هەورامان عەلی: 
هەندێک ڕووداو لە مێژووی گەلاندا دەبنە خاڵی وەرچەرخان، چ بە ئەرێنی یان نەرێنی. بێگومان، ئەمڕۆ چین یەکێکە لە گەورەترین وڵاتە ئابووری، سەربازی و تەکنەلۆژییەکانی جیهان و گەورەترین ڕکەبەری ئەورووپا و ئەمریکایە. ڕاستە ئەو وڵاتە مێژوویەکی کۆن و شارستانیەتێکی گەورە و دەوڵەمەندی لە ڕابردوودا هەبووە، بەڵام لە سەدەی نۆزدەدا داگیر و دابەش کرا. ئەوەی ئەمڕۆ چینی کردووە بە کارگەی پیشەسازیی جیهان و ڕکەبەری سەرەکیی بڕیاردەرانی سیستەمی جیهانی، بەرهەمی هەستانەوەیە لە دوای ئەو شکستە گەورەیەی لە سەدەی نۆزدەدا بەسەری هات.
با چیرۆکەکە لە سەرەتاوە باسبکەین؛
شۆڕشی پیشەسازی و کۆلۆنیالیزم
شۆڕشی پیشەسازیی ، دوای شۆڕشی کشتوکاڵی، گەورەترین وەرچەرخانی مێژووی مرۆڤایەتی بوو. ئەم شۆڕشە سەرەتای ئەو قۆناغە بوو کە مرۆڤ لە کاری دەست، وزەی ئاژەڵ و ئاوەوە گواسترایەوە بۆ کاری ئامێر و وزەی هەڵم. ڕاستە شۆڕشەکە سەرەتا لە بەریتانیاوە دەستی پێکرد، بەڵام هەر زوو وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا و ناوچەکانی تری جیهانی گرتەوە.
زۆربوونی بەرهەم و پێویستی دەستڕاگەیشتن بە کەرەستەی خاو، لەگەڵ پڕبوونی بازاڕە ناوخۆییەکان، وایکرد بازرگان و کۆمپانیا گەورەکان بیر لە بازاڕی نوێ بکەنەوە بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان. لە هەمان کاتدا، دابینکردنی کەرەستەی خاو، کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانی ناچار کرد لە سنووری نیشتمان و بازاڕە ناوخۆییەکان دەربچن. ئەمە بووە سەرەتای قۆناغی کۆلۆنیالیزم (داگیرکاری) لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
لە ماوەیەکی کەمدا، بەریتانییەکان ئیمپراتۆریەتێکیان پێکهێنا کە سەرێکی لە ئاسیا و ئەویتری لە ئەمریکای باشوور بوو؛ بە جۆرێک لە ژێر فەرمانڕەوایی تاجی بەریتانیدا خۆر ئاوا نەدەبوو.
چین تا ئەو کاتە ئیمپراتۆریەتێک بوو سەری کردبوو بەنێو خۆیدا؛ هێندە گۆشەگیر بوو کە ئامادە نەبوو بەشداری لە شۆڕشەکانی ئەوانی تردا بکات. بەڵام سەرەڕای ئاستەنگەیەکان، دەیتوانی وەڵامی لانی کەمی نیازی بازاڕەکانی خۆی بداتەوە و هیچ لە کەس نەکڕێت.
جەنگی ئەفیونی یەکەم
ئەم جەنگە، بە یەکێک لە گرنگترین و خەمناکترین وەرچەرخانەکانی مێژووی چین دادەنرێت. ئەو جەنگە چینی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی «چینگ»دا خستە سەر ڕێگەی داگیرکاری و سەرشۆڕی، کە چینییەکان خۆیان ناویان ناوە «سەدەی سووکایەتی».
لە سەرەتای سەدەی ١٩دا، بازرگانیی نێوان بەریتانیا و چین زۆر ناهاوسەنگ بوو. چینییەکان چا، ئاوریشم، قاپی چینی و بەهاراتیان هەبوو کە هەموو ئەورووپا ئارەزووی دەکرد، بەڵام بەریتانیا چی دەفرۆشت؟ نزیکەی هیچ، چونکە چینییەکان پێویستیان بە کاڵای بەریتانی نەبوو. ئەمە وایکرد پارەیەکی زۆر لە زیو لە بەریتانیاوە بچێتە چین. بۆ چارەسەری ئەمە، کۆمپانیای ڕۆژهەڵاتی هیندستانی بەریتانی (East India Company) بیرۆکەیەکی قێزەونی دۆزییەوە: دەبێت کۆمەڵگەی چینی نوقمی ئەفیون بکرێت!
