عەبدولڕەحمان گەورکی: 
دۆخی ئێستای ئێران
هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی پڕۆژەی رووخاندنی رژیمی ئێران لە ناوخۆی ئێران لە لایەن خەڵک و بەرخۆدانی ئێرانەوە و چالاکیی ناوەندەکانی شۆڕش لە سەرانسەری شارەکانی ئێران، لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش بە فۆرمێکی جیاواز بەردەوامە. لەقاودانی تێرۆریزم و شەڕخوازی بەربڵاوی رژێمی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکرابوونی پەرەسەندووی گەندەڵی کاربەدەستانی سەر بە ئێران لە وڵاتێکی وەک عێراق و لێدوانی دوژمنکارانەی بەرپرسانی ئێستای رژێمی ئێران لەدژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، سەرەتای پڕۆسەیەکن. دەرئەنجامی ئەم پڕۆسەیە، نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتن و رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران و رزگارکردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستێوەردانی کوشندەی رژێمی ئێران. بەتایبەت کە هێزە وەکالەتیەکانی سەر بە هێزی قودسی سوپای پاسداران لە ناوچەکەدا، لە داڕماندانە و ئەندامانی ئەم هێزانە دەستیان بە کەمبوون کردووە وەک سەرەتایەکی ئەم قۆناغە.
چڕبوونەوەی شەڕە گورگی دەسەڵاتی ئێران و هێنان و بردانی لاشەی “خامنەیی گۆڕ بە گۆڕکراو” و درۆی روو لە زیادبوونی کاربەدەستانی داماوی ئەم رژێمە لە دەزگاکانی راگەیاندندا و هەروەها دەستپێکردنەوەی شەڕی دەرەکی، دەکرێ بخرێتە سەر خراپتربوونی بارودۆخی ژیانی خەڵکی ئێران. هەر لەبەر ئەمەشە کە خەڵکی ئێران دەیانەوێت ئەم رژێمە دیکتاتۆرییە بڕووخێنن.
ڕاستییەکان و دەستکەوتەکان
ئەم رەوتە دەرئەنجامی چەند راستییەکە:
• رژێمی مەزهەبیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر، لاوازە و نزیکە لە کۆتایی.
• ئەم رژێمە چاکسازی ، رفۆرم و متمانەی هەڵناگرێت و نەک هەر دەستبەرداری بنەماکانی خۆی (واتە تیرۆر، شەڕفرۆشتن، لەسێدارەدانی نەیاران و هتد) نابێت، بەڵکو هەموو سیناریۆکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ “مانەوە لە دەسەڵات” و بێ هیوا و بە ناچاری، رووبەڕووی دەرئەنجامەکانی ئەو سیناریۆیانە دەبێتەوە و خۆدەربازکردنی بۆ نییە و رۆژانە رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە، کە”قەیرانی رووخان و نەمان” لە لوتکەی هەموو قەیرانەکانیدایە.
• شەڕی کۆتایی کە لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ئێراندایە لە دژی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران، بەمزووانە دێتە ئاراوە. شەڕێک کە براوەی یەکلاکەرەوە و بێ مشتومڕی، خەڵک و بەرخۆدانی ئێرانە.
• تاکە چارەسەر کە دەتوانێت وەڵامدەرەوە بێت و خۆی دەسەپێنێت بەسەر سازان و شەڕدا، “چارەسەری سێیەم”ە، واتە پشتیوانیکردن لە خەڵک و موقاومەتی خەڵکی ئێران. بە واتایەکیتر بە رەسمی ناسینی ئەو بەرخۆدان و بەدیلەیە کە ساڵانێکە بە ئەنقەست(!) چاوی لەسەر داخراوە!
• گەڕانەوە بۆ دیکتاتۆرییەتی پێشووی پەهلەوی نە گونجاوە و نە خەڵکی ئێران تەحەمولی دەکات. خەڵکی ئێران بە دوای دامەزراندنی رژێمێکەوەیە کە هەم “کۆماری” بێت و هەم “دیموکراتی”. چونکە دەیان ساڵە لە دژی دیکتاتۆرییەت راپەڕیون و باجی زۆریان داوە بۆ سەرکەوتن بەسەر دیکتاتۆرییەتدا.
• رژێمی دیکتاتۆری ئایینیی و پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو (پاشاییخوازەکان) بەردەوام خوازیاری درێژەکێشانی شەڕن و ئایندەیەک و شانسێک بۆ خۆیان بە “بێ شەڕ” ناببینن. چونکە خەڵکی ئێران بە لایانەوە گرنگ نەبووە و نییە. “یەکێک” هەوڵدەدات باڵادەستیی خۆی بپارێزێت و “ئەوی دیکە” هەوڵدەدات دەسەڵاتی شاهانەی خۆی بەدەستبهێنێت. لەبەرامبەردا خەڵک و موقاومەتی خەڵکی ئێران هەمیشە خوازیاری “ئاشتی و ئازادی” بوون.
