سپۆنسەری ئەو میلیشیایانەی کە دەیانچەوسێنێتەوە.
ئەم سیستمە تەنیا بە پارە کار ناکات، بەڵکو هێزی میلیشیا گەرەنتی مانەوەیەتی. بوونی میلیشیا لەپشت پەردەی هەڵبژاردنەکانەوە وایکردووە کە سندوقی دەنگدان تەنیا ڕووکەش بێت. کاتێک حزبەکان خاوەنی هێزی چەکدار بن، هەڵبژاردن نابێتە کێبڕکێی بەرنامە و بیرۆکە، بەڵکو دەبێتە پێشاندانی ماسولکە. میلیشیا ئەو “تەوقەیە” کە دەکرێتە ملی دەنگدەر؛ ئەگەر بە فێڵ و پارە دەنگت پێنەدات، ئەوا بە ترس و هەڕەشەی چەک بێدەنگ دەکرێیت. وەک چۆن لینین دەیگوت، دەوڵەت لێرە تەنیا ئامرازی دەسەڵاتی چەند گروپێکی چەکدارە بەسەر کۆمەڵگەدا.
مارکس دەڵێت چینی دەسەڵاتدار تەنیا بە هێز حوکم ناکات، بەڵکو لەڕێگەی ‘داگیرکردنی مێشکەوە’ حوکم دەکات. ئەوان وایان کردووە کە ئێمە وا هەست بکەین ‘مانەوەی میلیشیا و حزب’ یەکسانە بە ‘مانەوەی سەقامگیری و ئاسایش’. لە کوردستاندا، ئەمە دەگاتە لوتکەی خۆی بە بەکارهێنانی پرسی ‘پاراستنی قەوارەی هەرێم’؛ دەسەڵات هەمیشە وا وێنا دەکات کە هەر گۆڕانکارییەک یان هەر دەنگێکی ڕەخنەیی، مەترسییە بۆ سەر نەمانی قەوارەی هەرێم. ئەوان ‘دڵەڕاوکێ’ و دروستکردنی ترسیان کردووە بە ئامرازی حوکمڕانی؛ وا لە خەڵک دەکەن هەمیشە لە ناو ترسی ئەنفالێکی تر و تێکچوونی ئەم نیوە-دەوڵەتەدا بژین، تا لەکۆتاییدا خەڵک ناچار بن ڕازی بن بەم ‘قەفەسە’ و بڵێن: ‘با داهاتەکەمان بدزرێت و میلیشیاش هەبێت، بەس قەوارەکەمان نەفەوتێت’. بەم شێوەیە، پاراستنی قەوارەیەک کە لەڕاستیدا تەنیا بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی ئەوانە، کراوە بە پەتێک بۆ خنکاندنی ئیرادەی گۆڕانکاری و بێدەنگکردنی هەر داخوازییەکی ڕەوا.
لێرەوە ترسناکترین بەشی پڕۆسەکە دەست پێ دەکات: “بێئیرادەکردنی خەڵک”. کاتێک دەبینیت میلیشیاکان لە سەرووی یاساوەن و دەنگدان هیچ ناگۆڕێت، جۆرێک لە بێهیوایی لە ناختدا دروست دەبێت. ئەمە ڕێک ئەو ئامانجەیە کە ئەوان دەیانەوێت: کە تۆ بڵێیت “هیچ بە من ناگۆڕێت، چونکە ئەوان چەکیان پێیە” و پاشەکشە بکەیت. ئەم بێئیرادەکردنە گەورەترین سەرکەوتنی ئەوانە؛ چونکە مرۆڤێک کە ئیرادەی گۆڕانکاری لێ زەوت کرا، دەبێتە کۆیلەیەکی مۆدێرن کە تەنیا بەدوای ناندا ڕادەکات و دەسەڵاتیش بە چەک و پارەی دزراوەوە تێر و تەسەل دەبێت.
بۆیە دەبێت تێبگەین کە تەنیا بە “دەنگدان” ناتوانین ئەو دیوارە ئەستوورەی نێوان خەڵک و دەسەڵات بڕووخێنین. ئەم دیوارە لە “پارەی دزراو و چەکی میلیشیا” دروست کراوە. ئەم دیوارە کاتێک دروست دەبێت کە “قەبارەی هێز” حوکم دەکات نەک “ئیرادەی جەماوەر”. هەتا داهاتی وڵات لە دەستی چەند گروپێکی چەکداردا بێت، پەرلەمان تەنیا شانۆگەری دەبێت. ڕوخاندنی ئەم دیوارە واتا گۆڕینی ئەو بنەما ئابووری و سەربازییانەی کە ڕێگە دەدەن چەک و پارەی گشتی ببێتە ئامرازی حزبی. بەبێ ئەم گۆڕانکارییە، هەڵبژاردن تەنیا “مۆرکردنی” ماوەی حوکمی میلیشیاکانە بۆ چوار ساڵی تر.
ئەم قەیرانەی لە کوردستان و عێراق دەیبینین، قەیرانێکی قووڵی سیاسی و هەیمەنەی چەک بەسەر حکومەت و دەوڵەتدایە. کاتێک سیستمەکە بۆ بێئیرادەکردنی زۆرینە و دەوڵەمەندکردنی کەمینەیەکی خاوەن میلیشیا کار بکات، گۆڕینی دەموچاوەکان هیچ مانایەکی نییە. چارەسەرەکە لەوەدایە کە خەڵک ئیرادەی خۆیان لە دەرەوەی ئەم کایە سیاسییە سووتاوە و لە دەرەوەی سێبەری میلیشیاکان ڕێکبخەنەوە، بۆ گۆڕینی ئەو بنەما ئابووری و سیاسی و سەربازییانەی کە نانی ئێمە و ئازادیی ئێمەیان بە بارمتە گرتووە.

 

٢١ی تەمموزی ٢٠٢٦

لێدوانێک بەجێ بهێلە