ئەفیون لە هیندستانی داگیرکراودا دەچێندرا و بە قاچاخ دەبرا بۆ باشووری چین، بە تایبەت لە ڕێگەی بەندەری «گوانگژۆ»وە. لە ماوەی چەند ساڵێکدا، سەدان هەزار کەسی چینی ئالوودە کران، ئابووریی چین تێکچوو ، بەم شێوەیە بەشێکی زۆری سەرمایەکە گەڕایەوە بۆ بەریتانییەکان.
ئیمپراتۆری چینگ (ئیمپراتۆر داوگوانگ) بینی وڵاتەکەی وێران دەبێت،دەبێت کارێك بکات، بۆیە لە ساڵی ١٨٣٩دا، فەرمانبەرێکی زۆر دڵسۆز و توندی بە ناوی «لین زێشو» نارد بۆ گوانگژۆ.
لین زێشو یەکەم بڕیاری قەدەغەکردنی بازرگانیی ئەفیونی جێبەجێ کرد؛ ئەو دەستی گرت بەسەر زیاتر لە ٢٠,٠٠٠ سندوقی ئەفیونی بەریتانیدا (نزیکەی ١,٢٠٠ تەن) و لە کەناری دەریای هومەن فەرمانی دا هەمووی بسووتێنن و فڕێی بدەنە دەریاوە.
بەریتانیا ئەمەی وەک دەستدرێژی بۆ سەر موڵکی خۆی وەرگرت، نەک ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی.
لە ساڵی ١٨٤٠دا، پەرلەمانی بەریتانیا بڕیاری ناردنی هێزی سەربازی دا؛ ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی جەنگی ئەفیونی یەکەم (١٨٣٩ – ١٨٤٢) کە چین تێیدا شکستی هێنا.
لەسەر بنەمای سەرچاوە مێژووییەکان، شکستەکەی چین لە جەنگی ئەفیونی یەکەمدا هەر تەنیا شکستێکی سەربازی نەبوو، کۆمەڵێک هۆکار بوون پێکەوە:
١. جیاوازی تەکنەلۆژیا – هۆکاری سەرەکی
• بەریتانیا: کەشتی جەنگی هەڵمی (وەک Nemesis) کە پێویستی بە با نەبوو، تۆپی دوور هاوێژ، چەکی ئاگرینی مۆدێرن.
• چین: کەشتی دارینی کۆن، تۆپی بڕۆنزی لە سەردەمی مینگەوە مابووەوە، تفەنگی فیتیلەیی. زۆربەی شەڕەکان لە دەریاوە یەکلایی دەبوونەوە و سەربازی چینی هەر نەیدەتوانی وەڵام بداتەوە.
٢. سوپایەکی پەرشوبڵاو و کۆن
سوپای چینگ لە دوو بەش بوو: Eight Banners و Green Standard Army، زۆربەیان جوتیار بوون، مووچەیان کەم بوو، مەشقیان نەکردبوو، و بۆ پاراستنی شەڕی ناوخۆ نەک شەڕی دەرەکی، بارهێنرابوون. لە بەرامبەردا سوپای بەریتانیا تازە لە شەڕەکانی ناپلیۆن گەڕابووەوە و ئەزموونی جەنگی مۆدێرنی هەبوو.
٣. سیستەمی سیاسی داخراو و گەندەڵ
ئیمپراتۆریەتەکە خۆی بە “ناوەندی جیهان” دەزانی و هەموو بیانییەکی بە “بەربەری” دەبینی. فەرمانبەرەکان لە ترسا ڕاستیەکانیان بە ئیمپراتۆر نەدەوت ، ڕاپۆرتی درۆیان دەنارد کە “سەرکەوتووین”. لین زێشو خۆی دوای سەرکەوتنی سەرەتایی، کاتێک دۆڕا، لە جیاتی چاکسازی، سزا درا و نێردرا بۆ شینجیانگ.