• پێویستە وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە دەرفەت لەدەست نەدەن بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئێران. خەڵک و موقاومەتی ئێران نە داوای پارەیان کردووە و نە داوای چەک و تەقەمەنی لە دەوڵەتان. ئەوان چاوەڕوانن دەوڵەتان دان بە مافی بەرخۆدانی خەڵکی ئێراندا بنێن. چونکە خەڵکی ئێران توانای ئەوەیان هەیە ئەم رژێمە بڕووخێنن و بیگۆڕن بە رژێمێکی کۆماری و دێموکراتیک. خەبات و تێکۆشانی خەڵک لە دژی دیکتاتۆرییەت لە ئێران، بابەتێک نییە کە بە شەڕی دەرەکی یان سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت دەستی پێکردبێت کە ئێستا بە سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت (ڕابردوو) و شەڕی دەرەکی (ئێستا) کۆتایی بێت. ئەمە شەڕێکە هەر لە سەرەتاوە بووە و تا سەرکەوتنی خەڵک بەسەر دیکتاتۆرییەتدا بەردەوام دەبێت.
هێنان و بردنی لاشەی خامنەیی!
ئەوە داب و نەریتی دیکتاتۆرییەکانە، کاتێک لە لێواری داڕماندان، خۆیان بە “دەسەڵاتدار” و خاوەن بنکەی کۆمەڵایەتی نیشان بدەن، ئەویش بە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ پڕۆژەکان. چونکە هەموو کارەکانیان هەڵقوڵاوی بنەمای “هەڕەشە” یان “تەماح” وەبەرنانە. تەنانەت لە نزیکترین بازنەکانی پاراستنی خۆیاندا. بەڵام لەو شوێنانەی دیکتاتۆرییەکان رووبەڕووی راستییەکان دەبنەوە، زۆر تەنیان. چونکە ئەوان لەگەڵ راستییەکاندا نین و گەل، نەیاری راستەقینەی دیکتاتۆرییەتن. لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان و بەتایبەتی سەردەمی زیرەکی دەستکرد، دیکتاتۆرییەتەکان تەنیاترن و گەلان وریا و بەهێزن. رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی دەیەوێت بەم شێوەیە بە “پۆپۆلیزمی چەوت”، بێ جەماوەربوونی خۆی نیشان بدات. هەروەک چۆن دیکتاتۆری پەهلەوی “چەند ساڵێک پێش رووخاندنی، دەسەڵاتی بوکەڵەیی خۆی نیشان دا”! دیکتاتۆرییەتەکان دەیانەوێت لایەنی بەرانبەریان پاسیڤ پیشان بدەن و بەم شێوەیە نەیاران بکەنە رەخنەگر و رەخنەگر بکەن بە “لایەنگری خۆیان” و خۆیان دەسەڵاتی “بەهێز و سەقامگیر” نیشان بدەن!.
سەرکردەکانی ئەم رژێمە و لە سەرووی هەمووان، وەلی فەقێ، دۆڕاون و رژێمەکەیان، لە لاوازترین خاڵدایە. جەستەی ئەم رژیمەش هەرەسی هێناوە و رۆژانە لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا لاوازتر بوون. لە بەرانبەردا، خەڵکی ئێران لە چاو رابردوو زۆر بەهێزترە. چونکە رابردوو هەمیشە چرای دەستە بەرەو ئایندە.
هەمووان دەزانن کە ئەم “پۆپۆلیزمە”! بوکەڵەی ساختەیە و جێی متمانە نییە. چونکە لە سیستەمی دیکتاتۆریدا هەموو شتێک رووکەشیە و دەتوانێت لە رۆژێک یان دوو رۆژدا بگۆڕدرێت. بەتایبەت کە ئاو و کارەبا و نانی خەڵک (ئەگەر بچوک و بێ بایەخیش بێت) لە دەستی بریکار و سەری پەنجەی دیکتاتۆرییەتدایە. بەڵام دڵی هەمان ئەم مرۆڤانە بۆ شتێکیتر لێدەدات!
بێ هۆ نییە بەم لاشەگەڕاندنە، شەڕی گورگەکانی ناو رژێمی ئێران، بە شێوەیەکی کوشندە زیادی کردووە. ئەوان بەربوونەتە گیانی یەکتر و یەکتر دەدڕن. چونکە گەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی.
***