٤. گۆشەگیری و نەبوونی زانیاری هەواڵگری
چین نە نەخشەیەکی وردی جیهانی هەبوو، نە دەیزانی بەریتانیا کوێیە و چەندە بەهێزە. لین زێشو یەکەم کەس بوو تیمێکی بۆ وەرگێڕانی ڕۆژنامە بەریتانییەکان دانا، بەڵام زۆر درەنگ بوو. بەریتانیا بە پێچەوانەوە، ساڵانێک بوو لە گوانگژۆ بازرگان و میسیونەر(موبشر)ی هەبوو و هەموو لاوازییەکانی چینی دەزانی.
٥. ئابووری داخراو
چین تەنها لە یەک بەندەر (گوانگژۆ) ڕێگەی بە بازرگانی دەدا و بیری لە پیشەسازی نەدەکردەوە. بەریتانیا بەهۆی شۆڕشی پیشەسازییەوە پێویستی بە بازاڕ و کەرەستەی خاو بوو، بۆیە شەڕی بۆ فرۆشتن دەکرد. چین هێشتا ئابوورییەکی کشتوکاڵی و پیشەی دەستی هەبوو.
٦. نەبوونی هێزی دەریایی
جەنگەکە هەر لە دەریاوە دەستی پێکرد. بەریتانیا بەندەرەکانی داخست، Grand Canalی بڕی کە خۆراکی بە باکوودەگەیاندە ، چین تووشی برسێتی و قاتوقڕی بوویەوە. چین هێزی دەریایی بە مانا مۆدێرنەکەی نەبوو بۆ بەرگری.
بە کورتی: بەریتانیا بە تەکنەلۆژیای سەدەی ١٩ شەڕی دەکرد، هەرچی چین بوو بە تەکنەلۆژیای سەدەی ١٥.
گەرچی چین لەسەر کاغەز زۆر گەورەتر بوو لە بەریتانیا، بەڵام زۆر بە ئاسانی بەریتانییەکان بەندەرەکانیان یەک لە دوای یەک گرت و ڕێگەی گواستنەوەی خۆراکیان بڕی،ئەوان هۆنگ کۆنگیان داگیر کرد، گوانگژۆ، شیامێن، نینگبۆ و شەنگهایان گرت، تا گەیشتنە «نانجینگ» (پایتەختی پێشووی چین).
پەیمانی نانجینگ (١٨٤٢)
چین ناچار بوو یەکەم «پەیماننامەی نابەرابەر» واژۆ بکات. مەرجەکانی ئەو پەیماننامەیە زۆر قورس بوون:
١. هۆنگ کۆنگ درا بە بەریتانیا.
٢. پێنج بەندەر کرانەوە بۆ بازرگانیی بەریتانیا: گوانگژۆ، شیامێن، فوژۆو، نینگبۆ و شەنگهای.
٣. ٢١ ملیۆن دۆلاری زیو وەک قەرەبوو درا بە بەریتانیا.
٤. چین مافی دیاریکردنی باجی گومرگی لەدەست دا.
٥. سیستەمی دادوەریی تایبەت بە بیانییەکان دانرا؛ واتە ئەگەر بەریتانییەک تاوانێکی لە چین بکردایە، بە یاسای چین سزا نەدەدرا (کە پێی دەوترێت مافی دەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری).
ئەم شەڕە دەرگای چینی کردەوە بۆ هەموو زلهێزەکانی تر. دوای بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمریکا و ڕووسیاش هاتن و هەمان خواستیان سەپاند. ڕاستەوخۆ دوای ئەمە، جەنگی ئەفیونی دووەم (١٨٥٦–١٨٦٠) دەستی پێکرد.
بە کورتی، جەنگی ئەفیونی یەکەم تەنها شەڕێک لەسەر ماددەیەکی هۆشبەر نەبوو، بەڵکو شەڕی نێوان دوو جیهانی جیاواز بوو: جیهانێکی داخراو کە پێیوابوو خۆی ناوەندی جیهانە، و جیهانێکی پیشەسازیی داگیرکەر کە ئامادە بوو بۆ قازانج هەموو شتێک بکات.
لین زێشو: لە فەرمانبەرەوە بۆ پاڵەوانی نەتەوەیی
لە مێژووی فەرمیدا، چینییەکان زۆر کەم فەرمانبەرێکیان وەک لین زێشو خۆشویستووە. ئەو تەنها ئەفیونی نەسوتاند، بەڵکو یەکەم کەس بوو لە چیندا تێگەیشت کە هەڕەشە ڕاستەقینەکە تەنها ئەفیون نییە، بەڵکو زانست و تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایە. هەر بۆیە لە گوانگژۆ تیمێکی دامەزراند بۆ وەرگێڕانی ڕۆژنامە و کتێبە بەریتانییەکان تا بزانێت دوژمنەکەی چۆن بیر دەکاتەوە؛ بەمەش بوو بە یەکەم کەس کە چاوی چینییەکانی بە ڕووی جیهانی دەرەوەی خۆیاندا کردەوە.
ناسراوترین شت کە کردوویەتی، نامەکەیەتی بۆ شاژنی بەریتانیا (شاژن ڤیکتۆریا) لە ساڵی ١٨٣٩دا. تێیدا نووسیویەتی:
«ئێمە بیستوومانە لە وڵاتەکەی ئێوەدا ئەفیون قەدەغەیە و بە توندی سزای مامەڵەپێکەرانی دەدەن، کەوایە چۆن ڕێگە دەدەن ئەو ژەهرە لە وڵاتەکەی ئێمەدا بفرۆشرێت؟ ئایا ئەمە لەگەڵ ویژدان و ئەخلاقدا دێتەوە؟»
بەریتانیا هەرگیز وەڵامی نەدایەوە. دوای دۆڕاندنی چین، ئیمپراتۆر بۆ ئەوەی تاوانەکە بخاتە ئەستۆی کەسێک، لین زێشوی سزا دا و ناردی بۆ «شینجیانگ» کە ئەوکات شوێنێکی چۆڵ و دوورەدەست بوو. لەوێش دانەنیشت و یارمەتیی خەڵکی دا کێڵگەکانیان ئاودێری بکەن. ئێستا لە چین لە هەموو قوتابخانەیەکدا وێنەی هەیە، پەیکەری لە هۆنگ کۆنگ و گوانگژۆ هەیە، و ٣ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك (ڕۆژی سووتاندنی ئەفیونەکە لە هومەن) وەک ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان یاد دەکرێتەوە.
هۆنگ کۆنگ: منداڵی جەنگی ئەفیون
هۆنگ کۆنگ بە تەواوی بەرهەمی ئەو جەنگەیە. لە ١٨٤١ تا ١٩٩٧ (بۆ ١٥٦ ساڵ) لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوو. کاتێک بەریتانیا هۆنگ کۆنگی وەرگرت، تەنها دوورگەیەکی بچووک بوو بە چەند گوندێکەوە کە سەرقاڵی ماسیگرتنبوون و ژمارەی دانیشتووانی ٧,٤٥٠ کەس بوو. بەریتانیا کردی بە یەکێک لە گەورەترین بەندەرە بازرگانییەکانی جیهان؛ یاسای بەریتانی، زمانی ئینگلیزی و سیستەمی بانکیی ئازادی تێدا جێگیر کرد.
لە ساڵی ١٩٩٧دا، بەپێی ڕێککەوتنی نێوان بەریتانیا و چین، هۆنگ کۆنگ گەڕێنرایەوە بۆ چین، بە مەرجی «یەک وڵات، دوو سیستەم». واتە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ (تا ساڵی ٢٠٤٧) هۆنگ کۆنگ ئۆتۆنۆمیی خۆی دەبێت، سەرمایەداری دەمێنێتەوە، و یاسا و ئازادییەکانی خۆی دەپارێزێت.
ئەمڕۆ ئەگەر بچییە هۆنگ کۆنگ، هەست دەکەیت دوو مێژوو پێکەوەن: شەقامەکان ناوی ئینگلیزییان هەیە، پاسە دوو نهۆمییەکان وەک لەندەن وان، بەڵام خەڵکەکەی بە چینی قسە دەکەن و کولتوورەکەی چینییە. لە ڕوانگەی چینەوە، هۆنگ کۆنگ هێمای سەدەی سووکایەتی و گەڕاندنەوەی هەنگاوێکە لە ڕاستیی کۆتاییهێنان بەو سووکایەتییە. لە ڕوانگەی بەریتانییەکانەوە، بەڵگەی سەرکەوتنی بازرگانیی ئازاد بوو. هەر ئەم یادەوەرییەش وای کردووە تا ئەمڕۆش کێشەی هۆنگ کۆنگ زۆر هەستیار بێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی چین و ڕۆژئاوادا.
ژمارەی کوژراوانی جەنگی ئەفیون (هەردوو لا)
لە جەنگی ئەفیونی یەکەمدا، ئامارێکی یەکگرتووی فەرمی نییە، چونکە چین لەو سەردەمەدا سیستەمی تۆمارکردنی وردی نەبوو، بەڵام سەرچاوە بەریتانی و مێژووییەکان بەم شێوەیە دابەشی دەکەن:
لایەنی بەریتانیا:
ئامارەکە زۆر کەمە بە بەراورد بە چین، لەبەر جیاوازیی چەک. بەپێی تۆمارە سەربازییەکان: ٦٩ بۆ ٨٧ کوژراو، ٤٥٥ بریندار. بۆچی ئەوەندە کەمە؟ چونکە بەریتانیا بە کەشتیی هەڵمی و تۆپی دوورهاوێژ شەڕی دەکرد؛ زۆربەی جار لە دەریاوە بۆردومانی دەکردن و سەربازەکانی چین نەیاندەتوانی وەڵام بدەنەوە. (تێبینی: ئەگەر مردن بە نەخۆشی، گەرما و نقومبوونی کەشتییەکانیش هەژمار بکەین، ژمارەی زیانەکان زۆر زیاتر دەبێت).
لایەنی چین (ئیمپراتۆریەتی چینگ):
١. ئاماری سەربازەکان لە مەیدانی شەڕدا: نزیکەی ٣,١٠٠ کوژراو و ٤,٥٣٦ بریندار (ئەمە ئەو ژمارەیەیە کە لە ڕاپۆرتە سەربازییە بەریتانییەکاندا تۆمار کراوە).
٢. ئاماری گشتی (کە زۆربەی مێژوونووسان پشتڕاستی دەکەنەوە): نزیکەی ١٨,٠٠٠ بۆ ٢٠,٠٠٠ سەرباز و هاووڵاتیی چینی گیانیان لەدەست داوە. جیاوازییەکە لەوەدایە کە زۆرێک لە سەرباز و خەڵکی مەدەنی لە خۆکوشتنی بەکۆمەڵدا مردن (وەک لە شەڕی ژێنجیانگدا کە بنەماڵە مەنجوورییەکان خۆیان خنکاند یان خۆیان فڕێدایە ناو بیرەوە، نەک بکەونە دەست بیانییەکان)، یانیش بەهۆی برین، نەخۆشی و برسێتیی دوای داخستنی نۆکەندی گەورە مردن.
جەنگی ئەفیونی دووەم (١٨٥٦–١٨٦٠)
ئەم شەڕە زۆر خوێناویتر بوو لە یەکەم، چونکە ئەمجارە بەریتانیا و فەرەنسا پێکەوە بوون، و ئەمریکا و ڕووسیاش پشتیوانییان دەکرد.
بەریتانیا و فەرەنسا: نزیکەی ٣٠٠–٤٠٠ کوژراو و بریندار لە شەڕدا.
لایەنی چین: ئاماری فەرمیی شەڕە گەورەکان نزیکەی ٢,١٠٠ تا ٣,٠٠٠ کوژراو و بریندار بوو. بەڵام خەمڵاندنی مێژوونووسان دەڵێت لە نێوان ١٢,٠٠٠ بۆ ٣٠,٠٠٠ سەرباز کوژراون. ئەگەر خەڵکی مەدەنی و ئەوانەی بەهۆی تاڵانکردن و سووتاندنی کۆشکی هاوینەی ئیمپراتۆر و شاری گوانگژۆوە مردن هەژمار بکەین، ژمارەکە دەگاتە ٢٠,٠٠٠ بۆ ٥٠,٠٠٠ کەس.
کۆی گشتیی هەردوو جەنگەکە نیشانی دەدات کە چۆن جیاوازیی تەکنەلۆژیا هاوسەنگیی هێزی بە تەواوی گۆڕی.
ئاکامی جەنگەکان
ئاکامی جەنگی ئەفیون، بە تایبەت دووەمیان، چینی لە ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزەوە گۆڕی بۆ وڵاتێکی نیوەداگیرکراو. دەتوانین لێکەوتەکانی لە پێنج خاڵدا کۆ بەکەینەوە:
١. لە ڕووی خاکەوە: دابەشکردنی چین دەستی پێکرد. دوای یەکەم (١٨٤٢، پەیماننامەی نانجینگ) دوورگەی هۆنگ کۆنگ درا بە بەریتانیا. دوای دووەم (١٨٦٠، پەیماننامەی پەکین) نیوەدوورگەی کاولون درا بە بەریتانیا. هەروەها ڕووسیا بەبێ شەڕ (بە بیانووی نێوەندگیری) زیاتر لە ١ ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چین داگیرکرد کە ئەمڕۆ ناوچەی ڤلادیڤۆستۆکی لێیە.
٢. لە ڕووی سیاسی و یاسایییەوە: چین ناچار کرا ١١ بەندەری گرنگ (وەک شەنگهای، گوانگژۆ، تیانجین و…) بکاتەوە بۆ بیانییەکان. مافی دادوەریی لەدەست دا؛ ئەگەر بیانییەک تاوانێکی لە چین بکردایە بە یاسای چین سزا نەدەدرا. هەروەها چین باجی گومرگی لەدەست دا و بۆ یەکەمجار ناچار کرا ڕێگە بدات باڵیۆزخانەی بیانی لە پەکیندا بڕەخسێنرێن.
٣. لە ڕووی ئابوورییەوە: بازرگانیی ئەفیون بە ڕەسمی یاسایی کرا (لە پەیمانی تیانجین ١٨٥٨دا). هاوردەکردنی ئەفیون بەرز بووەوە بۆ زیاتر لە ٨٠,٠٠٠ سندوق لە ساڵێکدا و ملیۆنان چینیی تر ئالوودە بوون. چین ناچار کرا بڕێکی زۆر زیو وەک قەرەبووی جەنگ بدات و پیشەسازیی دەستیی ناوخۆیی وێران بوو.
٤. لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە: «سەدەی سووکایەتی» دەستی پێکرد. متمانەی خەڵک بە ئیمپراتۆریەتی چینگ نەما، کە ئەمەش بووە هۆی یاخیبوونی تایپینگ (١٨٥٠–١٨٦٤) و گیانلەدەستدانی ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن کەس (خوێناویترین شەڕی ناوخۆ لە مێژوودا). لە ساڵی ١٨٦٠دا، سوپای بەریتانی و فەرەنسی کۆشکی هاوینەی ئیمپراتۆریان (Yuanmingyuan) لە پەکین تاڵان کرد و سووتاندیان، کە تا ئەمڕۆش وەک برینێکی نیشتمانی لە چین یاد دەکرێتەوە.
٥. ئاکامە جیهانییەکەی: بۆ چین، بووە دەستپێکی بزووتنەوەی خۆبەهێزکردنەوە بەڵام زۆر درەنگ بوو. بۆ ژاپۆن، بووە وانەیەک کە خێرا دەست بکات بە مۆدێرنکردنی وڵاتەکەی (چاکسازییەکانی مێیجی) تا تووشی هەمان چارەنووس نەبێت.
سەدەی سووکایەتی لە بیرەوەریی (میمۆری) چینییەکاندا
سەدەی سووکایەتی لە بیرەوەریی چینییەکاندا تەنها مێژوو نییە، بەڵکو وەک کارەساتێکی دەروونیی گەورە وایە. لە بیرەوەریی فەرمیی چیندا، ئەم سەدەیە لە ١٨٤٠دا دەست پێدەکات تا ١٩٤٩ (دامەزراندنی کۆماری گەلی چین). لەم ماوەیەدا چین ڕووبەڕووی چەندین شکستی سەربازی و پەیماننامەی نابەرابەر بووەوە.
ئەم بیرەوەرییە لە ڕێگەی سێ ئامرازی سەرەکییەوە لە مێشکی تاک بە تاکی چینییەکاندا چەسپێنراوە:
سیستەمی پەروەردە: لە کتێبەکانی مێژوودا جەخت لەسەر نەخشەی خاکە لەدەستچووەکان و تاڵانکارییەکانی «هەشت هاوپەیمانەکە» دەکرێتەوە، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا زەلیلی و تاوانەکانی ئەو قۆناغە بە ڕۆشنترین شێوە بە قوتابیەکان دەگوترێتەوە.
مۆزەخانە و شوێنەوار: وەک هێشتنەوەی کاولکارییەکانی کۆشکی هاوینە و مۆزەخانەی کۆمەڵکوژیی نانجینگ بە زیندویی.
سینەما و میدیا: بەرهەمهێنانی نوسینی دەیان هەزار کتێبی دیکۆمێنتاری، لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی، بەردەوامی فیلم و درامای مێژوویی لەسەرئەو قۆناغە تاریکەی ژیانی چینیەکان تا ئێستاش بەرهەم دەهێنرێت.
زیندوڕاگرتنی ئەم بیرەوەرییە لە ویژدان و یادەوەریی گشتیدا لە ئێستادا سێ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت:
١. بەخشینی ڕەوایەتی بە حکومەت وەک پارێزەری سەروەریی نیشتمانی.
٢. یەکخستنی ناوخۆیی لە کاتی هەڕەشەی دەرەکییەکاندا.
٣. داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە لەسەر بنەمای «هەرگیز جارێکی تر ڕێگە بە دەستوەردانی دەرەکی نادەین».
چینییەکان بە زیندوهێشتنەوەی ئەو مێژووە، نەوەیەکیان پەروەردە کردووە کە توانیویانە ببنە ئەو هێزە زەبەلاحەی هەموو جیهان چاوی لە سەریانبێت. گەشەی ئابووریی خێرا، بەرهەمهێنانی پێشکەوتووترین نەوەی پێنجەمی چیپ و جبەخانەی سەربازی، ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆژیا، هەموویان نموونەی ئەو سەرکەوتنانەن.
بۆ ئەوەی لە گەورەیی ئابووری ئەمرۆیی چین بگەین ، دەبێت بە ئابووری ئەمەریکا وەك بەهێزترین ئابووری جیهان ، بەراوردی بکەین.
هەڵسەنگاندنی ئابووریی هاوچەرخ (چین و ئەمریکا)
کاتێک سەیری ئامارە ئابوورییە جیهانییەکانی ئەمڕۆ دەکەین، هاوکێشەکە بە تەواوی ئاوەژوو بووەتەوە:
١. چین (کارگەی جیهان)ە:
چین گەورەترین هەناردەکاری جیهانە. کۆی بازرگانیی ساڵانەی گەیشتووەتە سەروو ٦.٤ تریلیۆن دۆلار. بڕی هەناردەی بە تەنها زیاتر لە ٣.٧ تریلیۆن دۆلارە و ساڵانە زیاتر لە ١ تریلیۆن دۆلار قازانجی بازرگانیی (Surplus) هەیە. چین بە پلەی یەکەم کەرەسەی ئەلیکترۆنی، مەکینە، ئۆتۆمبێلی کارەبایی و باتری هەناردە دەکات؛ لە بەرامبەردا نەوت، غاز و ماددەی خاو هاوردە دەکات.
٢. ئەمریکا (گەورەترین هاوردەکار):
ئەمریکا زیاتر دەکڕێت وەک لەوەی کاڵا بفرۆشێت. کۆی هاوردەی کاڵای ئەمریکا زۆر لە هەناردەی زیاترە و کورتهێنانی بازرگانیی (Deficit) هەیە. لە بەرامبەردا، ئەمریکا بەهێزە لە هەناردەکردنی خزمەتگوزارییەکاندا (وەک سۆفتوێر، خزمەتگوزاریی دارایی و زانکۆکان).
بەراوردی کورت:
* چین: زیادەی بازرگانیی زەبەلاحی هەیە (زۆرتر دەفرۆشێت و کەمتر دەکڕێت).
* ئەمریکا: کورتهێنانی بازرگانیی هەیە (زۆرتر دەکڕێت و کەمتر کاڵا دەفرۆشێت).
واتە ئەمڕۆ هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەی ساڵی ١٨٤٠ بووەتەوە. لە جەنگی ئەفیوندا بەریتانیا شەڕی دەکرد بۆ ئەوەی چین ناچار بکات کاڵای لێ بکڕێت، بەڵام لە ململانێی ئابووریی ئەمڕۆدا، ڕۆژئاوا هەوڵی سنووردارکردنی هەناردەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو (وەک چیپەکان) بۆ چین .
وانەیەک بۆ ئەمڕۆ
چیرۆکی چین چیرۆکی تەنیا ئەفیون نییە. چیرۆکی ئەوەیە کە چۆن نەتەوەیەک کە خۆی بە ناوەندی جیهان دەزانی، لەبەر ئەوەی دەرگای بەڕووی زانست و جیهاندا داخست، بووە بازاڕێک بۆ ژەهری بێگانە. شکستەکەی چین لە ساڵی ١٨٤٠دا شکستێکی سەربازی نەبوو، شکستی جیهانبینییەک بوو.
بەڵام وانە گەورەکە لەوەدا نییە چۆن دۆڕا، بەڵکە لەوەدایە چۆن گەڕایەوە. چینییەکان کۆشکی هاوینەیان بە وێرانەهێشتەوە، نەک لەبەر ئەوەی توانای بنیاتنانەوەیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوەی هەر ڕۆژێک منداڵەکانیان بیبینن و بزانن نرخی گۆشەگیری و دواکەوتن چەندە قورسە. ئەوان تۆڵەیان نەکردەوە، بەڵکو پێش کەوتن. لە جیاتی ئەوەی بڵێن “جیهان دژی ئێمەیە”، وتیان “دەبێت باشتر لە جیهان تێبگەین”.
بۆ ئێمەش، وەک گەلێک کە مێژووی پڕە لە سووکایەتی و دابەشکردن، پەیامەکە ڕوونە: هیچ نەتەوەیەک بە نووسینەوەی مێژووی خۆی و گریان بەسەر کاولکارییەکانیدا هەڵناسێتەوە. هەستانەوە بە بیرەوەرییەکی زیندوو دەبێت، بەڵام بە ئامرازی سەردەم. ئەو ڕۆژگارە بەریتانیا بە کەشتی هەڵمی سەرکەوت، ئەمڕۆ جیهان بە چیپ ، ژیری دەستکرد و زانست دەباتەوە. ئەوەی دوێنێ ئەفیونی پێ فرۆشتین، ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا و بازاڕە.
سەدەی سووکایەتی بۆ چین کۆتایی هات، چونکە بڕیاریان دا سەدەی داهاتوو هی خۆیانبێت!
لە چیرۆکی مرۆڤسازی و دەوڵەتسازی چینیەکاندا ئیرادەیەك هەیە ، دەبێت لێوەی فێربین.بۆ میللەتانی زیندوو، شکست وملپێکەچکردن لەقۆناغێکی ژیانیاندا، کۆتایی مێژوو نیە، بەڵکە سوتەمەنی تێکۆشانە بۆ هەستانەوە. ئەزموون و یادێکە نابێت بیرچێتەوە. ئەوان دەیانتوانی کۆشکی هاوینە بە جوانترین شێوە بنیات بنێنەوە، بەڵام نەیانکرد، دەیانتوانی بە ڕابردووی بسپێرن ، بەڵام نەیانکرد. میللەتان بۆ ئەوەی ئایندە دروستبکەن ، دەبێت بزانن چی لە میمۆری گشتی تاکەکانیاندا بە زیندوویی ڕادەگرن و چ ڕووداوێکی مێژووشیان بە فەرامۆشی دەسپێرن. ئەوان لە ناوەڕاستی کۆشکی هاوینەی ئیمپراتۆرە چەند هەزارساڵەکەیاند ، بەردێکی گەورەیان هێنا و لەسەریان نووسێ ” نابێت ئەم سوکایەتیە نیشتمانییەمان بیر چێت” نەوە لە دوای نەوە دەبێت ئەو نوسراوەیە بخوێننەوە وسەدەی سوکایەتی لە ویژدان و بیرەوەریاندا زیندووبێت و ئامادەی هەرجۆرە قوربانیدانێك بکرێن لە ئاڵنگاریەکانی داهاتوودا.بەلای منەوە ئەمە گرنگترین وانەیە کە دەبێت لە چینیەکانەوە فێربین!
